سلێمانی شاری پێشه‌نگ و پایته‌ختی ڕۆشنبیریی، شاری داهێنه‌ر و ئه‌ده‌بدۆست و سه‌رکێش. ڕه‌نگه هه‌ر ئاوه‌ڵناو و پاشگرێکی ستایشئامێز بۆ ئه‌م شاره ده‌ستنیشان بکه‌ین، هێشتا پڕ به پێستی نه‌بێت. شاری شێخ مه‌حموودی نه‌مر، شاری پیره‌مێرد و فایه‌ق بێکه‌س و هه‌موو ئه‌و ڕۆحه مه‌زن و ئازادیپه‌روه‌رانه‌ی ئێسته له گردی سه‌یوان نێژراون، به‌ڵام یاد و کرده‌وه کوردستانی و مه‌زنه‌کانیان له یادگه‌ی ئێمه‌دا نه‌مر و هه‌رماون و ده‌مێنێته‌وه.
هه‌ررچییه‌ک له‌سه‌ر ڕابردووی پڕشکۆی ئه‌م شاره بوترێ هێشتا ناته‌واوه. ئه‌مه کورتترین و ناته‌واوترین دیمه‌نە ئێمه بۆ کولتووری مه‌زن و گه‌وره و ڕچه‌شکێنی ئه‌و شاره وێنای بکه‌ین، به‌ڵام مه‌خابن لێره ته‌نیا مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه وه‌ک ده‌روازه‌یه‌ک له سه‌ره‌تای باسه‌که‌مدا بیکه‌مه‌وه و سه‌رنجی ئه‌و دۆخه بده‌م که چه‌ندان ساڵه به هاتنه‌سه‌رکاری یه‌کێتی نوێ ئه‌و شاره‌ی نوقمی بێده‌نگی و مه‌ندیی کردووه و خۆڵی مردووی کردووه به‌سه‌ر سیمای شار و ڕۆحی یاخی خەڵكەكەی گیرۆده کردووه.
هێشتا دۆسیه‌ی هه‌ڵدڕان و ئیکۆسایدکردنی گۆیژه نه‌بڕاوه‌ته‌وه و شۆڤڵ و مه‌کینه‌کان خه‌ریکی هه‌ڵدڕینی جیۆگرافیای مێژوویی و ڕۆحی ژینگه‌ی ئه‌و خاكەن، هه‌واڵی هه‌ڵخه‌ڵه‌تانی کوڕه به‌رپرسێکی ئه‌و شاره له ڕێگه‌ی کچێکی ئێرانییه‌وه دزه ده‌کاته ناو میدیا‌وه، ئه‌گه‌رچی هێشتا ورده‌کاریی زیاتری ڕووداوه‌که نه‌هاتووه، به‌ڵام هه‌مووان ده‌زانین ورده‌کارییه‌کان ده‌شێت چۆناوچۆن بن. مه‌به‌ست له کچانی ئێرانیش، هه‌موو ئه‌وانه‌یه که به مه‌به‌ستی خزمه‌تکردنی ئێران به هه‌ر شێوه‌یه‌ک هاتوونه‌ته ئه‌و شاره و شیرازه‌ی کۆمه‌ڵگەی کوردی‌یان له‌وێ تێکداوه. پێده‌چێت ئه‌م کچه به‌ناو ئێرانییه ده‌یانی تێدا بێت که خه‌ڵکی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانن، به‌ڵام پیلانه‌که ئێرانییه و له تاران و شوێنی ده‌ره‌کوردستانەوە فرمانی جێبه‌جێکردنی ده‌رده‌کرێت.
ملکه‌چیی به‌رپرسان یان کوڕه به‌رپرس له هه‌مبه‌ر ژن و دنیای چێژ و ڕازاوەیی ژنانه و عیشوه و نووکه‌ی سێکسییان، له هه‌موو دنیادا هه‌بووه و دواجاریش ئه‌گه‌ر ده‌ستی قه‌ده‌ر و ئیراده‌ی مێژووی نه‌ته‌وه یه‌کیان گرتبێت، ئه‌وا ئه‌وانه به توندترین شێوه سزا دراون، چونکه له کاتێکدا کچێکی ئه‌م خاک و نیشتمانه پاره‌ی پێویستی بۆ درێژه‌دان به خوێندن و توانای گه‌شه‌کردنی نییه و ده‌چێت له دۆخێکی خراپ و ناهه‌مواردا بۆ نموونه ئیشی ده‌سفرۆشی ده‌کات، ئه‌وا کوڕانی وه‌ها به‌رپرسانێک له‌ناو ڤێلا و له‌ژێر فێنککه‌ره‌وه به خه‌یاڵی ئاسووده و خواردنه‌وه‌وه، چێژ له جه‌سته‌ی به کاڵاکراوی کچانی وڵاتی دیکه ده‌به‌ن و له خه‌یاڵدانی سێکسیشیاندا وا ده‌زانن ئه‌مه ئه‌وپه‌ڕی ناکامی و به‌خته‌وه‌رییه! به‌ڵام وه‌ک فرۆید ده‌ڵێت "چێژه‌کان ئه‌وه‌نده‌ی مایه‌ی سه‌رخۆشی و به کامگه‌یشتنن، سه‌ت هێندە هۆشداریده‌ری ئه‌و تاریکییه‌ن که له ناهوشیار و هه‌ناوی مرۆڤدا هه‌یه".
هه‌ر به‌و هۆیه‌یه که فه‌یله‌سووفێکی وه‌ک ئارتوور شۆپنهاوه‌ر ده‌ڵێت "جووتبوون له‌گه‌ڵ ته‌نانه‌ت ژنی حه‌ڵاڵی خۆیشت، هه‌ستێک له نائارامی و گوناهت ده‌داتی". دیاره ئه‌م تێڕوانینانه ده‌لاله‌ت له‌وه ده‌که‌ن که هیچ که‌سێک له ده‌ست ویژدان و دادپه‌روه‌ری به مانا گه‌ردوونییه‌که‌ی ده‌ربازی نابێت. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ویژدان و ڕۆحی دادخوازانه‌ی مرۆڤ خۆی بێت، به مه‌رجێک تایبه‌تمه‌ندیی مرۆڤبوون له‌و كەسەدا مابێت و تاریکییه‌کانی زه‌ینی ناهوشیار باڵی به‌سه‌ر هه‌موو ویژدان و "سوپەر ئیگۆ"ی‌دا نه‌کێشابێت، به‌ڵام له کۆمه‌ڵگەکانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و له کوردستاندا، ئه‌م پرسیاره لۆجیکی و ڕه‌وایه که بپرسین ئاخۆ شتێک له تیشک و ڕووناکیی له ناخی ئه‌و جۆره مرۆڤانه‌دا ماوه‌ته‌وه تا بیرێک له داهاتووی خۆیان و کۆمه‌ڵگە و نیشتمان و کچ و دایکانی نیشتمان بکه‌نه‌وه؟ به‌داخه‌وه ناتوانین به ئاسانی وه‌ڵامی به‌ڵێ به‌و پرسیاره بده‌ینه‌وه و هۆکاره‌کانیش زۆرن.
ئه‌گه‌ر وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره به‌ڵێ بوایە، ئه‌و هه‌موو خوێندکار و کچه هه‌ڵکه‌وتوو و ژنه لێهاتووانه له‌سه‌ر شاشه‌کان گله‌یی و ڕه‌خنه و شین و شه‌پۆڕیان بڵاو نه‌ده‌کرایه‌وه! له وه‌ها دۆخێکی تاریک و هیواکوژدا که باڵی به‌سه‌ر شاری ڕۆشنبیریدا کێشاوه، گه‌نجێک به‌ناوی بڕیار کەمال محه‌مه‌د له شاری جینۆسایدکراو و قوربانیی یاریی سیاسی‌دا، له‌سه‌ر کۆمێنتێک ده‌گیرێت؟ ئه‌م حیکایه‌ته بۆ هه‌رکێ بکه‌ی له‌سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌وییه، پێکه‌نینی دێت به یارییه‌که و هاوکێشه‌که به گاڵته‌جاڕانه و له هه‌مانکاتدا تاڵ و کوشنده ده‌بینێت!
هه‌ڵبه‌ت ده‌رکه‌وتنی ئه‌م ملبادان و سه‌رکوتکردنانه‌ی ده‌نگی ناڕازی و ڕه‌خنه‌گر (به هه‌ر ئاست و بۆ هه‌ر مه‌به‌ستێکی سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی و کولتووری)، شتێکی دوور له چاوه‌ڕوانیی نه‌بوو. ئێمه له‌م یه‌ک دوو ساڵه‌دا بینیمان توێژه‌ر و بیرمه‌ندێکی وه‌ک فارووق ڕه‌فیق چۆن له ڕێگه‌ی جۆراوجۆره‌وه شاربه‌ده‌ر و ئاواره‌ی هه‌ولێر کرا، چی ڕووی داوه وا شارێکی ڕۆشنبیری وه‌ک سلێمانی ناتوانێت ڕه‌خنه و مه‌عریفه‌ی فارووق قبووڵ بكات؟ به‌ڵام هه‌ولێر به پێکهاتێکی نه‌ریتیتر و تێڕوانینێکی سونه‌تیتره‌وه فارووق ڕه‌فیق و بیروڕاکانی له ئامێز ده‌گرێ؟ هه‌مان پرسیار بۆ د. فه‌رهاد پیرباڵیش له ئارادایه. ئه‌گه‌ر پلان و ئه‌جێندایه‌کی سیاسی نه‌بێت چییه؟
بۆ ئه‌وه‌ی باسه‌که‌م به باشی بگه‌یه‌نم، ده‌ڵێم ده‌بێت جیاوازییه‌کی ورد و ناسک و هاوکات قووڵ له نێوان کولتووری سلێمانی وه‌ک شارێکی فره‌ده‌نگوڕه‌نگ و ڕچه‌شکێن و به‌ڕێوه‌به‌ران و به‌رپرسانی ئه‌وێ و به‌رژه‌وه‌ندییه تاکه‌که‌سییه‌کانیاندت بکه‌ین.
له‌م سۆنگه‌یه‌وه ده‌توانین له‌وه تێبگه‌ین چۆنچۆنی کچێک به ملیۆن دۆلار له کوڕه به‌رپرسێكی سلێمانی ده‌دزێت و ئێمه ته‌نانه‌ت ورده‌کارییه‌کانیشی نازانین؟ به‌ڵام کوڕێک له په‌یجێکی قه‌ره‌باڵغی فه‌یسبووک به‌هۆی کۆمێنتێکه‌وه سکاڵای یاسایی له‌سه‌ر تۆمار ده‌کرێت؟
ئه‌مه هه‌مان ئه‌و حیکایه‌ته تاڵه کۆنه‌یه که پێمان ده‌ڵێت، شۆڕش کوڕه هه‌ژاره‌کان ده‌یکه‌ن و کوڕه به‌رپرسه‌کان ده‌یخۆن. حه‌یف و مه‌خابن شارێکی وه‌ها پڕ جموجووڵ و نه‌سره‌وتوو، ده‌ستی لێدان و پۆستاڵی پێشێلکردنی ماف و چاولێسوورکردنه‌وه خه‌ریکه هه‌ناوی ده‌هاڕێت. داخۆ فیادڕه‌س له کوێ بێت؟ تا که‌ی به ده‌ردی کوردبوون و خۆکوژی و خۆخۆرییه‌وه بتلێینه‌وه؟