ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان (2017) ئه‌کتێک بوو ئه‌گه‌رچی ده‌رئه‌نجامه‌کانی وه‌ک خه‌ون و هیواکانی ئێمه نه‌بوون، به‌ڵام بووە هۆی ده‌رکه‌وتنی کۆمه‌ڵێک په‌رچه‌کردار و باسوخواسی دوورودرێژ له ئاستی دیسکۆرسی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی له وڵاتانی ناوچه‌که و ده‌ره‌وه‌یش، به تایبه‌تی ئه‌و وڵاتانه‌ی به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان له‌گه‌ڵ دۆزی کورددا ده‌سته‌ویه‌خه بوون.
لەبارەی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی کوردستانه‌وه له ئێران به گشتی دوو جۆر هه‌ڵوێست هه‌بوون، جۆری یه‌که‌میان هه‌ڵوێستی فه‌رمیی ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی بوو که به‌شێکی به‌رین له ڕۆژنامه‌نووس، نووسه‌ر، شاعیر و مامۆستای زانکۆ و...ی ده‌گرته خۆ. خاڵی جێی وردبوونه‌وه بۆ ئه‌م به‌شه ئه‌وه‌یه که سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له ڕووی تێڕوانین و ئایدۆلۆجییه‌وه زۆر لێکدژ و ناکۆک بوون، پێکه‌وه و ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ ئایدۆلۆجیای ئاینی کۆمار و ئیسلامی سیاسیی شیعی‌دا، یه‌کیان نه‌ده‌گرته‌وه. به‌ڵام له سۆنگه‌ی ئێرانشاری و ئێرانچێتییه‌وه هه‌موو هه‌ڵوێسته‌کانی کۆماریان لەبارەی لێدان له ڕیفراندۆم، به باش ده‌زانی.
ئه‌م هه‌راوهۆریایه وای کرد به‌شێکی زۆر له گوتاری سیاسی و ڕۆژنامه‌نووسانه‌ی ئێرانی، بپه‌رژێته سه‌ر بابه‌تی کورد و دۆزی کورد، ئه‌گه‌رچی به زۆری ڕۆشنگه‌ریی له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته له ژێر ده‌ربڕینی ڕۆژنامه‌نووسی زەرد یان باسوخواسی ده‌مارگرژانه‌ی ئاینی و ناسیۆنالیزمی توندڕۆ و ده‌کرێ بڵێین فاشیستی ئێرانی، هه‌وڵ ده‌درا په‌رده‌پۆش بکرێت، به‌ڵام له دواجاردا هه‌م کونجکۆڵییه‌ک بۆ دۆزی کورد له شه‌قامی ئێرانی‌دا دروست بوو، هه‌میش ئه‌و تابۆ و بڤه‌یه‌ی کورد و سه‌ربه‌خۆیی کوجا مه‌رحه‌با، له زه‌ینی زۆرینه‌ی زۆری ئه‌مانه و به‌شێکی کورددا شه‌قی برد و شکا.
ڕیفراندۆم له‌و ڕووه‌وه و بۆ ئه‌م باڵه له گوتاری ئێرانیزم، ته‌نیا ده‌رخه‌ری خواستی سیاسی و ئیراده‌ی به‌رزی دیاریکردنی مافی چاره‌ی خۆنووسین نه‌بوو، به‌ڵکوو ڕۆشنگه‌ریی و ده‌رکه‌وتنێکی بروسکه‌ئاسا و ناساندنی زیاتری توخم و ڕه‌گه‌زه‌کانی نه‌ته‌وە بوون و کو‌لتوور و شوناسی کوردی بوو به کۆی ئێران، چونکه تا ئه‌و قۆناغه‌یش سیاسه‌تی میدیایی ئێران هه‌م له سه‌رده‌می په‌هله‌وی یه‌که‌م و دووه‌م و هه‌میش له سه‌رده‌می کۆمار‌دا، به خێڵناساندنی کورد و وه‌ک کۆمه‌ڵێک ورده عه‌شیره‌ت و ناساندنی بە خه‌ڵکی کوێستانی بوو، وه‌ک خه‌ڵکانێک که له دوورده‌سته‌کانی مێژوودا هاوشێوه‌ی گیانله‌به‌ره کێوییه‌کان له شکاننه‌هاتوو بوون و هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌یشدا له‌ناوچوون و ئه‌مانه‌ی ئێسته ته‌نیا سێبه‌رێکن له‌و خه‌ڵکه کۆن و که‌ونارایه، ئه‌مه هه‌مان پێناسه و تێزی تورکه‌کا‌نه به شێوه‌یه‌کی دیکه که کوردانی باکوریان تا سه‌رده‌می تورگوت ئوزال به تورکی کێوی و ده‌شته‌کی ناو ده‌برد.
ئه‌و سیاسه‌ته میدیاییه که به دڵۆپە ده‌یهێشت زانیاری یان ئامار یان گێڕانه‌وه‌یه‌کی راسته‌قینه له دۆخ و واقیعی کورد به‌و شێوه‌یه‌ی که هه‌یه، بکه‌وێته به‌رچاوی خه‌ڵکی ئێران و ئه‌وه‌ی هه‌یبوو گێڕانه‌وه‌ی خۆی بوو، درزی گه‌وره‌ی تێکه‌وت. ئێران و ئێرانچییه‌کان تا ئێسته‌یش وه‌ک سیاسه‌تی فه‌رمی جۆرێک باس له هەرێمی کوردستان ده‌که‌ن وه‌ک بڵێی باسی شوێنێکی بچووک و په‌راوێزکه‌وته و لادێی ده‌که‌ن، که‌چی له هه‌ر جۆره جموجووڵێک له هه‌ولێر، ده‌تۆقن و ئه‌مه‌یشیان به مووشه‌کباران و درۆن دەربڕیوە، به‌ڵام ڕیفراندۆم وه‌ک ته‌قینه‌وه‌یه‌کی گه‌وره هه‌موو ئه‌و خه‌رمانه ته‌پیو و ڕزیوه‌ی له زانیاریی و گێڕانه‌وه‌ی ساخته هه‌ڵته‌کاند و گێڕانه‌وه‌ی کوردی خۆی به هه‌موو که‌موکوڕی و به‌رزی و دره‌وشاوه‌ییه‌کانیەوە خسته ڕوو، یان لانیکه‌م ئه‌و خه‌ڵکه‌ی ئێرانی له خه‌ون و خڵه‌فان ڕاچڵه‌کاند و کونجکۆڵی و تامه‌زرۆییه‌کی وه‌های له کۆمه‌ڵگەی ئێرانی‌دا دروست کرد که دۆزی کورد له کتێب و سه‌رچاوه راسته‌قینه‌کانه‌وه په‌یگری بکه‌ن، نه‌ک له میدیا چه‌واشه‌کار و ڕۆژنامه‌نووسه مشه‌خۆره‌کان و ڕۆشنبیره بەكرێگیراوەكانی سیسته‌مەوە. ڕه‌نگه له ڕووی گوتاری ڕۆژنامه‌نووسی و مێژوویی و شوناسبه‌خشییه‌وه ئه‌مه یه‌کێک بێت له ده‌سکه‌وته زێڕینه‌کانی ڕیفراندۆم.
جۆری دووه‌می هه‌ڵوێسته‌کان له‌لایه‌ن که‌سایه‌تی و ئه‌کادیمی سه‌ربه‌خۆوە بوون، له ڕووی فیکری و سیاسییه‌وه به شێوه‌یه‌کی جیاواز چاویان له ڕیفراندۆم و مافی چاره‌ی خۆنووسینی کورد ده‌کرد، نموونه‌ی ئه‌وانه د. ئه‌حمه‌د نه‌قیبزاده، ،سادقی زیبا که‌لام و سه‌عید حه‌جاریان و هه‌روه‌ها ڕه‌وانشا داوود هێرمیداس باوه‌ند بوو، که له ڕۆژانی ڕابردوودا کۆچی دوایی کرد. ئه‌م جۆره که‌سایه‌تییانه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌ناو ناوه‌نده ئیدارییه‌کانی سیستمی کۆمار و زانکۆکان‌دا ئیشیان ده‌کرد، به‌ڵام هه‌وڵیان دا تا ئاستێكی زۆر پشتگیر و پاساوده‌ری ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان بن و ئه‌و ته‌وژمه فاشییه‌ی به‌شێوه‌یه‌کی ڕێکخراو دژی باشووری کوردستان و هه‌ولێر و پرۆژه‌ی ڕیفراندۆم خرابوونه گه‌ڕ، کاڵ و پووچه‌ڵ بکه‌نه‌وه.
پرۆفیسۆر باوه‌ند له سه‌روبه‌ندی ڕیفراندۆمدا و له وتارێکدا که له ڕۆژنامه‌ی "شرق" بڵاوی كردەوە، باسی تێڕوانینی جیاوازی خۆی بۆ ڕیفراندۆم و مافی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان ده‌کات. ئه‌گه‌رچی ئه‌م تێڕوانینه‌ی ئه‌و له سۆنگه‌یه‌کی ئێرانته‌وه‌رانه‌وه خراوه‌ته ڕوو، به‌ڵام له هه‌رحاڵدا پێداگره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی کوردستان سه‌ربه‌خۆ ببێت، نه‌ک ته‌نیا بۆ ئێران زه‌ره‌ری نییە، به‌ڵکوو به قازانجی ئێرانه. ئه‌م تێڕوانینه ده‌توانێت زۆر به سوود بێت بۆ دۆزی کورد.
ئه‌و له نووسینه‌که‌یدا ده‌ڵێت: "پێش شۆڕشی گه‌لانی ئێران، سه‌ربه‌خۆیی کورده‌کان کۆمه‌ڵێک دژبه‌ری ڕژدی هه‌بوو، تورکیه وه‌ک ئامراز کوردی به‌کار ده‌هێنا و شای ئێرانیش دژی سه‌ربه‌خۆیی کورده‌کان بوو، به‌ڵام ئێسته ئێران ده‌بێت سیاسه‌تێکی جیاواز له تورکیا به‌رانبەر کورده‌کان بگرێته به‌ر، سیاسه‌تی ئێران له هه‌مبه‌ر کورده‌کان ده‌بێت وه‌ک ئامۆژگاریی باوکانه و له‌گه‌ڵ میهره‌بانیدا بێت، هه‌نگاوێکی زیاتر له‌مه و به ئاڕاسته‌ی توندئاژۆییدا له به‌رژه‌وه‌ندیدا نییه. سه‌ربه‌خۆیی کورده‌کان له درێژماوه‌دا به سوود و قازانجی ئێرانه، چونکه جاران و له سه‌رده‌مانی کۆندا، کوردستان به‌شێک بووه له ئیران، به‌شێک له‌م وڵاتانه له‌وانه‌یش دیاربه‌کر و سلێمانی له سه‌رده‌می شا ئیسماعیلی سه‌فه‌ویدا له ئێران جیا بوونه‌ته‌وه، به‌ڵام تێکه‌ڵاویی کو‌لتووریی تا هه‌نووکه پارێزراوه. هه‌ڵبه‌ت کوردستان (باشوور) ئێسته‌یش له خودموختارییه‌کی ته‌واو و ڕه‌هادایه و ئێمه ده‌بێت په‌ناگه و پشتیوانی کوردستان بین. کوردستان بڕیاری خۆی داوه و ئێمه ناتوانین پێشگری له‌م بڕیاره بکه‌ین. ئاوه‌زمه‌ندیی سیاسیی پێ ده‌ڵێت مادام پشتیوانی‌یان ناکه‌ین، نابێت دژایه‌تیی گەورەیشیان بکه‌ین و له هه‌مبه‌ر ئه‌م بڕیاره‌دا بوه‌ستینه‌وه."
بێگومان ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی پرۆفیسۆر و مامۆستای دیاری پێوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان و که‌سایه‌تیی دیپلۆمات و سه‌رۆکی کۆمیسیۆنی ئه‌نجوومه‌نی گشتی و کۆنوانسیۆنی نێوده‌وله‌تیی خه‌بات دژی بارمته‌گرتنی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان، له هه‌مانکاتدا که ڕوانگه‌یه‌کی گرینگ و جیاوازه له دریژماوه‌یشدا کاریگه‌ر و مێژووسازه و هاوکات هه‌ڵگری ئه‌م تێبینیه‌شە که ئه‌و وه‌ک تاکتیکی گوتاری و دیسکۆریسیڤ له فۆرمێکی ئێرانته‌وه‌ریی مێژوویی‌دا باس له سه‌ربه‌خۆیی کوردستان و هاودڵیی ئێران و کوردستان ده‌کات، ئه‌مه‌یش پێم وایه ته‌نیا تاکتیکه، ئه‌گینا له وتوویژێکدا له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌ی "دۆیچه‌ڤیله"ی فارسی له ئا‌ڵمانیا، سه‌ربه‌خۆیی کورده‌کانی به شتێکی بێ سێ و دوو باس کردووه که ده‌بێت پشتیوانیی لێ بکرێت.
ئه‌م که‌سایه‌تییه چه‌ند ڕۆژێك پێش ئێستە کۆچی دوایی کرد و پێویسته بۆ کولتوورسازیی و ڕۆشنگه‌ریی بۆ دۆزی کورد، کارکردن له‌سه‌ر ئه‌م گۆشه‌نیگایه له گوتاری ئێرانی و شه‌قامی ئێرانی‌دا، هه‌وڵێکی زۆر بده‌ین.