تا ئێسته‌یش له ناو بیردۆزه جیاواز و زۆروزەوه‌نده‌کاندا سێ پانتای ئه‌ده‌ب، ڕۆشنبیری و سیاسه‌ت، به زۆری وه‌ک یه‌که‌یه‌کی هاوته‌ریب و لێکدانه‌بڕاو ده‌بینرێن. بۆ ئێمه‌ی کورد ئه‌م ڕاستییه زیاتر خۆی ده‌رخستووه و مێژووی چالاکیی ئه‌ده‌بی و ڕۆشنبیریمان له سه‌رده‌می شاخ و شاردا، شایه‌تحاڵی ئه‌مه‌ن.
دیاره هه‌رکام له‌م پانتاییانه وه‌ک یه‌که و تاقانه‌ی جودا، پێگه خۆیان هه‌بووه و ئه‌رکی خۆیشیان گێڕاوه، به‌ڵام هه‌میشه به‌شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان هاوته‌ریب و ئاوێزان و له باوه‌شگری یه‌کتری بوون. چونکه ئه‌ده‌ب و ڕۆشنبیریی ئێمه ئه‌گه‌رچی نه‌ک هه‌مووی، به‌ڵام به زۆری له خزمه‌تی دۆزی ڕه‌وای گه‌له‌که‌ی و خه‌ونی سه‌ربه‌خۆیی و سه‌ربه‌ستیدا بووه، بێگومان ئه‌دیبان و ڕۆشنبیران هه‌میشه هاوده‌نگ و هاونه‌وای سیاسییه‌کان نه‌بوون له کوردستاندا، به‌ڵام به‌و حاڵه‌یشەوە ڕێزی ئه‌دیب و ڕۆشنبیر له ئاستێک‌دا بووه که به ئاسانی نه‌توانراوه سنووری وشه و که‌رامه‌تیان ببه‌زێنرێت و پیرۆزیی مه‌عریفه و وشه‌ی ناوزمانی کوردی بڕووشێت.
ڕه‌نگه له مێژووی شۆڕشی کوردی‌دا هه‌م له شۆڕشی ئه‌یلوول و هه‌میش پاش شۆڕشی ئه‌یلوول، ئێمه چه‌ندان نموونه‌ی دره‌وشاوه‌مان له هه‌ڵسوکه‌وتی به ئه‌ته‌کێت و به‌رزی سه‌رۆک و سه‌رکرده سیاسییه‌کان له هه‌مبه‌ر نووسه‌ران و ڕۆشنبیرانمان بینیبێت. یه‌ک له‌وانه ئه‌و کاته‌یه که به گێڕانه‌وه‌ی شێرکۆ بێکه‌س، بارزانیی نه‌مر به ڕاوێژکاریی فرانسۆ هه‌ریری پستگیریی له خواسته ئه‌ده‌بی و ڕچه‌شکێنانه‌کانی شێرکۆ و کۆمه‌ڵێک له هاوڕێکانی ده‌کات که له چوارچێوه‌ی بزووتنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی "ڕوانگه"دا ده‌رکه‌وت. ئه‌وکات بارزانی له نامه‌یه‌کدا سه‌ره‌ڕای پشتگیریی له خواست و تامه‌زرۆ ئه‌ده‌بی و هزرییه‌کانی ئه‌و به‌ره‌یه، وتبووی ئێمه له‌گه‌ڵ عێراقدا ئێسته له پێوه‌ندییه‌کی ناسک و هه‌ستیاری سیاسیدان، ته‌نیا هه‌وڵ بده‌ن جارێ گێچه‌ڵ دروست مه‌که‌ن.
کراوه‌یی بارزانیی نه‌مر له هه‌مبه‌ر نووسه‌ر و ئه‌دیب و هونه‌رمه‌ندان، وایکرد خه‌زێنه‌یه‌ک له میرات و سامانی ئه‌ده‌بیی مه‌زن له شاخ بێته ئاراوه و لێژنه و کۆڕه هونه‌ری و زمانی و ئه‌ده‌بییه‌کان له شاخدا به ڕاده‌یه‌ک کاریگه‌ر و چالاک بن که ئێمه‌ی دانیشتووی شار دوای چه‌ند ده‌یه، هێشتا له به‌روبوومی ئه‌و چه‌ش و زائیقه هونه‌رییه چێژ ده‌بینین و شیعری "خۆشمان ده‌وێی" شیرکۆی نه‌مر بۆ بارزانی، هه‌ر له‌م سۆنگه‌یه‌وه له‌دایک بووه.
نموونه‌ی دیکه‌ی کراوه‌یی هه‌ڵبه‌ت له ئاستێکی سیاسه‌تزه‌ده‌دا، ئه‌وکاته‌یه که محه‌مه‌د موکری ڕۆمانی "سه‌گوه‌ڕ"ی نووسی، ئه‌وه سه‌ره‌تایه‌ک بوو بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دوو عه‌قڵیه‌ت و شه‌رعیه‌تی شاخ و شار، یان بڕیار و ڕه‌خنه‌گریی، به گێڕانه‌وه‌ی ڕه‌وانشاد مام جه‌لال پێشمه‌رگه‌کانی یه‌کێتی تووڕه بوون و ویستبوویان ده‌ست له‌و نووسه‌ره بکه‌نه‌وه، سه‌گوه‌ڕ ڕۆمانێک بوو به زۆری قسه و هه‌ڵوێسته‌کانی مام جه‌لالی وه‌ک گێڕانه‌وه‌یه‌کی درامی و ئه‌ده‌بی هێنابووه‌وه و به شێوه‌یه‌کی ره‌مزی به سه‌گوه‌ڕیی ناوی هێنابوو.
مام جه‌لال به ئاگاداریی له‌مه، به‌رپه‌رچی خواست و هه‌ڵوێستی پێشمه‌رگه توندڕۆکانی دابووه‌وه و وتبووی خۆ گوله‌ی پێوه نه‌ناون، ئه‌و کتێبی نووسیوه و ئێوه‌ش ده‌توانن کتێب بنووسن و وه‌ڵامی بده‌نه‌وه.
مه‌به‌ستم له‌م دوو ڕووداو و گێڕانه‌وه مێژووییه ئه‌وه‌یه که نه‌ریتی سیاسیی ئێمه به هه‌موو قه‌یران و هه‌ڵبه‌زودابه‌زه‌کانییه‌وه پێگه‌ی که‌رامه‌ت و پیرۆزیی وشه‌ی پاراستووه و ئه‌مه ڕێبازێک بووه له بارزانیی نه‌مره‌وه هاتووه و له‌سه‌ر ده‌ستی قوتابییه‌که‌ی واته مام جه‌لالی ڕه‌حمه‌تی، به‌رهه‌م هاتووه‌ته‌وه.
ئه‌م زه‌وینه‌سازییه‌م بۆ ئه‌وه کرد بڵێم، دیالیکتیک و پێوه‌ندییه‌کی دوولایه‌نه و چه‌ند لایه‌نه‌ی ئاڵۆز له نێوان ئه‌کت و گوتاری سیاسی و ئه‌ده‌بی و ڕۆشنبیریماندا هه‌یه و ئه‌گه‌ر سیاسییه‌کانمان له قۆناغێکدا له هه‌مبه‌ر تێڕوانینی ڕۆشنبیری یاخۆ ئه‌ده‌بی که له خزمه‌ت خاک و وڵات‌دا بووه، کراوه‌یی و لێبوورده‌ییان نواندووه. ئه‌مه جۆرێک له گه‌شه و پوخته‌بوونی تێڕوانینی سیاسی له کوردستاندا بووه. بێگومان من به‌رگریی له‌وه ناکه‌م کێشه له‌م ئاڕاسته و ڕچه‌یه‌دا نه‌بووه و نییه، به‌ڵام به گشتی سه‌رنموون و پاتێرنه‌کان سه‌رده‌میانه و دیموکراسیانه‌ن.
تا ئێره‌م ڕست بۆ ئەوەی بێمه سه‌ر پێگه‌ی ئه‌ده‌بی و سیاسی و کاریزمیی که‌سێکی وه‌ک مامۆستا عه‌بدوڵا حه‌سه‌نزاده. ئه‌و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به‌شی زۆری ژیانی له‌پێناو خه‌بات و خه‌ونه کوردانه‌کەی داناوه، که‌سایه‌تییه‌کی ئه‌ده‌بی و ڕۆشنبیریشە و به پێچه‌وانه‌ی زۆر له به‌ناو ڕێبه‌ره تازه‌هه‌ڵتۆقیو و بێ ئه‌زموونه‌کان، له په‌نا و په‌سیوه‌کاندا ژیاوه و به‌بێ خۆده‌رخستن و هیچ ده‌عیه و نه‌رجسییه‌تێک، کورد و خه‌ونه‌کانی کردووه به ڕووگه و ڕێبازی هه‌وڵ و چالاکییه‌کانی خۆی.
له هه‌موو ئه‌م ساڵانه‌دا ئێمه نه‌مانبیست له‌لایه‌ن میدیا و ده‌زگاکانی یه‌کێتییه‌وه ئاوڕێک له‌م که‌سایه‌تییه چه‌ند ڕه‌هه‌ند و نموونه‌ییانه بدرێته‌وه، کاره‌کته‌رێک که له یه‌ککاتدا کۆکه‌ره‌وه‌ی هه‌رسێ پانتاییه که له سه‌ره‌وه باسم کرد. جیاواز له‌وه‌ی یه‌کێتی ئه‌وه ناکات، ڕێگری له هه‌ر جۆره هه‌وڵێکیش ده‌کات که ببێته هۆی ڕێزگرتن له که‌رامه‌تی وشه و خامه‌ی کوردی. هه‌روه‌ک بینیمان ڕێگری له کۆڕێکی ڕێزلێنان له‌م که‌سایه‌تی و سه‌رمایه نه‌ته‌وه‌ییه کرد که له‌لایه‌ن ڕێکخراوی که‌ریمی عه‌له‌که‌وه ڕێکخرابوو. دیاره ئه‌م ڕێگریانه بۆ کوردانی ڕۆژهه‌ڵات به شێوه‌یه‌کی سیستماتیک و به‌رنامه‌بۆدارێژراوتر پێڕه‌و ده‌کرێت!
ئه‌م یارییه سیاسییه ڕه‌شه له هه‌مبه‌ر ئه‌ده‌ب و ڕۆشنبیریدا، به ڕاده‌یه‌ک بووه که زۆربه‌ی ئه‌دیب و ڕۆشنبیرانی شاری ڕۆشنبیریی /سلێمانی/ خۆشه‌ویست یان ڕێگه‌ی ده‌ره‌وه ده‌گرنه به‌ر یا له هه‌ولێر ده‌گیرسێنه‌وه و نموونه‌ی هه‌ره دیاری ئه‌مه مامۆستا فارووق ڕه‌فیقه. یا ئه‌و نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس و لایڤچیانه‌ن که شاری ڕۆشنبیرییان به‌جێهێشتووه و په‌ڕیوه‌ی وڵاتان بوون.
دڵته‌نگییه‌ک که به‌هۆی بوارنه‌دان بۆ به‌ڕێوه‌چوونی کۆڕی ڕێزلێنان له مامۆستا عه‌بدوڵا حه‌سه‌نزاده ڕووی له ئێمه کرد، هاوتای ئه‌و دڵته‌نگییه‌یه کە هێزه‌کانی یه‌کێتی ڕاسته‌وخۆ فیشه‌ک ده‌نێن به کۆڵبه‌رانی ڕۆژهه‌ڵاته‌وه و دارکارییان ده‌که‌ن و سه‌ریان ده‌تاشن و سووکایه‌تییان پێ ده‌که‌ن.
بێگومان ئه‌م دوو دڵته‌نگییه دوو شێوه و کانگای جیاوازی هه‌یه، به‌ڵام له یه‌ک برین و ئازاره‌وه هه‌ڵده‌قوڵێن، ئه‌ویش ئازاری خۆخۆری و کوردفرۆشییه! مێژوو نابێت ئه‌م ڕووداوه ڕه‌شانه له‌بیر بکات و ئێمه‌یش بوار ناده‌ین له‌بیر بچنه‌وه.