پلانی برسیکردن و گوشارخستنه سه‌ر کورد، تازه نییە و له مێژووی کوردستان و دیرۆکی شۆڕشه‌که‌یدا، هیچ کات حاشا له‌وه ناکرێت که بودجه و مووچه یان به ده‌ربڕینه گشتییه‌که‌ی پاره و ئامرازه‌کانی خۆشگوزەرانی بۆ مرۆڤ، به هه‌ر بیروباوه‌ڕ و ئایدۆلۆجیایه‌ک بێت، جێی بایه‌خ و گرینگی بووه، به تایبه‌ت له‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێستەدا که مرۆڤایه‌تی له داوی یاریی و کاڵاکانی جیهانی سه‌رمایه‌داریدا گیری خواردووه و هه‌ژار و ده‌وڵه‌مه‌ند له‌ناو تۆڕێکی ئاخهه‌ڵکێشان و ناکامیی جیاواز و سه‌یروسه‌مه‌ره‌دا ده‌سووڕێنه‌وه و هه‌رکام‌یان به ئازاره‌کانی خۆیه‌وه ده‌تلێته‌وه.
هه‌ڵه نابێت ئەگه‌ر مرۆڤ له‌ناو ئه‌م هاوکێشه‌یه‌دا دابه‌ش بکه‌ین به دوو جۆری مرۆڤی شۆڕشگێڕ و مرۆڤی گیرخواردوو، شۆڕشگێر ئه‌و مرۆڤه‌یه که به که‌مترین ڕاده وابه‌سته و گرێدراوی سیستمه‌کانه، چ سیستمی سیاسی یان ئابووری یاخۆ هه‌ر جۆره سیستمێک که ئه‌و له بژارده و شێوه‌ژیانی ئازادانه‌ی خۆی دوور بخاته‌وه و هه‌وڵی ڕه‌شۆکردنی خواست و ئاره‌زووه‌کانی بدات. سیاسه‌تیی ده‌وڵه‌تی عێراق له‌م قۆناغه‌دا ڕووه مه‌ترسیدار و هاوكات ئاشكراكەی ده‌رخستووه، ئه‌ویش برسیکردن و دوا به‌دوای ئه‌وه‌ش لێدان له ڕه‌وایی کۆمه‌ڵایه‌تیی و سیاسیی هه‌رێمی کوردستانه، بێگومان هه‌مووان ده‌زانن عێراقییه‌کان هێنده ژیر و پلاندانه‌ر نین، خۆیان به‌م کاره هه‌ستابن، به‌ڵکوو ئه‌مه کۆمه‌ڵێک ئایدۆلۆجیا و سیستمی ده‌ره‌کین که چاوساغیی بۆ ده‌که‌ن و به‌ره‌و ناو گه‌رداوێکی نادیاری ده‌به‌ن.
به‌م حاڵه‌یشەوە پێم وایه دۆخی گوشارخستنه سه‌ر کوردستان و هاووڵاتییانی، دۆخێکی نوێ نییه و هیچ کاتیش به دڵی داگیرکه‌ر و ئاغاکانی نابێت، له مێژوودا ئێمه ده‌یان دۆخی وامان تێپه‌ڕاندووه، هه‌ڵبه‌ت به ڕۆحێکی شۆڕشگێڕانه و دوور له ملکه‌چی و گیرخواردن، ئه‌مه‌یش ده‌شێت به هه‌مان ئاڕاسته‌دا بڕوات. له‌به‌رئه‌وه ئه‌گه‌ر لاپه‌ڕه‌یه‌کی مێژوویی شۆڕشگێڕانه له ڕۆحی شۆڕش و به‌رخۆدانی کورددا بگێڕینه‌وه و بیری لێ بکه‌ینه‌وه، سوودمه‌ند ده‌بێت بۆ ناسینی ڕۆحی به‌هاته‌وه‌رانه و شۆڕشگێڕانه‌ی نه‌ته‌وه‌که‌مان.
ڕه‌وانشاد نه‌وشیروان مسته‌فا له کتێبی "میرایه‌تیی بابان له نێوان به‌رداشی ڕۆم و عه‌جه‌مدا"، له لاپه‌ڕه 292، له زاری مه‌حموود جه‌وده‌ته‌وه چیرۆکی مامه‌یاره‌مان بۆ ده‌گێڕێته‌وه که له چه‌ندان به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی و هونه‌ریدا له‌وانه‌یش چیرۆکه شیعری مامه‌یاره‌ی مامۆستا شێرکۆ بێکه‌س، وه‌ک ڕه‌مزی ڕابوون و شۆڕش دژی داگیرکه‌ری ده‌ره‌كی و خائینی ناوخۆیی، له پله‌ی ئه‌فسانه‌یه‌کی زیندوو و واقیعیدا، هاتووەتە گێڕانه‌وه.
پیر مامه‌یاره ناوی یارئه‌حمه‌د کوڕی خدر به‌گی هۆمه‌ر ئاغای خه‌ڵکی دێی وه‌ننه‌رێنه بووه که ده‌که‌وێته لای شاڕباژێڕ. هۆمه‌ر ئاغای باپیری یه‌کێک بوو له دوانزه‌سواره‌ی مه‌ریوان، زۆر خۆشه‌ویست بووه لای ئه‌وڕه‌حمان پاشای به‌به. ئه‌وه‌نده خۆشه‌ویست بووه له لای که پاشا ئه‌و شیره‌ی له تاران فه‌تحعه‌لی شای قا‌جه‌ر پێشکه‌شی کردبوو، دای بە ئەو.
وه‌ک تێگه‌یشتین یارئه‌حمه‌د له ساڵی 1804 له وه‌ننه‌رێنه له‌دایک بووه، که پێ ده‌گا له‌سه‌ر ڕێوشوێنی باوباپیری له خزمه‌ت پاشای به‌به ده‌مێنیته‌وه. له 1840 له له‌شکری به‌به، به ئه‌فسه‌ری تۆپچی دادەنرێت و هه‌تا شه‌ڕی کۆیه له‌و فرمانه‌دا ده‌مێنیته‌وه.
له ساڵی 1847دا نێوانی ئه‌حمه‌دپاشای به‌به و ده‌وڵه‌تی عوسمانی تێک ده‌چێت... ده‌وڵه‌تی عوسمانی له‌ژێر فرمانی سه‌ردار نه‌جیب پاشا له‌شکرێک ده‌ڕازێنێته‌وه و ده‌ینێرێ بۆ سه‌ر ئه‌حمه‌د پاشا. ئه‌حمه‌د پاشایش له‌شکره‌که‌ی له ڕۆژئاوای کۆیه‌یه و له‌وێ به‌رانبه‌ر یه‌ک ده‌وه‌ستن. کات مانگی گوڵان ده‌بێت، باره‌گای ئه‌حمه‌د پاشا له لای گردی ڕیزه‌تۆ هه‌ڵ ئه‌درێ. له‌شکری کورد ئه‌وه‌نده وره‌یان به‌هێز بووه که له شکانی تورکه‌کان دڵنیا بوون، به‌ڵام داخی به جه‌رگم به‌ختی ڕه‌شی کورد لێره‌شا نه‌یهێنا. ئێواره‌ی پێنجشه‌موو کۆتیی مانگ ده‌بێ، سه‌رباز و مووچه‌خۆر داوای مووچه ده‌که‌ن، یه‌کێک له وه‌زیره‌کان به پاشا ده‌ڵێ: تووله هه‌تا برسی بێت چاکتر ڕاو ئه‌کا. پاشا ئه‌مه‌ی به گوێدا ده‌چێت و تێده‌که‌وێت و ئه‌و ڕۆژه مووچه نادات. ئه‌م قسه‌یه به داخه‌وه ده‌گاته‌وه گوێی له‌شکره‌که، له سه‌رێکه‌وه وه‌رنه‌گرتنی مووچه و له‌سه‌رێکی تره‌وه بڵاوبوونه‌وه‌ی قسه‌یه‌کی وا سووک و هاوکات شۆفاری و زمانهه‌راشیی هه‌ندێک که گوایه شه‌ڕکردن له‌گه‌ڵ خه‌لیفه پێچه‌وانه‌ی دین و دنیایه، بوون به مایه‌ی سه‌رپێچی له‌شکر و له ئه‌نجاما هه‌موویان قسه ده‌که‌ن به یه‌ک ئه‌و شه‌وه بڵاوه‌ی لێ بکه‌ن و ته‌قه‌ی تفه‌نگێک ده‌که‌ن به نیشانه‌ی بڵاوکردن.
برینار ئاغای بینباشی شه‌وێ به‌مه‌ی زانی، زوو ڕای‌کرد بۆ چادری پاشا که خه‌به‌ری بداتێ، هه‌ر له‌و کاته‌دا ته‌قه‌ی تفه‌نگێک دێت و ده‌ستبه‌جێ له‌شکر ده‌ست ده‌کات به بڵاوه کردن. ئه‌حمه‌د پاشای به‌وبه‌خت که ئه‌مه‌ی بینی، سوار ده‌بێ و له‌گه‌ڵ چه‌ند نۆکه‌رێکدا سه‌ری خۆی هه‌ڵئه‌گرێ. له‌شکری تورک له‌م بڵاوه‌یه ئاگادار نابن. بۆ سبه‌ینێ دێنه پێشه‌وه بۆ شه‌ڕ، به‌ڵام هیچ به‌رامبه‌رییه‌ک نابینن و تێ ئه‌گه‌ن که که‌سیان له به‌رامبه‌ر نه‌ماوه، ئیتر به سه‌ربه‌ستی پێش ئه‌که‌ون. به‌ڵام کوتوپڕ تۆپخانه‌ی ئه‌حمه‌د پاشا ده‌س ئه‌کا به تۆپباران به سه‌ریانا و ئه‌یانپه‌شۆکێنێت. سه‌رداری تورک تێده‌گات له هه‌ندێ تۆپچی به‌ولاوه که‌سی تر نه‌ماوه و فه‌رمان ئه‌دا بیانگرن. له‌شکره‌که چوارده‌وری یارئه‌حمه‌دی تۆپچی یان هه‌مان مامه‌یاره‌ی داوه و به دیل گرتیان.
نه‌جیب پاشا ئه‌م ئازایه‌تییه که یاره نواندبووی زۆر پێ خۆش ده‌بێت. بانگی ئه‌کاته لای خۆی و ئه‌م گفتوگۆیه‌یان ده‌بێت:
نه‌جیب پاشا: له‌شکری پاشاکه‌تان هه‌موو بڵاوه‌ی کرد تۆ بۆچی به ته‌نیا شەڕت کرد؟
یاره: من تۆپخانه‌م پێ سپێردراوه. فه‌رمانی شه‌ڕم پێ درابوو. کاری خۆم به‌جێ هێنا.
نه‌جیب پاشا: پاشای خۆت نه‌ما و ڕۆیشت، ئیتر وڵاته‌که‌تان که‌وته ژێرده‌ستی ده‌وڵه‌تی عوسمانییه‌وه، ویستت چییه بڵێ؟
مامه یاره: له پاش ئه‌مه ژیانم ناوێ تا ماڵی دنیام بوێت.
له مێژوودا چه‌ندان دۆخی هاوشێوه بۆ ڕۆحی شۆڕشگێڕانه‌ی کورد هاتوونه‌ته ئاراوه، هه‌ندێک له‌به‌ر مووچه و هه‌ڵاتنی پاشا و به‌ڕێوه‌به‌ره سست و له‌رزۆکه‌کانیان هه‌ڵاتوون و هه‌ندێکیش وه‌ک مامەیاره ستایشی داگیرکه‌ر و دوژمنیان هه‌ڵخڕاندووه، ئه‌م چیرۆک و خوێندنه‌وه‌یه ته‌نیا بۆ بیرخستنه‌وه‌ی به‌ها مه‌عنه‌وییه‌کانی نه‌ته‌وه‌یه‌کی سته‌ملێکراو و له هه‌مانکاتدا سه‌رکێش و شۆڕشگێڕه.
بیرخستنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی که باوباپیرانی ئێمه به نانی ڕه‌ق شۆڕ‌شیان کردووه و به نان و دۆ سه‌تان که‌سیان له میوان و ناسیاو و نه‌ناس تێر کردووه، ژیانێکی ئاسووده و له‌بار و پڕ له فراوانی ئه‌گه‌ر شایسته‌ی نه‌ته‌وه‌کان بێت، ئه‌وا کورد له سه‌ره‌وه‌ی لیسته‌که ناوی دەنووسرێت، به‌ڵام یاریکردن به‌م دۆخه و سڕینه‌وه‌ی به‌ها به‌رزه مه‌عنه‌وه‌ییه‌کان، باوباپیرانی شۆڕشگێڕ و مامه‌ڵه‌کردن به خوێنی شه‌هیدان، سه‌ربڕینی هه‌ڵۆی کوردستان له هه‌مبه‌ر که‌متیاره‌کانی به‌غدا و تاران، برینه گه‌وره‌که‌یه.
ئه‌و میدیا و لایه‌نانه‌ی چاره‌نووس و ڕۆحی میله‌تێکیان پێشکه‌شی په‌رله‌مان و دانیشتنه نهێنییه‌کانی میلیشیا و ئایدۆلۆجیسته سیاسییه‌کانی عێراق کرد، ئه‌وانه‌ن که مامه‌یاره به ته‌نیا له‌ناو تۆپه‌کانیدا جێ‌دێڵن. به‌ڵام مامه‌یاره نه‌به‌زی و دوژمن ستایشی کرد. بۆیه شێرکۆی مه‌زن له چیرۆکی مامه‌یاره‌دا له زمانی نه‌جیب پاشاوه کاتێک مامه‌یاره به دیلی ده‌به‌نه به‌رده‌ستی، ده‌ڵێت: چۆن توانیت ئه‌م کێو و ته‌لان و به‌نده‌نه به ته‌نیا ببڕی؟
یاره ده‌ڵێت: ته‌نیا نه‌بووم من داربه‌ڕووی که‌ژه‌کان و شیعری نالیم له‌گه‌ڵدا بوو
دواتر نه‌جیب پاشا ده‌ڵێت: دوژمنی ئازا ناکوژم بیبه‌نه‌وه
ڕۆحی شۆڕشگێڕی کورد ئاوه‌ها بووه نه به‌ها مادییه‌کان خستوویه‌تی و نه برسێتی و پلان و ناپاکی.