مامۆستا پیرۆزترین توێژی کۆمه‌ڵایه‌تی و خاوه‌ن ڕێزترین که‌سایه‌تیی ناو هه‌موو کۆمه‌ڵگەکان و له سه‌رووی هه‌موویشیانه‌وه کۆمه‌ڵگەی کوردی بووه و هه‌یه، هه‌موو خێزان و بنه‌ماڵه‌یه‌کی کورد ده‌زانێت په‌رورده‌ی منداڵ چ زه‌حمه‌ت و ماندووبوونێکی ده‌وێت و مامۆستایان سه‌ره‌ڕای هه‌موو کێشه و ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌کانیان، به‌شێوه‌ی به‌رده‌وام سه‌نگه‌ری په‌روه‌رده و وانه‌وتنه‌وه‌یان چۆڵ نه‌کردووه، ئه‌گه‌ر چاوێک به مێژووی شۆڕشه کوردییه‌کاندا بخشێنین، مامۆستاکان به ژن و پیاوه‌وه، ڕۆڵێکی ئه‌رێنی و پێشه‌نگیان له خه‌بات و گیانبازیی ناوشاره‌کاندا هه‌بووه، هه‌میشه داڵده‌ده‌ری پێشمه‌رگه و هێزه‌کانی شاخ بوون و نه‌وه‌ی دواڕۆژیشیان به دزی و به ئاشکرا له‌سه‌ر وانه به‌رز و مه‌زنه‌کانی کورده‌واری و کوردایه‌تیی په‌روه‌رده کردووه. ئه‌مه ڕاستییه‌که که‌س ناتوانێت حاشای لێ بکات.
دوای ڕووداوه‌که‌ی 16ی ئۆکتۆبه‌ر و پلانی درێژخایه‌نی به‌غدا و دراوسێ هاوپه‌یمانه‌کانی بۆ لاوازکردنی قه‌واره‌ی هه‌رێم و دواتر بڕیاری دادگای پاریس له‌سه‌ر دۆسیه‌ی نه‌وتی هه‌رێم و پاشانیش ده‌ست تێکه‌ڵکردنی ناوخۆیی له به‌غدا بۆ مووچه‌وه‌رگرتن له به‌غدا و لێدان له ده‌سه‌ڵاتی یاسایی و سه‌روه‌ریی حکوومه‌تی هه‌رێم و... گوشاری زیاتر خرایه سه‌ر خه‌ڵکی کوردستان، تا شوێنێک که سه‌رۆکی هه‌ندێک له فراكسیۆنە شیعه و ناکورده‌کانیش هاتنه سه‌ر خه‌ت و داوایان کرد مووچه و قووتی خه‌ڵک نه‌کرێته یاریی ململانێی سیاسی، که‌چی یه‌کێتیی نیشتمانی که بانگه‌شه و بانگه‌وازی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ به‌غدا ده‌کرد و بە بەغداییبوونی مووچه‌خۆری به پلانی ستراتیجی خۆی دانابوو، جگه له ته‌گه‌ره‌سازکردن له به‌رده‌م گوتاری کوردستانی‌دا هیچ کارێکی تر‌ی نه‌کرد.
له‌م پرۆسه پڕ گوشار و پلان و گه‌له‌کۆمه‌دا، حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و پارتی ته‌نیا مانه‌وه و ڕووبه‌ڕووی کێشه‌کان بوونه‌وه، ته‌نانه‌ت هێزه ئیسلامییه‌کانیش پشتگیریی ئه‌وتۆیان نه‌کرد جگه له چه‌ند که‌سایه‌تیەكیان که به شێوه‌ی لاواز و بنزارانه ددانیان به‌وه‌دا نا که حکوومه‌تی هه‌رێم چه‌ند هاوخه‌می هاووڵاتییانه و عێراقچێتی ته‌نیا شکست و ته‌ڵه‌یه، ئیتر خۆ هه‌ڵوێست و کرداری شاسوار عه‌بدولواحید و حزبه‌که‌ی و خوشکه‌که‌یشی ڕوون و ئاشکران.
به دڵنیاییه‌وه مامۆستایانی کوردستان و ده‌توانم بڵێم به‌شی هه‌ره زۆری خه‌ڵكی هەرێم له هه‌ستیاریی ئه‌م قۆناغه و چاره‌نووسسازیی په‌رچه‌کرداره‌کان و ئاستی ده‌ربه‌ستیی هه‌موو لایه‌ک له‌م دۆخه‌دا تێده‌گه‌ن، دڵنیام زۆر له کادرانی هه‌ندێ حزبی دیاریکراو ڕوونتر بابه‌ته‌کان ده‌بینن و ده‌ربه‌ستانه‌تر و نیشتمانیانه‌تریش هه‌ڵوێست وه‌رده‌گرن، به‌ڵام کاتێک میدیای ناپاک و سێبه‌ر و دارده‌ست، هه‌ست و سۆزی نیشتمانی و ده‌ربه‌ستیی مامۆستایان ده‌خه‌نه ژێر کاریگه‌رییه‌وه، ئه‌وه ده‌بێ بزانین درێژه‌ی هه‌مان پرۆژه‌ی عێراقچێتی و خۆخۆری و کوردخۆرییه لەلایه‌ن تاقم و لایه‌نانێکی دیاریکراوه‌وه.
من هێنده ڕێزی مه‌عنه‌ویی مامۆستا هه‌م له ئاسته مێژووییه‌که‌ی و هه‌م له ئاسته په‌روه‌رده‌ییه‌که‌ی به‌رزه لام، به مافی خۆیانی ده‌زانم ده‌یان خۆپێشاندان بکه‌ن و داوا و گازه‌نده‌کانیان بخه‌نه ڕوو، به‌ڵام له پاڵ ئه‌وه‌شدا چاوه‌ڕوانیی ئه‌وه‌م هه‌یه چاوێک به مێژووی پێگه و به‌شداریی مامۆستایان له بنیاتنانی کیان و کۆمه‌ڵگەی کوردی‌دا بخشێنن، خه‌بات و خۆڕاگریی و خۆنه‌ویستی خۆیان له قۆناغه سه‌خته‌کانی شۆڕشی شاخ و شاردا بێننه‌وه یاد، ئه‌وجار بڕیار بده‌ن خۆپیشاندن بکه‌ن، به‌ڵام ئه‌م پرسیاره‌ش ڕه‌وایه بیکه‌ین، خۆپێشاندان دژی کێ و کام لایه‌ن و ده‌سه‌ڵات؟ ئایا هیچ لایه‌نێک جگه له به‌غداد به‌رپرسی ئه‌م قه‌یران و برسیکردن و گوشارەیە؟ مه‌گه‌ر ئه‌و لایه‌نه سیاسییه‌ی زۆنی سه‌وز نه‌یدەگوت ئێمه بچینه پاڵ به‌غدا خۆمان چاره‌سه‌ری هه‌موو شتێک ده‌که‌ین؟ ده‌ی که‌واته بۆچی شته‌کان به لاڕێدا ده‌به‌ن و ئامانجی ناڕه‌زایه‌تییه‌که‌یان پلانگێڕانە به‌ره‌و حکوومه‌تی هه‌رێمی گرتووه؟
پێشتریش باسم کردووه، فه‌زای شاری سلێمانی کراوه به فه‌زایه‌کی میلیتاریزه‌ی به‌رته‌سک و هاوکات کۆمه‌ڵێک میدیای سێبه‌ر و ئاشکرای تۆتالیتا‌ر شه‌قام و فه‌زا گشتییه‌که‌ی ئاڕاسته ده‌که‌ن، به‌م شێوه‌یه هه‌ستی مامۆستایان و خواسته ڕه‌واکانیان ده‌خه‌نه جۆگه‌له‌یه‌کی لێڵه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌سڵی بابه‌ته‌که و ڕاستیی کێشه‌که بسڕنه‌وه.
پێم وایه مامۆستا ده‌بێت دژی حکوومه‌تی به‌غداد و ئه‌و لایه‌نه بێنه سه‌ر شه‌قام که بڕیاری چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانیانی به هه‌ر نرخێک (له‌وانه ناپاکیی له‌گه‌ڵ کیان و بوونی کورد)دا، که‌چی له دواجاریشدا وه‌ک 16ی ئۆکتۆبه‌ر که بڕیار بوو که‌رکووک بده‌نه‌وه ده‌ستیان و پارێزگاریش هه‌ر له خۆیان بێت، هه‌یتڕیان لێ کرا و ده‌ستیان به هه‌نبانه‌ی به‌تاڵەوە دەرچوو. بۆیه ده‌بێ له‌وان بپرسین مه‌گه‌ر بڕیار نه‌بوو به‌غدا مووچه ڕاده‌ستی ئێوه بکات؟ ده‌ی کوا؟ ئه‌گه‌ر ڕاده‌ستی کردووه بۆ نایده‌نه خه‌ڵک و ئه‌گه‌ریش ڕاده‌ستی نه‌کردووه بۆ ددان به ناپاکییه‌که‌تان و شکستی پرۆژه و پلانی سیاسیتاندا نانێن؟
به‌داخه‌وه لێره‌دا ده‌رده‌که‌وێت ئه‌م خۆپێشاندانه به‌ر له‌وه‌ی کرده‌یه‌کی مه‌ده‌نی و مافخوازانه‌ی له پشته‌وه بێت، پلان و چاوبه‌ستێکی سیاسیی جووڵه‌ی پێ کردووه و مه‌رجیش نییه مامۆستایانی به‌ڕێز بزانن وه‌ها تۆڕ و داوێکیان بۆ چنراوه، به دڵنیاییه‌وه ئه‌وان له هه‌موو دۆخێک‌دا دڵسۆز و خه‌مخۆر و دانبه‌خۆداگر بوون، چونکه هه‌میشه ئه‌وان زیاتر له هه‌موو که‌س به‌رچاویان ڕوون بووه که دۆزی نه‌ته‌وه‌که‌یان و بارودۆخی هه‌رێم چۆنه و چۆن بووه و هیوادارم له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته وشیاریی هه‌میشه‌ییان بخه‌نه گه‌ڕ و که‌رامەتی نه‌ته‌وه‌یی و کۆمه‌ڵایه‌تییان وه‌ک هه‌میشه ڕه‌نج و گوشارەكانیان ئاسان بکاته‌وه و وایان لێ نه‌کات بکه‌ونه دوای ئه‌جێندای هیچ لایه‌ن و تاقمێکه‌وه.
ئێمـه وه‌ک کورد کۆمه‌ڵگایه‌کی شارستانی و له‌مێژینه‌ین، چاره‌نووسی کورد له هیچ کام له پارچه‌کانی تر دابڕاو نییه له یه‌کتر، ئه‌گه‌ر هه‌ر شتێک له هه‌ر پارچه‌یه‌ک ڕوو بدات ئه‌وا پارچه‌که‌ی دیکه به‌پێی توانا و پێویست پشتی گرتووه و وه‌ک بنه‌ماڵه و خزمی خۆی چاوی لێ کردووه، ئه‌گه‌رچی به‌شێکی زۆری ڕۆژهه‌ڵات و باشووریش هه‌ر له ڕاستیدا که‌س و خزمی یه‌کن، ئه‌مه‌م بۆیه باس کرد که ڕۆحی هه‌ره‌وه‌زی و پشتیوانیی یه‌کتر، له‌ناو کورددا بهێنمه‌وه یاد.
ئێمه له هه‌موو قۆناغه‌کاندا باش و دره‌وشاوه یان لار و له‌وێر، هه‌ر پشتگیریی یه‌کتریمان کردووه، دۆخی مامۆستایان دۆخێکی وا نییه به هه‌ره‌وه‌زی کۆمه‌ڵگە و حکوومه‌ت چاره‌سه‌ر نه‌کرێت و به دڵنیاییه‌وه ئاماژه‌کانیش وامان پێ ده‌ڵێن که زوو به زوو چاره‌سه‌ر ده‌بێت، بۆیه تا ئه‌وکات وه‌ک هه‌ر تاکێکمان ڕێز له که‌رامه‌ت و ناوبانگی پیرۆزی مامۆستا بگرین و به ئێمه و ئه‌وانیشه‌وه له ئاستی جۆراوجۆری کۆمه‌ڵایه‌تی، سایکۆلۆجی، ئابووریی و... بوار نه‌ده‌ین ئاڕاسته‌ی یاریی ناو ئه‌جێندایه‌ک بکرێن که ئامانج و مه‌به‌ستی هه‌موو شتێکه جگه له چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی مامۆستایان.