مێژووی نه‌وت، ئه‌و زێڕه ڕه‌شه ئه‌گه‌ر بۆ زۆربه‌ی وڵاتانی پێشکه‌وتوو و به‌شێک له وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی تا ئاستێك خێروبێر و داهاتی به‌دواوه بووه، ئه‌وا بۆ کورد به تایبه‌تی سه‌رچاوه‌ی نه‌هامه‌تی و نه‌گبه‌تی بووه. به‌و مانایه‌ی له هه‌ر شوێن و جیۆگرافیایه‌کی کورددا نه‌وت هه‌بووبێت، له کرماشانه‌وه تا که‌رکووک، پلانی ستراتیجی درێژخا‌یەن و کورتخایه‌نی داگیرکه‌ری بەدوادا هاتووە، بۆ توانه‌وه‌ی کورد و لاوازکردنی هێز و تواناکه‌ی له‌و جیۆگرافیایه و دواتر گۆڕینی باری دیموگرافی به ته‌واوه‌تی.
ئه‌گه‌ر بڵێین داینه‌مۆ و گرێپووچه‌که‌ی هه‌موو شۆڕشه کوردییه‌کان به شێوه‌یه‌کی توندوتۆڵ به پرسی نه‌وته‌وه گرێ درابوو، زیاده‌ڕۆییمان نه‌کردووه. سه‌رده‌مێک هێنری که‌سینجه‌ر وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی پێشووی ئەمەریكا و ڕاوێژکاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی، لەبارەی نه‌وتی وڵاتانی عه‌ره‌بی و كەنداوەوە گوتبووی، باشه که ئه‌وان جارێ له نرخی نه‌وت تێنه‌گه‌یشتوون. ئه‌م تێنه‌گه‌یشتنه‌ی عه‌ره‌ب له به‌ها زانستی و پیشه‌سازییه‌کانی نه‌وت، ئێسته‌یشی لەگەڵ بێت وه‌ک خۆی ماوه‌ته‌وه و له باشترین حاڵه‌تدا له قه‌ته‌ر و کوه‌یته‌وه، بگره تا عه‌ره‌بستان و میسر له پله‌ی مه‌سه‌رفکه‌ر و به‌رخۆری ئه‌و کاڵا و ئامراز و پرۆژانه‌ن که ڕۆژئاوای نه‌وتسێن به‌رهه‌می دێنن.
وڵاتانی عه‌ره‌بی له لایه‌که‌وه وایان پێ باشه پاره‌ی نه‌وت بۆ خۆشگوزه‌رانی زێده‌ڕۆییانه و بینا و بورجی مه‌زن و کچ و کاڵی ئێرانی و تورانی ڕووت خەرج بکه‌ن و له‌لایه‌کی تریشەوە خزمه‌تی حه‌ماس و ئه‌لقاعیده و جیهانی عه‌ره‌بی-ئیسلامیی پێ بکه‌ن. ئه‌مه وێنه‌یه‌کی سه‌رمایه‌دارانه‌ی کاره‌ستاوییه و له ڕاستیدا ڕۆژئاوایش ڕووبه‌ڕووی نابێته‌وه و هه‌ر ئه‌مه‌ی ده‌وێ، ڕۆژئاوا هیچ کات عومه‌ر موختاره‌کان په‌سند ناکات، به‌ڵام ته‌نانه‌ت ده‌توانێت له‌گه‌ڵ سه‌دام حسێندا بۆ چه‌ندان ده‌یه هه‌ڵ بکات و له هه‌مبه‌ر خۆراکدا نه‌وتی لێ وه‌ربگرێت بۆ عێراقی گه‌مارۆدراوی پاش داگیرکردنی کوه‌یت!
ئه‌گه‌ر هه‌موو وڵاته عه‌ره‌بییه‌کان له که‌وانه و چه‌ماوه‌یه‌کدا ڕێژه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نانه‌وتییان هه‌ڵسه‌نگێنین، به دڵنیاییه‌وه به ئاسانی به‌و ئه‌نجامه ده‌گه‌ین که 80%ی ئابوورییه‌که‌یان له‌سه‌ر بنه‌مای تاکبه‌رهه‌مییه، ئه‌ویش نه‌وته. ڕه‌نگه ئه‌گه‌ر مۆدێرنیته له سه‌رێکه‌وه دیکارت و کانتی فه‌یله‌سووفی له پشته‌وه بووه، له ڕووه پیشه‌یی و سه‌نعه‌تییکه‌یه‌وه ئه‌و کانزایه‌ی له پشته‌وه بووه که ناوی نه‌وته. له‌و سه‌رده‌مه‌ڕا تا ئێسته، نه‌وت مه‌کینه‌ی هه‌ڵسوووڕێنه‌ر و وه‌گه‌ڕخه‌ری مۆدێڕنه‌یه و نه‌وت هێزه، وزەی پێشکه‌وتن و سووڕانه‌ی کارگه گه‌وره‌کانی ڕۆژئاوایه! توانستی به‌رهه‌مهێنانی چه‌که! موماره‌سه‌کردنی زانسته!
به داننان به‌م راستییه‌دا، به ئاسانی ده‌توانین بڵێین هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ی ئابوورییه‌که‌یان ته‌نیا به نه‌وته‌وه /ئه‌ویش به ڕێژه‌یه‌کی به‌رز/ به‌نده، خاوه‌نی هیچ به‌رهه‌مهێنانێک له هیچ ئاستێکی راستەقینەدا نین، ته‌نیا هونه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌م وڵاتانه به‌رخۆری و مه‌سره‌فگه‌راییه. واته وه‌ک به‌ختیار عه‌لی ده‌ڵێ، ئه‌م نه‌ته‌وانه ئه‌گه‌ر شه‌و بخه‌ون و سبه‌ی له خه‌و ڕاست نه‌بنه‌وه، شتێکی ئه‌وتۆ له جیهان ناگۆڕێت. دیاره مه‌به‌ستی دیاریکردنی ڕۆڵ و پێگه‌ی هه‌ر نه‌ته‌وه و کولتوورێکه له به‌ڕێوه‌بردنی جیهاندا.
بۆ تێگه‌یشتن له‌م بابه‌ته با بیهێنینه پێش چاوی خۆمان ئه‌گه‌ر ژاپۆن له بواری به‌رهه‌مهێنانی تی ڤی و کۆمپیوته‌ر و ئه‌ندازیاری و... چالاکییه‌کانی ڕابگرێت، ئایا کاریگه‌ریی له‌سه‌ر هه‌موو بازاڕه‌کانی دنیا و ته‌نانه‌ت ژیانی مرۆڤ له هه‌موو جیهاندا نابێ؟ وه‌ڵامه‌که ڕوونه. به‌ڵام ئاخۆ ده‌توانین بۆ وڵاته عه‌ره‌بییه‌کانیش هه‌ر هه‌موویان قسه‌یه‌کی وه‌ها بکه‌ین؟ وه‌ڵامی ئه‌میش هه‌ر ڕوونه.
لەبارەی کورد و پێوه‌ندیی چاره‌نووس و دۆزه‌که‌ی به نه‌وته‌وه، ئاڵۆزییه‌کی زۆر هه‌یه، له سه‌رێکه‌وه هه‌موو کێشه‌ی داگیرکه‌ران له سه‌ده‌ی بیسته‌م تا ئێستە، ئه‌وه بوو شارێکی نه‌وتیی وه‌ک که‌رکووک نه‌که‌وێته ده‌ست کورد و به‌شی زۆری ئه‌و خوێنه گه‌شانه‌ی له خه‌باتی ڕزگاریخوازیی کورددا بوونه قوربانی پیلانی داگیرکه‌ر، هه‌ر له‌پێناو شارێکی وه‌ک که‌رکووک بووه، چونكە هه‌م له ڕووه ئابوورییه نه‌وتییه‌که‌ی و هه‌میش له لایه‌نه شوناسی و دیموگرافییه‌که‌یه‌وه، چاره‌نووسی دۆزی کورد به‌ستراوه به‌وه‌وه، هه‌ربۆیه له 2003وه تا ئێسته هیچ کام له‌و بڕگه و به‌ڵێنانه‌ی له‌لایه‌ن یاسا و کوتله‌کانه‌وه تایبەت بە که‌رکووک په‌سند کراون و دراون، نه‌ک ته‌نیا جێبه‌جێ نه‌کراون، به‌ڵکوو ڕه‌وتێکی پێچه‌وانه ده‌ستی پێ کردووه و ته‌عریب و کوردقڕان خه‌ریکه ده‌گاته چڵه‌پۆپه‌ی خۆی. هه‌رچه‌ندە بێگومان به گه‌ڕانه‌وه‌ی پارتی بۆ که‌رکووک ئه‌م پرۆژه‌یه‌ی داگیرکه‌ر به ئاسانی ئیتر ناچێته سه‌ر.
بۆیه پرسی نه‌وت هه‌م هۆی دڕنده‌یی و خوینمژی داگیرکه‌رانه و هه‌میش هۆی ڕزگاربوونی کورد، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی کوردیش پێناسه‌یه‌کی دروست و ستراتیجێکی بۆ خۆی و دۆزه‌که‌ی و به‌پێی ئه‌وه‌ش کانزا و ماتریاڵ و سه‌رمایه ژێرزه‌وینییه‌کانی هه‌بێت، به‌ڵام له ڕاستیدا ئه‌مه ته‌نیا هیوایه‌که و به‌س، له کاتێکدا کابینه‌ی نۆیه‌م له ماوه‌ی ته‌مه‌نی خۆیدا به‌رده‌وام به‌شێکی زۆری فۆکۆس و ڕژدبوونی له‌سه‌ر ئه‌وه بووه که به‌شی نانه‌وتیی ئابووریی کوردستان په‌ره پێ بدات و به هه‌موو شێوه‌یه‌ک که‌رتی کشتوکاڵ و که‌رته نانه‌وتییه‌کانی دیکه ببووژێنێته‌وه و ئاسانکاریی بۆ گه‌شه و دره‌وشانه‌وه‌ی کردووه.
له ئیداره‌ی سلێمانی به دزی و به ئاشکرا، سامانی ژێرزه‌وی و نه‌وتی کوردستان له ڕێگه‌ی سنووری په‌روێزخانه‌وه به سه‌تان تانکه‌ر ده‌گوازرێته‌وه بۆ ئێران، نه پاره‌که‌ی دیاره و نه که‌سێکیش وه‌ڵامده‌ره‌وه‌یه! هه‌ر ئه‌مەیە كە ئاری هه‌رسین ده‌ڵێت "ئیداره‌ی سلێمانی به ده‌ست ئێران و یه‌کێتی و په‌که‌که‌وەیه". له ڕاستیدا ئێران له‌م هاوکێشه‌یه‌دا له قازانجدا پشکی شێری به‌رده‌که‌وێت و به‌شی ئه‌و دوو هاوکاره‌ی تریشی ده‌دات. ئایا ئیداره‌یه‌ک که ڕێگەوبان و شه‌قامه‌کانی پێویستیی خێرایان به چاککردنە، ده‌بێت بازرگانییه‌کی مافیایی نیمچه‌فه‌رمیی بخاته گه‌ڕ و به فلسێکیش خزمه‌تی خه‌ڵکه‌که‌ی پێ نه‌کرێت؟ هیچ وه‌ڵامێکیش نه‌داته‌وه كە بۆچی پابه‌ندی بڕیاره‌کانی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان نییه؟
لێره‌دا نه‌وت له ئاستی زێڕی ڕه‌شی ڕزگارکه‌رەوە ده‌بێت به زێڕێکی تاڵانکراو و فرۆشرا و جگه له ئاخ و ئۆف بۆ خه‌ڵکی ڕه‌شوڕووت و بێخزمه‌تگوزاریی سلێمانی، هیچی به‌ر خه‌ڵک ناکه‌وێت. ئه‌مه ئه‌و ژانه گه‌وره‌یه‌یه که کورد له سه‌رده‌مه کۆنه‌کانه‌وه پێوه‌ی تلاوه‌ته‌وه و تا ئێسته‌یش به‌رده‌وامه. ده‌بێت بپرسین خوێنی گه‌ش کێ دای و نه‌وتی ڕه‌ش کێ بردی؟