به‌شێکی گرینگی مێژووی نه‌ته‌وه و کۆمه‌ڵگەکان به‌ندن به‌و وێنانه‌ی كە لە خۆیان هه‌یانه، مه‌رج نییه ئه‌و وێنانه‌ی له خۆیانی په‌یدا ده‌که‌ن سه‌ت له سه‌ت له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه چرکێنرابن. دیاره وێنه له‌م سیاق و مانایه‌دا ته‌نیا ده‌ره‌نجامی پێشکه‌وتنێکی ته‌کنه‌لۆجی و وێنه‌ی کوداک یان هه‌ر جۆره سیستمێکی وێنه‌گرتن له ڕێی کامێرای کۆن یان نوێوه نییه، ئه‌گه‌رچی ئه‌و جۆره وێنانه ده‌توانن ڕێگه‌خۆشکه‌ری بنه‌مایی بن بۆ دروستکردنی وێنه و وێنا و تێمای دیکه له‌و ڕووداوانه، به‌ڵام وێنه له‌م حاڵه‌ته‌دا و به‌م گۆشه‌نیگایه‌وه، مانای ده‌قیقی وێنه‌گرتن بۆ گواستنه‌وه‌ی یاده‌وه‌رییه‌ک به هه‌ندێک جومگه‌ی مانا دیاریکراو ناگه‌یه‌نێت، به‌ڵکوو مێنتاڵیته و زه‌ینییه‌تی ئێمه له داهاتوو له هه‌ر وێنه‌یه‌کی کامێرایی پێش خۆی، کۆمه‌ڵێک خوێندنه‌وه و هه‌ڵگۆستن ده‌خاته ڕوو که دیکتاتۆرییه‌تی مانایی و ده‌لاله‌تی زه‌مه‌نی سه‌ر وێنه‌که تێکده‌شکێنێت.
ڕه‌نگه له مێژووی شۆڕش و خه‌باتی ڕزگاریخوازی کورددا له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، دوو وێنه‌ی کوشتنی ڕێبه‌ری شۆڕشگێڕ سمایلی سمکۆ و له سێداره‌دانی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د و هاوڕێکانی، له دیارترین و زه‌قترینی ئه‌و وێنه تاڵ و جه‌رگبڕانه بن که هیچ کات له یاده‌وه‌ریی بە كۆمەڵی ئێمه‌دا کاڵ نه‌بنه‌وه.
وێنه‌ی کوشتن و تیرۆرکردنی سمایلی سمکۆ که چه‌ند فه‌رمانبه‌ر و پاسه‌وانی ڕژێمی پاشایه‌تی به فیگه‌ری سه‌ربه‌رزییه‌وه به سه‌رییه‌وه ڕاوه‌ستاون و چرکه‌یه‌کی مێژوویی (به گێڕانه‌وه‌ی خۆیان!) له سه‌رکه‌وتنی ڕۆح و ئیراده‌ی ئێرانیزم و ناوه‌ندگه‌رێتیی ده‌سه‌ڵات، بۆ ئێمه و مێژوو تۆمار ده‌که‌ن، ته‌نیا له سیاقێکی کۆلۆنیالیستی و هێزی سهردهستگهرادا نامێنێته‌وه، به‌ڵکوو ئه‌م وێنه‌یه به هه‌موو زاخ و زووخییهوه به‌شێکه له سته‌م و لێدانێک له که‌رامه‌ت و خواستی نه‌ته‌وه‌یی مرۆڤی کورد.
به‌ڵام بابه‌ته‌که ته‌نیا لێره‌دا کۆتایی پێ نایه‌ت، چونکه هاوکێشه‌ی سته‌مکار و سته‌ملێکراو/ سه‌رده‌ست و ژێرده‌ست، له پاش ده‌یان ساڵ له‌و چرکه‌ساته، گۆڕانی بنه‌مایی به خۆیه‌وه بینیوه، ئه‌و وێنه‌یه‌ی که ده‌سه‌ڵاتی سته‌مکار له خه‌باتگێڕ و مافخوازێکی کورد ده‌یخاته ڕوو، ڕه‌نگه هه‌ستی ئێرانچێتیی فارس و ئێرانپهرستهکانی هێور بکاته‌وه که گوایه شکۆ و شه‌ره‌فی ئێران ده‌بێت ئاوها بێتە پاراستن، به‌ڵام درزێکی گه‌وره‌ی شوناسسازانه له نێوان کۆی ئێرانێک که چه‌ند سه‌ت ساڵ به‌سه‌ر کوردستانه‌وه ته‌ڕاتێنی کردووه و جیۆگرافیای کوردستان، دروست کردووه، شوناسێکی جیاواز و لێکههڵبڕاوی له نێوان کورد و فارس و هه‌موو ئه‌و ده‌سته‌واژه ساخته‌یه‌ی ئێرانییه‌ت گوزارشتی لێ ده‌کات، دروست کردووه.
لێره‌دا تێده‌گه‌ین کاتێک ده‌ڵێین شوناس له‌گه‌ڵ ژاندا له‌دایک ده‌بێت، له دۆخ و حاڵه‌تێکی ئاوا ده‌دوێین. شوناس له سه‌رده‌می مۆدێڕن‌دا به‌بێ برین ناتوانێت هه‌ڵ بکات و له‌دایک بێت، ئه‌م برینانه مه‌رجی پێویست نین، به‌ڵکوو ئه‌و زام و ڕووشانانهن که به‌ر دره‌ختی ژیانی نه‌ته‌وه‌یه‌ک ده‌که‌ون و دواتر وه‌ک موتوربه و پێوهنێک چرۆ و لقی نوێی لێ ده‌بووژێنێته‌وه.
واته وێنه‌ی مێژوویی کامێراکان نابن به وێنه‌یه‌کی هەمیشەیی و قه‌تیسماو له‌ناو زه‌مه‌ندا، به‌و واتایه‌ی که ده‌لاله‌ته‌کانی قۆناغ دوای قۆناغ و سه‌رده‌م دوای سه‌رده‌م گۆڕانیان به‌سه‌ردا دێت، كەواته ئێمه ناهێڵین وێنه‌کان ته‌فسیر و ڕاڤه‌مان بکه‌ن، به‌ڵکوو زه‌ینییه‌ت و مێنتاڵیته‌ی ئێمه‌یه که له دواجاردا وێنه‌کان ده‌بینن و ده‌خوێننه‌وه. به دڵنیاییه‌وه هیچ کات ئه‌و ڕووکار و توێژاڵه خوێنین و تاڵه‌ی ناو ئه‌م وێنانه ناسڕێته‌وه، به‌ڵام ته‌نیا و ته‌نیایش هه‌ڵگری شکست و مه‌رگی ئێمه نابن، به‌ڵکوو بەهرە و وزه‌ی تۆڵه و ههستانهوهیشن.
ئه‌مه به نیسبه‌ت وێنه‌ی له‌سێداره‌دانی پێشه‌وای نه‌مر؛ قازی موحه‌مه‌د و هاوڕێکانیشییه‌وه هه‌ر ڕاستن. وێنه‌ی سه‌ر پەتی سێداره‌ی پێشه‌وا و سه‌در و سه‌یفی قازی، به‌و مه‌به‌سته بڵاو کرانه‌وه که به هه‌موو ئێران و ناوچه‌که و یه‌کێتی سۆڤیه‌ت و به تایبه‌تی به کورد و نه‌ته‌وه‌کانی تری ناو ئێران بڵێت، ئێمه ئاوا له‌وانه ده‌که‌ین که دەیانه‌وێت له ئێران جیا ببنه‌وه، دیاره ئه‌وان به‌م ئه‌ده‌بیات و ده‌سته‌واژانه‌وه قسان ناکه‌ن، به‌ڵکوو وه‌ک چۆن له باشووری کوردستان به پێشمه‌رگه و خه‌باتی شۆڕشگێڕانه له‌لایه‌ن به‌عس و جاش و جه‌یش ده‌گوترا موخه‌ڕیب، به‌مانه‌یش ده‌گوترا یاخییه‌کان، ئه‌وانه‌ی دژی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی باوک و ئێرانی دایک یاخی بوون و سه‌رکه‌شییان نواندووه، ئه‌مه ده‌ربڕینی ئه‌وانه، ئه‌مه سیستمی چه‌مکسازیی ئه‌وانه! به‌ڵام لای ئێمه هه‌م ئه‌وکات و به دڵنیاییه‌وه ئێستەیش (هه‌ڵبه‌ت له سیاق و فه‌لسه‌فه‌یه‌کی نوێتر و پڕچه‌کتر به مه‌عریفه و چه‌مک) ئه‌و گێڕانه‌وه و چهمکداڕێژییه، هیچ نییە جگه له هه‌ژموون و سه‌پاندنێکی دیکه‌ی سته‌مکار و زه‌بری داگیرکه‌ر.
ئه‌م گێڕانه‌وه و دهلالهتبهخشه به وێنه، جه‌مسه‌رێکی دژه‌گێڕانه‌وه و پێچه‌وانه‌ی ئه‌م جه‌مسه‌ره‌ی دروست کردووه، جه‌مسه‌رێک که یاخیگه‌ریی به ئه‌رێنی ده‌زانێت و سمعنا و اگعنا به کۆیله‌یی و ملکه‌چی! ملکه‌چییه‌کی ڕێکخراو و سه‌پێنراو به هه‌موو جیۆگرافیای ئێران‌دا که دوای سی و ئه‌وه‌نده ساڵ ته‌نیا ڕۆڵه‌کانی مهاباد و سنه و کرماشان و ئیلام توانیان له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به هه‌موو ئه‌و جیۆگرافیایه‌ی بسه‌لمێنن كە ملکه‌چی بۆ هه‌ر سیستمێک بێت، ئاسمانی بێت یان زه‌وینی هاوتای سته‌مه و ده‌بێت یاخی بین، بۆیه ئه‌وان وانه‌ی خۆراگری و به‌رخۆدانیان مانیفێست کرد و ئێسته‌یش هه‌م پێگه و قهبارەی کورد و هه‌م هێما کوردییه‌کان ئیتر ئه‌وه نین که پێش شۆڕشی ژینا هه‌بوون، به‌ڵکوو دره‌وشاوه‌تر و به شکۆتر و ڕێزلێگیراوترن.
دیاره ئه‌مه به‌رهه‌می ئه‌و مێنتاڵیتیهیه که له سه‌رده‌می کۆمار و پێشکۆمارهوە تا ئێسته هاتووه و باشوور و ڕۆژهه‌ڵات و پارچه‌کانی تریشی گرتووه‌ته‌وه، ئه‌و وێنانه‌ی مه‌رگ و له سێداره‌دان نه‌یانتوانی ئیراده و خواستی ژیان و نه‌مریی له ڕۆڵه‌کانی ئه‌م نیشتمانه‌دا کاڵ بکه‌نه‌وه، بۆیه به پێچه‌وانه‌ی هه‌ندێک که‌س که پێیان وایه، نابێت ئه‌م وێنانه زۆر بکه‌ونه به‌رچاو. پێم وایه ڕێک ده‌بێت ئه‌م وێنانه هه‌موو ساڵێک به تایبه‌تی له‌م ڕۆژانه و له بۆنه پێوه‌ندیداره‌کاندا بخرێنه به‌رچاوی هه‌موو جیهان نه‌ک ته‌نیا ئێران و کوردستان. بۆ ئه‌وه‌ی شمشێری تۆڵه‌ی شوناسسازی و هه‌ستانه‌وه له دڵی نه‌وه‌کانی ئێسته و داهاتووماندا زیاتر و زیاتر تیژ ببێته‌وه و مه‌رگێک له وێنه‌یه‌کدا ببێت به هێمای نه‌مری له جیهانی واقیعدا، جیهانێک که هه‌ر دادێت له مێژوو و زه‌مه‌نێکی دوور یان نزیکدا.