(له یادی ده‌رچوونی یه‌كه‌مین ڕۆژنامه‌ی كوردیدا)
كورته مێژوو:
له‌سه‌ر ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردی و یه‌كه‌مین ڕۆژنامه‌ی كوردی واته (كوردستان) زۆر گوتراوه و ده‌بێ زیاتر و قووڵتریش بگوترێت و به‌رده‌وامیش بێت. به‌م حاڵه‌شه‌وه نابێت له‌م ڕۆژه پیرۆزه‌دا كه 126 ساڵ به‌سه‌ر ده‌رچوونی ئه‌م ڕۆژنامه‌یه‌دا تێده‌په‌ڕێت، به چه‌ند دێڕێكیش چییه ئاوڕ له مێژووه‌كه‌ی و تێكۆشه‌ران و سه‌رنووسه‌ره‌كه‌ی نه‌ده‌ینه‌وه.
یه‌كه‌م ژماره‌ی ئه‌م ڕۆژنامه‌یه واته (كردستان) له 22ی نیسانی ساڵی 1898 به تێكۆشانی میقداد مه‌دحه‌ت به‌درخان له قاهیره‌ی میسر چاپ كرا. پلان و پڕۆژه‌ی به‌درخانییه‌كان مانیفێستكردن و په‌ره‌پێدانی پڕۆژه‌یه‌كی ڕۆشنبیری و مۆدێرن و نه‌ته‌وه‌یی بوو. ئه‌م ڕۆژه له‌لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه وه‌ك سه‌ره‌تای ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردیی ناسێنراوه و په‌سند كراوه. ڕۆژنامه‌كه 31 ژماره‌ی لێ ده‌رچوو و بۆ ماوه‌ی چوار ساڵ به‌رده‌وام بوو. یه‌كه‌م ژماره‌شی به كوردی كورمانجی ده‌رچوو، به‌ڵام له ژماره‌ی چواره‌م به‌و لاوه هه‌ندێك له بابه‌ت و نووسینه‌كانی به زمانی توركی بڵاو بوونه‌وه. كه ئه‌ویش مه‌به‌ستی تێگه‌یاندنی تور‌كان و كۆمه‌ڵگه و جڤاكه توركییه‌كان بوو له زایه‌ڵه و خواستی نه‌ته‌وه‌یی و سه‌رده‌مییانه‌ی كورد.
ئه‌م ڕۆژنامه‌یه به‌رهه‌ڵستی ده‌سه‌ڵاتی داگیركارانه‌ی عوسمانییه‌كان ده‌بوو‌ه‌وه و گوتاره‌كه‌ی له‌و ئاراسته‌یه‌دا ده‌گه‌ڕا. هه‌ر به‌هۆی ئه‌م دژایه‌تی و به‌رهه‌ڵستكارییه‌ی ڕۆژنامه‌كه و گوتار و بابه‌ته‌كانی له هه‌مبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی عوسمانییه‌كان، ئه‌وا ڕۆژنامه‌كه پێشگیریی زیاتری لێ كرا و ژماره‌كانی تری له چه‌ند شارێكی جیاجیای تر (سه‌ره‌ڕای شاری قاهیره) چاپ كران، له‌وانه جنێڤ، له‌نده‌ن و فولكستۆن. چونكه ڕۆژنامه‌كه له ناوخۆی ده‌وڵه‌تی عوسمانی‌دا یاساغ كرابوو، له قاهیره‌وه گوازرایه‌وه بۆ شاره‌كانی تر. به‌ڵام به‌و حاڵه‌ش به‌شێوه‌ی نهێنی له ناو شاره‌كان و خه‌ڵكدا له باكوری كوردستانیش دابه‌ش ده‌كرا.
به‌پێی ئه‌و نامانه‌ی كه له سه‌رنووسه‌ره‌كه‌یه‌وه به‌جێ ماون، ڕۆژنامه‌كه له شاره‌كانی ئامه‌د، مێردین، ئه‌ده‌نا و دیمه‌شق خوێنه‌ری هه‌بووه. له ژماره‌ی شه‌شی ڕۆژنامه‌كه به‌ولاوه ئه‌وا كاری چاپكردن و سه‌رنووسه‌ری ڕۆژنامه‌كه كه‌وته ده‌ست عه‌بدولڕه‌حمان به‌درخان كه برا بچووكی میقدا مه‌دحه‌ت به‌درخان بوو.
له ڕۆژنامه‌ی كاغه‌زییه‌وه بۆ شاشه دیجیتاڵییه‌كان:
گومانێك له‌وه‌دا نییه كه ڕۆژنامه‌كان ڕۆڵێكی گرنگ له گوتارسازی و شوناسبه‌خشی به كۆمه‌ڵگه ده‌گێڕن. به‌تایبه‌تی له ڕۆژگاری مۆدێرن و سه‌ره‌تای پیشه‌سازیی واته پێش به‌دیجیتاڵیبوونی میدیا جۆراوجۆره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و په‌ره‌سه‌ندنی ڕایه‌ڵه‌ی ئینته‌رنێتی له گوندی جیهانیدا، ڕۆژنامه‌كان هه‌م له قه‌واره‌ی كولتووری شار و مۆدێرنیزه‌كردنی كولتووری گونده‌كیی وڵاتاندا، كولتوورساز بوون و هه‌میش شوناسساز بوون له بازنه‌ی شوناسی نه‌ته‌وه‌كان و به‌تایبه‌تی نه‌ته‌وه بنده‌سه‌ته‌كان.
ڕۆڵی ڕۆژنامه بۆ كورد ڕۆڵی چه‌ك و تریبۆنی شۆڕشگێڕانه به پێوه‌ری وشیاركردنه‌وه و ڕۆشنگه‌ریی كۆمه‌ڵگای كوردی بووه به نیسبه‌ت دۆزه گشتییه‌كه‌ی. له‌م ڕه‌وته‌دا بووژانه‌وه‌ی زمان و كولتوور و فولكلۆر هاوكات له‌گه‌ڵ مۆدێرنكردنیدا هاتووه‌ته ئاراوه. ڕۆژنامه‌ی كوردستان بوو به بناغه‌یه‌كی پته‌و و متمانه‌پێكراو بۆ ڕه‌وته ڕۆژنامه‌گه‌رییه‌كانی دواتر به ئاراسته‌ی به‌رگری له ماف و شوناسی نه‌ته‌وه‌یی كورد. ئه‌و ئه‌زموونه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه شكۆدار و شۆڕشگێڕانه بوو، هاوكاتیش به‌پێی جه‌بری مێژوویی هه‌ڵگری بارێكی زیاتر له ڕۆشنگه‌ری و پاڵه‌په‌ستۆ خستنه سه‌ر ده‌سه‌ڵاتێك بوو كه به‌رهه‌ڵستی ده‌كرد، بۆیه ده‌شێت بڵێین ئه‌م ڕۆژنامه‌یه، ڕۆڵێكی پێشمه‌رگه‌ئاسای هه‌بوو زیاتر تا نووسه‌ر و ڕۆشنبیرئاسا، واته له فه‌زایه‌كی جه‌نگزه‌ده و به‌رخۆده‌رانه‌دا هه‌ناسه‌ی ده‌كێشا، قه‌ده‌غه‌كردن و ڕاوه‌دوونانی ئه‌زموون كردووه! به‌و حاڵه‌ش هه‌م له ئاستی شۆڕشگێڕانه و هه‌م له ئاستی ڕۆشنگه‌رانه و نڤیسكارانه‌شدا، ئه‌ركی خۆی به‌پێی هه‌ل و زه‌مه‌ن به‌جێ گه‌یاند و ئێمه تا ماوین ده‌بێت به شكۆ و حه‌ماسه‌ته‌وه یادی بكه‌ینه‌وه.
ڕۆژنامه‌ی كوردستان هه‌ڵگری گوتارێكی یه‌كگرتووی كوردستانی و نه‌ته‌وه‌یی بوو، ئه‌و گوتاره‌ی كه ئێسته له‌گه‌ڵ هه‌بوونی ئازادی و نیمچه سه‌ربه‌خۆییه‌ك له به‌شێكی وڵاتی له‌تله‌تكراوی كوردستانی گه‌وره‌ماندا نه‌بوونی به زه‌قی هه‌ست پێ ده‌كرێت. وه‌ك ده‌بینین ڕۆژنامه‌ی كاغه‌زی ئێسته بووه به به‌شێك له مێژوو له یاده‌وه‌ریی وڵاتان و نه‌ته‌وه‌كاندا، به‌ڵام تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و په‌یج و كه‌ناڵه ته‌له‌ڤزیۆنییه‌كان، به‌دڵنیاییه‌وه هه‌م توانا و پاره‌ی زۆرتریان له به‌رده‌سته، هه‌میش هه‌ل و زه‌وینه‌ی زیاتر و له‌بارتریان هه‌یه بۆ چالاكی و نه‌ته‌وه‌سازی و شوناسسازی، به‌ڵام به‌هۆی ململانێی حزبی و نایه‌كگرتوویی له گوتار و كرداردا، میدیا و تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌ك جێگره‌وه‌ی ڕۆژنامه‌ی كاغه‌زیی، بوون به تریبۆنێك بۆ دابه‌شكردنی زیاتری كۆمه‌ڵگه و به‌جێنه‌گه‌یاندن و ڕانه‌په‌ڕاندنی زیاتر و باشتری ئه‌ركه نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان.
به‌دڵنیاییه‌وه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌نگاوی گرنگ و چاره‌نووسسازی هاوێشتووه و قه‌ڵه‌م و ڕۆژنامه‌نووسانی پارچه‌كانی تریشی به خۆیه‌وه ڕاگرتووه و ئامێزی بۆ كردوونه‌ته‌وه، به‌ڵام بۆ سه‌رخستنی ئه‌م پڕۆژه‌یه، ده‌بێت دوو هه‌نگاو وه‌ك ستراتیجێكی درێژماوه كاری له‌سه‌ر بكرێت. یه‌كه‌م ئه‌وه‌ی كه ململانێی حزبی و سیاسیی به‌شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو هه‌موو میدیاكان نه‌گرێته‌وه، په‌ره به جۆرێك میدیای سپۆنسه‌رداری ئازاد و سه‌ربه‌خۆ به ئاراسته‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی كوردستاندا بدرێت. دیاره مه‌به‌ست ئه‌وه نییه حزب و لایه‌نه‌كان كه‌ناڵ و په‌یج و تۆڕی خۆیان نه‌بێت، به‌ڵكو مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه سنوورێك بۆ ئه‌و هه‌موو په‌یج و ئه‌كاونت و تۆڕه سێبه‌ره دابنرێت كه له قووڵتركردنه‌وه‌ی قه‌یرانی سیاسی و دابه‌شكاریی كۆمه‌ڵایه‌تیدا ڕۆڵ ده‌گێڕن، ئه‌گه‌رنا ئه‌مه بابه‌تێكی ئاساییه كه هه‌ر حزبێك له میدیای خۆیه‌وه پلان و به‌رنامه‌ی حزب و لایه‌نی تر ڕه‌خنه و ڕه‌ت بكاته‌وه.
هه‌نگاوی دووه‌م كه هاوته‌ریبه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م، ئه‌مه‌یه كه به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان كه‌رامه‌ت زیاتر بگه‌ڕێته‌وه بۆ ڕۆژنامه‌نووسان، واته هه‌م له ڕووی ئازادی ڕاده‌ڕبڕینه‌وه و هه‌م له ڕووی پشتیوانیكردنی باری مادییه‌وه، ده‌بێت ڕۆژنامه‌نووسان خاترجه‌م بن تا پڕۆژه‌ی ڕۆشنگه‌ری و نه‌ته‌وه‌سازیی به دوور له هاوكێشه‌ی سیاسی و حزبی بێته ئاراوه، ئێمه به‌هۆی كاری ڕۆژنامه‌نووسان بتوانین كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی وشیار و نه‌ته‌وه‌یی و ده‌روه‌ستمان هه‌بێت. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ده‌زانم كه ڕۆژنامه‌نووسی سنووری یاسایی خۆی هه‌یه له هه‌موو وڵاتاندا، ئه‌مه‌ش هه‌بووه كه ڕۆژنامه‌نووسان له‌لایه‌ن هێزه‌كانی دژ و ده‌ره‌وه كراونه‌ته داره‌ده‌ست له دژی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی وڵاتی خۆیان، ئه‌مه‌ش به هه‌ڵگرتنی ئه‌و دوو هه‌نگاوه‌ی سه‌ره‌وه ده‌شێت له ماوه‌یه‌كی زه‌مه‌نی درێژخایه‌ندا و به ته‌كنیكی نه‌رمی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی چاره‌سه‌ر بكرێت. پیرۆزبایی ئه‌م ڕۆژه له هه‌موو ڕۆژنامه‌نووسان و خه‌مخۆرانی وشه و په‌یڤی كوردی ده‌كه‌م.