باش لەبیرمە لە 2003 و پاش هێرشی هاوپەیمانان بۆ ڕووخاندنی دیکتاتۆری گۆڕ بەگۆڕی بەعس، سەرۆک بارزانی لە لێداونێکدا گوتی، گەورەترین بەختیاری بۆ ئێمە سەرەڕای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، ئەوەبوو پێشمەرگەی نەچووە ناو شەڕێکەوە لەوەی زیاتر تا ئێستە ڕووی داوە، خوێنی بڕێژرێت. ئەم تێڕوانینەی سەرۆک تەنیا پێوەست نەبووە بەو ڕووداوەوە، بەڵکوو ڕێچەکەیەک لە جیهانبینی سیاسیی ئەو دیاری دەکەن کە چەمکی ئاشتیمان بۆ بەرجەستە دەکەنەوە.
ئەگەر لە 2003 بەملاوە سەرنجمان دابێت، ئەم جیهانبینییە لە هەموو جومگەکانی حوکمڕانی و بەڕێوەبردنی باشووری کوردستاندا ڕەنگی داوەتەوە، ڕاستییەکەی بۆیە پێی دەڵێن مەرجەع، چونکە چاوگی ڕوونکەرەوەی ئەو ڕێچکە لێڵ و ڕەشەیە كە لە ڕابردووماندا هاتووە و خوێنی ڕۆڵەکانمانی تێدا ڕژێنراوە، لە دەیان قۆناغ و چرکەساتی هەستیاردا سەرۆک دەیتوانی فرمانی شەڕێک بدات كە لەگەڵ پێویستبوونی تێچوویەکی زۆری بۆ ڕۆڵەکانی ئەم نەتەوە بەشمەینەت و قوربانیکراوە، بەڵام ئەو جیهانبینییە بەشێوەیەک پتەو و باوەڕمەندانە هاتووە، دانیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆی لەگەڵ یار و نەیاردا، کردووە بە ڕێبازێک ئەگەرچی هەم وەک پرۆسەی زەمەنی و هەمیش وەک تێچووی سیاسی، ئاسان نەبوو و نییە، بەڵام جێگری کرد و ئێستە وەک ڕێبازێک لە سیاسەتی کوردیدا دەتوانین دەسکەوت و دەرئەنجامەکانی ببینین.
باشووری کوردستان لە 2022ـەوە تا ئێستە ڕووبەڕووی دەیان مەترسی و هەڕەشەی ڕژد بووەتەوە، هەم لەلایەن هێزێکی وەک داعشەوە، هەمیش لەلایەن دەوڵەتانی دەرودراوسێی وەک ئێران و تورکیا و تەنانەت عێراقیش، بەڵام مامەڵەی دیپلۆماسیی هەولێر وایکرد وەک ئەکتەرێکی ڕژد و سیاسیی لەناو کۆی یارییەکەدا قبووڵ بکرێت، لەوەیش سەرتر زۆر لە پرۆسە و ڕووداوەکان بە بێ ڕۆڵپێدان و ڕۆڵگێڕان بەم ئەکتەرە کاوەخۆ و سیاسییە نەکردە و نەمومکین بنوێنێت.
ئەم واقیعی سیاسەتە حەکیمانە و مێژووە، بە دیاریکرداوی لە 1991ـەوە هاتە سەر تەختەی شانۆی فەرمیی سیاسەتی ناوچەکە و جیهان و ڕۆژ دوای ڕۆژیش باڵای کرد، تا گەیشتووە بە ئێرە. لەگەڵ ئەمانەیشدا باشووری کوردستان قەیراندارە، لە کۆمەڵێک لاوە گەمارۆی لێ ئاڵاوە، بەڵام کام وڵات، کام پێکهاتە، کام ڕێکخراو و تەنانەت کام بنەماڵە لە جیهاندا هەن، لە سەردەمی ئێستەدا لە قەیراندا نەژین؟
ئەگەر ئەو ڕەوتارە سەیروسەمەرانەی جۆ بایدەن سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دەیکرد، هەر کوردێک بە هەر پلە و پۆستێکەوە بیکردایە، هەر هەموومان پەلامارمان دەدا و دەمانوت گێڕ و هێڕە و چۆن دەبێت ئەمە سەرۆك بێت! ئەمە یەکێک لە کێشەکانی هوشیاریی کۆمەڵ و تاکی ئێمەیە، دەیەوێت هەموو شتەکان لەوپەڕێ دڵخوازیدا بێت، جگە لە ڕەخنەی ڕووخێنەر و جوێندانیش، هەوڵێکی ئەوتۆ نادات کێشەکان چارەسەر بکات.
ئەمانەم بۆیە وت تا تۆزێک بە خۆماندا بێینەوە، باوەڕمەندی بە خۆمان و تواناکانی کوردبوون زیندوو بکەینەوە، دان بەو ڕاستییەدا بنێین کە هیچ شتێک لە پلەی تەواو و کەماڵدا نییە و ئەگەر ڕەخنە و گازندەیەکیشمان هەیە، دەتوانین هەم بە قسەی خێر و هەم بە کرداری چاک، بیخەینە ڕوو و بەم شێوەیە لەسەر واقیع کاریگەر بین، ئەینا جوێندان و ڕەخنەی دووقرانی چ شتێکی تێ دەچێت؟
لەم دەروازەیەوە دەمەوێت بە هەموو کوردێک و لە هەموو پارچەکانی کوردستان بڵێم، بەبێ باشووری کوردستان تەنانەت هێزێک بە ناوی پارتی کرێکاران هەر لە ئارادا نەبوو، تا ئێستە ڕێبەرەکەی لە زینداندا بێت و دواتر بانگەوازی چەکدانان بکات و پرۆسەی ئاشتی دیسان بکەوێتەوە گەڕ!
ئەگەر باشووری کوردستان نەبوایە، دەسەڵاتە یەک لە دوای یەکەکانی ئێران ئێستە کوردی ئامۆزای خۆیان هاوشێوەی ئەفغانەکان بە بیانی یان لە باشترین حاڵەتدا فارسی چیاکان ناوزەد دەکرد، بۆیە دەبێت هەموومان پێزان و قەدرزانی باشووری کوردستان و هەوڵ و ئیرادەیان بین.
لایەنگرانی توندئاژۆی پارتی کرێکاران کە هەر ڕۆژە ئاشێکیان دەنایەوە بۆ کورد و تۆوی دابڕان و چەند بەرەکییان دەبەشاندەوە، بۆ سوپاسی باشوور و مەرجەعەکەی ناکەن کە یەکەم کەس بوو پێشوازیی لە شاندەکەی ئیمراڵی کرد و بە هەموو تواناییەوە پشتگیریی پرۆسەکەی کرد؟ ئێستەیش دەبینین چۆن پشتگیریی باشووری کوردستان لە پرۆسەکە و هەروەتر پشتگیریی لە کۆی ئاشتیی لە ناوچەکەدا، متمانەیەکی نێودەوڵەتی نوێ و قووڵتری بۆ کورد هێناوەتە ئاراوە.
پاش هەڵاتنی ئەسەد و هاتنە سەرکاری ئەحمەد شەرع، بە دەنگی بەرز هاواریان دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات و خەڵکی ڕٶژئاوای کوردستان دەربڕی، بەڵام هەمدیسان ئەوە باشووری کوردستان و هەولێر بوو نێونگیری کرد و لە حەلەب و ناوچەکانی دیکە دۆخەکەی ئارام کردەوە، بە دڵنیاییەوە هەم وڵاتانی زلهێز و هەمیش وڵاتانی کاریگەریی ناوچەکە، ڕۆڵی باشووری کوردستان بە گشتی و ڕۆڵی مەرجەعەکەی واتە سەرۆک بارزانی، بە ڕادەیەک بەرز دەبینن کە متمانە بە هەوڵ و هاوکارییەکانی دەکەن، ئێستەیش لەم پرۆسەی ئاشتیەدا کە هەمووان حەزیان لێیە داهاتوویەکی باشی بۆ کورد بەدواوە بێت، پەیامی پێشوازی لە پرۆسەکە لەلایەن سەرۆک بارزانی، سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەتی هەرێم گەرەنتیکاری زیاتری پرۆسەکەیە و بە دڵنیاییەوە تورکیا ئەمەی بۆ گرنگە و من وایدەبینم پێش بڵاوبوونەوەی پەیامەکەی ئیمرالی، هەولێر بە باشی دەیزانی بڕیارە چی ڕوو بدات.
دەتوانین بگەڕێینەوە بۆ هەواڵ و سەرنج و وێنەکانی پێش پەیامەکە و لەو ڕاستییە بە ئاسانی تێدەگەین، باشوور لە چەقی ڕووداوەکانە و دەبێت متمانە بە ئیرادەی سیاسیی هەولێر و پەرۆشییان بۆ دواڕۆژی کورد لە باکور و ڕۆژئاوا بکەین.