له حاڵێكدا كه ناوچه‌كه و به‌تایبه‌تی وڵاتانی دراوسێی هه‌رێمی كوردستان و هه‌رێمی كوردستان خۆیشی، به ئاقارێكی ناسك و چاره‌نووسسازدا تێده‌په‌ڕن و ئه‌م دۆخه له حاڵه‌ته گشتییه‌كه‌یدا به پلان و ستراتیجی كوردانه و كوردپه‌روه‌رانه، ده‌توانێ داهاتوویه‌كی ڕوون بۆ كورد ده‌سته‌به‌ر بكات و دۆزی كورد له ئاستی جیهانیدا، به‌ره‌و چاره‌سه‌رییه‌ك ببات كه ئێمه له‌گه‌ڵ هه‌ندێ هه‌ڵوێست و ده‌نگۆ و وێنه و قسه‌وباسدا ڕووبه‌ڕووین كه له ناو حزبێكی دیار و له مێژینه‌ی كورد دێته ده‌ره‌وه، به‌ڕاستی ده‌توانن مه‌ترسییه‌كی گه‌وره بۆ سه‌ر یه‌كڕیزی و یه‌كانگیری و ته‌نانه‌ت ئاسایش و پێشكه‌وتنی كوردستانیش بن.
ڕه‌نگه زۆر له چاودێران و شیكارانی سیاسی و حزبی و ته‌نانه‌ت سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كانیش، له لێكدانه‌وه‌كانیاندا بۆ دۆخی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، ڕه‌گوڕیشه‌ی ئه‌م جۆره ئیشكردنه‌ی یه‌كێتی بگه‌ڕێننه‌وه بۆ كات و ساتی دامه‌زراندنی سیستمی هاوسه‌رۆكی له پێكهاته‌ی یه‌كێتیدا، به‌ڵام ڕاستییه‌كه‌ی سه‌ره‌تای ئه‌م پشێوی و سه‌رلێشێواوییه‌ی یه‌كێتی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كات و ساتی نه‌خۆشكه‌وتنی مام جه‌لال، به دیاریكراوی و زه‌قیش پاش مه‌رگی مام جه‌لال و له پاش ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و له شه‌وی 16 ئۆكتۆبه‌ردا، ئێمه به 12 سه‌عات پێش ڕووداوی 16 ئۆكتۆبه‌ر، له كه‌ناڵی كوردسات رووخسارێكی نامۆ و تازه‌مان بینی كه به زمانی ئینگلیزی، له‌باره‌ی ڕیفراندۆم و هه‌ڵه‌بوونی ڕیفراندۆم و پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی ڕیفراندۆم به حیسابی خۆی قسه‌ی بۆ دنیا ده‌كرد.
ئه‌مه سه‌ره‌تایه‌ك بوو كه باڤڵ تاڵه‌بانی ده‌ركه‌وت، هه‌رچه‌ند ئێمه و دنیاش تا ئێسته نه‌مانزانی بۆ ئه‌و دژایه‌تیكردنه‌ی ڕیفراندۆم كه هه‌ر له سه‌ره‌تاشه‌وه ئاشكرابوو به زمانی ئینگلیزی پێشكه‌ش كرا. هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر به وێنه و ڤیدیۆ ئه‌م ڕه‌چه‌ڵه‌كناسییه بكه‌ین، ده‌گه‌ڕێینه‌وه سه‌ر ئه‌و ڤیدیۆیانه‌ی كاتی به‌ڕێكردن و ناشتنی ته‌رمی مام جه‌لال، كه‌سێك كه ده‌یویست وه‌ك به‌رپرس و خاوه‌ن ماف و پله‌داری سه‌ربازی ده‌ربكه‌وێت، به‌سه‌ر هه‌ندێ سه‌رباز و پێشمه‌رگه‌دا ده‌نگی به‌رز ده‌كرده‌وه و شوێنی ئه‌رك و خزمه‌ته‌كه‌یانی بۆ ده‌ستنیشان ده‌كردن. كه‌س پێشبینی ئه‌وه‌ی نه‌ده‌كرد ئه‌م ڕووخساره كه بۆ زۆر له باشوور و ڕۆژهه‌ڵات نامۆ و نه‌ناسراو بوو، ببێته هۆكاری په‌رته‌وازه‌یی و شڵه‌ژاندنی دۆخی حزبێكی شۆڕشگێر و هه‌روه‌ها مه‌ترسییه‌ك بۆ سه‌ر كوردستان.
د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم؛ كه‌سایه‌تیی شۆڕشگێڕ و سیاسه‌تڤان و پارێزگاری كارامه‌ی كه‌ركووك به‌ر له وه‌فاتكردنی و پاش فرۆشرانی خاك و له‌ده‌ستچوونی زیاتر له نیوه‌ی خاكی باشووری كوردستان، له وتووێژێكدا له هه‌ولێر ده‌ڵێت، ئه‌م پێوه‌ندییه‌ی باڤڵ و لاهوور شێخ جه‌نگی تا سه‌ر نامێنێت و من به باشی ده‌یانناسم. ماوه‌یه‌كی زۆری نه‌برد پاش ئه‌وه‌ی كه كوردستان ئازه‌یتبار و شینپۆشی ئه‌و دۆخه سیاسی و سه‌ربازی و مێژووییه ڕه‌شه‌ی پاش ڕیفراندۆم بوو، بڕیاری كردن به سیستمی هاوسه‌رۆكی وه‌ك كۆپیكردنێك له په‌كه‌كه و سیستمی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و ڕێكخراوه درا، باڤڵ تاڵه‌بانی و لاهوور شێخ جه‌نگی بوون به هاوسه‌رۆكی ئه‌و حزبه. با ئه‌وه‌ش بوه‌ستێت كه له‌م پرۆسه‌یه‌دا چ ده‌رهه‌ق به كادرانی كۆنی یه‌كێتی و پێشمه‌رگه‌ی دێرین و كه‌سانی حه‌قبێژ كرا.
لاهوور شێخ جه‌نگی له لێدوانه‌كانیدا هه‌ر جاره و چاوی سوور ده‌كرده‌وه له هه‌مووان و ده‌یگوت ڤیدیۆ و نامه‌ی ده‌نگی و.. فڵان و فیسارمان لایه، كه‌شێكی وای دروست كردبوو، ئه‌وانه‌ش كه پاك بوون و هیچیان به خۆیانه‌وه شك نه‌ده‌برد، ترسیان وه‌به‌ر هاتبوو كه نه‌ك لاهوور شێخ جه‌نگی له كاتی میزكردنێك له‌و ده‌شتانه ڤیدیۆی لێیان هه‌ڵگرتبێت، دواتر بڵاوی كاته‌وه و بیكات به دۆسیه‌یه‌كی میدیایی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌ناهی له‌سه‌ری. بابه‌ته‌كه وا كۆمیدی و تراجیك بوو له یه‌ك كاتدا، تا دواجار بوو به ئه‌و كرده‌وه گه‌نگێستێریانه‌ی كه لاهوور شێخ جه‌نگی به كۆمه‌ڵێك تۆمه‌ت (له‌وانه ژه‌هرخواركردنی باڤڵ و كۆمه‌ڵێك كه‌سی تر) له ماڵه‌كه‌یدا به‌ند كرا و گه‌مارۆ درا. وه‌ك فیلمه ڤێستیرنه‌كان پێچوپه‌نایان له یه‌ك و له خه‌ڵك گرت و گه‌ڕه‌لاوه‌ژه‌یه‌كی میدیایی و كۆمیدی-تراجیكیان بۆ خه‌ڵكی كوردستان دروست كرد، له حاڵێكدا تا ئێسته و ئه‌وكاتیش نیوه‌ی زۆنی سه‌وز هێشتا گه‌ڕه‌كه‌كانیان له زبڵ و خاشاكی مانگه‌كانی پێشوو پاك و خاوێن نه‌كرابووه‌وه.
ئه‌مه جیاواز له‌وه‌ی كه له‌م ماوه به بێ هۆ و به هۆ، چ دژایه‌تییه‌كی بێ سه‌روبه‌ر و بێ مه‌به‌ست و بێ ئامانج دژی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌تایبه‌تی له به‌غدا، له‌لایه‌ن ئه‌م سیستمه به ڕواڵه‌ت نوێیه‌وه كرا، له‌ولاوه‌ش پارتی دیموكراتی كوردستان به‌پێی گوتاری له مێژینه‌ی یه‌كخستن و یه‌كگرتوویی ماڵی كوردی، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه یه‌كێتی له هه‌ڵبژاردنی خولی پێنجه‌م نیوه‌ی ده‌نگه‌كانی پارتیشی نه‌هێنابوو، پله و پۆست و ده‌سه‌ڵاتی باشی دانێ، كه‌چی ئێسته‌ش خه‌ریكی قه‌یرانسازی و ئاژاوه‌نانه‌وه‌ی ورد و درشتی میدیایی و نامیدیایین. ئه‌مه له حاڵێكدایه كه دۆسیه‌ی تیرۆری هاوكار جاف و به‌كارهێنانی نایاسایی دژه تیرۆر بۆ مه‌رامی نه‌ك ته‌نانه‌ت حزبی، به‌ڵكو تاكه‌كه‌سیش قه‌یرانی گه‌وره‌تر و زه‌نگی مه‌ترسیی به‌هێزترمان به گوێدا ده‌ده‌ن.
گومان له‌وه‌دا نییه كه یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كاتێك له پارتی دابڕا و به پێڕه‌و‌ی له قوتابخانه‌ی پارتی و گوتاری كوردایه‌تی و له‌به‌رچاوگرتنی واقیعی سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووری و مێژوویی كوردستان، مێژوویه‌كی پڕ‌شكۆ و دره‌وشاوه‌ی بۆ خۆی تۆمار كردووه و شه‌هید و قوربانییه‌كی زۆری داوه، به‌ڵام وا ده‌رده‌كه‌وێت سكرتێری نوێ نه‌ك ته‌نیا وێنایه‌كی ڕوون و دیاری له‌و مێژووه نییه، به‌ڵكو به وشه و ڕسته و گوتاریش دیاره تێگه‌یشتن و هه‌ڵگۆسته‌یه‌كی وای نییه بۆ "نه‌سره‌وتن تا سه‌ركه‌وتن" و "مه‌شخه‌ڵانی شۆڕشی ئه‌م جاره..." ئه‌مه كاره‌ساتاویترین شتێكه كه بۆ حزبێك به مێژوویه‌ك و گوتارێكی ناسراوه‌وه، هاتبێته ئاراوه وا كه‌سێك له‌سه‌ر كورسییه‌ك دانیشتبێت كه ڕێك پێچه‌وانه‌ی بیری مام جه‌لالی باوكی هانده‌ری بزووتنه‌وه‌ی ڕۆشنگه‌ری و ده‌زگای چاو‌دێر بوو، له پێناوی دیالۆگ و گه‌شه‌پێدانی توولێرانس و دانوستانی ئاشتییانه و باوه‌ڕی ڕه‌خنه‌گرانه پشتگیریی مه‌لا به‌ختیاری ده‌كرد، دژی هه‌موو هه‌وڵێك كه پاشه‌كشه به سه‌له‌فییه‌ت و فێندێمێنتاڵیزم ده‌كات، وه‌ستاوه‌ته‌وه و دیدار له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تییه سه‌له‌فییه توندڕه‌وه‌كان و بڵاوكردنه‌وه‌ی نامه‌یه‌كی ده‌نگیی سه‌یروسه‌مه‌ره، ده‌لاله‌تێكی كوشنده و سامناكی ئه‌م ڕاستییه‌ن و پێمان ده‌ڵێن، هه‌وساری حزبێكی خاوه‌ن مێژوو، دراوه‌ته ده‌ست كه‌سایه‌تییه‌ك كه هیچ پلانێكی دیاریكراوی بۆ به‌ڕێوه‌بردن پێ نییه و ناتوانێ پانۆرامای ڕووداوه‌كان و وێنه گه‌وره‌كه ببینێت، ئه‌وه‌نده‌ی له دا‌و و سیحری جلی سه‌ربازی و ده‌ركه‌وتن وه‌ك قه‌زافی ماوه‌ته‌وه، كه نازانێ كرده‌وه‌كانی ده‌توانن چ به‌دواداهات و پێشهاتی كوشنده و مه‌ترسیداریان بۆ داهاتووی كوردستان و حزبه‌كه‌ی خۆیشی هه‌بێت.
به‌ڕاستی ئه‌مه‌ی كه یه‌كێتی له مێژوویه‌كی دیاریكراو و پاش مه‌رگی مام جه‌لال ده‌ستی به‌سه‌ر گیراوه، ڕاستییه‌كی تاڵه كه ڕه‌نگه زۆر كه‌س بیزانن به‌ڵام باسی نه‌كه‌ن، ده‌بێت هه‌م خه‌ڵكی كوردستان و هه‌م ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به هاوكاری كه‌سانی ژیر و خاوه‌ن باوه‌ڕ و شۆڕشگێڕ و كوردی ناو یه‌كێتی، به وردی ئاگاداری ئه‌م هیستریاییه‌ی ناو به‌ڕێوه‌بردنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بن، جۆرێك مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌ن و له قاوی بده‌ن، ئه‌گه‌رنا چاره‌نووسی هه‌موومان له‌م كه‌شتییه‌ی باشووری كوردستان ده‌كه‌وێته مه‌ترسییه‌وه.