هه‌ندێ چركه‌ساتی مێژوویی هه‌یه كه ترۆپكی قه‌یرانی مرۆڤایه‌تین و سات به ساتی له لاپه‌ڕه‌ی مێژوودا ده‌مێنیته‌وه، ده‌توانین بڵێین له‌و كرده‌وه نه‌مرانه‌ن به هه‌موو ژان و ئازاره‌كانیانه‌وه له یاده‌وه‌ریی گشتیدا بۆ تاهه‌تایه ده‌مێننه‌وه. پاش بوومه‌له‌رزه‌كانی باكور و ڕۆژئاوای كوردستان و وڵاتانی توركیا و سووریا، كۆمه‌ڵێك وڵات ئاماده‌یی ناردنی یارمه‌تی و پشتیوانی‌یان ده‌ربڕی كه به سه‌ربه‌رزییه‌وه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و قه‌واره‌ی سیاسیی كورد، له پێشه‌نگی ئه‌م كاروانه مرۆڤدۆستانه‌یه‌دا جێیان گرت.
ڕاسته ئه‌و بوومه‌له‌رزه‌یه ده‌بێ ته‌نیا له سۆنگه‌یه‌كی مرۆییه‌وه چاوی لێ بكرێت، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌و تۆڕه گه‌وره‌یه‌ی دنیای كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌وه، ئێمه ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌بێ نیازێكی دیاریكراویش به‌كارێك هه‌ستین، دیسان لێكه‌وته و كارلێكی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بێت. توركیا وڵاتێكه كه زیاترین توندوتیژی و ئینكاركردن و سه‌ركوت و پاكتاوكردنی دژی كورده‌كان به‌كار هێناوه هه‌ر له سه‌ره‌تای دامه‌زرانی توركیای نوێوه، ته‌نانه‌ت كاتێك له كۆڕه‌وه‌كه‌دا به‌شێك له كورده‌كان له سنووره‌كانی نێوان توركیا و باشووری كوردستان جێگیر بوون، به‌پێی گێڕانه‌وه‌ی جانتان ڕێندێل له كتێبی "له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕێسواییه چۆن هه‌ڵكه‌ین؟" سه‌ربازه توركه‌كان له هه‌ندێ خۆراكدا ژه‌هریان ڕشتبوو و بوون به‌هۆی گیان له‌ده‌ستدانی كۆمه‌ڵێك مرۆڤی كورد، به‌ڵام ئه‌م فاشیزمه له دواجاردا سه‌ری خۆی له گۆڕ ده‌نێت، هێزی وشیاریی مرۆڤه‌كان و هه‌یمه‌نه‌ی سۆزدارێتی مرۆڤانه له دواجاردا شكست به‌هه‌ر جۆره توندتیژی و نامرۆڤانه‌بوونێك دێنیت.
به‌م حاڵه له پاش بوومه‌له‌رزه‌كه، یه‌كه‌مین وڵاتی هاوكار و فریادڕه‌س بۆ كورد و توركی ئه‌و وڵاته، هه‌رێمی كوردستان و ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی بوو، كه به ڕاستی ئه‌مه له ناو ئه‌و وێنه تراجیدیا و سامناكانه‌ی مه‌رگ و داڕمانی باڵه‌خانه‌كان و سفربوونه‌وه‌ی ژیانی زیاتر له 100 هه‌زار كه‌س، به قوربانی و ئاواره و بێ ماڵ و حاڵه‌وه هیوایه‌كی پرشنگدار و دره‌وشاوه‌یه، هه‌م بۆ مرۆڤایه‌تی و هه‌م بۆ ڕۆحی مرۆڤدۆستانه‌ی كورد.
ڕه‌نگه باشترین نموونه بۆ ئه‌مه هێنانه‌وه‌ی ئه‌م تویته‌ی جومعه ئیچیت؛ ئه‌ندامی پارتی ئاینده به سه‌رۆكایه‌تی ئه‌حمه‌د داود ئۆغڵو بێت، كه به بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌یه‌كی كارمه‌ندانی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی له تویته‌ردا، ڕسته‌یه‌كی چڕ و كاریگه‌ری نووسیوه: "له پڕێكدا شه‌وێك بۆ فریاكه‌تنمان هاتن..." به‌ڕاستی ئه‌مه هه‌م لایه‌نی مرۆڤدۆستانه و فانتازیایانه‌ی هه‌یه به نیسبه‌تی كورده‌وه و هه‌م لایه‌نی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیش، ڕسته‌كه خۆی باس له شه‌وێكی سامناك و تۆقێنه‌ر ده‌كات كه كورده‌كان (ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی) وه‌ك فریادڕه‌سیان ده‌ركه‌وتوون و هه‌میش دداننانێكه به بوونی جیاواز و تایبه‌تی كورد له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و پێناسه سووك و نادروسته‌ی كه گوتاری فاشیسته‌كانی توركیا به نیسبه‌ت كورده‌وه، مێشكی خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته‌ی پێ ده‌شۆنه‌وه!
ڕه‌نگه ئه‌مه سه‌ره‌تایه‌ك بێت بۆ گۆڕانی تێڕوانینی ئه‌وه‌ی كه توركه‌كان؛ واته ئه‌وانه‌ی كه له كڵاوڕۆژنه‌یه‌كی ته‌سك و دووكه‌ڵاوییه‌وه چاو له نه‌ته‌وه‌ی كورد و دۆزی كورد ده‌كه‌ن، ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌مه به‌هاناوه‌چوونه وێنه و نیگاری ڕاسته‌قینه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كه كه تا ئێسته‌ش له توركیا به ته‌واوه‌تی ددانیان پێدا نه‌نراوه، ئه‌م ده‌ركه‌وتنه مرۆڤدۆستانه‌یه‌ی باشووری كوردستان و ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی، له‌وێ ده‌توانێت ده‌روازه‌یه‌ك بێت بۆ ڕاچه‌نینی ڕای گشتیی ئه‌و توركانه‌ی كه هێشتا له ناو دنیای ده‌مارگرژانه‌ی پان توركیسم و كه‌وانه‌ی "گورگی خۆڵه‌مێشی"دا ده‌ژین.
كه‌واته ده‌توانین بڵێین ئه‌گه‌ر مرۆڤدۆستی له ئاخێزگه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه و جیهانبینییه‌كی عیرفانی و قووڵه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبێت، دێر یان زوو نه‌ك ته‌نیا فاشیسته‌كان و تێڕوانینی توندئاژۆیان، به‌ڵكو بۆمبی ناپاڵم و چه‌كی ئه‌تۆمیش به چۆكدا دێنێت. بێ هۆ نییه كه له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كۆمه‌ڵێكی زۆر و زه‌به‌ند له توركه‌كان، به ده‌م گریانی شین و شادییه‌وه ده‌ڵێن ئێمه تا ئێسته كوردمان به تیرۆریست و توندئاژۆ زانیوه، به‌ڵام ئه‌وان به هانامانه‌وه هاتن. هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌وه مامۆستایه‌كی تورك له ڤیدیۆیه‌كدا كه بڵاوی كردووه‌ته‌وه و ده‌ڵێت: "100 ساڵه له قوتابخانه‌كاندا به ئێمه ده‌ڵێن كورده‌كان تیرۆریستن، به‌ڵام له‌م كاره‌ساته‌ی بوومه‌له‌ره‌زه‌كه‌دا یه‌كه‌مین نه‌ته‌وه كه فریای ئێمه كه‌وتن، كورد و كوردستان بوو و چه‌نده میهره‌بان و به‌خشه‌نده‌ن، نه‌فره‌ت له‌وانه‌ی كه به نه‌ته‌وه‌ی كورد ده‌ڵێن تیرۆریست."
خودی ئه‌م كاردانه‌وه‌یه له پێوه‌ندیی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووری كورد و تورك به درێژایی یه‌ك سه‌ده، برین و مێشك شووشتنه‌وه و خراپ تێگه‌یشتن، كاریگه‌ریی قووڵ و چاره‌نووسسازی ده‌بێت، ئه‌مه ته‌نانه‌ت له نزیكخستنه‌وه‌ی زیاتری كورده‌كان، پارچه‌كانی باكور و باشوور و ڕۆژئاوا شوێنی قووڵ داده‌نێت و ده‌بێ به بناغه‌یه‌كی پته‌وتر بۆ پێكهێنانی یه‌كده‌نگی و یه‌كێتیی زیاتر به خه‌ونی كوردستانێكی ئازاد و ڕزگاره‌وه. به‌ڕاستی ده‌بێ شانازی بكه‌ین به‌و هه‌وڵه مرۆییه به‌رز و نیشتمانییه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی، كه به شه‌فافییه‌ت و ورده‌كارییه‌وه سه‌ری كوردیان له كاره‌ساتێكی ئاوه‌ها به‌رز ڕاگرت، كام ویژدانی بێ‌دار ده‌توانێت ئه‌و وێنه و پێشوازییه گریاناوییه شادمانه نه‌بینێت كه له عه‌فرین بۆ گه‌یشتنی كاروانی یارمه‌تیی كورده‌كان و ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی خرایه ڕوو، ئه‌و هه‌ست و سۆزه‌ی زیانلێكه‌وتووان نه‌بینێت، هه‌ست و سۆزێك نه‌ك بۆ كه‌لوپه‌ل و پێداویستییه‌كی مادی، به‌ڵكو بۆ ڕۆحی مرۆڤانه و كوردانه‌ی پارچه‌یه‌ك له جه‌رگی هه‌لاهه‌لاكراویان كه تیشكی میهره‌بانییان له‌و شه‌وه‌زه‌نگه‌دا پێشكه‌ش ده‌كات.
ئه‌مه‌ی خواره‌وه به‌ڵگه‌یه‌كی هه‌میشه‌یی و مێژووییه له ڕۆژێكی كاره‌ساتاوی له باكور و ڕۆژئاوای كوردستان و دوو وڵاتی توركیا و سووریا، كه ده‌بێ به زه‌ینمانی بسپێرین و بۆ تاهه‌تایه یادی بكه‌ینه‌وه، یادی ئه‌وه‌ی كه ئێمه ده‌توانین چه‌نده مرۆڤانه كورد بین و چه‌نده كوردانه مرۆڤ بین:
((هه‌ر له‌دوای روودانی بوومه‌له‌رزه‌كه، له ژێر ڕێنوێنیی مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی، تیمه‌كانی ڕزگاركردنی دامه‌زراوه‌كه و كاروانه‌كانی فریاگوزاریی ته‌ندروستیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ڕۆژی دووشه‌مم هه‌مان ڕۆژی بوومه‌له‌رزه‌كه شه‌شی شوباتی 2023، بۆ یارمه‌تیدانی زیانلێكه‌وتووانی بوومه‌له‌رزه‌كه به‌ره و توركیا به‌ڕێ كه‌وتن. هاوكات له‌گه‌ڵ تیمه ته‌ندروستییه‌كان، تیمێكی راهێنراوی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی، له بواره‌كانی كاردانه‌وه فریاگوزارییه‌كاندا كه به هه‌موو پێداویستییه پزیشكییه‌كان ته‌یار كرابوون، بۆ هاوكاریكردنی زیانلێكه‌وتووانی بوومه‌له‌رزه گه‌یشتنه توركیا، كاروانی یه‌كه‌م پێكهاتبوو له 15 ئۆتۆمبێل و 50 كارمه‌ندی فریاگوزاری.
ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی له ڕاپۆرتێكیدا ته‌واوی ئه‌و چالاكییانه‌ی ئه‌و چه‌ند ڕۆژه‌ی تیمه‌كانی به داتا خستووه‌ته ڕوو، به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌و تیمه پزیشكییه‌ی كه ڕه‌وانه‌ی توركیایان كردووه، پێكهاتووه له ستافی پزیشكی له پسپۆڕییه جیاوازه‌كان و ئۆتۆمبێلی ئه‌مبوڵانس و پێداویستییه پزیشكییه‌كان له دا‌و و ده‌رمان، كه كاری ڕۆژانه‌یان بریتییه له چاره‌سه‌ركردنی برینداره‌كان و دابینكردنی ده‌رمان و پێداویستیی پزیشكی و گواستنه‌وه‌ی برینداره‌كان بۆ نه‌خۆشخانه‌كان به ئه‌مبوڵانس.
هه‌روه‌ها تیمێكی تریشی ناردووه كه كاریان دابه‌شكردن و ڕزگاركردن بووه كه پێكهاتوون له ستافی ڕاهێنراوی ده‌زگا و هۆبه‌ی هاوكارییه‌كان، كه ڕاهێنانی پێویستیان له بواری ڕزگاركردن و به‌هاناوه‌چوون وه‌رگرتووه، ئه‌و تیمه‌یان پاڵپشتیی تیمی وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كردووه له‌و بواره، هه‌روه‌ها تیمی دابه‌شكردنی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی كه كاری دابه‌شكردنی هاوكارییه‌كانه و به‌رده‌وام له شوێنی ڕووداوه‌كه ئاماده‌ییان هه‌یه.))
به‌شێوه‌یه‌ك تیمه‌كانی فریاگوزاریی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی له رۆژانی 7 -8/2/2023 به‌مجۆره هه‌ڵمه‌تی فریاگوزارییان ئه‌نجام داوه:
– له شاری ئورفا دوو هه‌زار ژه‌مه خۆراكیان به‌سه‌ر زیانلێكه‌وتووانی بوومه‌له‌رزه‌كاندا دابه‌ش كردووه.
– له نورداخ پێنج هه‌زار به‌تانییان دابه‌ش كردووه.
– له دیلۆك 426 كارتۆنی ده‌رمانیان پێشكه‌ش كردووه.
– له ئادیه‌مه‌ن دوو هه‌زار ژه‌مه خۆراكیان دابه‌ش كردووه.
– هه‌روه‌ها هه‌زار سۆپای غاز و كاره‌بایی و چوار هه‌زار به‌تانی و دۆشه‌ك به هاوكاریی كۆمپانیای كۆڕه‌ك ئاماده كراوه كه له شاره‌كانی ئورفا و دیلۆك دابه‌ش كراون، 10 بارهه‌ڵگر ئاوی خواردنه‌وه‌ش به هاوكاریی كۆمپانیای UB ئه‌ماده كراوه كه له شاره‌كانی ئورفا و مه‌ره‌ش دابه‌ش ده‌كرێن.
– هه‌روه‌ها بۆ رۆژی هه‌ینی 10/2/2023، ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی بڕێكی یه‌كجار زۆر هاوكارییه‌كانی بۆ دابه‌شكردن و پێشكه‌شكردنی به لێقه‌وماوانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی باكور و رۆژئاوای كوردستان له توركیا و سووریا ئاماده كردووه، به‌شێوه‌یه‌ك 14 بارهه‌ڵگر له زۆپا كه له‌لایه‌ن مانگی سووری عێراقی- لقی هه‌ولێر به‌خشراوه و ئاماده‌یه بۆ دابه‌شكردن به‌پێی پێویستیی شوێنه‌كان له توركیا و سووریا، هه‌روه‌ها دابینكردنی خواردنی گه‌رم له ڕێی دوو چێشتخانه‌ی گه‌ڕۆك له دیاربه‌كر و دابینكردنی خواردن له ڕێی سێ بارهه‌ڵگره‌وه كه كۆمپانیای ئاڵتونسا به‌خشیویه‌تی، پێنچ بارهه‌ڵگر ئاوی خواردنه‌وه كه له‌لایه‌ن ئاوی سلێمانی به‌خشراوه، هه‌روه‌ها هه‌زار و 114 به‌تانی، 675 بالیف و 100 زۆپا، دوو كارتۆن دژه باران، 350 پاكێج له جلوبه‌رگ و 128 كارتۆن له ده‌رمان بۆ توركیا و 108 كارتۆنی تریش بۆ سووریا.
وا بڕیاره ڕۆژانی داهاتوو، هاوكارییه‌كانی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی بگاته هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ی به‌هۆی بوومه‌له‌رزه‌وه زیانیان به‌ركه‌وتووه، هه‌ر ئه‌مڕۆش ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ی كه ئاماده كراون، به‌ره‌و ڕۆژئاوای كوردستان و سووریا سنووریان له به‌رده‌مدا كراوه‌ته‌وه.