(به‌بۆنه‌ی یادی 239 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی سلێمانی)
هه‌میشه شاره‌کان وه‌ک بنه‌مای شارستانیه‌ت و کو‌لتوور بینراون و باسیان لێوه کراوه، بێگومان هه‌ر به‌م هۆیه‌وە له زمانی عه‌ره‌بید وشه‌ی "مدن" به واتای شار و "تمدن"یش له زمانی فارسی‌دا به واتای شارستانیه‌ت دێت. واته کۆشکی شارستانیه‌ت له هه‌ناوی شاره‌کاندا بنیات ده‌نرێت و ده‌خه‌مڵێت.
ژیانی شاری له کوردستان له مێژووی کۆندا ئه‌گه‌رچی زۆر قۆناغی به‌رز و باڵای بڕیوه و ئێمه ده‌توانین باس له شارەیلی وه‌ک کرماشان، هه‌ولێر، ئامه‌د و ئیلام و...بکه‌ین، به‌ڵام له پاش ڕووخان و داکه‌وتنی ئیمپراتۆرییه‌ته‌کانی جیهانی کۆن و دروستبوونی نه‌زمێکی نوێی سه‌ربازی و سیاسیی و هاوکات ئایدۆلۆجی، له‌و شارانه جگه له ئاسه‌وار و هه‌ندێک پاشماوه که له ژێر داروپه‌ردووی شه‌ڕه‌کانی جیهانیی کۆندا ماوه‌ته‌وه، شتی دیکه‌مان به‌رده‌ست نییه، ئه‌وه‌یش ماوه‌ته‌وه به‌هۆی نه‌زمی سیاسی و ئایدۆلۆجیی زاڵی ئێستە، هێنده بوار به ئاشکراکردنی نادرێت. داگیرکه‌رانی ئێران و تووران ده‌یانه‌وێت هه‌ر چتێک گوزارشت له شارستانیه‌ت و که‌ونینه‌بوونی کورد ده‌کات، هه‌روا له ژێر خۆڵ و خاشاکدا بمێنیته‌وه و هیچ شوێنەوارناس و مێژوونووسێک نه‌توانێت به دۆزینه‌وه و كنەی ئه‌و ئاسه‌وارانه توخنی گێڕانه‌وه‌یه‌کی جیاواز له مێژووی کورد و شارستانیه‌ته‌که‌ی بکه‌وێت.
ئێسته که ده‌بینین مێژوونووسانی کورد ورده ورده ئه‌م ڕچه‌یه‌یان شکاندووه و که‌سایه‌تییه‌کی وه‌ک مامۆستا "سۆران حه‌مه‌ڕه‌ش" خه‌ریکه "مێژووی بزر و نه‌گێڕاوه‌ی کورد" ده‌گێڕێته‌وه، هه‌رچه‌ند ئه‌م ئیشه‌ی ئه‌و باڵه‌مه‌له به پێچه‌وانه‌ی شه‌پۆلی ئاوه‌که‌یه و زۆر لایه‌ن له کوردستاندا هه‌ن حه‌ز ناکه‌ن ئه‌م ڕچه‌شکێنییه بکرێ، ئیتر یان به‌هۆی ئێره‌ییه چونکه خۆیان به‌و کاره هه‌ڵنه‌ساون، یاخۆ سه‌رنج و تێبینیی زانستی و مه‌عریفییان هه‌یه. له حاڵه‌تی دووه‌مدا ده‌شێت به‌پێی ئسوڵ و ئه‌ته‌کێتی ئه‌کادیمی و مه‌عریفی بۆچوونی خۆیان ده‌رببڕن، نه‌ک ده‌ست بکه‌ن به هاتوهاوار و حوکم و بڕیاری ڕه‌ها و زه‌به‌لاح و ڕه‌تکردنە‌وه که به‌داخه‌وه بۆ ئه‌م حاڵه‌ته‌ی دووه‌م زۆر له په‌رجه‌کرداره‌کان وه‌ها بوون.
به‌هه‌رحاڵ، ئه‌مه باسی ئه‌م وتاره‌ی من نییه و له‌م سه‌ره‌تایه‌دا ته‌نیا ویستم پێگه‌ی شار و پێوه‌ندیی به شارستانیه‌تەوە له جیهانی کۆندا وه‌ک ده‌روازه‌یه‌ک بکه‌مه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بێمه سه‌ر باسی شارێک که به "دارولمولکی بابان" و پایته‌ختی فه‌رهه‌نگی ناسراوه، ئه‌ویش شاری سلێمانییه که ئەمڕۆ یادی دامه‌زراندنی ده‌که‌ینه‌وه.
سلێمانی له ساڵی 1784ز له‌لایه‌ن ئیبراهیم پاشای بابانه‌وه دروست کراوه و ئه‌م شاره‌ی به ناوی باوکییه‌وه کردووه، ئه‌مه پیشانده‌ری جۆرێک له پێکهاتی موڵکدارێتی-پاشایه‌تیی ئه‌و سه‌رده‌مه بووه و له به‌شێکی زۆری کولتووره‌کاندا و له سه‌رده‌مه کۆنه‌کاندا، وه‌ها بووه. ئه‌گه‌رچی بۆ سه‌ده‌ی هه‌ژده‌یه‌م ئه‌م کاره تۆزێک دره‌نگ و کاڵبووه‌وه ده‌نوێنێت، به‌ڵام ده‌توانێت ئاماژه‌یه‌ک بێت بۆ جۆرێک له خواستی ده‌سه‌ڵاتدارێتی بنه‌ماڵه‌یی بابانه‌کان که له‌و سه‌رده‌مه‌دا ویستوویانه له ئاستی ناو که گرینگ‌ترین دیارده‌ی کولتووری زمانیی هه‌ر کۆمه‌ڵگە و نه‌ته‌وه‌یه‌که، هه‌ژموونی خۆیان به‌سه‌ر شوێنه‌که و دانیشتوانه‌که‌یدا بسه‌پێنن و به‌داخه‌وه ئه‌گه‌ر به چاوێکی خێرای کۆمه‌ڵناسانه‌وه بڕوانین، ئه‌م حاڵه‌ته تا ئێسته‌یش له‌ناو به‌ڕێوه‌به‌ر و ئیداره‌ده‌رانی ئه‌و شاره‌دا ده‌بینرێت، ئه‌گه‌رچی له ئاسته کۆمه‌ڵایه‌تی و جه‌ماوه‌رییه‌که‌یدا دۆخه‌که وانییه و ئه‌گه‌ر هه‌ولێر به پایته‌ختی سیاسی و مێژوویی کوردستان هه‌ژمار ده‌کرێت، ئه‌وا سلێمانیش به پایته‌ختی کولتووری و ئه‌ده‌بی هه‌ژمار ده‌کرێت و زۆربه‌ی جموجووڵه ئه‌ده‌بی و ڕۆشنبیرییه‌کان له سلێمانیدا ڕه‌گداکوتاو بوون و سه‌رچاوه‌دارن.
ڕه‌نگه دیارترین و هاوكات پڕشکۆترین وێنه که له شاری سلێمانی له زه‌ینی گشتیدا نه‌خشی به‌ستبێت و کێشرابێت، هه‌ر ئه‌وه بێت که شیعره ناوداره‌که‌ی شێخ ڕه‌زای تاڵه‌بانی نه‌مر (1831-1910) هۆنیویەتی و دوو به‌یتی زه‌ق و ده‌ره‌وشاوه‌ی ئه‌مه‌یه:
له بیرم دێ سوله‌یمانی که دارولمولکی بابان بوو / نه مه‌حکوومی عه‌جه‌م نه سوخره‌کێشی ئالی عوسمان بوو
له‌به‌ر قاپی سه‌را سه‌فیان ده‌به‌ست شێخ و مه‌لا و زاهید / مه‌تافی که‌عبه بۆ ئه‌ربابی حاجه‌ت گردی سه‌یوان بوو
له کۆتایی شیعره‌که‌یشدا که مه‌دح و ستایشی بابانه‌کان ده‌کات ده‌ڵێت:
که عه‌بدوڵا پاشا له‌شکری والیی سنه‌ی شڕ کرد / ڕه‌زا ئه‌و وه‌خته عومری پێنج و شه‌ش تیفلی ده‌بستان بوو
دیاره مه‌به‌ست له شڕکردنی والیی سنه، شه‌ڕی پاشای ئه‌وکاتی بابانه له‌گه‌ڵ والیی سنه که حوکمی سلێمانی پێ دراوه و هه‌تا دوایی. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌توانین به خوێندنه‌وه‌یه‌کی سۆسیۆلۆجی و مێژوویی ئه‌م تێڕوانینه له بازنه‌یه‌کی چه‌قبه‌ستووی شارییانه‌دا دیاری بکه‌ین، به‌ڵام هه‌ڵگری جۆرێک له ڕۆحی به‌رخۆدان و خۆڕاگریی دژی عه‌جه‌م و ئالی عوسمانه که له‌لایه‌ن کوردی سلێمانییه‌وه که بابانه‌کان حوکمڕانیان کردووه، ئه‌وکاته خراوه‌ته ڕوو.
ئه‌م وێنه شکۆداره که ناکرێت بڵێین له قه‌واره‌ی جۆرێک کوردایه‌تی یان ناسیۆنالیزمدایه، چونکه ئه‌و هێشتا والیی سنه وه‌ک کوردێکی ڕکابه‌ر یان ته‌نانه‌ت دژبه‌ر نابینێت، به‌ڵکوو وه‌ک ئه‌ویترێك ده‌بینێت که له هه‌مبه‌ر هێز و هه‌ژموونی بابانه‌کاندا شکستی خواردووه، ئه‌گه‌رچی له مێژوودا قاجاره‌کان حوکمی والیی سنه‌یان بۆ سلێمانی داناوه که خۆی کورد بووه و ئه‌مه ئه‌و خاڵه‌یه که شێخ ڕه‌زای نه‌مر نه‌یتوانیوه لێی ورد بێته‌وه، ئه‌مه‌یش ڕه‌نگه به‌شێکی بگه‌ڕێته‌وه بۆ لاوازیی گوتاری کوردایه‌تیی له‌و سه‌رده‌مه‌دا و خێڵچێتی زیاتر زاڵ بووه، به‌و حاڵه‌یشەوە و پاش مێژوویه‌کی دوورودرێژ، شاری سلێمانی ئه‌ستێره‌یه‌کی دره‌وشاوه له ئاسمانی کوردایه‌تی و ناسیۆنالیزم و ڕۆشنبیریی کورد له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا بووه و به‌شێکی گرینگ بووه له شێوه‌ژیان و ئه‌کتی شۆڕشگێڕانه‌ی شۆڕشی نوێی نه‌ته‌وه‌ی ئێمه.
به‌ڵام له‌م ده‌یه‌ی دواییدا به تایبه‌تی ئه‌م شاره خه‌ریکه ورده ورده له هه‌موو ئه‌و ده‌سکه‌وتانه ده‌ته‌کێنرێت و فه‌زایه‌کی گۆشه‌گیر و متکراوی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێت، چالاکییه ئه‌ده‌بی و ڕۆشنبیرییه‌کان گه‌یشتوونه‌ته که‌مترین ئاستی خۆیان، زبڵ و خاشاک به‌شێکی زۆری له شاره‌که و به تایبه‌تی شوێنه گه‌شتیاریی و بازاڕه‌کانی داگیر کردووه و که‌س به ته‌نگه‌وه نییه له به‌رپرسانی ئه‌و ئیداره‌یه.
له ڕووی ئازادیی ڕاده‌ربڕین و چالاکییه‌وه له ڕێگه‌ی گرووپە تونده‌ڕۆ ئیسلامییه‌کانه‌وه پاشه‌کشه‌ی پێ کراوه، چالاکیی ژنان که‌تووه‌ته دۆخێکی ناله‌بار و ناهه‌مواره‌وه و بۆ دۆخی ئه‌ده‌بی و به ته‌نگه‌وه‌چوونی ئه‌دیبانه‌وه، ئەوە به‌سه چاو له ساردوسڕی به‌ڕێوه‌چوونی فێستیڤاڵی گه‌لاوێژی ئه‌مساڵ بکه‌ین و ده‌یان بابه‌تی دیکه که ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌ن ئه‌م شاره به‌و مێژووه پڕ هه‌ورازونشێو و پڕ سه‌روه‌رییه‌وه چ ستەمێكی گه‌و‌ره‌ی لێ ده‌کرێت!
ئایا شارێک که له ئاستی دنیادا ناسراوه و ڕێکخراوی یونسکۆ وه‌ک شاری داهێنه‌ر ناوی هێناوه، ته‌رخانکردنی به‌شێکی که‌م له پاره‌ی داهاتەكەی و خاڵه سنوورییه‌کانی ئه‌و پارێزگایه که چاره‌نوسسیان نادیاره، بۆ چالاکی و جه‌سته و ڕۆحی ئه‌و شاره هێنده ئه‌سته‌م و گرانه؟ یان هه‌ر به ڕاستی ئه‌و شاره له‌لایه‌ن که‌سانێکەوە به‌ڕێوه ده‌برێ كە هیچ گرینگییه‌کی نییه لایان و ته‌نیا گرینگی بەوە دەدەن هه‌موو ڕۆح و وجوود و مێژووی ئه‌و شاره هه‌ڵگوشن و پاره‌ی لێ په‌یدا بکه‌ن؟ بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێت ئه‌مانه ڕاستیی تاڵن، دڵی هه‌ر کوردێک که مێژووی ژیان و ڕه‌سه‌نایه‌تی کورده‌واریی به بیر خۆیدا بێنێته‌وه، دێنێته ژان.
له یادی دوو سه‌دە زیاتری شاری سلێمانیدا، جگه له خه‌م و هاوکات خستنه‌ڕووی ئه‌و پرسیارانه، چ ده‌سه‌ڵاتێکمان هه‌یه؟ ڕه‌نگه شێخ ڕه‌زای نه‌مر و بلیمه‌ت به جۆرێک به ته‌وسه‌وه ئه‌وده‌م وتوویه‌تی "له بیرم دێ" واته کرداره‌که بۆ کاتێکی ڕابردوو ده‌گه‌ڕێته‌وه و به‌سه‌ر چووه، بۆیه ئێسته‌یش ده‌توانین بپریسن ئایا هه‌ر عه‌جه‌م نییه ئه‌و شاره‌ی مه‌حکووم کردووه و هه‌ر ئالی عوسمان نییه که سوخره به ڕۆحی کورد و کوردایه‌تیی دێرینی ئه‌و شاره‌وە ده‌کات، به‌هۆی نابه‌رپرسیا‌رێتی هه‌ندێ که‌س و لایه‌نەوە؟