بێڕەونەقیی گوتاری مەریوان وریا و پرسی ڕۆشنبیرانی نەتەوەیی

AM:10:30:05/05/2024 ‌
لە دنیادا ڕۆشنبیران و بەرچاوڕوونانی وڵاتان، پێشەنگی ڕزگاریی گەل و نیشتمان و ئاسۆنەخشێنی داهاتوویەکی باشترن بە خەبات و هیوا و تێکۆشان دژی داگیرکەری دەرەکی و لادەری ناوخۆیی و بە دڵنیاییەوە لەم پرۆسەیەدا عەقڵانیەتی ڕەخنەگرانە سەرپشک و چاوساغ بووە و دەبێت. ڕەوتی ڕەهەند یان وەک هەندێک دەڵێن ڕەهەندییەکان، لە دوای ڕاپەڕینەوە تا ئەوکاتەی لێکدابڕان، بەو هەموو ئارگۆمێنت و زاراوانەی لەسەر تۆلێرانس و لێبووردەیی و ڕێژەگەرێتییەوە، دەیاندا بە ناوچاوی خۆیان و ئێمەیشدا، لە ماوەی چالاکی و هەوڵەکانیاندا بەڕادەی خۆیان لە تیۆریزەکردن و پرۆبلماتیزەکردنی دنیا و دۆزی کورد جێگەی تێڕامان و هەڵوێستە بووە، بەڵام کێشەی ڕەهەندییەکان ئەوە بوو ئەو هەموو چەمک و زاراوانەیان وەک مەلاکان تەنیا بۆ خەڵک باس دەکرد نەک بۆ خۆیان. واتە قسەی مامۆستا تەنیا بۆ لە زێڕگرتنی باڵای ژنی خەڵکانی ترە نەک ژنەکەی خۆی! 

بە دڵنیاییەوە نە من و نە هیچ ڕۆژنامەنووس و نووسەرێک بە هەر ئاستێک لە توانایی و پێگەی کۆمەڵایەتی و فکرییەوە، ناتوانێت نکۆڵیکەری هەوڵەکانی ئەوان بێت کە لە بواری پرسیارکردن و ڕەخنەکردنی کێشەکانی کورد لە جیهان و بەتایبەتی لە باشووردا هەیانبوو، بەڵام بە هەر هۆکارێک بووبێت، ئێستە بەشێکیان (بەداخەوە زۆربەیان لێک دابڕاون و ئیدی لە ئاستی وتار و نووسینیشدا یەکدی بەسەر ناکەنەوە)، لەناو گێڕانەوە و گوتارێکی بێڕەونەق و مردوودا دەژین. 

من وەک خوێنەری بەرهەمەکانی کەسێکی خاوەنڕێزی وەک د. مەریوان وریا قانع، دەڵێم ئیدی نووسینەکانی نە ڕەونەق و وزەی ئەو سەردەمەیان مابوو کە وتاری (ئەو پیاوەی داکۆکی لە گومان دەکردی) وەردەگێڕا و نە ئەو کاتەی کتێبی دەسەڵات و جیاوازیی بڵاو کردەوە، ئێستە ئەوەی دەیبینین لەسەر ئەکاونتەکەی، کۆمەڵێک هەڵوێست و هەڵوێستەی ڕووکەشن بەرانبەر ڕووداوەکان و من وا تێدەگەم هێندەی سەرقاڵی هەندێ خەون و خورافیاتی ئایدۆلۆجییە، هێندە دەربەستی دۆزی ئاڵۆز و فرەڕەهەندی کورد نییە. 

ئەو یەکێک لە ڕەوتی ڕەهەند بوو، بەڵام لە ڕووداوەکانی شۆڕشی ژینا کە بێگومان بەپێی نووسینەکانی دەبوو یەکێک لە بابەت و ڕووداوە هەرە گرینگەکان لە تێڕوانینیدا بێت، کەچی بە هەندێ هەڵوێستی ڕووکەش و هەندێ قسەی سواوی دووبارە و چەندبارەوە گیرسایەوە کە قوتابییەکی قۆناغی ناوەندیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بگرە لە باشووریش دەیزانی حیکایەتی شۆڕشەکە و پەرچەکردارەکان و ئایدۆلۆجیای کۆماری ئیسلامی چییە و چۆناوچۆنە! بەداخەوە ئەمە دەشێت وەک خەسارێک بۆ دنیای نووسین و چالاکیی هەڵوێستەکردنی کورد ببینرێت، چونکە ڕۆشنبیرانی هەموو دنیا بە هەموو شێوەیەک لایەنگر و هۆگری دۆزی ڕەوای گەلەکەیانن، کەچی نموونەی ئاوەها کەسانێکیش لەناو ئێمەی کورددا پاشەکشێیان کردووە! ئەمە نەک تەنیا لە هەڵوێست، بەڵکوو لە ئاست و قووڵایی بیرکردنەوەیشدا.

هەندێجار وا هەست دەکەم ئەو بابەتانەی کە لە "درەو میدیا" یان لە پەیجەکەی خۆی بڵاوی دەکاتەوە، تەنیا لەبەر عەیبە و تانەی ئەم و ئەوە، نەک داڵغە و قەلەقیی فکریی خۆی، چونکە ئەوانەی ئەو دەیڵێت بە ڕاستی جگە لە کڵێشەبێژیی و درێژدادڕییەکی بێمانا، هیچی دیکە نین! ڕەنگە پێویست بێ هاوڕێیانی وەک د. مەریوان بگەڕێنەوە سەر ئەو پرسیارەی کە بەردەوام لە دانیشتنەکانی خۆیاندا دەهاتنەوە سەری و وەڵامێکی دیاریکراوی فۆرمەلەکراویشیان بۆی نەبوو، ئەویش پرسیاری ئەوەی "ڕۆشنبیر کێیە؟" ئایا ئەو مۆدێلەی ئەوان بۆ ڕۆشنبیر خستیانە ڕوو و پێناسەیان کرد، هێشتا نەدۆزراوەتەوە؟ ئاخۆ بە تەمان کەی بدۆزرێتەوە؟ یا ڕۆشنبیر ئەوەیە بەردەوام دژایەتیی کۆمەڵ و سیاسەتی زاڵی ناچاریی هەرێمێکی لەژێر گوشاردا، بکات بە پیشە؟ 

ئەم دۆشداماوییەی مۆدێلی ڕۆشنبیریی کەسانی وەک د. مەریوان وریا قانع، گوزارشت لە نەبوونی بوێریی مەعریفیی یان نغرۆبوون لە جۆرێک ڕێژەگەرێتیی تیۆرییە کە لە ئاستی پراکسیس و کردەوەدا هیچ شتێک نابەخشێت بە کۆمەڵگەی کوردی و دۆزی کورد. 

نموونەی تازەی ئەم کڵێشەبێژی و سواووییە کە بە ڕای من دەرخەری هەمان بێڕەونەقیی هەڵخێزراو لە خەمۆکیی و سەرگەردانیی تیۆریکە لە بابەت نیشانی ئاڵای تورکیا بەسەر قەڵای هەولێرەوەیە، ئەو باسی ئەمەمان بۆ دەکات کە ئەمە یەکێک لە نیشانەکانی نەبوونی سەروەریی سیاسی لە هەرێمی کوردستان! دەی ئەم تێزە شتێکی سەیروسەمەرەیە؟ سەروەریی سیاسیی ڕاستەقینە بە هەبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردییەوە پێناسە دەکرێت، نەک لە گۆشەیەکی جیهاندا کە زیاتر لە چەندان سەدەیە بۆ جێگۆڕکێکردنی سنوورەکان و گۆڕانیان لافاوی خوێن هەستاوە، ئەو دەبێت باسی سەرچەشن و پاتێرنی هەموو ئەو وڵاتانە بکات کە لە پێش مەغۆلەکانەوە بە هۆی جۆراوجۆر سەروەریی سیاسییان مسۆگەر نەبووە و نابێت! نەک تەنیا قامکی قەڵەمەکەی هەولێر و سیاسەتی کوردی بێت، چ هەڵوێستێک لەمە ئاسانتر کە بە ئیسراحەت دانیشی و هەموو شتێک ڕەت و ڕەخنە بکەی بەبێ ئەوەی پێشنیار یان ڕێچارەیەکی ڕەخنەئامێزت هەبێ؟ 

کوردستان بە دەربڕینی جۆرجیۆ ئاگامبێن، دۆخێکی دانسقە یان تایبەتمەندی هەیە، ئایا بەهۆی ئەم دۆخەوە پێویست ناکات ئێمەیش بە دوای میتۆدێک لە پێناسەکردن بۆ سەروەریی سیاسیی کوردستاندا بگەڕێین؟ ئەگەر بەسەر ئەم پرسیارە و پرسیارگەلی پێوەست بەمەدا باز بدەین، بێگومان ناتوانین ئاوەڵناوی ڕۆشنبیری دەروەست و خاوەن کەڵکەڵە لەگەڵ خۆمان هەڵگرین. هەمووان دەزانن ئەو سیاسەتەی هەرێم دەیکات سیاسەتێکە بۆ پاراستنی ئەو کیانەی دەیان ساڵە بە خوێن و خەبات بەدیهاتووە و پارادایمێکی نوێیە لە سیاسەتی کوردیدا لە ناوچەیەکدا کە هێزێکی وەک داعش دەتوانێت لە 24 کاتژمێردا هەموو هاوکێشەکانی ناوچەکە تێک بدات. یان هێزێکی وەک کۆمار دەتوانێت لە کۆمەڵێک کردەوەی لەناکاو و هیستریاییدا دەسدرێژیی بکاتە هەموو وڵاتێک، هەر لە ئەفغانستانەوە بگرە تا سووریا و ئیسرائیل! ئێمە دەبێت پرسیار لەو هێزانە بکەین کە تەنیا سەروەریی خۆیان لە سۆنگەی ئەو هێزەی هەیانە بۆیان گرینگە نەک ئەوەی بە توانج و پڕوپاگەندەی ڕۆشنبیرئامێزانە هەر ڕووی دەممان لە کورد و هەرێمی کوردستان بێت!