یادکردنه‌وه‌ی ڕۆژی له‌دایکبوونی شیرکۆ بێکه‌س، یادکردنه‌وه‌ی هه‌موو ئێش و ئازار و خۆشی و ناخۆشییه‌کانی کورد و کوردستانه، یادکردنه‌وه‌ی شۆڕش و شاخ و ده‌ربه‌ستی به نیشتمانه، ڕه‌نگه زۆر که‌س له جیهانی شیعری دنیای ئێمه ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین به هه‌ڵه تێگه‌یشتوون، ده‌کرێت بڵێین به نیوه‌چڵی تێگه‌یشتوون، هۆکاره‌که‌شی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه که ئه‌ده‌ب و به تایبه‌تی شیعر به بابه‌تێکی تاکه‌که‌سی و جیا له کۆمه‌ڵگە و کێشه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له لایان پێناسه کراوه، به‌ڵام ئه‌مه به‌ته‌واوه‌تی هه‌ڵه‌یه.
ڕه‌نگه ئه‌مه بۆ ئه‌ده‌ب و شیعری هه‌ندێ له وڵاتان ڕاست بێت یان بۆ دۆخی ئه‌ده‌بی و شیعری وڵاتێک له هه‌ندێ قۆناغ و ته‌نانه‌ت کوردستانیش له هه‌ندێ قۆناغدا ڕاست بێت، به‌ڵام شیعری نوێی کوردی هه‌ر له "گۆران"ه‌وه تا "شێرکۆ بێکه‌س" و به‌شێکی زۆری ئێسته‌ی شاعیره خاوه‌ن ئه‌زموونه رژدەكان، ده‌سته‌ویه‌خه بووه له‌گه‌ڵ پرسی کوردبوون و نیشتمان و خاک و وڵات و ئازادی، شه‌پۆلێکیش که به ناوی "شیعری نوێ"وه خه‌ڵوه‌تی عه‌به‌سیانه و به‌تاڵی دنیای ده‌روونیی خۆیان ده‌نووسنه‌وه، ڕه‌نگه به پێی هه‌ندێ پێوه‌ر به شیعر و ئه‌ده‌ب دابنرێن، به‌ڵام له‌م قۆناغه‌ی کۆمه‌ڵگەی ئێمه و دۆخ و دۆزی کورد له ناوچه‌که‌دا، وه‌ک دوورگه‌ی ناوه‌ڕاستی زه‌ریایه‌کن که ته‌نیا له داچوون و ڕۆچوونی ده‌ریادا تۆزێک و بۆ چەند ساتێك ده‌رده‌که‌ون، ئه‌گینا له هه‌ڵچوون و تووڕه‌یی زه‌ریادا هیچ شوێنەوارێكیان لێ نامێنێته‌وه، وه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌ر نه‌بووبن، چونكە ئه‌مانه له کۆمه‌ڵگە و ئێش و ئازاره‌کانی دابڕاون، باسی دنیای داخراو و تاریکی تاک ده‌که‌ن، له حاڵه‌تێکدا کۆ و گشت له ژێر گوشار و مه‌ترسیدان، هه‌ربۆیه شیعری کوردی له گۆرانەوه تا ئێستە یه‌کێک له سیاسیترین ئه‌زموونه شیعرێیه‌کانی جیهان بووه.
کڵێشه و کاڵبینییه‌کی تر که پێوه‌ست به شیعر و ئه‌ده‌بی کوردی له ئارادایه، ئه‌وه‌یه که وا ده‌زانرێت شیعر ته‌نیا باسی سروشت و ئه‌و بابه‌ته سۆزاوییانەیە که له چوارچێوه‌ی جوانیناسییه‌کی به‌رته‌سک و ته‌نگه‌به‌ردا خۆی ده‌بینێته‌وه. نه‌خێر، شیعری کوردی نه‌ک ته‌نیا گوزارشتە له جوانیناسیی و ژیانی ڕه‌سه‌ن و بێگه‌ردی مرۆڤی کورد، به‌ڵکوو سه‌کۆیه‌کی مه‌زنیشه بۆ ده‌نگهه‌ڵبڕین دژی داگیرکه‌رانی کوردستان، مه‌ته‌رزێک بووه بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه دژی شۆڤینیزم و توتالیتاریزم و به‌عسیزم و هاوکات قه‌ڵایه‌کی قایمیش بووه بۆ پاراستنی شوناس و زمانی کوردی.
ڕه‌نگه هه‌رچی له‌باره‌ی شیعری کوردی پاش نوێگه‌ریی گۆران و شێخ نووری، تا ئه‌م قۆناغه‌ی ئێستەمان بدوێین، جگه له دره‌وشانه‌وه و سه‌رکه‌وتن و ستایش هیچیتر نه‌بینینه‌وه، هاوکات ده‌شێت و ده‌کرێت ڕه‌خنه بگرین و زیاتر بیاندره‌وشێنینه‌وه. به‌ڵام شێرکۆ جیاواز له هه‌موو ئه‌و سیفه‌ت و باسانه‌ی له سه‌ره‌وه باسم کرد، ده‌بێ باسی مه‌عریفه‌ی چه‌ند ڕه‌هه‌ندیی ئه‌م شاعیره گه‌وره‌یه بکه‌ین.
مه‌عریفه‌یه‌ک که به نیشتمان، سیاسه‌ت، کوردایه‌تی، دایگیرکه‌رناسی، شه‌هیدناسی، حه‌ماس، مێژوو و کۆمه‌ڵگە و فکر، بارگاوی کراوه. زیاده‌بێژی نییه ئەگه‌ر بڵێین دنیای شێرکۆ بێکه‌س به ڕاده‌یه‌کی پڕ و واڵا گوزارشتی له دۆزی کورد و زۆربه‌ی ئه‌زموون و جه‌مسه‌ره‌کانی ژیان و بوونی کورد له مێژوودا کردووه و دەست بۆ هه‌ر شیعرێکی ببه‌ین، گۆشه‌یه‌ک له مێژوو و دڵۆپێک له کاره‌سات و قه‌تره‌یه‌ک له حه‌ماس و کانیاوێک له شۆڕش و زه‌ریایه‌ک له خه‌ونی کوردانه و ئاسۆیه‌ک له خه‌م و شادی و بیابانێک له کاره‌سات و دۆزه‌خێک له هه‌ڵه‌بجه و... ده‌بینینه‌وه.
ئێمه ده‌زانین و تێده‌گه‌ین شیعر ته‌نیا وێنه و دورشمی جوان و قسه‌ی بریق‌وباق نییه، به‌ڵکوو سیاسه‌ت و کۆمه‌ڵگە و مێژوو و شووناسیشه. مامۆستا شیرکۆ له پێشه‌کی ده‌قی واڵای (کورسی)دا ده‌ڵێت: ناو، شوێن و سروشت، رووبەرێكی به‌رینیان له شیعری مندا داگیر کردووه. ئه‌مه راسته و پێم وایه خاڵی گرێدراوی ئه‌م سێ جه‌مسه‌ره‌یش، ژنه.
بەڵام ژن لێره‌دا ته‌نیا واتای ژن وه‌ک ده‌لاله‌تێکی وشه‌یی ڕووت نادات، به‌ڵکوو گوزارشتە له نیشتمان، ئازادی، مێژوو و کوردستان، جوانی و به‌رخودان. هیوا و نائومێدی و ده‌یان چه‌مکی تێکته‌نراو و پێکه‌وه گرێدراوی دیکه‌یش.
ژن له کتێبی (ئافات)دا ناهیده که هێمای ڕووناکی و ڕۆژگاری دره‌وشانه‌وه‌ی کورده که له‌لایه‌ن خۆڵی بیابان و ڕمی عه‌ره‌بانه‌وه ئه‌تک ده‌کرێت، به‌ڵام ئه‌و هه‌ر له چاوه‌ڕوانی بوومه‌له‌رزه‌ی مه‌له‌ک تاووس و هاتنه‌وه‌ی ئه‌هوورامه‌زدادا ده‌مێنێته‌وه.
له گۆڕستانی چراکاندا ژنێک به ناوی "کاڵێ" گێڕه‌ره‌وه‌ی ترس و دڵه‌ڕاوکێ و خه‌مه‌کانی ئه‌نفال و تارماییه‌کانی نوگره‌سه‌لمانه. له ده‌قی واڵای (ملوانکه)دا ئه‌وه دنیای متوموورو و ملوانکه و ملپێچ و بازن و سووراو و سپیاوی ژنان و کچانی سه‌رکوتکراوی ئه‌م نیشتمانه‌ن دژی پیاوساریی ئیسلامی و نه‌ریتی کۆمه‌ڵگە به ده‌نگی به‌رز دێته زایه‌ڵه.
(ئێستا کچێک نیشتیمانه) گرێدانی ژن و نیشتمانه، ئاوێزانبوونی خه‌م و جوانی و په‌ژاره و حه‌سره‌ته‌کانی مرۆڤی کورده له‌و دووفاقییه ڕواڵه‌تی و رووكەشە. یان دیسان له ده‌قی واڵای کورسیدا ژن جه‌مسه‌رێکی سه‌ره‌کیی ئه‌و ڕۆحه مێژووییه‌ی سروشته که له زمانی کورسییه‌کی شاری سلێمانی له قاوه‌خانه‌یه‌کدا دێته گۆ و مێژوو و هه‌ڵچوون و داچوونه‌کانی کورد له خه‌ونێکی ژنانه‌دا له زمانی داربه‌ڕوویه‌کی هه‌ورامان که ئێسته کورسییه‌که له قاوه‌خانه‌یه‌کدا، ده‌گێڕێته‌وه.
مامۆستا شیرکۆ بێکه‌س ته‌نیا شاعیر و ئه‌دیبێک نه‌بوو، به‌ڵکوو ڕیفۆرمیستێکی ڕچه‌شکێنی کۆمه‌ڵایه‌تیش بوو، ڕۆشنبیرێکی پێشه‌نگی سیاسیش بوو که قه‌زیه‌ی کوردیی به‌لایەوه له سه‌روو هه‌موو شته‌کان بوو، تابۆشکێنێکی بوێر بوو که به‌هۆی شکاندنی کڵێشه سواو و ڕزیوه‌کانی چه‌ندان جار ماڵه‌که‌ی له‌لایه‌ن بناژۆخوازه‌کانه‌وه، گیراوه‌ته به‌رد. چه‌ندان جار هه‌ڕه‌شه‌ی لێ کرا، به‌ڵام ئه‌و به جه‌سته ڕۆشت و به شیعر و وشه هێشتا جاری و له‌خشه‌دایه و شه‌پۆلێک له هۆگر و قوتابی ڕاهێنا که ئاسۆی هیوای کوردستانێکی ئازاد و ڕزگارکراو و دادپه‌ره‌وه‌ر له مێشکیاندا نه‌خشێندراوه، هه‌زار جار یادی که‌سایه‌تییه‌کی مه‌زنی ئاوا پیرۆز بێت.