جه‌وهه‌ریترین ئه‌رکی یاسا له هه‌ر وڵاتێک‌دا پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتییانه، ئه‌مه‌یش له پشت مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی یاساوە که پارێزگارییە له سه‌رتاپای خاک و ئاسایشی نیشتمانی وڵاتێک، خۆی ده‌بینێته‌وه. ئه‌م پێناسه گشتییه نه پێویستی به فێرکارییه و نه ڕۆشنبیرییه‌کی زۆر، چونكە ئه‌مه تێگه‌یشتنێکی ئاسایی و زانیارییه‌کی گشتییه که دامه‌زراوه یاساییه‌کان له هه‌موو وڵاتانی دنیادا وه‌کوو ئامانج و مه‌به‌ستی سه‌رەکی خۆیان، باسیان لێ کردووه و به کرده‌وه هه‌نگاوی بۆ هه‌ڵده‌گرن. واتە ئه‌مه له واشنتۆنه‌وه بۆ ئه‌فغانستان، له سعوودیه‌وه بۆ کوردستان یه‌ک شته.
بێگومان یاساکان و ئه‌و ڕێوشوێنانه‌ی هاووڵاتییان ده‌بێت بیگرنه به‌ر له هه‌مبه‌ر به‌ڕێوه‌بردن و پیاده‌کردنی یاسا له ڕووی ناوه‌رۆک و شێوازه‌وه، له وڵاتێکه‌وه بۆ وڵاتێکی تر دەگۆڕێ. ئه‌وە واقیعه که له ئه‌فغانستان باڵاپۆشیی زۆره‌ملێیه به یاسا و له واشنتۆن و کوردستان شتێکی ئازاد و بژارده‌ییه، به‌ڵام له هه‌ر کام له‌م وڵاتانه ڕۆحی یاسا به‌رگریکردنه له مافی هاووڵاتی به‌پێی یاسا بەركارەكان.
هاوپێچی ئه‌م یاسایانە، لە وڵاتان کۆمه‌ڵێک یاسای جیهانگیر و نێوده‌وڵه‌تی مرۆییش بوونیان هه‌یه که ڕێکخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان بۆ پشتگیریی و به‌رگریی ڕه‌ها له مرۆڤ و هیومانیزم، له سه‌رتاپای گۆی زه‌وی دایان ناوه و زۆر له وڵاتانیش پشتگیریی ده‌که‌ن. بۆ نموونه، هه‌ڵسوکه‌وتی تورکیا له هه‌مبه‌ر به‌ره‌ی ئۆپۆزیسیۆن و مافی که‌مینه‌کان وه‌ک کورد و بنه‌ماکانی دیموکراسی، وای کردووه (ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر خه‌ڵکی ناوخۆی تورکیاش ئه‌و وڵاته به به‌هه‌شت بزانن) ، یه‌کێتی ئه‌وروپا ساڵانێکی زۆر تورکیا له به‌ر ده‌رگای هاتنه ژووره‌وه‌ی خۆی ڕابگرێت و به‌و دۆخه یاسایی و ئیداره‌دان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه ڕازی نه‌بێت که له تورکیا پێڕه‌و ده‌کرێت. ئه‌مانه به ئێمه ده‌ڵێن یاساکان چه‌نده له جیهاندا ڕۆڵ ده‌گێڕن و ته‌نانه‌ت پێشانده‌ری پێناسه‌ی جۆراوجۆرن بۆ مرۆڤ.
له هه‌مبه‌ر ئه‌م هه‌بوونه‌ی یاسادا وه‌ک له سه‌ره‌وه و له دووتوێی باسه‌که‌مدا تیشکم خسته سه‌ری، یاسا ئه‌رک و به‌رپرسیارێتی له هه‌مبه‌ر وڵات و و هاووڵاتییان و دانیشتوواندا هه‌یه، واته پێوه‌ندی سیستمی یاسایی و هاووڵاتییان ئه‌و سیستمه یاساییه‌یان له ڕێگه‌ی نوێنه‌رانیانه‌وه له په‌ڕله‌مان په‌سند کردووه، پێوه‌ندییه‌کی دووقۆڵی و دوو لایه‌نه‌یه. تا هه‌ر ئاستێك دانیشتووانی وڵاتێک واته هاووڵاتیان به نیسبه‌ت چاره‌نووسی وڵات و شێوه‌ژیان و مه‌عیشه‌ت و ئازادییه‌کانی خۆیانه‌وه دەربەست و به‌رپرسیار بن، بێگومان هوشیارییان به نیسبه‌ت یاسا و بۆشاییه‌کانییەوە، زیاتر ده‌بێت و به‌پێی ئه‌وه‌ش ئه‌و ڕێگه‌چارانه‌ی بۆ گۆڕینی یاسا پێویسته، به شێوازێکی مه‌ده‌نی و ژیرانه ده‌یگرنه به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و شته‌ی مه‌به‌ستیانه وه‌ک گۆڕانێک له کڵاوڕۆژنه‌ی یاساوه دروستی بکه‌ن، به‌دی بهێنن. ئه‌مه‌یش ئاڕاسته و ڕێگه‌ی خۆی هه‌یه و له هه‌موو دنیادا ئه‌م ڕه‌وته هه‌یه، یاسا له ڕێگه‌ی ئاڕاسته مه‌ده‌نیی و ڕۆشنبیرییه‌کانه‌وه ده‌کرێت گۆڕانی به‌سه‌ردا بێت و هاووڵاتییان هه‌م مافی نوێ وه‌رگرن و هه‌میش ئه‌رکی نوێ.
ئه‌مانه‌م بۆیه باس کرد، تا بێمه سه‌ر ئه‌و سه‌رلێشێواوییه‌ی هه‌ندێ که‌س له تۆڕه‌كانی کۆمه‌ڵایه‌تی که به‌بێ هه‌بوونی تێڕوانین و گۆشه‌نیگایه‌کی مه‌ده‌نی و ته‌نانه‌ت هه‌بوونی تێڕوانینێکی ئاسایی و نیازپاکانه بۆ خزمه‌ت به خه‌ڵک و کۆمه‌ڵگە و وڵات، به ده‌م بنێشتجوینه‌وه یان نانخواردن له پشت ئۆتۆمبێلەوە، ده‌یانه‌وێت سه‌رنجی خه‌ڵک بۆ لای خۆیان ڕاکێشن و یاسا پێشێل و ئه‌تک ده‌که‌ن و کاره‌ساتیش ئه‌وه‌یه هه‌ندێکیان ده‌ڵێن خۆیان شاره‌زای یاسان و کاره‌که‌یان یاساییه، وه‌ک ئه‌و نموونه‌یه‌ی لێره‌دا و له درێژه‌دا ده‌چمه سه‌ری.
ئه‌وان له نێوان تێڕوانینێکی ڕوون و ڕه‌خنه‌گرانه بۆ یاسا و ئاره‌زووی ده‌رکه‌وتن و له‌سه‌ره‌ڕێ دانیشتن‌دا، لایه‌نی دووه‌میان هه‌ڵبژاردووه، ئه‌م هه‌ڵبژاردنه به‌بێ خه‌ساردان له پانتایی گشتیی که شانۆ و شوێنی ده‌رکه‌تنی یاسا و بڕگه‌کانێتی، تێناپه‌ڕێت. بابه‌ته‌که ته‌نیا ئه‌وه نییه ئه‌م که‌سانه نه‌درێنه ده‌ست یاسا یان یاسا به ماوه‌یه‌کی کورت یان درێژ به‌پێی سکاڵایه‌ک که له‌سه‌ریان تۆمار کراوه، ڕووبه‌ڕوویان بێته‌وه، به‌ڵکوو بابه‌ته‌که ئه‌وه‌یه که ئه‌م هه‌ڵسوکه‌وتانه ده‌بنه هۆی تێکدانی خه‌یاڵدانی گشتیی و تووڕه‌بوونی کۆمه‌ڵایه‌تی و جۆرێک له توندوتیژیی دژی هاووڵاتیی، هه‌ژمار ده‌کرێت.
له ماوەی ڕابردوو خاتوونێک به ناوی (شایان عه‌لی) به سواری سه‌یاره‌یەکه‌وه و پێش ئه‌وه‌ی بگاته بازگه‌یه‌ک له هه‌ولێر، کامێراکه‌ی کردووه‌ته‌وه و وه‌ک ئه‌وه‌ی بۆ کارێکی به‌رنامه بۆداڕێژراو خۆی ئاماده کردبێت، ده‌ست ده‌کات به هات و هاوار و زیقه‌زیق به‌سه‌ر ئه‌فسه‌رانی بازگه‌که‌دا و به‌و شێوه‌یه‌ش وا لێ ده‌خوڕێت به ده‌م بنێشتجوینەوە، تێده‌خوڕێت که ئه‌و عێراقییه نه‌ک کورد یان عه‌ره‌ب! ئه‌مه نایاساییه که ئه‌و پرسیاره له ئه‌و ده‌که‌ن و لێپیچینه‌وه و فڵان و فیسار ده‌کات و... پاش ئه‌وه‌ش خاتوون ڤیدیۆی تر‌ی بڵاو کردە‌وه که زاڵی خۆی به‌سه‌ر یاسا و دەزگاكانی یاسادا باس ده‌کات و ده‌شڵێت، ئه‌و ده‌سه‌ڵاتێکی به‌هێزی له‌پشته، وا دێته گۆ که مرۆڤ هه‌ست ده‌کات گاڵته‌ی به کوردستان و کورد و هه‌ولێر و هه‌موو ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین دێت، به‌ڵام له ڕۆژانی ڕابردوودا له که‌رکووك گیرا و دوێنێ 17ی تەمووزی 2023، دوو ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا.
جیاواز له‌وه‌ی ئه‌م که‌سه چه‌ندان سکاڵای یاسایی له‌سه‌ر تۆمار کراوه و درەنگ یا زوو ڕووبه‌ڕووی دادگا دەكرایەوە و لە پاتی كردەوەكانی، ده‌بێت ئه‌وه بزانین که ئه‌م که‌سایه‌تییه به‌و هه‌ڵوێستانه‌یه‌وه یه‌که‌م کار که کردی پێشێلکردنی یاسا و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وەی زه‌حمه‌ت و ماندووبوونی ئه‌و پۆلیس و ئه‌فسه‌رانه بوو که ئاسایشی ئه‌م نیشتمانه دابین ده‌که‌ن. ئایا ئه‌و که به‌و شێوه‌یه له دژی پۆلیس و یاسا و هه‌رێم دێته گۆ، وه‌ک ئه‌و گه‌نجه به‌ڕێزه‌ی که له که‌رکووک ماوه‌یه‌ک پێش ئێستە له‌لایه‌ن چه‌ند عه‌ره‌بێکه‌وه و به ئۆتۆمبێلی جامڕه‌ش و ژماره به‌غدا، په‌لامار بدرایە، جگه له یاسای کوردستان و ڕای گشتیی کورد، په‌نای بۆ کێ ده‌برد؟ مه‌گه‌ر کاتێک له‌و گه‌نجه به‌ڕێزه‌یان دا، کۆمه‌لێک خه‌ڵک نه‌بوون له‌وێ سەیریان ده‌کرد و فزه‌یان لێوه نه‌ده‌هات؟
نه‌بوونی یاسا وه‌ها پاشاگه‌ردانی و فه‌رته‌نه‌یه‌ک دروست ده‌کات که ده‌کرێت کوڕێکی به‌ڕێزی که‌رکووکی به ڕێز و هوشیارییه‌وه کوردستان و یاسا و خه‌ڵکه‌که‌ی بکات به به‌رده‌نگ بۆ ده‌ربازبوون و له‌ولاشه‌وه که‌سێکی تر که دیار نییه بۆ چ مه‌به‌ستێکی دیاریکراو بشێوی و ته‌پوتۆز دروست ده‌کات و یاسای گشتیی و عورف و ئاداب پێشێل ده‌کات و شانازیش به خۆیه‌وه ده‌کات، ده‌بینین خۆی له سه‌رووی یاساوه ده‌بینێته‌وه و هه‌ڕە‌شه و گوڕه‌شه ده‌کات.
یاسا و عوورفی كوردستان به خوێنی هه‌زاران که‌س ده‌ستەبه‌ر کراوه، ده‌بێ ئێمه له‌م ڕووداوه تێبگه‌ین که جیاوازییه‌کی زۆر هه‌یه له نێوان یاساپارێزی و ڕه‌خنه‌گرتن و گۆڕینی یاسا و هه‌روه‌ها یاساشکێنی و ده‌سدرێژیکردنێکی دوور له ئه‌خلاق و ناته‌ندروست، بۆ سه‌ر یاسا و مافی هاووڵاتییان و فه‌رمانبه‌رانی ئه‌م وڵاته.