باسی توندوتیژیی دژی ژنان باسێکی گشتگیر و جیهانییه، ئه‌مه به واتای هه‌بوونی توندوتیژیی له پانتایی واقیعدا دێت، دیاره هه‌ر وڵاتێک به‌پێی پێکهاته‌ی کولتووری و دۆخی سیاسی و ئابووریی خۆی، توندوتیژیی تێیدا ڕوو ده‌دات. توندوتیژیی دژی ژنان له ئه‌مەریکاوه بۆ ئه‌فغانستان و پاکستان و ئێران و عێراق و ئه‌فریقا و کوردستانیش هه‌یه، بۆیە باسەكە جیهانییه و ڕێکخراوه‌کانی تایبه‌ت به ژنان و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژ به ژنان و ده‌یان ڕێکخراوی هاوشێوه، که له‌لایه‌ن وڵاتان و نەتەوە یەكگرتووەكانەوە پشتگیریی ده‌کرێن، له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان توندوتیژیی دژی ژنان که‌م بكەنەوە.
ئامار و لێکۆڵینه‌وه‌کان ده‌ریده‌خه‌ن كە ئه‌و وڵاتانه‌ی جه‌نگ و بشێویی سیاسیی و قه‌یرانی ئابووری تێدایه، زۆرترین و ئاشکراترین توندوتیژیی دژ به ژنان تێیاندا ڕوو ده‌ده‌ن. هه‌ر ئه‌و هۆکارانه دیاریکه‌ری جۆری توندوتیژییه‌که‌ن، له کاتی شه‌ڕه‌کانی ئه‌فریقادا سه‌تان حاڵه‌تی ده‌سدرێژی و کوشتنوبڕی ژنان تۆمار کراوه. لایه‌نێکی دیکه‌ی توندوتیژیی که وه‌ک هۆکار ده‌کرێت قسه‌ی له‌سه‌ر بکه‌ین، ئه‌و دۆخه گشتگیره‌یه که جیهانگیریی له ئاستێكی به‌ربڵاودا دروستی کردووه، واته جۆره یه‌کده‌ستکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگەکان به ئاڕاسته‌ی داخوازیی ژنان بۆ ماف و داوکارییه ڕه‌واکانیان که له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵگەی پیاوسالارییه‌وه به توندی ڕووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه، به‌ڵام ئه‌مه له هه‌موو دنیادا جۆرێک ململانێ و خه‌باته بۆ پێشخستنی دۆخی ژن و په‌ره‌پیدانی هوشیاری و هه‌روه‌ها پیاوان له ئاستی مافه‌کان و دنیای ژن‌دا. واته په‌ره‌سه‌ندنی هوشیاری خۆی جۆرێک توندوتیژیی له کۆنتێکست و هه‌ناوی خه‌باتدا به‌رهه‌م دێنێت، که به‌داخه‌وه ئه‌م حاڵه‌ته له‌و وڵاتانه‌ی پێکهاته‌ی کولتووری چه‌قبه‌ستوو و نه‌گۆڕیان هه‌یه، زاڵ و قووڵه.
نموونه‌ی زیندووی ئەوە ئه‌فغانستانه که چ له کاتی ده‌سه‌ڵاتدارێتی حامید که‌رەزای و ئه‌شره‌ف غه‌نی و چ ئێستە که تاڵیبان حوكمی دەكات، توندوتیژیی بەرانبەر ژن هه‌ر له چڵه‌پۆپه‌دایە به که‌مێک جیاوازییه‌وه، له کاتێک که تاڵیبان نه‌گه‌ڕابووه‌وه به‌هۆی پێکهاته‌ی دۆگمای ئاینی و نه‌ریتیی کۆمه‌ڵگەوه ژنان هه‌ر هه‌مان کۆتوبه‌ندیان له‌سه‌ر بوو که تاڵیبان باوه‌ڕی پێی هه‌بوو، ئێسته‌یش پراکتیزه‌ی ده‌کات. واته نه‌بوونی هوشیاری له کۆمه‌ڵگەی ئه‌فغانستان و چه‌قبه‌ستوویی باوه‌ڕ و دۆگمای ئاینی، هه‌م وه‌ک هێز هه‌م له چوارچێوه و مۆدێله کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌ی ده‌سه‌ڵاتدا و هه‌میش له چوارچێوه و مۆدێله سیاسییه‌که‌ی ده‌سه‌ڵات و حوکمڕانیدا، هه‌ر به‌رهه‌مهێنه‌ری توندوتیژی دژی ژنان بووه.
به‌م تێڕوانینه‌وه ده‌توانین شێوه‌کانی توندوتیژی دژی ژنان به شێوه‌ی گشتیی به‌سه‌ر دوو شێوازی ئاشکرا و شاراوه‌دا دابه‌ش بکه‌ین، توندوتیژیی شاراوه له هه‌موو کۆمه‌ڵگەکاندا هه‌یە، بەڵام ئاشکراكە زیاتر له‌و کۆمه‌ڵگەیانه ده‌رده‌که‌وێ که پێکهاتێکی نه‌ریتی و ترادسیۆناڵی ئاینی و کولتوورییان هه‌یه و وه‌ک له‌سه‌ره‌وه تیشکم خسته سه‌ری، ئه‌مه له ئه‌فغانستان و ئێرانی ئێسته به ته‌واوه‌تی دیار و زاڵه.
کوشتنی "ژینا ئه‌مینی" ساڵێک زیاتر پێش ئێستە و چالاکبوونه‌وه‌ی پۆلیسی ڕه‌وشت و په‌ره‌پێدانی باڵاپۆشیی له ئێران و لەم سەردەمەدا، خۆی ده‌رکه‌وته‌یه‌کی تر‌ی ئه‌و توندوتیژییه‌ن که له پێکهاتێکی سیاسی یان کولتووری دۆگما و چه‌قبه‌ستووه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت.
ئه‌م پێشه‌کییه کورته‌م وت، بۆ ئه‌وه‌ی بێمه سه‌ر ئه‌و بابه‌ته که کۆمه‌ڵگەی ئێمه‌یش وه‌ک زۆر له کۆمه‌ڵگەکانی دنیا، توندوتیژیی ده‌رهه‌ق به ژنان ده‌کرێت، توندوتیژیی کۆه‌مه‌ڵگەی کوردیی بەرانبەر ژنان، زیاتر شاراوه‌یه، ئه‌مه‌یش پێشان ده‌دات كە کوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ساڵانێکی زۆر له‌ناو جه‌نگ و پێشێلکاریی داگیرکه‌ر و بۆردمان و پاکتاو و ئه‌نفالکردندا ژیاوە، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی تێدا بووه به‌رگه‌ی ئه‌و کاره‌ستانه بگرێت و ژن هەمیشە له کۆمه‌ڵگەی کوردی‌دا پێگه‌ی گشتیی به‌رز و به‌ڕێزی خۆی هه‌یه.
وه‌ک ئاگادارن له‌م ماوەیەدا چه‌ندان حاڵه‌تی توندوتیژی و کوشتنی ژنان ڕوویان داوه و هه‌ر که‌سه‌و که گوێی له ورده‌کاریی ڕووداوه‌کان دەبێت، ناخی ده‌هه‌ژێت. به‌ڵام کێشه‌ی گه‌وره‌ی ئێمه له هه‌ڵوێسته‌کردن و وردبوونه‌وه له‌م کاره‌ساتانه، ته‌نیا کاره‌ساته‌که خۆی نییه، به‌ڵکوو ئه‌و میدیا و شاشانه‌ن که به گه‌وره‌کردنی قه‌باره‌ی ڕووداوه‌که ده‌یانه‌وێت بڵێن دۆخه‌که له ده‌ست درچووه و هه‌موو شته‌کان له خشته ترازاون.
ڕووداوه‌که‌ی سۆران کاره‌ساتێکه تاک به تاکی ئێمه تێیدا به‌رپرسیارین، ئه‌و لایه‌نه فەرمییە پێوه‌ندیرانه‌ی که‌مته‌رخه‌مییان کردووه به‌رپرسیارن، به‌ڵام پرسیار ئه‌وەیە بۆچی ژنان ده‌بێت هێنده هوشیارییان نه‌بێت که شوو بکه‌ن به پیاوێک وا ژنی دیکه‌ی هه‌یه و دە‌بن به ژنی دووه‌م؟ ئایا هەر ئه‌مه خۆی یه‌کێک له‌و هۆکارانه نییه که پێگه‌ی ژن له هه‌مبه‌ر تێڕوانین و خواستی پیاوسالارانه داده‌به‌زێنێت و وا ده‌کات پیاو به هه‌ر بیانوویه‌که‌وه بێ، زیاتر هه‌ڵکوتنه سه‌ریان و مافه‌کانیان پێشێل بکه‌ن؟
دیارده‌ی فره‌ژنیی که له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵگەی نه‌ریتی پێشنه‌که‌توو و گوتاری ئاینییه‌وه بره‌وی پێ ده‌درێت، دوو سه‌رچاوه‌ی هه‌ڵقوڵانی ئه‌و کاره‌ساتانه‌ن، به‌ڵام له‌ملایشەوە ژنان خۆیان به‌هۆی نه‌بوونی هوشیاریی پێویسته‌وه ده‌چنه ناو هاوکێشه‌یه‌که‌وه که به‌داخه‌وه هه‌م ژیانی خۆیان ده‌فه‌وتێنن و هه‌میش ئازار و خه‌م بۆ ئێمه و کۆمه‌ڵگە به‌جێ دێڵن. ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی توندوتیژیی دژی ژنان کاری هه‌ره‌وه‌زییه و ده‌بێت هه‌م له‌لایه‌ن تاک و کۆمه‌ڵی هوشیاره‌وه پێڕەو بکرێت و هه‌میش له‌لایه‌ن حکوومه‌ته‌وه، تا ڕێگه به‌و کاره‌ساتانه بگیرێت.
قسه‌کردنی لۆجیکیی ئێمه له‌سه‌ر هۆکاره‌کان، به مانای ئه‌وه نایه‌ت به دڵێکی نه‌رمونیانه‌وه چاو له‌و ئازار و ڕه‌نجانه‌ی به‌هۆی ئه‌م کاره‌ساتانه‌وه دێنه ئاراوه، ناکه‌ین. به‌ڵکوو به پێچه‌وانه‌وه ئه‌مه ئه‌وپه‌ڕی په‌رۆشی و نیگه‌رانیی ئێمه‌یه.
هه‌ر له‌و ڕووەوە ڕه‌چاوکردنی دوو خاڵ پێویسته:
یه‌که‌م، سه‌ر شاشه شوێنی هه‌ڵسه‌نگاندن و شیکاریی قووڵی باسێکی فره‌ڕه‌هه‌ندی وا نییه كە له ماوه‌ی 10 یان 20 خوله‌کدا قسەی لەسەر بكەی، به‌ڵکوو ئه‌مه لیژنه‌ی پسپۆڕ و گرووپێك کۆمه‌ڵناس و ده‌روونناسی شاره‌زای ده‌وێت، نه‌ک پێشکه‌شکار یان ڕۆژنامه‌نووسێک. واته شاشه‌کان نه‌بن به سه‌کۆیه‌ک بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی هه‌ستی نائەملن و نائاسایشی له‌ناو هاووڵاتییاندا، ئه‌وان ئه‌گه‌ر باش دڵسۆزن، با له ماوەی ساڵێکدا چوار پێنج به‌رنامه‌ی ڕێکوپێک له‌سه‌ر مژاری ژن و توندوتیژی و هه‌موو بابه‌ته پێوه‌ندیداره‌کان به دۆخی ژن له کۆمه‌ڵگەی ئێمه‌دا بکه‌ن.
دووه‌م، ده‌بێت به ڕاستی وه‌ک تاک په‌رۆشی دۆخی ژن بین و له هەمبه‌ر ئه‌و توندوتیژیانەی بەرانبەریان ده‌کرێت، بێده‌نگ نه‌بین و به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێ، بێینه ده‌نگ و نه‌هێڵین کاره‌ساته‌که به ئاسانی ڕوو بدات. پراکتیک و کرده‌گه‌رێتی له‌ناو کۆمه‌ڵگە و بیرکردنه‌وه و قووڵبوونه‌وه‌یش له ئاسته کولتوورییه‌که‌یدا، ده‌توانن زۆر یارمه‌تیده‌ری هوشیاریی ژنان بن و وا بكەن به‌ر له هه‌ر شتێک ڕێزی ژنێتی و ئازادی و مافه‌کانی خۆیان بگرن.