ژن له هه‌موو شارستانییه‌ته‌کاندا ناوه‌ندێکی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌وه‌ی بڕیار و پێشهاته‌کان بووه، جا چ به شێوه‌ی راسته‌وخۆ بووبێت یا ناڕاسته‌وخۆ، به‌شێکی زۆری ئیمپراتۆریه‌ته‌کان ژن ڕۆڵی له پشت شانۆی ده‌سه‌ڵاته‌که‌یەوە گێڕاوه و له ڕۆژگاری مۆدێرنیتەیشدا ژن به شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ و جیاواز له پیاوان و تایبه‌ت به دنیای خۆیان، له کایه جۆراوجۆره‌کانی زانست، سیاسه‌ت، بازاڕ و کۆمه‌ڵگە و خێزاندا، ڕۆڵیان گێڕاوه و زێده‌ڕۆیی نابێت بڵێین ڕۆڵێکی گرنگ و چاره‌نووسسازیان له پرۆسه‌ی گه‌شه‌پێدانی شارستانیه‌ت و کۆمه‌ڵگەدا هەبووه، بەڵام بێگومان ئه‌مه له کۆمه‌ڵگەیه‌که‌وه بۆ یەكیتر و له دۆخی سیاسیی نه‌ته‌وه‌یه‌که‌وه بۆ دۆخی سیاسیی نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیکه، جیاواز بووه و ئه‌م جیاوازیه‌یش به‌رده‌وام ده‌بێت.
بۆ نموونه، ژنان له ئه‌فەریقا تا ئێسته‌یش له دۆخێکی ناچالاک و چه‌وسێنراو‌دا ده‌ژین، لە ئه‌فغانستان به هه‌مانشێوه، ئه‌گه‌رچی هه‌وڵ و تێکۆشانیان به‌رده‌وامه و له کزی نه‌داوه، هاوكات به‌هۆی جیهانگیریی و شۆڕشی زانیاری و بزووتنه‌وه فیمینیستییه‌کانەوە ژنان له‌سه‌ر مافه‌کانی خۆیان هوشیار بوونه‌ته‌وه، گه‌یشتوون به‌وەی كە ئه‌وان به‌شێک نین له خواست و حه‌زه سێکسییه‌کانی پیاو، یان به‌شێکی ڕه‌ها نین له کاربه‌ڕێکه‌ری ماڵه‌وه، به‌ڵکوو چۆن پیاوان ده‌توانن به جۆش و خرۆشه‌وه باسی ڕاوشکار و چێژ و ئازار و حه‌ماسه‌کان و به گشتی دنیای خۆیان بکه‌ن، ژنانیش به هه‌مانشێوه. ژنان تێگه‌یشتن که نابێت خۆیان پێشوه‌خته بکوژن، ئه‌گه‌ر بڕیاره بکوژرێن با له پێناو شتێک بێت که دنیاكەیان پێناسه بکات، نموونه‌ی ئه‌مه به‌رخۆدان و شۆڕشی ژنان له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانه که به ده‌یان ڕۆژنامه‌نووس و چالاک و مامۆستای زمانی کوردی‌یان ده‌ستبه‌سه‌ر کرد و ئازاریان دان، به‌ڵام هه‌ر له مافی خۆیان پاشگه‌ز نه‌بوونه‌وه. ئه‌مه به‌شێک و باشتره بڵێم لایه‌نێک له دنیای ژن و به تایبەتی ژنانی کورده.
ئه‌گه‌ر له ڕۆژئاوا کێشه‌کانی ژن زیاتر به ده‌وروخولی ئازادیی زۆرتر، مافی جێنده‌ر، مافی زیاتری کار و پێگه‌ی به‌رزتری کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی‌دا ده‌سووڕێنه‌وه، ئه‌وا له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین و ناپێشکه‌وتوودا هێشتا پرسی باڵاپۆشی، شه‌ره‌ف، نه‌بوونی سه‌ره‌تایترین ئازادیی وه‌ک مافی هه‌ڵبژاردنی جلوبەرگ، نه‌بوونی ئاسایشی ده‌روونی به‌هۆی مه‌ترسییه‌کان که به‌ها کۆمه‌ڵایه‌تییه شه‌ره‌فپه‌رستەکان دروستی ده‌که‌ن و ده‌یان کێشه‌ی تر، زاڵن. بۆ نموونه، له ئه‌فغانستان دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی تاڵیبان دیسان نیقاب و په‌چه سەپێنرایەوە بەسه‌ر ژناندا، دیسانه‌وه ده‌رگای خوێندن و قوتابخانه به ڕوویاندا داخران، دیسان وه‌ک سه‌رچاوه‌ی گوناهـ و هێمای له‌زه‌ت و شه‌هوه‌تبازی پێناسه کرانه‌وه، دیسانه‌وه خزێنرانه‌وه گۆشه‌ی سه‌رداب و تاریکستانه‌کانی ئایدپۆلۆجیای دواکه‌توو و کو‌لتوور و نه‌ریتێکی نه‌خۆش و ناته‌ندروستی نێرسالارانه‌وه.
ئه‌مانه ته‌نیا به‌شێک له‌و ئازارانه‌ن که ژنانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین گیرۆده‌ین، بێگومان له‌م جیۆگرافیا خوێناوییه‌دا، له مه‌ڵبه‌ندی پێغه‌مبه‌ران و عاریفان و گه‌وره‌پیاوان و عاشقان و فه‌رهاد و شیرینه‌کاندا، ژن گه‌وره‌ترین ئازار ده‌چێژێت، ئه‌مه‌یش وه‌ک گوتم له کۆمه‌ڵگە و نه‌ته‌وه‌یه‌که‌وه بۆ یەكیتر جیاوازه، چونكە دۆخی ژن له ئه‌فغانستان بە‌راورد ناکرێت به دۆخی ژن كوردستان یان وڵاتێكی وەك ئێران، ئەمانە تایبه‌تمه‌ندی جیاوازیی خۆیان هه‌یه، ئە‌گه‌رچی کورد وه‌ک ئه‌فغانستان و ئێران خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی چه‌ند سه‌ت ساڵه و جێگیری سیاسی نه‌بووه، به‌ڵام ژنانی کوردستان له زۆر ڕووه‌وه ڕۆڵی چالاکانه‌تر و پێشه‌نگانه‌تر به‌راورد بە ژنانی ئه‌و دوو وڵاتە، ده‌گێڕن.
هه‌ڵبه‌ت که‌س ناتوانێت حاشا له زاڵی و هه‌ژموونی پیاوسالاری و به کاڵابوونی ژن نه له‌و دوو وڵاته و نه له کوردستان بکات، به‌ڵام بێگومان ده‌رکه‌وتنی له‌یلا قاسم، عادیله‌خانمه‌کان و ده‌یان ژنی شۆڕشگێڕی کۆن و نوێ له کوردستاندا و ئەو ئازادی هاتوچۆ و پۆشینەی لەمەڕ ژنی خۆمان هەیە، هۆکاری له‌دایکبوونی ده‌یان ژینان له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و پارچه‌کانی دیکه‌وە كە هەرچەند رژێمی وڵاتانی داگیركەریش توند بێ، بەڵام ژنی كورد لە شوێنێكدا ڕادەپەڕێ بۆ ئازادی و ژیان. له‌و ڕووه‌وه که ژنی کورد زه‌وینه‌یه‌کی مێژوویی چالاکی کرده‌یی و هوشیاریی گشتی به شێوه‌یه‌کی ڕێژه‌ییان هه‌یه، دڵخۆشییه‌کی گه‌وره‌یه و مایه‌ی هاندان و چالاکیی زیاترە.
توخم و هۆکارێکی تر که هاوکێشه‌که بۆ کورد و ژنانی کورد ئاڵۆز ده‌کات، کۆلۆنیالیزمی ده‌ره‌کی و سته‌می داگیرکه‌رانی کوردستانه که به‌شێوه‌ی نه‌رم و ڕه‌ق، پرۆژه و پیلانه‌کانیان پێڕەو ده‌که‌ن. ئێسته ئه‌گه‌رچی قۆناغی پرۆژه‌ی داگیرکاریی ڕه‌ق تێپه‌ڕیوه، به‌ڵام کورد به‌هۆی ئه‌و دۆزه تایبه‌ته‌ی هه‌یه‌تی، هێشتا درۆن له ئاسمانه‌کانی نابڕێت و تۆپ و ته‌یاره‌ی دایگیرکه‌ر ڕوویان له شار و دۆڵ و ده‌شت و چیاکانێتی، تا ئه‌و شوێنه‌ی له نه‌زمی نوێی سه‌رده‌م و دۆخی کۆمه‌ڵایه‌تی و کولتووری و ته‌کنه‌لۆجیای ئه‌مڕۆی تێگه‌یشووین، شێوازی ڕه‌قی داگیرکاری له هی نه‌رم ئاسانتر و ساده‌تر و ڕوونتره، له داگیرکاریی ڕه‌قدا تۆ ته‌نیا کۆمه‌ڵێک هێز ده‌بینی که دو‌ژمنن و له دوور و نزیک پلان ده‌گێڕن، ده‌کرێت تۆ پێوه‌ی بیت یان نه‌بیت و به ئاسانیش بۆی جێبه‌جێ نابێت و تێچووی سیاسی و دارایی و سه‌ربازیی زۆری ده‌بێت، به‌ڵام له داگیرکاریی نه‌رمدا ئێمه خۆمان به شێوه‌ی ناڕاسته‌وخۆ ده‌بین به ملکه‌چ یان فه‌رمانبه‌ر یاخۆ به گشتیی قوربانیی سیستمێک که داگیرکه‌ر به‌رهه‌می دێنێت و ئیشی پێ ده‌کات.
ئه‌گه‌ر فیلمی "کێلانی ته‌واو پۆڵاین" ئیسته‌نلی کووبریک ده‌رهێنه‌رێكی هۆلیڤوود ببینین، کاتێک ئه‌فسه‌ری ڕاهێنه‌ر به سه‌ربازه‌کان ده‌ڵێت ئێوه ئیتر ماوه‌ی ڕاهێنانتان به‌شێوه‌ی ڕه‌ق و چڕ‌وپڕ ته‌واو کردووه و ده‌گوازرێنه‌وه بۆ ڤێتنام و ده‌بێت داگیری بکه‌ن و دوژمنانتان له‌توپه‌ت بکه‌ن، به‌ڵام ده‌بێت دوا وانه‌تان پێ بڵێم، ئه‌ویش ئەوەیە خۆتان ڕووت بکه‌نه‌وه و ده‌ست به عه‌وره‌تانه‌وه بگرن و له‌گه‌ڵ من دواوانه دووپات بکه‌نه‌وه: ڕاسته ئێمه به چه‌کی ڕه‌ق ده‌چین بۆ ڤێتنام، به‌ڵام چه‌کی سه‌ره‌کیی و نه‌رمی ئێمه ئه‌مه‌یه، چه‌کی ڕاسته‌قینه‌ی ئێمه ئه‌مەیە/عه‌وره‌تمانه. ئه‌مه ئه‌گه‌رچی نواندنه‌وه‌ی ڕه‌مزیی یه‌کێک له شێوازه‌کانی داگیرکاریی نه‌رمه، به‌ڵام ته‌نیاترین شێوه‌ی نییه.
بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌کی وه‌ک کورد که داگیرکەر ده‌وره‌یان داوه، له هه‌ر لاوه و له هه‌موو سه‌رده‌مێکدا پیلانی بۆ داده‌نێن، ده‌شێت ژنان ده‌روازه‌ی هاتنه ژووره‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک خه‌سار و کاره‌ساتی گه‌وره بن، چونكە ئه‌وان کۆڵه‌که‌ی سه‌ره‌کیی په‌روه‌رده و زاوزێ و وه‌چه‌خسته‌نه‌وه و کۆمه‌ڵگەن، بێگومان خه‌ساره‌که هه‌ر به‌ر خۆیشیان ناکه‌وێت.
ژنانی کورد له دوو قۆڵی بازاڕ به گشتی و سیاسه‌تی کۆلۆنیالیستی کراونه‌ته ئامانج، یه‌که‌میان کاڵاگه‌رێتی و له شوناسخستنی به‌دواوه‌یە و دووه‌میش ده‌شێت چه‌ندان حاڵه‌تی هه‌بێت که هه‌ر له ڕێگه‌ی بازاڕه‌وه دزه ده‌کات. به‌ڵام به سیاسه‌تێکی نه‌رمی دڕنده و کوشنده‌وه.
له‌م ڕۆژانه‌ی دواییدا چه‌ند گرته ڤیدیۆیه‌ک له تۆڕه‌كانی کۆمه‌ڵایه‌تی بڵاو بوونه‌وه که ستیانێک له دووکانێکی /یه‌کێک له شاره‌کانی کوردستان/ به هۆی ئه‌وه‌ی گومان له نائاساییبوونی ده‌کرێت، ده‌دڕێنن و کیسه‌یه‌ک له ناویدا ده‌دۆزنه‌وه که دوو حه‌بی تێدایه، به پێی به‌دواداچوونه‌کان ئه‌و دوو حه‌به ده‌ته‌قن به سینگی ئافرەتدا و له درێژماوه‌دا جیا له‌وه‌ی که‌سه‌که تووشی نه‌خۆشیی شێرپه‌نجه ده‌کات، ئه‌گه‌ر منداڵێکی شیره‌خۆره‌یشی هه‌بێت، ئه‌وا ژه‌هرخوارد ده‌کرێت، ئه‌مه ستراتیجی پاکتاوکردنی نه‌رم و نوێیه و دڵنیام بازاڕی جیهانیی ناوچه‌که به هاوکاریی داگیرکه‌ران ده‌یکه‌ن و کوردستان و ژنی کورد ئامانجی سه‌ره‌کییانه. بۆیه جیا له‌وه‌ی ئێمه وه‌ک ژنی کورد ده‌بێت ئاگاداری مافه جۆراوجۆره‌کانی خۆمان بین، ده‌بێت ئاگاداری دۆخی واقیعیش بین و هه‌تا ده‌توانین بۆ ئه‌م بابه‌تانه زانیاری له‌گه‌ڵ یه‌کتر هاوبه‌ش بکه‌ین و هوشیار بڵاو بکه‌ینه‌وه.
به‌هیوام ئاسۆی سه‌رکه‌وتن و ده‌رکه‌وتنی ژنانی کورد له‌م حاڵه‌ته بێده‌وڵه‌تیه‌یشدا زیاتر بده‌ره‌وشێته‌وه و هه‌مووان بزانن نه‌ته‌وه‌یه‌ک ژنانی له نه‌ته‌وه خاوه‌ن ده‌وڵه‌ته مێژووییەكان، له پێشترن و چاوکراوه و به‌هادارترن.