یه‌كێك له پارادایم(paradigm) و سه‌رنموونه زاڵه‌كانی ئێسته كه به‌سه‌ر دنیادا، ژن و دۆخی ژنانه، به ده‌ربڕینێكی ساده‌تر ژنان له ناوه‌ندی هه‌ر جۆره گۆڕانكاری و هاوكێشه له حاڵه‌ته ئه‌رێنی یان نه‌رێنییه‌كه‌دان، بۆ نموونه له وڵاتانی ڕۆژئاوایی هه‌ر له سه‌ده‌ی نۆزده‌وه كه نووسه‌رانێكی وه‌ك ڤیرجینیا ڤۆڵف، ئاگاتا كریستی، هریت بیچێر ئیستۆ، تا سه‌رده‌می ده‌ركه‌وتنی ژنان له ناوه‌نده سیاسییه‌كه‌یدا و له پۆسته باڵا حكوومییه‌كان، له‌وانه كۆندۆلیزا رایس له سه‌رده‌می سه‌رۆك كۆماریی جۆرج بۆشی كوڕدا، ئه‌م ڕه‌وته به‌رده‌وام ئاڵۆزتر و ناسكتر بووه‌ته‌وه و گۆڕانكاریی هه‌مه‌جۆری به‌سه‌ردا هاتووه.
ئه‌گه‌ر ئه‌مه لایه‌نه ڕاشكاو و ئاسته بینراو و فه‌رمییه‌كه‌ی ده‌ركه‌وتنی ژنان بێت له كۆمه‌ڵگه ڕۆژئاواییه‌كان، ئه‌وا به ئامرازكردن و به‌بازاڕكردنی ژنانیش ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم زیاتر له‌و ئاسته‌یه، ئه‌وا ده‌بێت بڵێم به هه‌مان ئاست وه‌ك یه‌كێك له ده‌ركه‌وته نه‌رێنی و نه‌گریسه‌كانی مۆدێرنه و نوێبوونه‌وه ده‌ركه‌وتووه، ئێمه نه‌ك ته‌نیا له دراما و فیلمه‌كانی كۆمپانیا زه‌به‌لاحه میدیاییه‌كانی دنیا، ڕۆڵی ژن وه‌ك هونه‌ر ده‌بینین، له پاڵیشیدا ساڵانه له ڕێی كۆمپانیا جۆراوجۆره‌كانه‌وه، ملیۆنان فیلمی پۆرن به‌رهه‌م ده‌هێنرێت كه جه‌سته و دنیای ژنان ده‌كه‌نه ئامرازی خواسته خرۆشراوه‌كانی پیاوان، له پاڵ ئه‌وه‌یدا كه ژنان له‌لایه‌ن ده‌یان كۆمپانیای به‌رهه‌مهێنی جلوبه‌رگ و پێڵاو و زێڕ و.. وه‌ك ئامرازی ساغكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانیان به‌كار ده‌هێنرێن.
به‌داخه‌وه ئێمه‌ی كورد به‌تایبه‌تی و زۆربه‌ی زۆری وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین، ئه‌گه‌ر نه له فۆرمه ڕۆژئاواییه‌كه‌یدا، به‌ڵام لایه‌نه نه‌رگیس و نه‌رێنییه‌كه‌ی مۆدێرنیته و نوێبوونه‌وه له كۆمه‌ڵگه‌كه‌ماندا زه‌ق بووه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ش هه‌موو جه‌مسه‌ره‌كان له ئاستی ئه‌ده‌ب و ڕۆشنبیری و ئاینییه‌وه بگره، تا بواری سیاسی و كاركردن له كۆمه‌ڵگه و بازاڕ و كۆمپانیاكاندا به‌دی ده‌كرێت. ئه‌م حاڵه‌ته كاریگه‌رییه نه‌رێنییه‌كانی به ئاستێك بووه كه گۆرانی و هونه‌ری كوردی له‌باتی گه‌شه‌ی زیاتر و دره‌وشاوه‌تر له‌سه‌ر كۆڵه‌كه و بنه‌ما كۆنه ڕه‌سه‌نه‌كان، بووه به نمایش و شانۆیه‌ك بۆ خۆنواندنی ئیرۆتیكی و سووككردنی مانا و مه‌عنه‌ویاتی كۆمه‌ڵگه.
ئێسته ئه‌مه باسه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی من نییه و ته‌نیا ئه‌مه وه‌ك نموونه‌ی یه‌كێك له ده‌ركه‌وته‌كانی لایه‌نه نه‌رێنییه‌كانی مۆدێرنه و نوێبوونه‌وه باس ده‌كه‌م. ئه‌گه‌ر ئاوڕێك بده‌ینه‌وه و لاپه‌ڕه‌كانی مێژوو هه‌ڵده‌ینه‌وه، له سه‌رده‌می شۆڕشه‌كانی پێشتر و به‌تایبه‌تی شۆڕشی ئه‌یلوول، ئه‌گه‌رچی بانگه‌شه‌یه‌كی ئه‌وتۆ بۆ نوێبوونه‌وه له ئارادا نه‌بوو و هه‌ر له راستیشدا فه‌زا و كه‌شی نوێبوونه‌وه له ناو بۆردمان و فڕینی فڕۆكه‌دا نه‌بوو، به‌ڵام ئیراده‌یه‌كی باش و ڕه‌سه‌ن بۆ پێشخستنی هاوسه‌نگ و گونجاوی كۆمه‌ڵگه به‌تایبه‌تی ژنان، له ئارادا بوو كه نه ژنانی ده‌كرد به هه‌وێنی كار و كه‌سابه‌تی سیاسی و بازرگانی، نه ده‌یكردن به ژێر ته‌وژمی نه‌ریت و باوه كۆنه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌وه.
ئێمه له كتێبی ((كێوه‌كان تاقه دۆستی ئێمه‌ن؛ تۆرد والیسترۆم)) له لاپه‌ڕه‌ی 140دا ده‌خوێنینه‌وه و حیكایه‌تی ڕووداوێكمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه، له كاتی شۆڕشی ئه‌یلوول كه نزیكه‌ی 60 ساڵێك پێش ئێسته بووه، كاتێك به‌راوردی ده‌كه‌ین له‌گه‌ڵ توانا و هه‌لومه‌رجی ئێسته و دۆخی ژنان، جه‌رگمان قرچه‌ی لێوه دێت كه ئێسته بۆ وامان لێ هاتووه، له كتێبه‌كه‌دا ده‌ڵێت: زۆر له ڕووناكبیران كه له مانگی مارسدا تێكه‌ڵی شۆڕش بوون، لێره كۆ بوونه‌ته‌وه و هه‌وڵ ده‌ده‌ن بۆ شۆڕش به‌كه‌ڵك بن و قازانجێكی پێ بگه‌یه‌نن. ڕێنوێن و ڕێبه‌ری ئه‌مانه پرۆگرامی پارتی دیموكراتی كوردستانه.
بۆ نموونه له فه‌سڵی 23دا هاتووه: "ئێمه تێده‌كۆشین خوێندنی قۆناغی سه‌ره‌تایی بۆ ژن و پیاو بكه‌ینه ئیجباری و كۆرسی شه‌وانه بۆ كرێكاران، جووتیاران و.. دابنێین و ژماره‌ی كتێبخانان زیاد بكه‌ین، تا ئاستی خوێنده‌واریی خه‌ڵك به‌رینه سه‌ر." ئامانج ئه‌وه‌یه كه نه‌خوێنده‌واریی به ته‌واوه‌تی له‌ناو ببرێ و له ناو كڵپه‌ی ئاگری شه‌ڕیشدا ئه‌م هه‌وڵانه به به‌ربڵاوی به‌رده‌وامن و شه‌ڕ نه‌یتوانیوه پێشی بگرێ. ڕاست ئه‌و ڕۆژه‌ی كه من ده‌گه‌مه سه‌رسنگ (ناوی ناوچه‌یه‌كی گه‌شتیاریی كۆن) ئیمتحانی وانه‌ی ئینگلیزی بۆ 218 كه‌س له قوتابخانه‌یه‌كدا به‌ڕێوه ده‌چوو، قوتابییه‌كان به پرسیاره‌كانیانه‌وه له‌سه‌ر مێز و له قاعه‌ی مه‌كته‌به‌كه‌دا دانیشتوون و خه‌ریكی كاری خۆیانن. زۆربه‌ی ئه‌م قوتابیانه كه بڕیاره دوای تاقیكردنه‌وه ببنه مامۆستا، كوڕی گه‌نج و هه‌ندێكیان پێشمه‌رگه‌ن كه ڕاست له به‌ره‌ی شه‌ڕه‌وه هاتوون و چه‌كه‌كانیان له ژوورێكی تری ته‌نیشته‌وه هه‌ڵسپاردوون. به‌ڵام هێندێك كچیش به‌شداری ئه‌م تاقیكارییه‌ن."
لێره‌دا هه‌وڵدان بۆ هاوته‌ریبی و هاوسه‌نگیی نێوان ژن و پیاو له قه‌واره‌ی كولتوور و نه‌ریت و به‌پێی توانا و هه‌لی ئه‌وكاته، له‌وپه‌ڕی دره‌وشاوه‌یی خۆیدا بووه، من ناڵێم پێگه‌یه‌ك كه به ژن دراوه ئه‌وپه‌ڕی ئایدیال و دڵخوازی ئێمه بووه، به‌ڵكو ده‌ڵێم به‌پێی دۆخی ئه‌وكات ئه‌مه ده‌سپێكێكی دره‌وشاوه و ئایدیال بووه، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌م ڕێچكه ڕوونه‌ی ئاوه سازگاره‌كه بۆ به‌ره‌و پێده‌شته لیخنه‌كانی سیاسه‌ت و حزبایه‌تی داشكێنرایه‌وه، دیاره من به‌شێوه‌یه‌كی ڕه‌ها قسه ناكه‌م، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێمه چاوێكمان له مێژوو بوایه و مێژوومان به دروستكه‌ری نه‌ست و وشیاریی خۆمان دابنایه، ئێسته وای لێ نه‌ده‌هات كه له هه‌موو داوده‌زگا و ئۆرگانه‌كاندا، هه‌ستێكی ناڕه‌زایه‌تی و په‌راوێزخستن له‌لایه‌ن ژنانه‌وه له ئارادا بێت و بێگومان ئه‌م هه‌سته‌ش زه‌وینه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی له ئه‌رزی واقیعدا هه‌یه.
بۆیه نوێبوونه و مۆدێرنبوون له سه‌رشانی نه‌ریت و سوننه‌ت و ڕێسا كۆنه‌كانی باو باپیرانمان دێته ئاراوه، نه‌ك كایه و ململانێ و گوتاری پیاوسالارانه‌ی حزب كه به ده‌مامكی ژنه‌وه مكیاج ده‌كرێت و له كۆنگره و كۆڕبه‌نده‌كاندا پێشانی ده‌ده‌ن و میدیاكان ده‌رخواردمانی ده‌ده‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌م مۆدێرنبوونه‌وه‌یه ڕه‌وتێكی ته‌ندروست و بێ گرێ و گۆڵه، بۆچی هێشتا ژن له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ئه‌م لایه‌نانه‌دا خاوه‌نی ئازادیی خۆی نییه؟! بۆچی تا بیرۆكه‌یه‌ك ده‌رده‌بڕێت یان وێنه‌یه‌ك داده‌نێت، ڕووبه‌ڕووی دنیایه‌ك ته‌شهیر و جوێندان به شێوازی 100 ساڵی پێش ئێسته ده‌بێته‌وه؟! كام نوێبوونه‌وه؟ له كاتێكدا جوێنه‌كانیش هی 100 ساڵ پێش ئێسته‌ن؟!
ئه‌م پرسیارانه و ئه‌م سووكه گێڕانه‌وه‌یه‌ی من له‌باره‌ی مۆدێرنیزم و نوێبوونه‌وه، زایه‌ڵه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌گرانه له هه‌مبه‌ر ئه‌وانه‌ی كه ئه‌م زاراوه‌یه به‌كار دێنن، به‌ڵام له كرۆك و جه‌وهه‌ری چه‌مكه‌كه تێنه‌گه‌یشتوون، یان تێگه‌یشتنێكی پاشه‌كشێخوازانه‌یان هه‌یه، ده‌بێت له بیرمان بێت و بزانین ئه‌گه‌ر چه‌مكه‌كان دروست پێوه‌ست نه‌كه‌ین به بابه‌ته‌كانی ئه‌رزی واقیعه‌وه، ده‌بێت به‌م ئایرۆنی و مه‌هزه‌له‌یه كه كابرا به كه‌سێكی عه‌لمانی خۆی ده‌نوێنێت و سه‌ری زمان و بنی زمانیشی شوكری خودا و ستایشی پێغه‌مبه‌ره، ئه‌مه دژوازییه له تێڕوانین و گوتاردا، وه‌ك چۆن ئێمه ناتوانین چاوه‌ڕوانی بكه‌ین له كه‌سێكی ئاینی ستایشی عه‌لمانییه‌ت بكات، نابێ چاوه‌ڕوانیمان له كه‌سێكی كۆمۆنیست یان عه‌لمانیش هه‌بێت زمانی پڕ بێت له ده‌سته‌واژه‌ی ئاینی و هاوكات له‌گه‌ڵ دیموكراسی و ئازادی و مافی ژنان تێكه‌ڵیان كات، ئه‌مه ئه‌و درۆ گه‌وره‌یه‌ی نوێبوونه‌وه‌یه له وڵاتی ئێمه‌دا!