بۆ تێگه‌یشتن له دۆخی قه‌یراناوی و ئه‌و کێشانه‌ی ئێسته له کوردستاندا هه‌ن و بینی خه‌لک و به تایبه‌تی مامۆستایانی گرتووه، ده‌بێت تۆزێک بگه‌ڕێینه‌وه دواوه، لانیکه‌م له خۆمان بپرسین ئایا حکوومه‌تی عێراق له پاش 2003وه هه‌ڵسوکه‌وتێکی جیاوازی له حوکمڕانانی پێشووی عێراق له‌گه‌ڵ کورددا هه‌بووه؟ ئاخۆ هه‌ر له سه‌رده‌می مه‌لیک فه‌یسه‌ڵ و نووری سه‌عیده‌وه تا عه‌بدولکه‌ریم قاسم و سه‌دام حسێن، ئێمه ته‌نانه‌ت یه‌ک به‌ڵێنی ڕاست و وه‌فادارنه‌مان له‌وان بینیوه؟... پرسیارێکی ساده‌ی سه‌ره‌تایی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره مێژووییانه ده‌داته‌وه ئه‌ویش ئه‌مه‌یه: بۆچی له ماوه‌ی نزیکەی 20 ساڵدا تا ئێسته ماده‌ی 140 بچووکترین هه‌وڵی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراقی و حکوومه‌ته یه‌ک له دوای یه‌که‌کانییه‌وه بۆ نه‌دراوه؟ هه‌ڵوەسته‌یه‌کی کورت له‌م پرسیاره‌ی دوایی له سه‌رده‌می مێژوویی نزیکدا کۆی وه‌ڵامی پرسیارەكانی تر که پێوه‌ستن به مێژووی عێراق له سه‌رده‌می دامه‌زراندنییه‌وه تا 2003 ده‌ده‌نه‌وه.
له 2003وه که کورد خۆنه‌ویستانه و خاکه‌ڕایانه و به باوه‌ڕداریی به کولتووری پێکه‌وه‌ژیان و هاوبەشی سیاسیی عێراقی نوێی خسته‌وه سه‌ر پێ و هه‌ڵاتووە ئۆپۆزسیۆنه‌کانی وه‌ک مالیکی و... فێری بۆینباخبه‌ستن و ئه‌ته‌کێت کرد، تا ئێسته ئێمه له ده‌یان وێستگه‌ی چاره‌نووسساز و گرنگدا نیازپیسی و گڵاویی حوکمڕانانی به‌غدامان بۆ ده‌رکه‌وتووه، پێم وایه سیاسته ئابوورییه‌کانی کابینه‌ی نۆیه‌م له لایه‌ک و خواستێکی گشتیی خۆبژێویی و له‌سه‌رپێی خۆ وه‌ستان له ناو کوردستاندا، به ئاڕاسته‌ی ئه‌وه‌دا بووه و هه‌یه که سێبه‌ری ڕه‌شی نیازه گڵاوه‌کانی به‌غدا به هه‌ر سه‌ختی و دژوارییه‌ک که له به‌رده‌مماندایه، کاڵ بێته‌وه و نه‌مێنێت. به‌ڵام ئه‌م پرۆسه‌یه هێشتا زۆری ماوه و پێویسته ڕۆشنگه‌ریی زیاتری بۆ بکرێت و ئاگاییبه‌خشی و زانیاری پێدان نه‌که‌وێته بازنه‌ی ململانێی حزبی و ناوخۆییه‌وه.
ئه‌م بابه‌ته باڵێکی ئه‌و هاوکێشه‌یه‌ك پێک دێنێت که به پله‌ی یه‌که‌م قه‌یرانسازه، باڵێکی تر‌ی ئه‌م هاوکێشه‌یه له ڕاستیدا یه‌کنه‌گرتوویی و په‌رته‌وازه‌یی ماڵی کورده، ئه‌گه‌ر ئه‌مه نه‌بوایە سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئالنگاری و زه‌خته‌کان، ئێمه ئه‌و گورزه‌مان له‌لایەن هاوکارانی میلیشیا و هێزه فاشییه عێراقییه‌کانەوە له پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2023-2025دا به‌رنه‌ده‌که‌وت و ئێسته نه‌ده‌بوو به ئامرازێکی گوشارخستنه سه‌ر خه‌ڵک و حکوومه‌تی هه‌رێم.
بێگومان دۆخی گشتیی ئابووریی جیهان له‌ناو جۆره قه‌یرانێکی سه‌رانسه‌ریدا ده‌ژی و بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێت ده‌بێت خۆمان بۆ سه‌رده‌مێکی سه‌خت (به‌و هیوایه‌ی هه‌ر دانه‌یه‌ت و نه‌گات) ئاماده بکه‌ین، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا حکوومه‌تی عێراق و ئه‌و لایانانه‌ی بانگه‌شه‌ی ڕاده‌ستکردنی دەسەڵاتە داراییه‌کانی هه‌رێمیان بۆ به‌غدا ده‌کرد، به پله‌ی یه‌که‌م له‌م دۆخه‌دا به‌رپرسن. من ناڵێم حوکمڕانی کوردی بێ که‌موکوڕییه، به‌ڵام لانیکه‌م خه‌ڵکی خۆی برسی نه‌ده‌کرد، درەنگ و زووی بوو، به‌ڵام هه‌ر ده‌هات.
برسیکردنی خه‌ڵکی کوردستان و بێ مووچه‌یی، به‌ر له‌وه‌ی پێوه‌ست بێت به بابه‌تی دارایی یان ڕێکنه‌که‌وتنی سیاسیی، گرێدراوه بۆ پلانی دژه کوردی ده‌سه‌ڵاتی عێراقییه‌وه، مامۆستاکان و مافه ڕه‌واکانیان زه‌قترین و دیارترینی ئه‌م بابه‌ته‌ن که پلانه‌که زۆرترین پەستان و سه‌ری ڕمه‌که‌ی له‌سه‌ر دڵ و گیانی ئه‌وان چه‌قاندووه. ئه‌م برسیکردن و گوشارەی سه‌ر خه‌ڵکی کوردستان، زیاتر ئایدۆلۆجییه تا سیاسی، ڕه‌نگه ئه‌مه وته‌یه‌کی سه‌یر بێ، به‌ڵام له راستیدا ئێسته له ڕووی سیاسی و كارگێڕییەوە هیچ کێشه‌یه‌ک بۆ ناردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له ئارادا نییه و ئه‌وه‌ی هه‌یه ڕق و بوغزی ئایدۆلۆجیای سیاسیی شیعه و کو‌لتووریی خۆپه‌رست و شۆڤێنیی عه‌ره‌به که حه‌ز له ئازاردانی ئەویتر و سادیسم ده‌کات و سه‌رتاپای مێژووی عێراق ده‌رهه‌ق به ئێمه، هه‌ر له‌م دێڕانه‌دا کورت ده‌کرێنه‌وه.
مامۆستایان و قوتابخانه ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین کۆڵه‌که‌ی یه‌که‌م و ماڵی سه‌ره‌کی، ئه‌وا به دڵنیاییه‌وه کۆڵه‌که‌ی دووه‌م و خانه‌ی دووه‌مینی منداڵانی ئێمه‌ن. به ده‌ربڕینێکی دیکه، قوتابخانه و مامۆستا به‌ڕێزه‌کان ژووری دووه‌می ئه‌م خانووه گه‌وره‌ی کۆمه‌ڵگە و ئه‌و ته‌لاره مه‌زنه‌ی نه‌ته‌وه‌ی ئێمه‌ن و له هه‌موو سه‌رده‌مه‌کاندا مامۆستا ڕچه‌یه‌کی به‌رز و پیرۆزیان له کوردایه‌تی و جوامێری و ڕه‌وشتبه‌رزیی خستووه‌ته ڕوو، کۆمه‌ڵی ئێمه‌یان له ڕووی به‌ها کوردانه به‌رزه‌کانه‌وه سه‌ربه‌رز و جوامێر هێشتووه‌ته‌وه و من خۆم وه‌ک مامۆستایه‌ک هێنده خه‌می پێداویستییه‌کانی خۆم و منداڵه‌کانمه، چه‌ند هێنده‌یش په‌رۆشی ئه‌و دۆخه گشتییه‌م که به‌سه‌ر مامۆستایانی هاوڕێ و هاوکارمدا سه‌پێنراوه، که‌واته زامێکی هاوبه‌ش هه‌یه. به‌ڵام ڕێگه‌چاره چییه؟
به دڵنیاییه‌وه وه‌ک وتم، مامۆستایان مافی خۆیانه ده‌یان خۆپێشاندان بکه‌ن و داوای مافه‌کانیان بکه‌ن، به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه و زۆر به داخه‌وه، ئێمه بووینه‌ته سووته‌مه‌نیی ململانێی ئایدۆلۆجیی شیعه‌ی عێراقی و نایه‌کگرتوویی ناوخۆیی و کاڵفامیی عێراقچییه‌کان.
حکوومه‌تی هه‌رێم ده‌سه‌ڵاتێکی کوردییه که به خه‌ون و خوێنی باوک و براو و خوشکی ئێمه به‌رپا بووه، ئه‌م حکوومه‌ته به‌رپرسه، به‌ڵام خۆ تاوانبار نییه، (ئه‌و شته‌ی که عێراقچییه‌کان و عێراق ده‌یه‌وێت بیخاته ناو ڕای گشتییه‌وه)، ڕاستییه‌کی تاڵ ئه‌وەیه که ئێسته که نه‌وتیشی ڕاده‌ستی به‌غدا کردووه، توانا داراییه‌کانی سنووردارن و ئه‌م دۆخه‌یش درێژکراوه‌ی هه‌مان ئه‌و پیلانه‌یه که فاشییه‌کانی عێراق و هاوپه‌یمانه ناوچه‌ییه‌کانیان دایانڕشتبوو، بۆیه دەڵێم هاوکاریی و هه‌رەوه‌زیی کۆمه‌ڵایه‌تیی له قۆناغه سه‌خته‌کانی ژیانی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌کدا، بابه‌تێکی ئاساییه و به‌پێی به‌ها به‌رزه‌کانی ئه‌خلاق و مرۆڤدۆستییه. واته ئێمه وه‌ک هاووڵاتیی به هه‌ر پیشه و کارێکه‌وه، بتوانین ڕێزی مادی و مه‌عنه‌وی به هه‌ر شێوه‌یه‌ک له ده‌ستمان دێت، بگه‌ڕێنینه‌وه بۆ مامۆستاکان.
ڕوانگه‌یه‌کی باو هه‌یە ده‌ڵێت، قه‌یران دوو واتای هه‌یه، یه‌کیان کێشه و ئه‌ویتریان ده‌رفه‌تە. پێم وایه له هه‌ناوی قه‌یرانه‌کاندا ده‌شێت هه‌ل دروست بکه‌ین، له‌م دۆخه سه‌خته‌یشدا ده‌کرێت ئێمه ڕۆحی هاوکاریی و پشتگیری بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌م قۆناغه دروست بکه‌ین، هیچ عه‌یب و لۆمه‌یه‌کیشی تێدا نییه و مێژووی هه‌موو وڵاتان پڕه له‌م بابه‌ت و قۆناغانە و هه‌ر له ئه‌مەریکاوه بگره تا ژاپۆن که دوو وڵاتی پێشکه‌وتوون، ئه‌م حاڵەتەیان تێدا بینراوه، تەنانەت سووریا و لبنانیش، بۆیه به ڕێزه‌وه ده‌بێ بڵێین مامۆستایه‌تی پیشه‌ی ئه‌نبیا و پێغه‌مبه‌ران بووه وه‌ک ده‌ڵێن، بۆیە ئێمه ده‌بێت وه‌کوو هاوزمان و هاوئاین و هاونه‌ژاد چیمان له ده‌ست دێت بۆ پاراستنی که‌رامه‌تی ئه‌وان له قه‌واره‌ی پلانی گه‌وره و بچووکی کۆمه‌ڵایتی-ئابووریدا بیخه‌ینه ڕوو و جێبه‌جێی بکه‌ین.