به‌ڕێوه‌چوونی فێستیڤاڵی هه‌نار له دوو شاری هه‌ڵه‌بجه‌ی خۆشه‌ویست و هه‌ولێری پایته‌خت، ڕووداوێکی ئاسایی و بازاڕیی ساده و سروشتی نییه، به‌ڵکوو ئه‌وه‌ی له پشت ئه‌م ڕووداوه‌وەیه ئیراده‌یه‌کی کوردانه و په‌رۆشییه‌کی پاشه‌ڕۆژبانه‌یه که له‌لایه‌ن جووتیارێکی په‌رۆش و بوێره‌وه بۆ داهاتووی نیشتمانه‌که‌ی ده‌خرێته ڕوو. ڕاسته له‌م دوو فێستیڤاڵه‌دا هه‌نار وه‌ک میوه و به‌رهه‌مێکی تایبه‌ت به کوردستان خرایە ڕوو و بازاڕی بۆ دروست كرا، به‌ڵام هه‌وڵه‌کانی ئه‌م جووتیاره ته‌نیا به هه‌ناره‌وه نه‌گیرساوه‌ته‌وه، ئه‌گه‌رچی هه‌ر له هه‌ناردا له ڕێگه‌ی په‌یوه‌نکردنەوە شه‌ش جۆری جیاوازی به‌رهه‌م هێناوه که یه‌کیان هه‌ناری ڕه‌شه.
لەولایشەوە هه‌ر له زه‌نجه‌فیل و زه‌رده‌چه‌وه‌وه بگره تا قامیشی شه‌کر و په‌تاته‌ی تایله‌ندی که وه‌ک جێگره‌وه بۆ گه‌نم و جۆ و ئاردی لێ به‌رهه‌م دێت و ده‌یان به‌رهه‌م و داهێنانی دیکه له بواری کشتوکاڵدا، مزگێنیده‌ری ئه‌وه‌ن که ئێمه کۆمه‌ڵگەیه‌کی کارداهێن و ژیر و ژۆڵمان هه‌یه. به ڕاستی ئه‌و په‌تاته‌یه که داره‌که‌ی سێ مه‌تر و نیو باڵایه‌تی و له هیچ کام له وڵاتانی عه‌ره‌بی و ته‌نانه‌ت ئێرانیشدا نه‌کراوه و به‌رهه‌م نه‌هاتووه، وه‌ک شۆڕشێکی کشتوکاڵییە.
ئێسته قه‌یرانی ئاو هه‌موو ڕۆژهه‌ڵاتی ناوینی گرتووه‌ته‌وه و چه‌ند ساڵی دواتر ڕووی کاره‌ساتاوی ئه‌م قه‌یرانه زیاتردەبینرێت، به‌هۆی که‌مئاوی و وشکه‌ساڵییه‌وه به‌رهه‌مه‌کانی وه‌ک گه‌نم و جۆ به ئاستی پێویست به‌رهه‌م نایه‌ن، به‌ڵام ئه‌و په‌تاته‌یه که له دۆخی که‌مئاوی و وشکه‌ساڵیشدا هه‌ر به‌رهه‌م دێت، هه‌م له ڕووی خواردنەوە وه‌ک خۆراک و هه‌میش گۆڕینی بۆ ئارد، دەتوانێ ئیحتیاجی وڵاتێک دابین بکات. ئه‌مه ده‌بێت وه‌ک ڕووداوێکی ستراتیجی ببینرێت که هاوکێشه‌ی سیاسیی له کاته قه‌یراناوییه‌کاندا له به‌رژه‌وه‌ندی وڵات ده‌گۆڕێت.
کوردستان له ڕێگه‌ی نه‌یار و داگیرکه‌رانه‌وه گه‌مارۆ دراوه، ئه‌گه‌ر پێیان بکرێت هه‌ناسه‌دانیشمان پێ ڕه‌وا نابینن، مه‌گه‌ر به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان، ئه‌وه ئێران هه‌موو ئەو سه‌رچاوه ئاوییانەی له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانه‌وه ده‌ڕژێنه باشوور، تێکی داوه و که‌مترین ئاستی ئاو ده‌گاته كوردستان، جگه له‌وه‌ی ئه‌و سه‌رچاوه ئاساییانه‌یشی ناڕژێنه باشوورەوە هه‌مووی ده‌سکاری کردووه و قه‌یرانێکی ژینگه‌یی گه‌وره‌ی دروست کردووه که وشکبوونی گه‌وره‌ترین ده‌ریاچه‌ی جیهان /ده‌ریاچه‌ی ورمێ/ ته‌نیا یه‌کێکه له کاره‌ساته‌کان!
بێگومان ئه‌مه له‌سه‌ر کۆی ناوچه‌که کاریگه‌ر ده‌بێت و ئێرانیش درەنگ یان زوو گورزی کوشنده‌ی به‌رده‌که‌وێت، چونکه ئه‌وان ئه‌م تێڕوانین و به‌سیره‌ته‌ی جووتیارێکی وه‌ک" کاک ئازاد محەمەد"یان نییه، ئه‌مه پێداهه‌ڵگوتن و خۆگه‌وره‌بینی نییه، به‌ڵکوو دداننان به ڕاستی و درککردن به لێهاتوویی خۆمانه، تا بتوانین له هه‌موو ڕوویه‌که‌وه خۆمان بۆ ڕۆژانی سه‌خت و قه‌یراناوی داهاتوو ئاماده بکه‌ین. ڕه‌نگه ئه‌گه‌ر تۆزێک ڕه‌خنه‌گرانه سەیری مێژووی گه‌شه‌سه‌ندنی کوردستان له پاش ڕاپه‌ڕین بکه‌ین، ده‌بوو ئه‌م کارزانی و داهێنانه‌ی له بواری کشتوکاڵدا 15 بۆ 20 ساڵ پێش ئێسته ده‌ستی پێ بکرایە تا ئێسته بنه‌ماکانی ئابوورییه‌کی نانه‌وتیی به‌هێز، کوردستانی له هه‌ر جۆره گوشار و یارییه‌کی سیاسیی و شۆڤێنیی عێراق و وڵاتانی داگیرکه‌ری دراوسێ، دوور خستایه‌ته‌وه.
ئه‌گه‌رچی ئه‌م پرۆژه‌یه به‌ڕاده‌ی پێویست له‌لایه‌ن حکوومه‌تی هه‌رێم و خه‌ڵکی وشیاری کوردستانه‌وه پێشوازی لێ کراوه و بێگومان ده‌شێت له ئاستێک‌دا یارمه‌تیش درابێت، به‌ڵام له ڕاستیدا ده‌بێت ئێمه ئه‌و جووتیارە وه‌ک یارمه‌تیده‌رێک ببینین، ئه‌و سه‌رمایه‌یه‌که داهاتووی له چنگدایه، ئه‌و وه‌ک پێشمه‌رگه‌یه‌ک خاک و نهێنییه‌کانی ده‌ناسێت، ده‌زانێت خاکی کوردستان چ گه‌وهه‌ر و کانزایه‌ک به‌رهه‌م دێنێت، ئه‌مه‌یشی تا ئێره سه‌لماندووه.
خاڵی باش و دڵخۆشکه‌ر ئه‌وەیە که سیاسه‌تی ئابووریی کابینه‌ی نۆیه‌م له‌گه‌ڵ هه‌موو گوشار و لێدانه‌کانی عێراق و ده‌سته ناپاک و ده‌ره‌کییه‌کاندا، به ئاڕاسته‌ی گه‌شه‌پێدانی ئابووریی نانه‌وتی و به تایبه‌تی هه‌ل خۆشکردن بۆ جووتیاران بووه و هەوڵ دراوە بۆ ساغکردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌کانیان له ده‌ره‌وه و له‌و پێناوەدا به ڕاستی حکوومه‌تی هه‌رێمی سه‌رکێشیی گه‌وره‌ی کردووه و ئاسۆمان بۆ ڕوون ده‌کاته‌وه.
جیاواز له پرۆژه ستراتیجییه‌که‌ی ئه‌م جووتیاره و خزمه‌تکردنی به ئابووریی نانه‌وتی، وه‌ک سیمبول و هێمایه‌کیش به‌روبوومه کوردییه ڕه‌سه‌نه‌کانی ژینگه‌ی کوردستان به دنیا ده‌ناسێنیت، ئه‌مه‌یش خۆی ڕه‌هه‌ندی کو‌لتووریی و شوناسمه‌ندانه‌ی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه.
هه‌نار ده‌یان ڕاز و چیرۆکی له‌سه‌ره له ئه‌ده‌بی زاره‌کی و فۆلکلۆریی کوردی‌دا، نموونه‌ی هه‌رە دیار ئه‌فسانه‌ی "ده‌نکه هه‌ناره". پرۆفیسۆر مارف خه‌زنه‌دار له مێژووی ئه‌ده‌بی کوردی‌دا و له به‌رگی سێیه‌م که باسی ئه‌ده‌ب و ئاینی یارسان ده‌کات، ده‌ڵێت: پیر میکایلی ده‌ودانی ئامۆزای سوڵتان سه‌هاک (1272-1388ز)، پاش ئه‌وه‌ی ده‌بێ به یه‌کێک له یاره هه‌ره نزیکه‌کانی سوڵتان، (سارێ یان شارێ)ی کچی پێشکه‌ش ده‌کات و ده‌بێ به کاره‌که‌ری. له‌و ماوه‌یه‌دا سوڵتان دارده‌ستی شا ئیبراهیم /که هێشتا منداڵ ده‌بێ/ ده‌داته پیر ئیسماعیلی گوڵان بۆ ئه‌وه‌ی له باغی نیهالدا شه‌تڵی بکا. فه‌رمانی سوڵتان جێبه‌جێ ده‌کرێ. له پاشان دار شین ده‌بێ و گوڵ ده‌دا و هه‌نار ده‌گرێ، هه‌نارێک بۆ سوڵتان دێنن، سوڵتان فه‌رمان ده‌رده‌کا بۆ جه‌م، هه‌موو یاران کۆ ده‌بنه‌وه، ئه‌مه یه‌که‌مین جه‌م بووه له پردیوه‌ر و له دواییدا نوایان نا (نیاز).
سوڵتان داوا له پیر بنیامین ده‌کات که دوعای نیاز بخوێنێته‌وه، به‌ڵام له حوزوری سوڵتاندا ئه‌م کاره‌ی بۆ هه‌ڵنه‌سووڕا. سوڵتان ڕووی کرده داوود و پیر مووسا ئه‌وانیش بۆیان نه‌کرا، ئینجا داوای له چه‌ند یارێکی تر کرد، به‌ڵام بێ سوود بوو و که‌سیان بۆیان نه‌کرا. ئیتر سوڵتان فه‌رمانی دا سه‌ید محه‌مه‌دی گه‌وره سواره‌ی کوڕی داوای جێبه‌جێ بکا، پاش خوێندنه‌وه‌ی دۆعا، هه‌نار ده‌بەنه خزمه‌تی داوود بۆ ئه‌وه‌ی به‌شی بکا به‌سه‌ر ئاماده‌بووانی جه‌م، ئه‌ویش به‌شی ده‌کات.
به ڕێکه‌وت ده‌نکی هه‌نار ده‌که‌وێته درزی فه‌رشه‌کانه‌وه. له کاتێکدا که (سارێ یان شارێ) دێ و جه‌مخانه گسک ده‌دا و پاکی ده‌کاته‌وه، ده‌نکێ هه‌نار ده‌دۆزێته‌وه، هه‌ڵی ده‌گرێ و ده‌یخاته ده‌مییه‌وه. پاش ماوه‌یه‌ک زگی پڕ ده‌بێ، ئینجا کوڕێکی له ده‌مه‌وه ده‌بێ، موعجیزه‌یه‌کی تری کردگار ده‌که‌وێته ناوه‌وه. ئه‌م ڕووداوه ئه‌فسانه‌ییه که له شیعری ئاینی یارساندا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه، به‌سه‌رهاتی په‌یدابوونی بابایادگارمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه که له ده‌نکه هه‌ناری پیرۆز له کیژێک له ده‌مه‌وه له‌دایک بووه، دیاره بێ باوکیشه، بۆ ئه‌وه‌ی ببێته کردگار و له پێستی ئاده‌مزاددا خۆی بنوێنێت.
ئه‌م به‌سه‌رهاته ئه‌فسانه‌یی و دیرۆکییه ته‌نیا یه‌کێک له‌و گێڕانه‌و‌انه‌یه که‌له ڕێگه‌ی میوه‌ی پیرۆزی هه‌ناره‌وه له‌دایکبوونی پیر و گه‌وره ئایندارانی ئه‌م وڵاته له مێژینه‌یه‌مان بۆ باس ده‌کات. ئه‌م باسه وه‌ک ده‌نکه‌کانی هه‌نار و شارۆکه‌ی هه‌ناوی هه‌نار، ئاڵۆز و به توێکڵ و ڕه‌نگینه، به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه ده‌ڵێم پرۆژه‌ی ستراتیجی جووتیاره نموونه‌ییه‌که، ده‌توانێ له‌م سۆنگه‌یه‌شه‌وه خزمه‌ت به ڕه‌مز و سیمبوله‌کانی ئه‌م وڵاته کۆن و له‌مێژینه‌یه بکات.