یه‌كێك له‌و دیاردانه‌ی كه له‌م ساڵانه‌ی دواییدا ژیانی ورد و درشتمانی به‌زۆری داگیر كردووه میدیایه. پێشتر میدیا زیاتر و زۆرتر ئامرازێك بوو بۆ ڕاگه‌یاندنی هه‌واڵ و هه‌ندێك جار زانیاری و جاروباریش دۆكیۆمێنت، دیاره كاتێك باسی میدیا ده‌كه‌م، مه‌به‌ستم میدیایه له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی و هه‌روه‌تر مه‌به‌ستم میدیایه‌كه كه ده‌نگی شۆڕش و شاخ به هه‌موو مانا كولتووری، سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی بووه.
دیاره له دۆزی ئێسته و له پرۆسه‌ی ئیشی میدیایی و هه‌واڵ و زانیاری‌دا، ڕاسته‌قینه‌ی هه‌واڵ و زانیاریی له‌سه‌ر ڕووداو یان بابه‌تێك ئیتر پێوه‌ندیی تۆكمه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ دنیای واقیعدا وه‌ك ساتی یه‌كه‌می ڕوودان و هاتنه‌ئارایان نامێنێت، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی هه‌یه زیاتر لێكدانه‌وه یان شیكاری و له هه‌مووش گرنگتر شێوازی داڕشتنی هه‌واڵه. كاتی وا هه‌بووه له قۆناغێكدا له داڕشتنی هه‌واڵی په‌یكێك یان ته‌ته‌رێكدا گیانی كه‌سێك یان ئه‌و په‌یك و ته‌ته‌ره ڕزگار بووه یان به فه‌نا چووه. نموونه‌یه‌كی دیاری ئه‌مه له زمانی فارسی‌دا هه‌یه كه به‌هۆی فاریزه‌یه‌كه‌وه واتای ڕسته‌یه‌كی چاره‌نووسساز به‌ته‌واوه‌تی ده‌گۆڕێت.
نامه‌یه‌كیان داوه به په‌یكێك كه ئه‌م ڕسته‌یه به دوو جۆر تێدا نووسراوه، دوو جۆر واته ته‌نیا یه‌ك فاریزه پاش و پێش خراوه، به‌ڵام به هه‌مان وشه و ڕسته‌وه مانایه‌كی ته‌واو دژ به‌یه‌ك له ڕستێك وشه‌وه به ده‌ست ده‌درێت. ڕسته‌كه ئه‌مه‌یه: ((لێبوردن، پێویست ناكات له سێداره‌ی بده‌ن))، (دیاره فاریزه‌كه پێمان ده‌ڵێت لێی ببوورن و پێویست ناكات كه‌سه‌كه له سێداره بده‌ن) ئه‌وه‌ی تریان به‌م شێوه‌یه‌یه: ((لێبوردن پێویست ناكات، له سێداره‌ی بده‌ن))، (دیاره فاریزه‌كه مانای ڕسته‌كه‌ی به‌ته‌واوه‌تی گۆڕیوه و پێمان ده‌ڵێت پێویست ناكات لێی ببوورن و له سێداره‌ی بده‌ن). ئه‌م نموونه‌یه به ئاسانی پێمان ده‌ڵێت ئه‌و لایه‌نانه‌ی هه‌واڵیك كه ده‌شێت میدیایه‌ك زه‌قی بكاته‌وه له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی واقیعه.
بۆ نموونه چاو له‌م هه‌واڵه بكه‌ین: به‌هۆی بۆردمانه‌كانی ئیسرائیل 30 هه‌زار كه‌س كوژراو و بریندار بوون: دیاره به‌هۆی وشه‌ی كوژراو و بریندار كه له پاڵ یه‌كتره‌وه هاتوون، ئێمه واده‌زانین به‌شێكی به‌رچاویش بریندارن، به‌ڵام ڕاستییه‌كه‌ی تێده‌گه‌ین كه برینداره‌كان ناگه‌نه هه‌زار كه‌سیش له‌و هه‌واڵه‌دا و زۆرترین كوژراوه‌كانن (جگه له ئاواره و بێسه‌روشوێنه‌كان!)، له‌و هه‌واڵه‌دا به ته‌كنیكی داڕشتنی ئاراسته‌كراوی هه‌واڵه‌كه، ڕاستی و واقیعی ڕووداوه‌كه شاراوه‌ته‌وه. ئه‌مه بۆ زۆر بابه‌ت و شتی تریش ڕاسته: بۆ نموونه كاتێك میدیا عه‌ره‌بییه‌كان به كوردستان ده‌ڵێن ((شمال عراق)) ته‌نیا مه‌به‌ستیان ئه‌وه نییه بڵێن قه‌واره‌یه‌ك به ناوی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و نه‌ته‌وه‌یه‌ك به ناوی كورد نییه، به‌ڵكو مه‌به‌ستیانیشه هه‌ندێك جار ئه‌مه بگه‌یه‌نن كه كورده‌كان دانیشتووی ئه‌وێن نه‌ك خاوه‌نی ئه‌و وڵاته دێرین و مێژووییه.
بۆیه له ڕووی ئه‌م نموونه سادانه، تێده‌گه‌ین كه ژیانی ئێمه چۆن له ڕێی داڕشتن یان فورموڵه‌كردنی هه‌واڵ یان به ده‌ربڕینێكی تر، به مه‌كیاجكردنی واقیع، پڕ ده‌بێت له خوێندنه‌وه و زانیاریی ناڕاست یان نیوه ڕاست و له سۆنگه‌ی ئه‌وه‌شه‌وه بڕیار ده‌ده‌ین، هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی خۆمانی له ناو كۆمه‌ڵگه و له بازنه‌ی تۆڕه‌كانی خۆمان پێ دیاری ده‌كه‌ین.
هه‌ر به‌هۆی ئه‌م دۆخه میدیایی و دیجیتاڵییه‌یه كه هه‌ندێك له شاره‌زایانی بواری میدیا ده‌ڵێن، دنیای ئیسته‌ی ئێمه دنیایه‌كی وانوێنراو و خه‌یاڵكراوه. بێگومان دۆخێك كه ئێسته ئێمه له میدیاكانی كوردستاندا ده‌یبینین، دۆخێكی دڵه‌ڕاوكێسازه تا هێمنكه‌ره‌وه، كه‌شێكی پڕ له ململانێی سیاسه‌تزه‌ده‌یه تا جموجووڵی كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووری بۆ چاكسازیی بنه‌ڕه‌تی و ڕیشه‌یی له كۆمه‌ڵگه‌دا، كۆی ئه‌م دۆخه وایكردووه ئێمه وه‌ك به‌كارهێنه‌رانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان تا لاپه‌ڕه‌كه‌مان ده‌كه‌ینه‌وه، له‌گه‌ڵ دنیایه‌ك هه‌واڵی زه‌قكراو و زانیاریی تۆقێنه‌ردا ڕووبه‌ڕوو ببینه‌وه كه ئه‌وه ئاخرزه‌مانه و ده‌بێت ئێمه چاوه‌ڕوانی هه‌ڵاتنی ڕۆژ له رۆژئاوا و داكه‌وتنی له ڕۆژهه‌ڵات بكه‌ین.
ڕاسته به‌شێكی دنیا ئێسته له ناو ناكۆكی و جه‌نگ و ئاواره‌یی و كه‌شی ناخۆش و پڕ زه‌ختی ئابووریدا ده‌ژی، به‌ڵام خۆ نابێت هه‌موو میدیاكانی دنیا وه‌ها هه‌واڵه‌كان ڕووماڵ بكه‌ن كه به‌ڵێ هیچ ئاسۆیه‌كی ڕوون نییه و ئێمه ده‌بێت چاوه‌ڕوان بین بزانین كام هێزی ئاخرزه‌مانی له‌ودیو كه‌له نه‌ناسراوه‌كانه‌وه، ده‌گاته سه‌رمان و هه‌موو شته‌كان به ئیراده‌یه‌كی به‌رزه‌مرۆییه‌وه یه‌كلا ده‌كاته‌وه.
مه‌به‌ستی من له‌م باسه ئه‌وه نییه میدیاكان ئه‌و ته‌نگوچه‌ڵه‌مه و شه‌ڕ و شۆڕانه ڕووماڵ نه‌كه‌ن، به‌ڵكو مه‌به‌ستمه له پله‌ی یه‌كه‌مدا وه‌ك واقیعی خۆیان ڕووماڵی بكه‌ن و سه‌ردێڕی هه‌واڵ داڕێژن و هیچ پێویست به زێده‌بێژی یان كه‌مبێژیی ناكات، هه‌موو هه‌وڵێك بدرێت وه‌ك خۆی ڕاستییه‌كان ده‌ربخرێت، پێویست ناكات داڕشتنی هه‌واڵ به شێوازێك بێت كه حه‌تمه‌ن بۆ نموونه حه‌ماس یان ئیسرائیل تۆمه‌تبار بكرێن، چونكه به‌رژه‌وه‌ندی و گوتاریی سیاسیی تریبۆن و كه‌ناڵی هه‌واڵساز ئه‌رێنی ده‌كات، به‌ڵكو واقیعی هه‌ردوو هێز وه‌ك چۆن نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان هه‌ردووكیانی به تاوانبار زانیوه باس بكرێت. له پله‌ی تریشدا بۆردمانكردنی به‌رده‌نگ و خوێنه‌ر و بینه‌ر و... به دنیایه‌ك هه‌واڵی تۆقێنه‌ری ڕۆژانه چ هێز و ئیراده و ئومێدێك بۆ تاكی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه ده‌هێڵێته‌وه، تا له گۆڕه‌پانی ژیانی خۆیشدا به هیوا و گه‌شبینانه‌وه بجووڵێته‌وه؟.
واتا دنیا جگه له‌م تاریكییانه هیچ تیشك و گزینگێكی ژیانبه‌خشی بچووكیشی تێدا نییه؟ له كاتێكدا ده‌نگی كۆتایی و ئاخرزه‌مان له هه‌موو میدیاكان وه‌ها به‌رز و بڵنده، من له كوێدا به‌دوای گزنگی ژیاندا بگه‌ڕێم؟! من حه‌زم ده‌كرد وه‌ك ڕۆژنامه‌نووسێك كه بۆ "وشه" ده‌نووسم، "وشه" به‌شێكی جیاواز و تایبه‌تی هه‌بوایه كه شیكاری و وردبوونه‌وه‌ی له ڕه‌هه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی، سایكۆلۆجی و فه‌رهه‌نگیی تێكهه‌ڵكێشی ئه‌م هه‌واڵه تۆقێنه‌ر و پڕدڵه‌ڕاوكێیانه‌ی ڕۆژانه بكردایه، وه‌ك چۆن ده‌زگای "وشه" له هه‌موو بواره‌كاندا هه‌وڵی چالاكی داوه و هیوادارم به ئه‌مه‌ش هه‌ستێ و ئه‌و كه‌لێنه‌ش پڕ بێته‌وه.
قسه‌ی پوختی من به‌نیسبه‌ت ئه‌م ڕووداوانه‌ی ڕۆژانی ڕابردووی كوردستانیشه‌وه ئه‌وه‌یه، پێویست ناكات كێشه خێزانییه‌كان به‌و زه‌قی و زۆرییه‌وه و ته‌نیا له پله‌ی گێڕانه‌وه‌یه‌كی ئاڵۆز و لێڵ و پێل بهێنرێته سه‌ر شاشه‌كان، هێنده‌ی پێویسته كه لایه‌نه پسپۆڕانه‌كانی بواری خێزان، به زانست و وردبوونه‌وه‌وه بپه‌رژێنه سه‌ر ئه‌م بابه‌تانه. ئه‌م دۆخه سه‌ره‌ڕۆ و ئاخرزه‌مانییه‌ی كه له به‌شێكی زۆر له میدیا كوردییه‌كاندا هه‌یه، هیچ هه‌ستێك له هێمنی و ئۆخژنی له تاكی كۆمه‌ڵگه و به‌تایبه‌تی ژنان و كچاندا ناهێڵێته‌وه و له ڕووی پێوه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تی و جووڵه و گه‌شه‌ی تاكه‌كه‌سییانه‌وه، پڕیان ده‌كات له سترێس و دڵه‌ڕاوكێ، ئه‌مه‌ش پرۆسه‌یه‌كی توندوتیژ و خێرای ڕۆژانه‌یه كه ئه‌و به‌شه له میدیاكان بۆ بینینی زیاتری خۆیان و بوون به یه‌كه‌می بێ ڕكابه‌ر، ئه‌م یارییه ناته‌ندروستانه ده‌كه‌ن. هیوادارم "وشه" هه‌ر به‌م نه‌رمی و هێواشی و هاوكات قووڵ و كاریگه‌رییه‌وه بیرێك له پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌لێنه‌ش بكاته‌وه.