کاتێک باسی جادوو ده‌که‌ین هاوکات باسی زانست و سنووره‌کانیشی ده‌که‌ی، به‌ڵام به دوو ئاڕاسته و ڕێبڕینی پێچه‌وانه‌دا. مێژووی زانست و جادوو له ڕووی خواست و ئاره‌زووی به‌دیهێنانی نه‌کرده و مه‌حاڵه‌کانەوە، هاوبه‌شییه‌کی تایبه‌تیان هه‌بووه، تا کاتێک زانست به میتۆدی بینین و وردبینی و به بنه‌ماگرتنی ئه‌زموون له سۆنگه سروشتییه‌که‌یه‌وه، ڕۆژ دوای ڕۆژ واقیعی که‌ون و جیهانی سروشتی زیاتر ناسی و ددانی به سنووری توانایی و هاوکات ناتواناییه‌کانی خۆیدا نا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له ڕێگه‌ی به‌ڵگه و لۆجیکه‌وه هه‌ردوو ئه‌م سنوورانه‌ی بۆ ئێمه جیا ده‌کرده‌وه.
چیرۆکی جادوو خاڵی ده‌سپێک و بڵندونه‌وی خۆی هه‌یه، جادوو ئه‌و به‌شه له زانست بوو که ملی نه‌دا به‌و ڕاستییانه‌ی ده‌یدۆزینه‌وە، واته مرۆڤ هه‌م وه‌ک زانستوه‌ر و هه‌میش وه‌ک جادووگه‌ر، ئه‌زموونی خۆی له هه‌رکامیان خسته ڕوو. ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان به زانست و تیشکی ڕێگەڕۆشنکه‌ره‌که‌ی هێنا، زانییان جادوو ته‌نیا حه‌ز و خواستی مرۆڤ بووه له سه‌رده‌مه که‌ونینه و دێرینه‌کاندا بۆ به‌دیهێنانی په‌ڕجوو و شته مه‌حاڵه‌کان.
ئه‌م خواست و ئاره‌زووه هه‌ر له ده‌قێکی وه‌ک گلگامیشه‌وه بگره تا هه‌موو ئه‌و کتێبه ئاینیانه و سه‌رتاپای ئه‌ده‌بی مرۆیی (هه‌ڵبه‌ت هه‌رکام به مانا و ده‌لاله‌تی گوتاری خۆیان) ده‌گرته‌وه و ده‌گرێته‌وه. واته له ڕوانگه‌ی زانسته‌وه ئاره‌زووه‌کان ته‌نیا شتگەلی ناوه‌کی یان به ده‌ربڕێنێکی تر، زه‌ینی و ئابستراکتن، وه‌ک گه‌یشتن به نه‌مری (ئه‌وه‌ی گلگامیش به‌دوایدا دەگەڕا بۆ ڕزگارکردنی ئه‌نیکیدۆی هاوڕێی له مردن)، یان هه‌میشه گه‌نج مانه‌وه که ئێمه له کتێبه پیرۆزه‌کاندا پێوه‌ندیی په‌ڕجووئامێزی جیهانی بانسروشت له‌گه‌ڵ گه‌نجکردنه‌وه‌ی حه‌زره‌تی ئه‌یووب ده‌خوێنینه‌وه یاخۆ له ڕۆمانێکی وه‌ک بارۆنی سه‌رداره‌کانی ئیتالۆ کالیڤینۆ (وه‌رگێڕانی عه‌تا نه‌هایی بۆ کوردی)، پاڵه‌وانی سه‌ره‌کیی چیرۆکه‌که ده‌بینین که له ڕێگه‌ی زیزبوون و تۆرانێکی ئاسایی خێزانییه‌وه ده‌بێت به به‌شێک له ژیانی بان‌سروشتی ناو دارستان و سه‌رداره‌کان. واته مرۆڤێک به توانستی مرۆڤ و هاوکات حه‌زێکی ئه‌وپه‌ڕمرۆییه‌وه، هه‌موو ته‌مه‌نی له‌سه‌ر دره‌خته‌کانی سنووری نێوان چه‌ندان وڵات به‌ڕێ ده‌کات و کاتی مه‌رگیشی ئه‌م گێڕانه‌وه ئه‌ده‌بییه به ئێمه ده‌ڵێت که پاڵه‌وانی چیرۆکه‌که هه‌ر نه‌یویست و نه‌یتوانی بکه‌وێته سه‌رزه‌وی، به‌ڵکوو باڵۆنێکی نامۆ و نه‌ناس به‌ره‌و قووڵایی و ترۆپکه نه‌بینراوه‌کانی ئاسمان بردی و ئه‌م پاڵه‌وانه‌ی پێوه‌ست کرد به دنیای په‌رجوو و بانسروشته‌وه.
ئه‌م نموونانه‌م له بواری ئاین و ئه‌ده‌ب بۆیه هێنایه‌وه، تا ڕه‌گوڕیشه‌ی قووڵی جادوو و ئه‌و پێوه‌ندییه نهێنییه‌ی سه‌رده‌مێک له‌گه‌ڵ زانست‌دا هه‌یبووه و ئێسته‌یش له‌گه‌ڵ مرۆڤ وه‌ك بوونه‌وه‌رێکی ئاره‌زوومه‌ند و تاسه‌بار بۆ دنیای ڕاز و په‌ڕجووه‌کان هه‌یه‌تی، بناسین.
دیاره ئێمه له سه‌رده‌می زانست و زاڵبوونی لۆجیکی زانستیدا ده‌ژین، به‌ڵام ئاخۆ ئه‌مه به‌و مانایه‌یه که زانست له کولتووری مرۆڤدا جێگیر و قبووڵکراو بووه؟ ئایا زه‌ین و ئاره‌زووه‌کانی مرۆڤ له‌گه‌ڵ به‌ڵگه و وردبینییه‌کانی زانست‌دا ڕاهاتوون و هه‌ر شتێک له ده‌ره‌وه‌ی زانست بێت ڕه‌تی ده‌که‌نه‌وه؟ به دڵنیاییه‌وه وه‌ڵامه‌که نه‌خێره. نه‌ک هه‌ر ئه‌وه، بگرە هه‌ر له بنه‌مادا جیهان ته‌نیا به زانست ناڕوات به‌ڕێوه، ئه‌گه‌رچی ئێسته‌یش ڕۆڵی یه‌کلاکه‌ره‌وه و هاوکات سه‌رپشکانه له دنیای مرۆڤدا ده‌گێڕێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر فرۆیدیانه چاو له بابه‌ته‌که بکه‌ین، ده‌توانین بڵێین زانست ڕووی هوشیار و خۆئاگایانه‌ی مرۆڤه و دنیای نازانستیش (ئه‌ده‌ب، جادوو، ئاین و...) ڕووی دنیای تاریک و ناهوشیار و نه‌ستی مرۆڤه.
به‌م خوێندنه‌وه‌یه هوشیار ڕۆڵێکی زۆر سه‌ره‌کی و بنه‌مایی ده‌گێڕێت له چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی دنیای ئێمه‌دا، به‌ڵام تاریکترین و نه‌ناسراوترین شوێنی له دنیای ده‌روونیی مرۆڤدا ناهوشیارییه، ئه‌و مەیدانەی كە خه‌ون و خه‌یاڵ و نه‌خۆشی و ئاره‌زووه‌کان به ده‌یان شێوه‌ی سیمبولی دێنه قسه و هوشیاریی ده‌توانێت ڕاڤه‌یان بکات و هه‌وڵی چاره‌سه‌ر و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هاوسه‌نگیی بدات. لێره‌دا تێده‌گه‌ین بابه‌تی زانست و جاوو چه‌نده به‌شێوه‌یه‌کی نهێنی و ده‌روونناسانه پێکه‌وه هه‌ڵپێکراون، له‌وه زیاتر دژی یه‌کن.
زانست هه‌وڵی هاوسه‌نگی و سروشتیکردنه‌وه ده‌دات، بۆ ژیانێک که سروشت خه‌ریته‌که‌ی دیاری کردووه، به‌ڵام جادوو هه‌وڵی ده‌رچوون له یاساکانی سروشت و به‌دیهێنانی په‌ڕجوو و کرده‌وه‌ی ده‌ره‌سروشتی یا بان‌سروشتی ده‌دات. زانست خه‌ونه‌کانی ناکۆتان، به‌ڵام به میتۆدی سروشتی و به زه‌ینیه‌تێکی سروشتی و مرۆڤانه‌وه، ده‌یه‌وێت بیگه‌یه‌نێته ئه‌نجام. جادوویش خه‌ونه‌کانی ناکۆتان، به‌ڵام بێ میتۆد و زه‌ینییه‌ته، ته‌نیا ئاره‌زوو و خواسته که‌وناراکانی مرۆڤه که ئێسته‌یش له ڕێگه‌ی که‌سانێکه‌وه فریو ده‌درێن، وه‌ك چۆن هه‌ر ماوه‌ی جارێک ده‌بینین ژنان له کوردستان به به‌ڵێنی جادووگه‌رانه‌وه هه‌ریەك به شێوازێک فریو دراون و که‌سی وایش هه‌یه تیا چووه. له ڕۆژانی رابردوو دیسان ئه‌م بابه‌ته دووپات بووه‌وه و به‌دڵنیاییه‌وه له داهاتوویش دەپات ده‌بێته‌وە.
جادوو وه‌ک هه‌موو وڵاتان له ده‌رگای ئاره‌زوو و خواستی ژنان له‌وانه چاره‌سه‌ربوونی نه‌خۆشییه‌کان و جوانی له چاوی یار و باڵابه‌رزکردن و... دێته ژووره‌وه و چونکه وه‌ک له سه‌ره‌وه وتم جیهانێکی نه‌ناسراو و تاریک و بێ میتۆده (وه‌کوو زه‌ینی ناهوشیار) هه‌موو شتێک ئه‌گه‌ری ڕوودانی هه‌یه له پێوه‌ندیی نێوان جادووگه‌ر و جادووبۆکراو و جادوولێکراودا. هه‌ر له خواردنی میزی جۆراوجۆر و هه‌ڵمژینی بخووڕی سه‌یروسه‌مه‌ره‌وه تا کوشتنی که‌ڵه‌شێر و سه‌گ و... ده‌یان کرداری سەیرتر.
له‌م شیکارییه‌دا بۆمان ده‌رکه‌وت بابه‌تی جادوو له وڵاتانێکی وه‌ک ئه‌وه‌ی خۆمان که زانست ته‌نیا ڕووکار و ئامرازه‌که‌ی زیاتر گه‌شه‌ی سه‌ندووه تا زه‌ینییه‌ته‌که‌ی، هێشتا جادووبینی و غه‌یبانیه‌ت هه‌یه. ئه‌مه‌یش وه‌ک تیشکم خسته سه‌ر، بابه‌تێکی ده‌روونناسانه‌یه و ئه‌وانه‌ی به‌و قووڵییه ملکه‌چی جادوو و جادووگه‌ر ده‌بن، دوای کڵاوێكی با بردوو که‌وتوون و جادووگه‌ره‌که خۆیشی ده‌ستی پێڕانه‌گه‌یشتووه و پێی ڕاناگات.
جادووگه‌ر هێنده‌ی له توانادا بێت باڵای مرۆڤ به‌رز بکات، بۆچی ئه‌م تواناییه بۆ گیرفانی خۆی له ڕێگه‌ی هه‌مان ئه‌و جنۆکه و شه‌یتانانه‌وه جێبه‌جێ ناکات؟ یا ڕه‌نگه مووچەی جنۆکه‌کانیش له به‌غداوه یاریی پێ بکرێت و له کاتی خۆیدا نه‌گات.
بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیارانه ده‌بێت بزانین جنۆکه‌کانی ئه‌م جادووگه‌رانه کوردن یان عه‌ره‌بن، سه‌ربه حه‌شدی شه‌عبین یا سوپای پاسداران، بێگومان ئه‌گه‌ر عه‌ره‌ب و ئێرانی بن ئیتر جادووگه‌ری به‌سته‌زمان پێویست ناکات درێژه به جادوویی بدات، چونکه به یه‌ک نوشته له بانکێكی ئه‌و دوولایه‌نه، ده‌توانێت خۆی و حه‌وت نه‌وه‌ی داهاتوو بخاته ناز و نیعمه‌ته‌وه.
وه‌ک دیاره ئه‌م چه‌ند دێڕه‌ی کۆتاییم ته‌وسئامێز و گاڵته‌جاڕانه‌ن، بۆ ئه‌و واقیعه تاڵه‌ی به‌هۆی نه‌بوونی په‌روه‌رده‌ی زانستی و هاوکات هه‌بوونی گوتاره هاوبه‌شه غه‌یبانییه‌کانی وه‌ک ئاین و باوه‌ڕ به په‌ڕجوو و هه‌روه‌ها نه‌بوونی سیستمێکی تۆکمه‌ی ده‌روونشیکاریی له کوردستان (که به‌ڕای من به‌ر له هه‌ر جۆره سوپا و له‌شکر و ته‌نانه‌ت سه‌ربه‌خۆیی وڵاتیش، ئێمه سیستمێکی ده‌روونناسی کوردیی به‌هێز و خه‌مخۆرانه و نیشتمانیمان ده‌وێت) هه‌ر جاره‌و دیمه‌نێکی ده‌که‌وێته پێش چاوانمان.