بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێت له کولتووره نامۆدێرنه‌کاندا مرۆڤ زیاتر وه‌ک پیاو پێناسه کراوه، واته سیستمی به‌ها و ماناداڕێژیی هه‌م له‌لایه‌ن پیاوانه‌وه به‌رهه‌م هاتووه و هه‌میش ڕه‌نگده‌ره‌وه و نوێنه‌ری خه‌ون و خولیا و پێداویستییه‌کانی ئه‌وان بووه. به‌و مانایه، جیهان دابه‌ش ده‌بوو به‌سه‌ر دوو پاژ یان به‌شدا. یه‌که‌میان زه‌ین یان مێنتاڵیته‌ی پیاوانه و ئه‌ویتریشیان هه‌موو ئه‌و جیهانه‌ی به‌رده‌ستی ئه‌م زه‌ینه‌یه که له‌لایه‌ن ئه‌و مێنتاڵیتیه‌وه ته‌فسیر ده‌کرێت و بێگومان زۆر جارانیش دەقۆزرێتەوە. ئه‌گه‌ر به زمانێکی دیکارت فه‌یله‌سووفی مۆدێڕنی فره‌نسایی باسی بکه‌م، دنیا له‌م دۆخه‌دا دابه‌ش ده‌بێت به‌سه‌ر سووژه یان زه‌ینییه‌تی پیاوانه و له‌و به‌ریشه‌وه ئۆبژه یان کۆی ئه‌و جیهانه‌ی ئه‌م سووژه و زه‌ینییه‌ته له چاویلکه‌ی تێگه‌یشتن و ئاره‌زووه‌کانییه‌وه به‌ری ده‌که‌وێت.
بێگومان له‌ناو بازنه‌ی بێ سنوور و پڕ ڕاز و نهێنیی ئۆبژه‌دا، ژنیش جێگیر کراوه. واته ژن وه‌ک سووژه بواری پێ نه‌دراوه یان نه‌یتوانیوه له بازنه‌ی داخراوی ئۆبژه و به‌رکار ده‌ربچێت. من له شوێنی دیکه باسی هۆکاره‌کانی به ئۆبژه‌بوون و دواتر به کاڵابوونیان له سه‌رده‌می ئێستەدا کردووه و ناگه‌ڕێمه‌وه سه‌ری، به‌ڵام ئێسته ئه‌وه‌ی پێوه‌ست بێ به‌م باسه‌وه ئه‌وه‌یه بڵێم، سووژه‌مه‌ندیی پیاو، به‌ر له‌وه‌ی له سه‌رده‌می مۆدێڕن‌دا تیۆریزه بکرێت به پیاوسالاریی کلاسیک و پێش مۆدێڕن ناوی ده‌به‌ین، ئه‌وه‌یش هه‌بیتۆس و کرده‌چه‌شنێکه هه‌م له ڕۆژئاوا و هه‌میش له ڕۆژهه‌ڵات مێژووی دێرینی خۆی هه‌یه.
ده‌بێ ئاگادار بین له زمانی ئینگلیزی‌دا وشه‌ی (Man) و له زمانی ئەڵمانیشدا وشه‌ی (Mann) هه‌ردووکی به واتای مرۆڤ به‌کار ده‌برێت، له حاڵێکدا هه‌ردوو وشه مانای سه‌ره‌کیان "پیاو"ـه، بۆیه نموونه‌ی ئه‌م دوو زمان و کولتووره‌م هێنایه‌وه، چونکه زمانی فڕه‌نسی له ڕووی فه‌لسه‌فی و ئه‌ده‌بییه‌وه پێشه‌نگی وڵاتانی ڕۆژئاوا بووه و زمانی ئەڵمانیش له ڕووی فه‌لسه‌فیی و زانستییه‌وه، به‌ڵام به‌و حاڵه‌یشەوە ڕه‌گوڕیشه‌ی ئه‌و پێکهاته هزرییه بۆ ژن، له زمانه‌که‌یاندا به قووڵی داکوتراوه.
هه‌ڵبه‌ت به دڵنیاییه‌وه ڕۆژئاوای مۆدێڕن و ئێسته‌ی پاش مۆدێڕنیش، به هیچ شێوه‌یه‌ک به‌راورد ناکرێت به‌و دۆخه‌ی وڵاتانی نامۆدێڕن و پێشنه‌که‌وتوو له ڕووه مرۆییه‌که‌یه‌وه، چ بگات به‌وه‌ی له ئاستی پێگه‌ی ژن و مافه‌کانیدا به‌شێوه‌یه‌کی کرده‌یی مڵومووشی ڕنینه‌وه‌ی ده‌سکه‌وت بکه‌ین! بابه‌ته جیاوازه جه‌وهه‌رییه‌که ئه‌وه‌یه، ڕۆژئاوا به تایبه‌تی دوای سه‌رهه‌ڵدانی ڕینییه دیکارت، وه‌ک بنیاتنه‌ری فه‌لسه‌فه‌ی مۆدێڕن، هه‌موو هه‌وڵێكی دا ژن له قاوغ و زیندانی ئۆبژه‌بوون ده‌ربێنێت و خشته‌ی جیهانی ژنانه و زه‌ینییه‌تی ژنان بنه‌خشێنێت له‌لایه‌ن ژن خۆیەوە.
به‌ر له‌وه‌ی باسی سه‌رکه‌وتن یان شكستی ڕۆژئاوا و زه‌ینیه‌تی فه‌لسه‌فیی ئەوان بکه‌م و دۆخی به کاڵابوونی ژنان له جیهانی سه‌رمایه‌داریی ئێستەدا زه‌ق بکه‌مه‌وه، ده‌بێت بڵێم، ئه‌وان به چه‌ندان شۆڕشی گه‌وره‌ی هزری و کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی ئه‌گه‌ر به‌ستێنه پێکهاته‌یی و بنه‌ماییه‌کانی به سووژه‌بوونی ژنانیان نه‌گۆڕیبێت، واته هه‌لیان نه‌ڕه‌خساندبێت بۆ ئه‌وه‌ی ژن له ئۆبژه‌بوون و به‌رکاربوون بێته ده‌ر، ئه‌وا هه‌موو هه‌وڵێکیان داوه و ده‌سکه‌وتی دره‌وشاوه‌ی زۆریشیان له‌م پرۆسه‌یه‌دا هه‌م بۆ خۆیان و هه‌م بۆ مرۆڤایەتی به‌رهه‌م هێناوه.
یه‌کێک له گرینگترینی ئه‌و ده‌سکه‌وتانه سه‌ربه‌خۆیی ژن وه‌ک بوونه‌وه‌ر، واته وه‌ک دروستکراوێک له‌لایه‌ن خودا یان سروشت یا به گشتی بوونه‌وه‌رێک به تایبه‌تمه‌ندییه جیاوازه‌کانی خۆیەوە، له ڕووی جه‌وهه‌رییه‌وه له پیاو جیا ده‌کرێته‌وه. ئه‌م سه‌ربه‌خۆییە وابه‌سته‌ی ئایدیا و تێگه‌یشتنی هزر و عه‌قڵییه‌تی ڕۆژئاوایه بۆ بابه‌تێکی گرینگی هه‌موو سه‌رده‌مه‌کان، واته "ئازادی"ییه. ئازادی له ڕۆژئاوا له‌مپه‌ری خۆی بڕیوه و هاوکات تا ئێسته‌یش ئالنگاریی زۆری له به‌رده‌مه، به‌ڵام وه‌ک چه‌مک و ده‌سته‌واژه‌ی ژیار و کو‌لتوور و هزری مرۆڤ، هێشتا نه‌مر و زیندووه و به ده‌لاله‌تی هزریی ڕۆژئاوایشه‌وه شۆڕ بووه‌ته‌وه بۆ ڕۆژهه‌ڵات. به دڵنیاییه‌وه له ڕۆژهه‌ڵات به گشتی ئازادی بابه‌تێکی ون و نامۆ نه‌بووه، به‌ڵام به‌و مانا ژیاری و هزرییه، ئه‌سته‌مه ڕه‌گوڕیشه‌یه‌کی ئه‌وتۆی بۆ بدۆزینه‌وه.
له کوردستان به گشتی ئازادیی هه‌میشه پێوه‌ست بووه به پرسی سیاسی و خاک و نیشتمانه‌وه، واته ئازادی لای ئێمه له بازنه‌یه‌کدا ته‌لبه‌ند کراوه، ئه‌ویش بابه‌تی سیاسییه. وه‌ک وتم، بێگومان ئه‌مه به واتای ئه‌وه نییه سیاسه‌ت پرسێکی لاوه‌کییه، به‌ڵکوو به‌و مانایه‌یه ئازادی بابه‌تێکی بڵند و به‌رفراوانه و سیاسه‌تیش به هه‌موو مانایه‌که‌وه هه‌وڵدانه بۆ گه‌یشتن به‌و جۆرە ئازادییە. بێگومان کاڵبوونه‌وه‌ی ئه‌و واتا سیاسییه له ئازادی یان باشتر وایه بڵێم ده‌رکه‌وتنی واتاکانی تری ئازادی له دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه سه‌ری هه‌ڵداوه و ده‌توانین بڵێین زیاتر زه‌ق بووه‌وه. پاش ئه‌زموونکردنی ئه‌و نیوه ئازادییه‌ی دوای 1991، مرۆڤی ئێمه زیاتر توانی بیر له ئازادی وه‌ک مافی که‌سی و له پێگه‌ی مرۆڤبوونی خۆی بکاته‌وه. توانی کۆمه‌ڵێک ده‌سته‌واژه و پرسی پێوه‌ندیدار به‌م بابه‌تە بێنێته ناو ڕا و سه‌رنجی گشتی و سه‌ر شاشه و لاپه‌ڕه‌کان، به‌ڵام هه‌روه‌ک له سه‌ره‌وه باسم کرد، ئازادی له سۆنگه‌ی پیاوانه‌وە نواندنی بۆ کرا و په‌رده‌ی له‌سه‌ر لادرا.
به‌ختیار عه‌لی له شوێنێکدا ده‌ڵێت، ئه‌رکی ئێمه وه‌ک پیاو ئه‌وه نییه باسی مافی ژن و کێشه‌کانیان بکه‌ین، چونکه به‌و شێوه‌یه هیچ شتێکی تازه‌مان نه‌کردووه، به‌ڵکوو ئێمه ده‌بێت هه‌لی گێڕانه‌وه و باسکردنی ماف و کێشه‌کانیان له زمان و ڕوانگه‌ی ژنان خۆیانەوە بێنینه ئاراوه. پێم وایه ئه‌م سه‌رنجه ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستیه تاڵه‌یه که ژن له کۆمه‌ڵگەی ئێمه‌دا له نێوان ئازادی ڕه‌ش و کاڵاگه‌ریی سپی‌دا، گیری خواردووه و پیاوانیش ئاره‌زوومه‌ندانه مه‌کینه‌ی ڕه‌ش و سپیی خۆیان خستووه‌ته گه‌ڕ.
بێگومان ئه‌مه ڕه‌ها نییه و هه‌موو که‌س له ژن و پیاو ناگرێته‌وه، به‌ڵام ڕاستی تاڵی سه‌رده‌مێکه ئێمه‌ی هه‌موو غه‌مگین کردووه و به‌رده‌وام ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه بۆ ئه‌م پرسیاره، ئێمه چین و کێین؟