ئه‌مساڵیش وه‌ك هه‌موو ساڵه‌كانی تر فێستیڤاڵی هه‌نار له به‌شێك له شاره‌كانی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو، سه‌ره‌ڕای لایه‌نی ئابووری و گیانخستنه ناو بازاڕ و به‌شداریی زۆری خه‌ڵك به ستایل و شێوازی جۆراوجۆی پۆشاك و جلوبه‌رگه‌وه، لێدوان و رای جیاواز و سه‌رنجڕاكێشمان له چینه جیاوازه‌كان بیست، له كچی ته‌مه‌ن 20 ساڵان تا ژنی سه‌رووی ته‌مه‌ن 40 ساڵ و منداڵی 10 و 12 ساڵ كه فرۆشیار بوون. هه‌موو ئه‌مانه ده‌ریانخست كه فێستیڤاڵه‌كانی هه‌نار له كوردستان ته‌نیا لایه‌نی بازاڕ و ئابوورییان نییه، به‌ڵكو نمایشگه‌ی كولتوورێكی دێرین و ڕه‌سه‌نن. كولتوورێك كه شارێكی پێچه‌ڵپڵووچ و هاوكات پێكه‌وه پێوه‌ست له ده‌نكه‌كانی هه‌نار و ئاوداری و مێخۆشی و مزری و ده‌یان تایبه‌تمه‌ندیی تری تێدایه.
ڕه‌نگه ئه‌م شیعره فولكلۆره پڕ به پێستی ئه‌م گوزارشته بێت: "ئه‌وه دڵه‌كه‌ی منه وێنه‌ی هه‌نارێ... سه‌د كووچه‌ی هاتیا هه‌ریه‌ك له شارێك". دیاره ده‌لاله‌تی ئه‌مه ڕۆمانسی و ئه‌ویندارانه‌یه، به‌ڵام له حاڵه‌ته گشتییه‌كه‌یدا ده‌توانین بڵێین كولتووری كوردی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه خاوه‌نی داربه‌ڕوو و سێوی مێخه‌كڕێژ و ده‌یان میوه‌ی ڕه‌مزیی تره، به‌ڵام هه‌نار له ناویاندا پێگه‌یه‌كه‌ی ئه‌فسانه‌یی و دیرۆكیی هه‌یه، بۆیه وه‌ك له سه‌ره‌وه تیشكم خسته سه‌ری، فێستیڤاڵه‌كانی هه‌نار نمایشگه‌ی كولتوورێكی دێرینی پڕ ئاڵوواڵا و پڕ كووچه و شارن وه‌ك شیعره فۆلكلۆرییه‌كه‌ش گوزارشتی لێ كردووه. به هه‌موو ئه‌مانه‌شه‌وه من پێم وایه هه‌نار به‌نیسبه‌ت میوه‌كانی تر وه‌ك هێما پشتگوێ خراوه و لایه‌نه‌كانی له ناوشیاری و كولتووری دیرۆكیی كورددا كه‌متری ئاوڕی لێ دراوه‌ته‌وه.
پرۆفیسۆر مارف خه‌زنه‌دار له مێژووی ئه‌ده‌بی كوردیدا و له به‌رگی سێیه‌م كه باسی ئه‌ده‌ب و ئاینی یارسان ده‌كات ده‌ڵێت: پیر میكایلی ده‌ودانی ئامۆزای سوڵتان سه‌هاك (1272-1388ز) بووه، پاش ئه‌وه‌ی ده‌بێ به یه‌كێك له یاره هه‌ره نزیكه‌كانی سوڵتان، ((سارێ یان شارێ))ی كچی پێشكه‌ش ده‌كات و ده‌بێ به كاره‌كه‌ری. له‌و ماوه‌یه‌دا سوڵتان دارده‌ستی شا ئیبراهیم-كه هێشتا منداڵ ده‌بێ، ده‌داته پیر ئیسماعیلی گوڵان بۆ ئه‌وه‌ی له باغی نیهالدا شه‌تڵی بكات. فه‌رمانی سوڵتان جێبه‌جێ ده‌كرێ. پاشان دار شین ده‌بێ و گوڵ ده‌دا و هه‌نار ده‌گرێ، هه‌نارێك بۆ سوڵتان دێنن، سوڵتان فه‌رمان ده‌رده‌كات بۆ جه‌م، هه‌موو یاران كۆ ده‌بنه‌وه، ئه‌مه یه‌كه‌مین جه‌م بووه له پردیوه‌ر و له دواییدا ناویان لێ نا ((نیاز)). سوڵتان داوا له پیر بنیامین ده‌كات كه دوعای نیاز بخوێنێته‌وه، به‌ڵام له حزووری سوڵتان ئه‌م كاره‌ی بۆ هه‌ڵنه‌سووڕا. سوڵتان ڕووی كرده داود و پیر مووسا. ئه‌وانیش بۆیان نه‌كرا، ئینجا داوای له چه‌ند یارێكی تر كرد، به‌ڵام بێ سوود بوو و كه‌سیان بۆیان نه‌كرا.
ئیتر سوڵتان فه‌رمانی دا سه‌ید محه‌مه‌دی گه‌وره سواره‌ی كوڕی داواكه‌ی جێبه‌جێ بكات، پاش خوێندنه‌وه‌ی دوعا، هه‌نار ده‌ده‌نه ده‌ست پێش خزمه‌تی داود بۆ ئه‌وه‌ی به‌شی بكات به‌سه‌ر ئاماده‌بووانی جه‌م، ئه‌ویش به‌شی ده‌كات. به‌ڕێكه‌وت ده‌نكی هه‌نار ده‌كه‌وێته درزی فه‌رشه‌كانه‌وه. له كاتێكدا كه ((سارێ یان شارێ)) دێ و جه‌مخانه گسك ده‌دا و پاكی ده‌كاته‌وه، ده‌نكێ هه‌نار ده‌دۆزێته‌وه، هه‌ڵیده‌گرێ و ده‌یخاته ده‌میه‌وه. پاش ماوه‌یه‌ك زگی پڕ ده‌بێ، ئینجا كوڕێكی له ده‌مه‌وه ده‌بێ، موعجیزه‌یه‌كی تری كردگار ده‌كه‌وێته ناوه‌وه. ئه‌م ڕووداوه ئه‌فسانه‌ییه كه له شیعری ئاینی یارساندا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه، به‌سه‌رهاتی په‌یدابوونی بابایادگارمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه كه له ده‌نكه هه‌ناری پیرۆز له كیژێك له ده‌مه‌وه له دایك بووه، دیاره بێ باوكیشه، بۆ ئه‌وه‌ی ببێته كردگار و له پێستی ئاده‌میزاددا خۆی بنوێنێت.
ئه‌م به‌سه‌رهاته ئه‌فسانه‌یی و دیرۆكییه ته‌نیا یه‌كێك له‌و گێڕانه‌و‌انه‌یه كه له ڕێگه‌ی میوه‌ی پیرۆزی هه‌ناره‌وه، له‌دایكبوونی پیر و گه‌وره ئایندارانی ئه‌م وڵاته له‌مێژینه‌یه‌مان بۆ باس ده‌كات. ئه‌م باسه وه‌ك ده‌نكه‌كانی هه‌نار و شارۆكه‌ی هه‌ناوی هه‌نار ئاڵۆز و به توێكڵ و ڕه‌نگینه، ده‌شێت له ئاستی ڕۆشنبیری و كولتوورسازییه‌وه به‌ها به هه‌نار له‌م ڕووه‌شه‌وه بدرێت. ڕه‌نگه ئه‌گه‌ر له‌پاڵ ئه‌فسانه‌ی هه‌ناردا باسی سیاسه‌تی هه‌نار بكه‌ین، تۆزێك ناباو بنوێنێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له بیرمان بێت سیاسه‌تی كابینه‌ی نۆیه‌م له بابه‌تی په‌ره‌پێدان به ئابووریی نانه‌وتی و هه‌نارده‌كردنی به‌رهه‌می جووتیارانی كوردستان، له‌سه‌ر هه‌نار به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌تی له‌نگه‌ری گرتووه و ئێسته هه‌ناری كوردستان له به‌شێك له وڵاتانی كه‌نداو و چه‌ند وڵاتێكی ئه‌وروپی مۆركی تایبه‌تی خۆی هه‌یه. بۆیه هاوكات ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه ئێمه به‌رهه‌مێك بۆ فرۆشتن و كڕین و خواردن، واته له ناو تۆڕێكی ئابووریی جیهانیدا هه‌نارده ده‌كه‌ین، ناسنامه كولتوورییه‌كه‌شی بپارێزین و له پاڵ ئه‌و به‌رهه‌مانه و له ناو بۆكسه‌كانی پێچانه‌وه‌یان ده‌كرێت، نامیلكه‌یه‌كی چه‌ند لاپه‌ڕه‌یی له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته دیرۆكی و فولكلۆرییانه‌ی كه له‌سه‌ر هه‌نار هه‌یه دابنێین، تا هه‌نار نه‌ك هه‌ر وه‌ك میوه، به‌ڵكو وه‌ك ڕه‌مزێكیش به وڵاتان بناسێنین، كێ ناڵێت سبه‌ی عێراق یان ئێران و توركیا ئیدیعای ئه‌وه‌مان بۆ ناكه‌ن كه به‌ڵێ هه‌ناری كوردی لقێكه له هه‌ناری توركی، به‌ڵام هه‌ر له كوێستانه‌كان ده‌ڕوێ! و هه‌ر كامه‌یان به بای خۆیان شه‌نی بكه‌ن.
وه‌ك له سه‌ره‌وه تیشكم خسته سه‌ری، سیاسه‌تی ئابووریی كابینه‌ی نۆیه‌م له‌گه‌ڵ هه‌موو پاڵه‌په‌ستۆ و لێدانه‌كانی عێراق و ده‌سته ناپاك و ده‌ره‌كییه‌كان، به ئاراسته‌ی گه‌شه‌پێدان به ئابووریی نانه‌وتی و به‌تایبه‌تی خۆشكردنی هه‌ل بۆ جووتیاران بووه بۆ ساغكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانیان له ده‌ره‌وه، له‌م پێناوه‌دا به‌ڕاستی حكوومه‌تی هه‌رێمی سه‌ركێشیی گه‌وره‌ی كردووه و ئاسۆمان بۆ ڕوون ده‌كاته‌وه. بۆیه پێویسته جیاواز له پڕۆژه ستراتیجه‌كه‌ی حكوومه‌ت و خزمه‌تكردنی به ئابووریی نانه‌وتی وه‌ك سیمبول و هێمایه‌كیش، به‌روبوومه كوردییه ڕه‌سه‌نه‌كانی ژینگه‌ی كوردستان به دنیا بناسێنرێت، ئه‌مه‌ش خۆی ڕه‌هه‌ندی كولتووری و شوناسمه‌ندانه‌ی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه.