ماوه‌یه‌ك پێش ئێسته ده‌زگای "وشه" هه‌ڵمه‌تێكی له ژێر ناوی "دارێك بڕوێنه و زیاتر بژی" خسته گه‌ڕ، ئه‌گه‌رچی كاریگه‌ریی خۆی هه‌بوو، به‌ڵام هه‌ست ده‌كه‌م ئه‌م جۆره هه‌ڵمه‌تانه له ژێر ته‌وژمی بابه‌ته ڕۆژانه‌ییه‌كان و ئه‌و ململانێ سیاسی و دۆخه سته‌مكارانه‌یه‌ی به‌غدا به‌رانبه‌ر كوردستان، وه‌ك پێویست هه‌ڵوێسته‌یان له‌سه‌ر ناكرێت، بۆیه به گرنگم زانی جارێكی تر بێینه‌وه سه‌ری و هه‌ندێ سه‌رنجی خێرا له پێوه‌ندیی ژینگه و مرۆڤی سه‌رده‌مه‌وه بخه‌مه ڕوو.
هه‌نووكه به به‌ربڵاوبوونی ژیانی مۆدێرن و پیشه‌سازیی ناته‌ندروستی ڕۆژ دوای ڕۆژی كۆمه‌ڵگه‌كان و وڵاتان، ژینگه كه‌وتووه‌ته حاڵه‌تێكی مه‌ترسیداره‌وه و زانایان هه‌ر ساڵ هۆشداریی له‌سه‌ر زیانه‌كانی ده‌ده‌ن. ئه‌و زیانانه‌ی به‌شی هه‌ره زۆریان به‌هۆی ده‌ستێوه‌ردانی مرۆییه‌وه‌ن. ئاگركه‌وتنه‌وه زل و زه‌به‌لاحه‌كان له دارستانه‌كانی وه‌ك ئه‌مازۆن و كۆڵۆمبیا و ده‌یان شوێنی تر له ساڵانی ڕابردوودا، نه‌ك ته‌نیا بوونه هۆی گه‌رمبوونی كه‌شوهه‌وای زه‌وی، به‌ڵكو ساڵانه مه‌ترسی سه‌رهه‌ڵدانی سۆنامی و پیسبوونی ئاوهه‌وا و تێكچوونی باری ته‌ندروستی و به دڵنیاییه‌وه سایكۆلۆجیای مرۆڤیش ده‌بێت. پێویست به گوتن ناكات ئاماره‌كان له‌و ڕووه‌وه ئه‌وه‌نده كاره‌ساتاوی و سامناكن، هه‌ر ناوێرین بیریان لێ بكه‌ینه‌وه.
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌دا تا ئاستی پێویست كولتوورسازیی نه‌كراوه. كه‌واته ده‌كرێت بڵێین په‌ره‌پێنه‌دانی كولتوورێك كه له سه‌رقاڵییه ڕۆژانه‌ییه‌كان كاتێك بدزێته‌وه و ڕێز و حورمه‌ت بۆ لانكه‌ی بوونی مرۆڤ واته سروشت بگه‌ڕێنێته‌وه، یه‌كێك له هۆكاره‌كانی به‌رده‌وامبوونی خراپی و پیسبوونی دۆخی ژینگه و له‌وێشه‌وه جۆره بێ قه‌راری و په‌شێو‌ییه‌كه كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆیی گرتووه‌ته‌وه. یه‌كێك له هۆكاره‌كانی تر كه ده‌كرێت وه‌ك هۆی سه‌ره‌كیی باسی بكه‌ین، كه‌شی بازرگانی و سه‌رمایه‌دارانه‌ی كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كانی پیشه‌سازین له هه‌موو دنیا.
كاتێك باسی كۆمپانیاكان ده‌كه‌ین، ڕاستییه‌كه‌ی باسی چه‌ند كۆمپانیایه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ند ناكه‌ین كه ئیشوكاریان به‌رهه‌مهێنانی هه‌ندێ شتومه‌كی پیشه‌یین له بواره جۆراوجۆره‌كاندا، له‌م پرۆسه‌یه‌دا له ڕێگه‌ی كارگه گه‌وره‌كانیانه‌وه كه‌شوهه‌وا پیس ده‌كه‌ن و ژینگه تێكده‌ده‌ن، به‌ڵكو مه‌به‌ستمان ئه‌و كۆمپانیایانه‌یه كه ڕۆڵی سه‌ره‌كییان هه‌یه له هاتنه سه‌ركاری ده‌وڵه‌ته‌كان، تا دواتر پڕۆژه ئابووری و سه‌رمایه‌گوزارییه‌كانی ئه‌وان جێبه‌جێ بكه‌ن. واته له‌م حاڵه‌ته‌دا ده‌وڵه‌ته‌كان ئیتر ته‌نیا قه‌واره‌یه‌كی حوكمڕانی و سیاسیی نین، به‌ڵكو به‌شێك له‌و كۆمپانیا یان كارتێله نێوده‌وڵه‌تییه‌ی جیهانین كه خزمه‌تی به‌رهه‌مهێنانی قازانجه‌كانی ئه‌وان ده‌كه‌ن. خۆی ئه‌مه قه‌یرانێكی سه‌رانسه‌رییه و له چه‌ندان فیلم و درامای وه‌ك "هه‌ڵاتن له زیندان"یش به‌شێوه‌یه‌ك ده‌ستێوه‌ردانی ئه‌م ڕێكخراوانه‌ی سێبه‌ر، كه كۆنترۆڵی هه‌موو جومگه‌كانی ده‌وڵه‌ت به مه‌به‌ستی دۆشینی سروشت و سه‌رچاوه سروشتییه‌كان له هه‌موو قوژبنێكی جیهان ده‌كه‌ن، په‌رژاوه‌ته سه‌ری.
پێویست به گوتن ناكات، وڵاتانی له حاڵی پیشه‌سازی یان ته‌نانه‌ت وڵاتانی دواكه‌وتوویش، له ته‌وژم و په‌ستان و زیانه‌كانی ئه‌م پڕۆژه و پلانانه بێبه‌ری نابن، ته‌نانه‌ت وڵاتانی ئه‌فریقا وه‌ك كۆنگۆ كه له كه‌مترین ئاستی پێشكه‌وتنی پیشه‌سازیدایه، له‌م مه‌ترسییه بێبه‌ری نابێت، چونكه ئێمه كاتێك باسی ژینگه ده‌كه‌ین، باسی لانكه‌یه‌كی هاوبه‌ش و نیشتمانێك ده‌كه‌ین هی هه‌موو مرۆڤێكی سه‌ر گۆی زه‌وییه، ئه‌گه‌ر جه‌نگێك له ئۆكراین ڕوو بدات، لانی كه‌می كاریگه‌رییه‌كه‌ی زیانگه‌یاندن به به‌شێك له دره‌خته‌كانی كوردستان ده‌بێت، ئه‌گه‌ر توركیا به‌نداوێكی زیاتر دروست بكات، هه‌م كوردستان و هه‌م عێراق زیاتر له به بیابانبوون نزیك ده‌كاته‌وه.
هه‌ڵبه‌ت به‌دڵنیاییه‌وه پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆجیا و پیشه‌سازیی، ته‌نیا به‌رهه‌مهێنه‌ری زیان نین، به‌ڵكو بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ی خۆیان داهێنه‌ری پیشه‌سازین، هاوكات ده‌توانن تا ئه‌و شوێنه‌ی زانست و پێشكه‌وتن بواریان بداتێ، ڕووبه‌ڕووی خه‌ساره‌كانیش ببنه‌وه، به‌ڵام به ئه‌زموون سه‌لمێنراوه كه ناتوانن هه‌موو زیانه‌كان قه‌ره‌بوو بكه‌نه‌وه. له وڵاتانی پێشنه‌كه‌وتوو یان وڵاتانی داگیركراو كه داروبه‌رد و هه‌موو میراسی سروشتییان له‌لایه‌ن داگیركه‌ره‌وه وه‌ك غه‌نیمه و تاڵان چاوی لێ كراوه، دۆخه‌كه زۆر جیاوازتره.
له هه‌موو سه‌ده‌ی بیسته‌مدا كوردستان به هه‌موو پارچه‌كانیه‌وه و باشووری كوردستان به‌تایبه‌تی، مه‌كۆی شه‌ڕ و هه‌رێمی ته‌راتێنی فڕۆكه‌ی جه‌نگی و چه‌كی كیمیایی بووه و كه‌سیش به دادپه‌روه‌رانه تا ئێسته له‌سه‌ری دادگایی نه‌كراوه. واته ده‌بێت سه‌رنجی ئه‌وه بده‌ین كوردستان وه‌ك وڵاتێكی دابه‌شكراو، نه‌ك ته‌نیا مرۆڤه‌كانی وه‌ك داگیركراو و غه‌نیمه سه‌یر كراون و كه‌وتوونه‌ته به‌ر ئه‌نفال و كیمیاباران و ڕووخاندنی ده‌روونی و مه‌عنه‌ی، ژینگه‌كه‌یشی به داروبه‌رد و كانیاو و نه‌وت و دارستانه‌وه ئه‌نفال كراوه.
ئێمه ده‌شێت باسی ئه‌نفالی هه‌موو كوردستان بكه‌ین، نه‌ك ته‌نیا مرۆڤه‌كانی و كه‌سوكارمان. هه‌زاران كانیاو له كوردستان له شاڵاوی ئه‌نفالدا كوێر كرانه‌وه، ده‌یان هه‌زار دار له ڕه‌گه‌وه هه‌ڵكێشران و سه‌تان و هه‌زاران گرد و گردۆڵكه ته‌خت و خاپوور كران، له‌گه‌ڵ پێنج هه‌زار شه‌هیدی هه‌ڵه‌بجه، كێ ده‌زانێت چه‌ند هه‌زار باڵنده و چۆله‌كه و كۆتر و پاساری و... گیانیان بۆ ئاسمان فڕیوه و له‌شیان ڕه‌ق بووه‌ته‌وه؟
دیاره ئه‌م پرسیاره‌ی من ته‌نیا زه‌قكردنه‌وه‌ی لایه‌نی بریندار و كوژراوی ژینگه‌ی كوردستانه، شه‌ڕی هه‌شت ساڵه‌ی نێوان عێراق و ئێران به هه‌ردوو دیوه‌كه‌دا له كوردستان ڕووی داوه، واته هه‌ردوولا به باشی زانیویانه ئه‌م ناوچانه كوردیان لێ نیشته‌جێیه، هه‌مان ئه‌و ناوچانه نین كه تاران یان به‌غدا یا كه‌ره‌ج و به‌سره بخه‌نه مه‌ترسییه‌وه، بۆیه به ئاره‌زووی خۆیان بۆمب و فڕۆكه‌یان تێ به‌رده‌دا، ئێسته‌یش هه‌ر ڕۆژه و هه‌واڵی گیان له‌ده‌ستدانی منداڵێك یاخۆ شوانێك ده‌بیستین به‌هۆی لوغمه هه‌ڵنه‌گیراوه‌كانی سه‌رده‌می شه‌ڕه‌كه‌وه، ئایا ئه‌مه به‌س نییه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌وڵێك بده‌ین بۆ خاوێنكردنه‌وه‌ی ژینگه‌كه‌مان و هه‌روه‌تر بووژاندنه‌وه‌ی و گه‌شكردنه‌وه‌ی؟
به‌بۆچوونی من ئه‌م جۆره هه‌ڵمه‌تانه‌ی وه‌ك "وشه" ئه‌وپه‌ڕی پیرۆزی و گرنگی خۆیان هه‌یه، یه‌ك دار ده‌توانێت ئۆكسجینی خاوێن بۆ چه‌ند سه‌ت كه‌س دابین بكات، ئه‌گه‌ر ئێمه هه‌ر كاممان دارێك بچێنین، داهاتووی وڵات و خاك و نه‌وه‌كانمان به‌و ڕێگه‌یه‌ی توانیومانه و له سه‌رده‌مێكی سه‌خت و ناخۆشدا گره‌نتی كردووه. بۆیه پێم وایه ده‌بێ حكوومه‌ت بودجه‌ی تایبه‌ت بۆ ئه‌م جۆره ئیشانه ته‌رخان بكات و له ڕووی كولتوورسازیشه‌وه زیاتر پشتگیریی له‌م هه‌وڵانه‌ی "وشه" بكات.