پێشه‌کی:
فه‌یله‌سووفی به‌ناوبانگی ئەڵمانی ئارسوور شووپێنهاوه‌ر، له شوێنێکدا ده‌ڵێت، هه‌ر ئه‌وه‌ی پیاوان ناتوانن دووگیان بن، ئاماژه و هاوکات جیاوازییه‌کی بوونناسانه‌ی قووڵه که پیاوان ناتوانن زۆر شت له دنیای ژن، به تایبه‌ت هه‌ست و هه‌ستیاریی و ئازاره‌کانیان تێبگه‌ن.
بێگومان دروستبوونی توندوتیژی دژی ژن له هه‌ر کۆمه‌ڵگەیه‌کدا زه‌وینه‌ی جیاوازی هه‌یه و له حاڵه‌ته گشتییه‌که‌یدا دابڕاو نییه له خواستی توندوتیژیی به گشتی، به‌ڵام به هۆکاری مێژوویی و سیاسی و کولتوورییه‌وه، ژنان تا ئێسته‌یش له‌به‌ر شاڵاوی توندوتیژیدان. ڕه‌نگه ئه‌گه‌ر بڵێم ئه‌م توندوتییژییه‌ی دژی ژنان ئه‌نجام ده‌درێت، خۆی هۆکاری باوه‌ڕمه‌ندیی ژنان به جادوو و نوشته و خورافات بێت. واته توندوتیژی به مه‌به‌ستی بێده‌سه‌ڵاتکردن و ئیراده‌سه‌ندنه‌وه‌یه له ژن بۆ خۆبەدەستەوەدانی به ئیراده و خواستی پیاو.
دیاره ژن به‌هۆی ماهیه‌تی خه‌لیقه‌ت و جۆری که‌سایه‌تیی، زۆر لایه‌نگری به‌کارهێنانی توندوتیژی نییه، بۆیه کاتێک ده‌که‌وێته به‌ر شه‌پۆلی توند، هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دات به نه‌رمونیانی یان یاسایی خۆی لێ ده‌رباز بکات، به‌ڵام چاره چییه؟ کاتێک ئه‌م هه‌ڵوێستانه په‌لکێشی ناو توندوتیژی پیاوان ده‌کرێن و ژنان له خوێن ده‌گه‌وزێن؟ ئه‌م پرسیاره خۆی هاوکات وه‌ڵامیشه و پێمان ده‌ڵێت توندوتیژی له کوردستان به زۆر هۆکاری وه‌ک کو‌لتوور و سیاسه‌ت، به تایبه‌ت جه‌نگ و كۆچی به‌رده‌وام و ئه‌نفال و ده‌یان هۆکاری دیکه، ڕه‌گی له به‌شێکی زۆری سایکۆلۆجیای مرۆڤی ئێمه‌دا داکوتیوه، تا ئاستێك که ده‌توانین باسی توندوتیژیی ژنان له‌ناو ژنان خۆیشیاندا بکه‌ین.
ئه‌و ڕاپۆرت و به‌رنامه دوورودرێژ و ترسناکانه‌ی لە مانگی ڕابردوودا له‌باره‌ی ژنان و فریودانیان له بازنه‌ی ئیشی جادوو و نووشته‌دا، بیست و بینیمان، به‌ر له‌وه‌ی ده‌رخه‌ری خورافات و زه‌ینییه‌تی پێشمۆدێڕنی ژنان بن، ده‌رخه‌ری داماوی و بێده‌سه‌ڵاتییانه بەرانبه‌ر ئیراده‌یه‌ک که به سه‌ریاندا سەپاوە. بۆ ده‌ربازبوون له‌مه، هه‌میشه هوشیاریی ژنان بەرانبەر مافه‌کانیان له پاڵ زانباریی لەبارەی یاساکان، ده‌توانێت گه‌ڕێنه‌ره‌وه‌ی ئیراده و هێزی متمانه‌به‌خۆکردنیان بێت.
ئاست و سنووره‌کانی توندوتیژی:
توندوتیژیی دژی ژنان له هه‌ندێک وڵات‌دا له‌خۆگری کۆمه‌ڵێک حاڵه‌ت و شێوه‌ی توندوتیژه له‌سه‌ر بنه‌مای (ڕه‌گه‌ز) ڕوو ده‌دات و هه‌ڵگری ئازاردانی ده‌روونی، جه‌سته‌یی، سێکسی یان زه‌ینییە، به زۆری له لایه‌ن پیاوێکه‌وەیە بەرانبه‌ر ژنێک. شێوه باوه‌کانی توندوتیژیی دژی ژن له کوردستان، بریتین له لێدان، جوێن و سووکایه‌تی و کوشتن.
بۆ ئه‌وه‌ی ورده‌کاریی شێواز و جۆره‌کانی توندوتیژیی له کوردستان بزانین، پێویستمان به کار و لێکۆڵینه‌وه‌ی مه‌یدانی زۆر و به‌ربڵاو هه‌یه، چونکه کۆمه‌ڵگەی کوردی به‌هۆی هه‌بوونی نه‌ریتی "بێده‌نگیلێبكە"، له ئاست کێشه‌کانی خێزان و ئاوڕوپاراستن، زۆر له‌و بابه‌تانه له لایه‌ن ژن یان کچ و ته‌نانه‌ت پیاوانیشه‌وه باس ناکرێن و به شاراوه‌یی ده‌مێننه‌وه. ئه‌مه ئه‌و گرفته‌ی دروست کردووه کاتێک هه‌ر کام له شێوه‌کانی توندوتیژی و ده‌سدرێژی سه‌ر ژنان ده‌رده‌که‌وێت له کۆمه‌ڵگەدا ده‌نگدانه‌وه‌ی نائاسایی و سه‌یروسه‌مه‌ره‌ی ده‌بێت.
ده‌سدرێژی و توندتیژیی دژی ژنان بە درێژایی مێژوو له‌سه‌ر بنه‌مای جیاوازیی ڕه‌گه‌ز هه‌بووه و ئێسته‌یش له ئاست و شێوازی دیکه‌دا له کۆمه‌ڵگە جیاوازه‌کان له ئه‌فغانستان و ئێرانه‌وه بۆ فڕانسا و ئه‌مەریکا هه‌یه، ئه‌گه‌رچی هه‌رکامیان به‌پێی پێهاتەی کولتووری و سیستمی یاسایی وڵاته‌كە دێته ئاراوه، یا به‌رته‌سک و سنووردار ده‌کرێته‌وه. هه‌نووکه هه‌ر جۆره هه‌ڵسوکه‌وت یان ته‌نانه‌ت هه‌ڕه‌شه وه‌ک ده‌ست به‌رزکردنه‌وه و لێدانێک که به‌هۆی جیاوازیی ڕه‌گه‌زه‌وه بێت و ببێته هۆی ئازار و ئێشی جه‌سته‌یی، سێکسی یاخۆ ده‌روونی، وه‌ک توندوتیژیی دژی ژنان پێناسه ده‌کرێت.
چه‌مکی توندوتیژیی دژی ژنان که یه‌که‌مین جار له لایه‌ن یوهان گاڵتوونگ له ساڵی 1969ه‌وه خرایه ڕوو، به‌م شێوه‌یه پێناسه ده‌کرێت: توندوتیژیی دژی ژنان دیارده‌یه‌که ژن به‌هۆی ڕه‌گه‌زی جیاوازییه‌وه و ته‌نیا به‌هۆی ژنبوونییه‌وه، ده‌که‌وێته به‌ر تێخوڕین و زۆره‌ملێ و پێشێلکردنی مافه‌کانی له لایه‌ن ڕه‌گه‌زی به‌رانبه‌ر که پیاو بێت. له‌م پێناسه‌یه‌دا هه‌ر کرده‌وه‌یه‌ک یان هه‌ڵسوکه‌وتێک که ببێته هۆی ئازاری جه‌سته‌یی، سێکسی و ده‌روونی یان بێ به‌شکردن و ئازاردانی ژن، وه‌ک توندوتیژیی دژی ژنان مانا ده‌کرێته‌وه. هه‌روه‌ها هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌و کردارانه و ئه‌م هه‌ڵسوکه‌وتانه، بێبه‌شکردن له ئازادیی به هه‌ر شێوازێک بێت، ئازادیی له ژیانی تاکه‌که‌سی بێت یا ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌مدیس وه‌ک توندوتیژیی دژی ژنان پێناسه ده‌کرێت. توندوتیژیی هێزی پۆلیس دژی ژن به بیانوو و هۆی جیاواز و لێدان و تێخوڕینیان له هه‌ندێک له وڵاتاندا، وه‌ک توندوتیژیی دژی ژنان ده‌خوێنرێته‌وه.
ئه‌م پێناسه‌یه له لایه‌ن ڕێکخراوه‌ی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کانه‌وه پشتڕاست کراوه‌ته‌وه، گریمانه‌ی پشته‌وه‌ی هاوسانی و مافی هاوسانی پیاو و ژنه، به‌ڵام به‌هۆی ڕه‌گوڕیشه‌داریی ده‌سه‌ڵاتی پیاوسالاری که ڕه‌نگدانه‌وه‌ی قووڵی له نه‌ریته کۆمه‌ڵایه‌تی و ئاینی و ته‌نانه‌ت هونه‌رییه‌کاندا هه‌بووه، پراکتیزه‌کردنی له کۆمه‌ڵگە و به تایبه‌تی به مه‌به‌ستی هوشیارکردنه‌وه و ڕاسانی ژنان، کارێکی سه‌خت و دژواره، ئێسته‌یش له کوردستان و زۆر وڵاتی پێشنه‌که‌وتوو، ژنانێک ده‌بینینه‌وه نه‌ک ته‌نیا له‌م مافانه‌ی خۆیان ئاگادار نین، به‌ڵکوو هه‌ر جۆره مافخوازییه‌ک له چوارچێوه‌ی مافه مه‌عنه‌وی و مرۆییەكانی خۆیاندا، به کارێکی نادروست و عه‌یبه ده‌زانن.
بۆ نموونه، له وڵاتێکی وه‌ک کوردستان به ده‌گمه‌ن هه‌یه ژن و کچانی ماڵباتێك له‌سه‌ر ئه‌و شێوازه‌ی دابه‌شکردنی میراس بێنه ده‌نگ و مافه‌کانی خۆیان به‌پێی پێوه‌ره سەردەمییەكان داوا بکه‌ن، بۆیه ده‌توانین بڵێین پیاوسالاری له هه‌ناوی ژنانیشدا ڕه‌گی داکوتاوه و به‌شێکی زۆری ژنان له ناویدا ده‌ژین و ده‌رچوون له‌و سنوورانه هه‌ستی گوناهـ و تاوانیان تێدا دروست ده‌کات.
بێگومان بۆ تێکدانی ئه‌م هاوکێشه نایه‌کسانه و تێپه‌ڕین له چه‌وساندنه‌وه و ڕێگری له پراکتیزه‌کردنی توندوتیژیی دژی ژنان له کوردستان، سه‌ره‌ڕای هوشیاریی و ئاگادارکردنه‌وه‌ی ژنان له ماف و دواخوازییه‌کانیان له چوارچێوه‌ی یاسای هه‌رێم و یاسا و مافه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان، ده‌بێت له ڕووی ده‌روونی و جه‌سته‌یی و ئابووریشه‌وه ژنان هه‌نگاوی گه‌وره هه‌ڵێنن تا بتوانن ئه‌و هاوکشه‌ی هێز و ده‌سه‌ڵاتە که ڕێڕه‌وی پراکتیزه‌بوونی توندوتیژییه به‌سه‌ریاندا، بگۆڕن.
ژنێک جه‌سته‌یه‌کی به‌هێزی هه‌بێت، نه له به‌رگریکردن له خۆی داده‌مێنێت و نه له مسۆگه‌رکردنی پێویستییه ئابوورییه‌کانی کۆڵه‌واره و نه له ڕووی ده‌روونیشه‌وه لاوازه، بۆیه له‌گه‌ڵ ده‌رکه‌وتنی توندوتیژی، ده‌توانێ لانیکه‌م به‌رگری له خۆی و منداڵه‌کانی بکات و کاره‌که نه‌گات به‌وه‌ی کوشتن ڕوو بدات.