شۆڕشی گەلانی ئێران و ئاسۆی لێڵ

AM:10:13:13/02/2025 ‌
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاتێکدا 46ـمین ساڵەی خۆی بەڕێ دەکات، داڕمانێکی گەورە ڕووبەڕووی هەموو كۆڵەكەكانی چەسپاندنی بووەتەوە. ڕەنگە دوای هەندێ دەسەڵات و جۆری حوکمڕانیی بە تایبەتی دەسەڵاتی کۆمۆنیستیی لە سەردەمی لێنین و ستالین و هەروەها نازییەکان لە سەردەمی هیتلەر و ساڵەکانی نێوان دوو شەڕی جیهانیی یەکەم و دووەمدا، کۆماری ئیسلامی یەکێکی تر بێت لەو جۆرە حوکمڕانییەی خەڵکی قوربانی ئایدۆلۆجیایەک کرد کە نەوەی داهاتوویشی پێوە دەستەویەخە بووە و دەبێت. 

ئەزموونی شۆڕشی ناو هەموو وڵاتان لە مێژوودا پێمان دەڵێ، هەموو ئەو هێزانەی شۆڕش دەکەنە داینەمۆی بەدیهێنانی سیستمێکی حوکمڕانیی نوێ، سەرەتا بە دنیایەک خەون و خەیاڵی گەش و پڕ لە هیواوە دێن. هەر لە ڕژێمە کۆمۆنیستییەکانەوە بگرە تا حوکمە ئیسلامییەکان و سیستمە لیبراڵییەکانیش بەم شێوەیە بووە. بەڵام وردە وردە لە هەناوی ئەم هێزە شۆڕشگێڕە ئایدۆلۆجیانەدا ئارەزوو و حەزی یەک کەس بەسەر کۆی ئارەزوو و خەونەکانی کۆمەڵگەدا زاڵ دەبێت و ئیتر کۆمەڵ و کۆمێنێتیی لە یەک تاقە کەسدا کۆ دەبنەوە، ئەمەیش سەرەتای دەرکەوتنی بێ پەردەی سیمای سیستمە تۆتالیتار و هەمووشت خوازەکان و هەروەتر نمایشکردنی ڕووخساری دیکتاتۆرە مەزنەکەی ناو ئەو کۆمەڵگە و مێژووەیە. 

هیچ کۆمەڵگەیەك بێ دیکتاتۆر و پاوانخواز نییە، بەڵام ئەوەی ئەم سیستمە چۆن دەبێ بە دیکتاتۆر؟ ئەو بابەتەیە کە جێی سەرنجی بیرمەندان و ئەو کەسانەن وا لە بواری بیر و فەلسەفەی سیاسیدا ئیشیان کردووە. زیگمۆند فرۆید لە باسی کولتوور و کۆمەڵگەدا و لە کتێبی "ناخۆشییەکانی شارستانی"، دەڵێت "کۆمەڵگە و کولتوور دوانەیەکن پێکەوە لە دایک دەبن، کۆمەڵێك فاکتەرێک ڕۆڵ دەگێڕن پێوەندیی نێوان ئەم دوو جەمسەرە چۆن بێت و بە چ ئاڕاستەیەکدا بڕوات". ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی کۆنی حوکمڕانییەکان ئەوا لە مێژوودا دەبینین پاشاکانی وەک قەیسەری ڕۆم و خاقانی چین و تەنانەت ئەگەر چاو لە مێژووی نزیکیش بکەین، خەلیفە ئیسلامییەکان، هەرکامیان خۆپەرستی و پاوانخوازییان وردە وردە حوکمڕانییەکەی بەرەو تۆتالیتاریزم و هەمووشت خوازییەکی ڕەشۆداماڵراو بردووە و دواجار وێرانبوونی کۆمەڵگە و ڕووخانی دەسەڵاتەکەیان لێ کەوتووەتەوە. 

پێش ئەوەی دیموکراسییە سەرەتاییەکان لە یۆنان و ڕٶمی کۆن بێنە ئاراوە، قەیسەر جەنگاوەر و حوکمڕانێکی خوێنخۆر بوو، خواست و خەونەکانی خۆی تەنیا و تەنیا لە ڕێگەی شمشێر و سوپاکەیەوە بەدی دەهێنا و خەڵک بە مانا گشتییەکەی وەک کۆیلەی ئەو هەژمار دەکران. ڕەنگە ئەگەر شوێنپێی تێڕوانینەکەی فرۆید بگرین و کۆمەڵگە و کولتوور بە دوانەیەکی هاوشان کە پێکەوە لەدایک دەبن، بێنینە پێش چاوی خۆمان، باشتریش لەو تێڕوانینە ناهومێد و ڕەشەی فرۆید بۆ مرۆڤ تێبگەین کە دەڵێت "لە ناخەوە مرۆڤ بوونەوەرێکە بە تاریکی دەورە دراوە و کولتوور وردە وردە دەبێت ئەم تاریکییانە لەقاو بدات". 

ئەم حیکایەتە پێمان دەڵێت، یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی سەرهەڵدانی ڕژێمە تۆتالیتارەکان، چییە. هاوکات دەزانین ڕژێمی قەیسەرەکان بە شەڕی بەردەوامی خەڵکی کۆیلە و ئازا و شۆڕشگێڕ، ڕووخان و دواتر بیرمەند و کولتووری یۆنانی، وایکرد دیموکراسی درزەکانی خۆی زیاتر دابخات و مرۆڤ لە سەدە تاریکەکانی زەینی ناهوشیار و دەروونیدا بەرەو هوشیاریی سیاسی و کولتووریی ئەمڕۆی سەخت و خوێناوی و دژوار ببڕێت.
بێگومان ئەمە بۆ کولتووری ڕۆژئاوایی بە زۆری ڕاستە و کولتوورە ڕۆژهەڵاتییەکان و بە تایبەتی ڕۆژهەڵاتی ناوین، هێشتا شەڕی نێوان تاریکی و ڕووناکیی تێنەپەڕاندووە و زانست و پێشکەوتن زەوینەی وازهێنان لە خورافات و وەهمیی خۆش نەکردووە، بۆیە ئەم ناوچەیە تا ئێستەیش ناوەندی شەڕ و قڕکردن و پاکتاوە سامناکەکانە. 

زەقترین سیستمێک کە لەم چوارچێوەیەدا خۆی دەبینێتەوە، سیستمی ئیسلامی سیاسیی کۆماری ئێرانە، نەک تەنیا بۆ خەڵکەکەی خۆی بەدیهێنەری کارەسات و هەژاری و وێرانبوونی بەهاکانی کۆمەڵگە و زۆر دیاردەی ماڵوێرانکەر و شارستانیکوژ بووە، بگری لە کۆی ناوچەکەدا وەک ڤایرۆس شێرپەنجە و هەناردە ناتەندروستەکانی خۆی بڵاو کردووەتەوە. هەموومان دەزانین مانەوەی زیاد لە ڕادەی خوێنمژێكی وەک بەشار ئەسەد ئەم خواستە ڕەشەی کۆماری ئیسلامیی لە پشت بووە، هەروەها گەیشتنی غەزە و حزبوڵا و حەماس بەم ڕٶژە و تیاچوونی ئەو هەموو مرۆڤە لە دنیای جەنگزەدەی نێوان هێزەکاندا، دەستەگوڵی ئەو زۆنگاوە ڕەشەی کۆماری ئیسلامیی بوو، بۆ ئەو خەڵکە و کۆی ناوچەکە! 

لەبارەی دۆزی کورد ئەم هێزە تاریکە جەمسەرێکی نەگۆڕ و کاریگەر بووە لە خراپتربوون و چارەسەرنەبوونی كێشە نەتەوەییەكەمان، چونکە لە پۆلێنبەندییەکانی ئەو هێزەدا، کورد لایەنێکی ڕەشە کە ئەگەر بچێتە ژێر سێبەری ئەوەوە، ئەوا ڕووناکایی بەردەکەوێت و بە پێچەوانەیشەوە ئەو دەتوانێت لە تاران و بەغدا و ئەنقەرە و دیمەشقەوە گوشار بۆ سەر کورد و بە تایبەتی تاقە هەرێمەكەی دروست بکات. بەڵام ئەم سیستمە هەر بەم میکانیزم و ئامرازانەوە نەوەستاوەتەوە، بەڵکوو پرۆژەی پەرەپێدانی کولتوری ئیسلامی سیاسییشی لە کوردستان دەمێکە خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و کوردیش بەهۆی دۆخی ئاوارەیی و جەنگەوە، کەمتر بیری لەم لایەنە کردووەتەوە. 

سەرەڕای ئەوەی کە هێزە ئیسلامییە کوردییەکانیش لە دواجاردا لە نێوان کورد و کۆماری ئیسلامیدا بە ئەگەری زۆر دووەمیان هەڵدەبژێرن، چونکە باوەڕیان وایە لە ڕووی ئایدۆلۆجییەوە ئەوان پێکەوە لە یەک بەرەدان و کورد و عەلمانییەت پرۆژەیەکی ڕۆژئاوایین و دژی خودا و ئاینن، بەڵام ئەگەر بە ژیری و بە ویژدانەوە لەسەر ئەم بابەتە بوەستین، تێدەگەین ئەمە بەر لەوەی کۆڵەکەیەکی باوەڕمەندانەی ئیسلامی سیاسیی ئێرانی بێت، فێڵ و چاوبەستکردنێکە بۆ بەکارهێنانی کورد بە ئاڕاستەی ئامانجە شەڕانییەکانی خۆی. بۆیە بەهۆی دراوسێیەتیمان لەگەڵ ئەم تاریکستانە، باشتر وایە زیاتر ئاگاداری هاتنەژوورەوەی پرۆژەکانیان بین، نابێت کەناڵە ئیسلامییەکان هێندە کولتووری شیعی-ئیسلامی و فارسیی نەگونجاو لەگەڵ کاکڵەی مێژوو و کولتووری کورد، بڵاو بکەنەوە. 

ڕەنگە حکوومەتی هەرێم بۆ پووچەكردنەوەی ئەم بە کۆمارکردنەی بەشێک لە ناوچەکانی هەورامان و هەڵەبجە و تەنانەت سلێمانی و هەولێریش، بیر لە پپرۆژە و تەرخانکردنی بودجەیەکی شیاو بکاتەوە، تا ئەم هێزانە لە داهاتوودا نەبن بە مەترسییەکی ڕژد لە تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگەی کوردی و هەر کیانێک کە لە داهاتوودا دێتە ئاراوە.
لە 46ـەمین ساڵوەگەڕی ئەم ڕژێمە ئیسلامییە شەڕخوازەدا، دەبێت ئێمە وانە وەرگرین و چاوبەستی ئاسۆی لێڵ و تاریکی ئیسلامی سیاسیی، نەکرێین.