ئێسته و ڕۆڵ و پێگه‌ی ژن
قسه‌كردن له‌باره‌ی ڕۆڵ و پیگه‌ی ژن، به بارته‌قای قسه‌كردن له‌باره‌ی ڕۆڵ و پێگه‌ی مرۆڤ باس هه‌ڵده‌گرێت، به هه‌مان ئاستیش مێژوو و هه‌وراز و نشێوه‌ی هه‌یه، تا ئێسته‌ش له زمانی ئینگلیزی و ته‌نانه‌ت زمانی ئه‌ڵمانیشدا كاتێك باسی مرۆڤ واته ئینسا‌ن ده‌كرێت، وشه‌ی (man) له ئینگلیزی و (Mensch) له زمانی ئه‌ڵمانی به‌كار ده‌هێنرێت، كه له بنه‌ڕه‌تدا مانای هه‌ردووكیان ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر وشه‌ی (پیاو). ته‌نانه‌ت له زمانی فارسیشدا له ژێر كاریگه‌ریی زمانی عه‌ره‌بی ده‌ڵێن (رجل سیاسی)، واته پیاوانی سیاسی، هه‌موو ئه‌مانه داكۆكی له بوونی گوتارێكی پیاوسالارا‌نه ده‌كه‌ن، گوتارێك كه ڕه‌گوڕیشه‌كانی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌مانی سه‌ره‌تای شارستانییه كۆنه‌كان كه دنیا و موڵكدارێتی و هه‌موو هاوكێشه‌كه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای جه‌سته و هێز پێناسه كردووه.
به‌م شێوه‌یه‌ش له زۆربه‌ی شارستانییه‌كاندا ئه‌م وێنا نادروست و هه‌ڵه‌یه قبووڵ كرا كه ڕۆڵی ژن له ئاستانێكی ته‌سك و دیاریكراودا پێناسه بكرێت، شوناسێكی دۆگما و نه‌گۆڕ بخرێته پاڵ كه‌سایه‌تی و مێنتاڵیته‌ی ژن، به‌ڵام له دوای شۆڕشه فێمینیستی و ڕۆشنگه‌رانه‌كان له ئه‌وروپا و به دیاریكراوی له فڕه‌نسا و هاتنه‌ده‌ری كتێبی "ڕه‌گه‌زی دووه‌م"ی سیمۆن دێ بۆڤار؛ بیرمه‌ند و نووسه‌ری فڕه‌نسی و یاری ژان پۆل سارته‌ر فه‌یله‌سووفی وجوودگه‌رای فڕه‌نسی، كۆی ئه‌م په‌نگخواردن و كپكردنه‌وانه له ئاستێكی گه‌وره له دنیادا ته‌قییه‌وه، ژنان وه‌ك مێنتاڵیته و زه‌ینییه‌تی نوێ ڕووبه‌ڕووی ئه‌و گێڕانه‌وه زاڵ و سه‌پێنراوه‌ی پیاوسالاری بوونه‌وه كه هه‌موو جومگه و لایه‌نه‌كانی وجوودی، مرۆڤی ته‌نیا له پیاو (وه‌ك له سه‌ره‌وه نموونه‌ی زمانیشم بۆ هێنایه‌وه)دا كورت ده‌كرده‌وه.
ئه‌م ده‌سته‌ویه‌خه‌بوونه‌ی گوتاری فێمینیستی و ده‌كرێت بڵێین گوتاری یه‌كسانیخوازیی جێنده‌ری، تا ئێسته له ئاست و شێوه‌ی جیاجیادا به‌رده‌وامه و به‌رده‌وامیش ده‌بێت، نموونه‌ی شۆڕشی ژینا له ئێران و ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، پزیسكێكی ئه‌م كڵپه‌ی ئاگره‌ی مافخوازی و یه‌كسانیخوازی ژنانه، ئه‌گه‌رچی زۆر كه‌س و لایه‌ن هه‌م له ناو ده‌سه‌ڵاتی ئێران و هه‌میش له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌لڵاتی ئێران و له هه‌ناوی گوتاری پیاوسالارانه‌وه، ویستیان شۆڕشه‌كه بۆ ئاستێكی ڕووكه‌ش و بچووك كورت بكه‌نه‌وه، به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه باڵاپۆش و سه‌رپۆش ته‌نیا هێمایه‌كن بۆ مافخوازی و كه‌س ناتوانێت دنیای پشت ئه‌و ده‌مامكه سه‌پێنراوانه به ئاسانی پێناسه بكات و بیگێڕێته‌وه.
ئێسته به‌شێك له پیاوانی فێمینیست و یه‌كسانیخوازی نێوان ژن و پیاو، خۆشبه‌ختانه ددانیان به‌مه‌دا ناوه كه پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگه به بێ ئاماده‌یی و ئاماده‌یی ژنان، پێشكه‌وتنێكی ناته‌واوه و ڕاستییه‌كه‌ی ته‌نیا وه‌هم یان سه‌رابێكه له پێشكه‌وتن، بۆیه ئێمه‌یش وه‌ك ژنان ده‌بێت بزانین چه‌نده پێویستیمان به به‌رگریكردن له ماف و شوناسی ژنانه و ژنێتیی خۆمان هه‌یه، ئه‌وه‌نده‌ش پێویستمانه كه لۆجیكی گوتاری پیاوسالارا‌نه ڕه‌خنه بكه‌ین و پێیان بسه‌لمێنین كه دنیا ته‌نیا له ده‌لاقه‌ی پیاوانه نابینرێت.
شتێكی حاشاهه‌ڵنه‌گره كه ڕۆڵ و پێگه‌ی ژنان له هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا، دیاریكه‌ری ئاستی پێشكه‌وتن و ماهییه‌ت و جه‌وهه‌ری ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌یه، ئێمه وڵاتێكی وه‌ك ئه‌فغانستان ته‌نیا به هێزێكی توندئاژۆ و سه‌له‌فییه‌وه ناناسین، به‌ڵكو به پێناسه‌یه‌ك كه بۆ ژن وه‌ك جه‌مسه‌ری ته‌واوكه‌ری كۆمه‌ڵگه هه‌یانه، تێڕوانین و ماهییه‌تیان بۆمان زه‌ق ده‌بێته‌وه، بوونی دیدگه‌یه‌كی به‌رته‌سك بۆ ژن و به‌ها و خه‌ونه‌كانیان ته‌نیا له‌قاودانی ژن وه‌ك جه‌سته نییه، به‌ڵكو سه‌ركوتكردن و خنكاندنی به‌شێك له وجوود و بوونی مرۆییه كه ده‌توانێت له گۆڕه‌پانه جیاجیاكانی وه‌ك زانست، هونه‌ر، ئه‌ده‌ب، كۆمه‌ڵگه، كولتوور و سیاسه‌تدا ڕۆڵی كاریگه‌ر و ته‌واوكه‌ر بگێڕێت.
ڕوانگه نه‌ریتی و سه‌له‌فییه‌كان بۆ ژن، ته‌نیا جه‌سته‌یه‌ك ده‌بینن كه ختووكه‌ده‌ر و خرۆشێنه‌ری ئاره‌زوو و خواسته سێكسییه‌كانی گوتار و سیستمی باڵاده‌سته كه پیاوسالارییه. به‌داخه‌وه ئه‌م به‌رته‌سككردنه‌وه و سنووردانانه بۆ ژن وه‌ك كائین و بوونه‌وه‌رێكی وجوودی و كورتكردنی له ناو له‌شێكی مادی و جه‌سته‌یه‌كی خرۆشێنه‌ر، تایبه‌تمه‌ندیی سه‌ره‌كیی وڵاته نه‌ریتگه‌را و ئاینییه‌كانه، ئه‌و وڵاتانه‌ی كه نه مۆدێرنه توانیویه‌تی به‌شێوه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی له‌و قووڵكه و كه‌نده‌ڵانه ده‌ریان بهێنێت و نه نه‌ریته ئاینییه‌كانیشیان هێنده ئاوه‌زمه‌ندێتی ئه‌زموون كردووه و ده‌یكات تا د‌رك به‌و ڕاستییه بكه‌ن كه ژن‌بوون به‌ر له‌وه‌ی گوناه بێت، به‌ر له‌وه‌ی تابۆ و بڤه‌یه‌كی ئه‌هریمه‌نی بێت، بوونێكی تری مرۆییه كه كائینات كامڵ و ته‌واو ده‌كات.
نموونه‌ی وڵاتێكی وه‌ك ئه‌فغانستان دیاره و هه‌ر به‌و هۆیه‌شه‌وه باسم كرد كه ئێسته ته‌نانه‌ت ژنان و كچانی ئه‌و وڵاته، بۆ خوێندنی سه‌ره‌تاییش بواریان نادرێتێ چ بگات به‌وه‌ی ڕۆژێك له ڕۆژان شیعرێكی عاشقانه بڵێن، یان به‌رهه‌مێكی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری كه گوزارشت له دنیای ژنان و ژنێتییان بێت پێشكه‌ش بكه‌ن، ئه‌وان ته‌نانه‌ت له ڕووی پۆشاك و جلوبه‌رگیشه‌وه ده‌بێت هه‌موو جه‌سته‌یان داپۆشراو بێت و ته‌نیا چاویان له ژێر نیقابێكی ڕه‌شه‌وه دیار بێت، ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن ئه‌گه‌ر ئیشێكیان بوو، به‌ڕێگه‌دا بڕۆن و به‌رپێی خۆیان ببینن.
له ڕۆژهه‌ڵات به‌گشتی ئه‌م هاوكێشه‌یه به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌كاندا زاڵه، له ڕۆژئاواش ئه‌گه‌رچی ئه‌م سنوورداری و به‌رته‌سككردنه‌وه‌یه‌ی ژنان بوونی نییه، به‌ڵام به‌كاڵاكردنی ژنان له چڵه‌پۆپه‌ی خۆیدایه، به ئاستێك كه له ڕێگه‌ی جیهانگیریی و گلۆبالیزه‌یشینه‌وه، تایبه‌تمه‌ندییه‌كی نه‌رێنیی تری هێناوه‌ته كۆمه‌ڵگه ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كانه‌وه و دنیای ژنانی زیاتر تاریك و ئاڵۆز و په‌شێو كردووه. ڕه‌نگه ئه‌گه‌ر بڵێم پنتی تێكه‌ڵبوونی دوو جه‌مسه‌ری "نه‌ریتپه‌رستی" و "به‌كاڵاكردن"، ئه‌و خاڵه دژوازه‌یه كه توندوتیژیی پیاوسالارا‌نه به‌رهه‌م ده‌هێنێت، له هه‌مان كاتدا كه شتێكی ئاڵۆزم گوتبێت، هاوكات ئاماژه‌م به شتێكی ڕوونیش كردبێت، ئاڵۆزه چونكه گوتاری پیاوسالاری ئاینی ئه‌و به‌ربه‌ست و سنووره داده‌نێت بۆ ژن كه جه‌سته‌ی خۆی وه‌ك موڵكێكی پیرۆز و تابۆیه‌كی مانادار بپارێزێت، خه‌ونه‌كانی نه‌دركێنێت، ئاره‌زووه‌كانی نه‌یه‌نێته زار، جوانییه‌كانی شاراوه و شاردراوه بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا هه‌ر ئه‌م گوتاره په‌لكێشی ئه‌و مۆدێل و سیما بازاڕی و له‌شه سێكسییانه‌یه كه میدیاكان ده‌یخه‌نه به‌رده‌ستی یان تاكوته‌را له‌م شه‌قامه و له‌و كۆڵانه ده‌یبینێت، ئه‌م بابه‌ته ئاڵۆزییه‌كه‌ی له‌وه‌دا زه‌ق ده‌بێته‌وه كه ژنان ده‌خاته دژوازی و له‌تبوونێك له نێوان خواستی ئه‌خلاقگه‌رایانه‌ی نه‌ریتیی پیاو، هاوكات حه‌زی سێكسیی و ڕێژه‌بینانه‌ی ئه‌خلاقی پیاوسالارا‌نه له‌لایه‌كی تر، واته ئه‌و مۆدێله له پیاو به‌رهه‌م ده‌هێنیت كه له‌لایه‌ك ئه‌خلاقگه‌رایه، هاوكات حه‌زیشی له لادانه له ئه‌خلاق بۆ ئاره‌زووه‌كانی خۆی.