له حاڵێکدا که ئەم هەفتەیە رووفاتی 100 ئه‌نفالکراوی بارزانیی له بیابانه‌کانی خوارووی عێراق و ناو لمەوە گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه کوردستان، هه‌ڵوێستی نووسه‌ر و ته‌نزنووسێکی وه‌ک د. شێرکۆ عه‌بدوڵا له ناردنی سڵاو بۆ سه‌دام حسێن و ستایشکردنی ده‌بێته مایه‌ی تێڕامان و هه‌روه‌ها داخ و جهخارێکی زۆر! ئێمه د. شێرکۆ به سیناریۆکانی "به‌رنامه‌ی به‌رنامه" و گۆڤاری "سیخورمه"وه ده‌ناسین و ئه‌وه‌نده‌ی تێڕوانینی ڕه‌خنه‌گرانه له نووسینه‌کانیدا ئاماده بوون که سامانێک له زمانی ڕه‌خنه‌گرتن به شێوه‌ی ته‌نز و ته‌وسی دروست کردووه، ئه‌مانه ڕاستییه‌کی ئه‌و مرۆڤه‌ن، هه‌رچه‌ند ئه‌م ڕاستییانه به‌و ڕاده‌یه به‌هێز نین که خۆی به شانوباڵی خۆیدا هه‌ڵده‌ڵێت و یەژێ: "وتاری ڕۆژانه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ریی من دامهێناوه که ئه‌وه 11 ساڵه به‌رده‌وامه و هه‌ر میله‌تێکی تر بوایه شانازیی پێوه ده‌کردم". ئه‌مانه هه‌ندێ ڕسته‌ن بۆ ناساندن و به جۆرێک به‌رگریی له خۆی.
من قه‌ت لێره‌دا نامه‌وێ هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ که‌سایه‌تیی نووسه‌رێکی وا بکه‌م، چونكە له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌مه کارێکی شیاو نییه و دووره له پره‌نسیپه گشتییه‌کانی ئه‌خلاقیشه‌وه، من زیاتر ده‌مه‌وێت ئه‌وه بڵێم كە که‌سێک، نووسه‌رێک بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌کات که له خه‌بات و خزمه‌تگوزاریی خه‌ڵکی کورد و کوردستاندا ئه‌وپه‌ڕی زه‌حمه‌ت و ماندووبوونی چه‌شتووه، بۆچی ده‌بێت به‌رگریی له سه‌دام حسێن بکات؟ ئایا ئه‌و سه‌دام ناناسێت؟
ناسین نه‌ک به مانا ئاسایی و گشتییه‌که‌ی، به‌ڵکو به مانا قووڵ و ڕه‌مزییه‌که‌ی، مه‌عریفه و ناسینێک که هه‌ر نووسه‌رێک پێویسته هه‌یبێت تا بتوانێت کۆمه‌ڵی خۆی پێ بخوێنێته‌وه و هه‌ست و نه‌ستی کۆمه‌ڵگەی خۆی لێوه دیار بێت و بزانێت چ وشه و ڕسته و گوتارێکیان ئاڕاسته ده‌کات. یان نا ئه‌و ده‌زانێت سه‌دام کێیه و باشیش ڕۆ چووه‌ته ناو ئه‌و زام و برینانه‌ی که جه‌سته و گیانی نه‌ته‌وه‌ی کوردیان شێواندووه، به‌ڵام هه‌ر به‌رگریی لێ ده‌کات؟ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ی کۆتایی بێت، ده‌شێت ئه‌م پرسیاره بکه‌ین بۆچی ئه‌م نووسه‌ره به‌رگری له سه‌دامێکی فاشیستی ئه‌نفالکه‌ر ده‌کات که به باشی ده‌یناسێت؟ ئاخۆ ئه‌مه له خزمه‌ت ئه‌جێندایه‌کی دیاریکراو و گوتارێکی دهستنیشانکراودایه؟ یان نا ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ده‌ربڕی ئه‌وه‌یه که ئه‌و له هه‌موو شتێک نا‌ئومێد بووه و ستایش و چه‌پڵه‌لێدان بۆ سه‌دامی کردووه به دواکارت و دوافیشهکی هیوای خۆی؟
به ده‌ربڕینێکی تر، ئه‌و ده‌یه‌وێت سێبه‌ر و تاپۆی داگیرکه‌ر و فاشیست قبووڵ بکات و له‌ناو کۆمه‌ڵگەی کوردیش‌دا وه‌ک نووسه‌رێک ستایش بکرێت و به وته‌ی خۆی شانازیی پێوه بکه‌ن! ئه‌م چه‌ند ڕسته‌یه‌ی خواره‌وه له‌گه‌ڵ وێنه‌یه‌کی سه‌دام حسێن له ڕۆژانی ڕابردوودا له‌سه‌ر ئه‌کاونته‌که‌ی بڵاو کراوه‌ته‌وه:
"تۆ سه‌لماندت که تاقه گورگێکی شه‌ریف زۆر چاکتره له کۆمه‌ڵێ ڕێوی سه‌خیف".
ڕه‌نگه ئه‌م ڕستانه وه‌ک شمشێری دوو ده‌م بن که هه‌م خوێنه‌ر بپێکن و هه‌میش نووسه‌ر، به‌ڵام ئه‌م ڕاستییه له‌ژێر پیت و ڕسته و وشه‌کانیدا دێته ده‌ره‌وه که "گورگی شه‌ریف" ته‌واو ده‌لاله‌تێکی نه‌رێنی و ڕهتکهرهوانهی نییه، به تایبه‌تی کاتێک له سیاقی ڕسته‌که‌دا ده‌که‌وێته به‌رانبه‌ر "ڕێوی سه‌خیف"، که‌واته گورگی شه‌ریف به ته‌واوی مه‌دح و ستایشی سه‌دامه و هیچ ته‌ئویل و خوێندنه‌وه‌یه‌کی وا ناهێڵێته‌وه که بڵێین لاپاڵێکی قه‌ڵه‌م و وشه‌که‌ی داوه له سه‌دام! ئه‌مه ڕێک به‌رگریکردنه له تێڕوانین و ڕێبازی سه‌دام حسێن.
گورگی شه‌ریف
سه‌ره‌تا با له‌سه‌ر گورگبوونهکهی له‌نگه‌ر بگرین، ئه‌گه‌ر دڕنده‌یی یه‌که‌مین سیفه‌ت و ئاوه‌ڵناوی سرووشتیی گورگ بێت، ئه‌وا سه‌دام دووره له‌و سرووشته ئاسایی و ئۆرگانیهی گورگ، چونكە گورگ به غه‌ریزه‌وه له جیهانی سرووشتدا ده‌جووڵێته‌وه، به‌ڵام سه‌دام به فه‌لسه‌فه‌ی میشێل ئه‌فله‌ق و چه‌ک و ته‌کنه‌لۆجیای مۆدێڕن و پاره‌ی نه‌وت، ناوچه‌یه‌کی گه‌وره‌ی وه‌ک ڕۆژهه‌ڵاتی ناوینی تووشی شه‌ڕ و ئاژاوه و مه‌رگ و قڕکردن کرد، ئه‌مه جیایه له‌و پرۆژه تایبه‌ت و ئهندازەکراوهی دژی کورد و به مه‌به‌ستی پاکتاوکردن و کوردقڕان جێبه‌جێی کرد و له‌ژێر ناوی ئه‌نفالدا ده‌یناسین!
لێره‌دا ئه‌م شوبهاندنه هێنده دووره له لۆجیکی مه‌عریفیی ئاژه‌ڵناسی و سهدامناسییهوه که ئاوه‌ڵناوی شه‌ریفیش ئه‌م دژوازی و ده‌ستوپێ سپیبوونهی نووسه‌ره‌که‌ی داناپۆشێت.
گورگێکی شه‌ریف! گورگ که تایبه‌تمه‌ندیی دڕنده‌بوون له خۆیدا هه‌ڵده‌گرێت ئایا ده‌توانێت شه‌ریف بێت؟ شه‌ریف که تایبه‌تمه‌ندییه‌کی ئه‌خلاقیی کۆمه‌ڵگەی مرۆییه، گورگێکی (دڕنده)ی شه‌ریف! ئه‌م دژوازییه له پانتایی ئه‌ده‌ب و گێڕانه‌وه‌دا شتێکی سه‌یر نییه، به‌ڵام به نیسبه‌ت جه‌لادێکی وه‌ك سه‌دام حسێن ده‌بێ بواری ئه‌وه به خۆمان بده‌ین و بپرسین ئه‌م دژوازییه بۆ ستایشکردنی جه‌لادێکی وه‌ها. له چییه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه؟ ئایا چونکه تۆ دڵت له کۆمه‌ڵێک "ڕێوی سه‌خیف" ئێشاوه ده‌شێت جه‌لادی نه‌ته‌وه‌یه‌ک ستایش بکه‌یت و له ته‌کنیکێکی سواو و کڵێشه‌یی و دروشمزهدهدا چه‌پڵه‌ی بۆ لێ بده‌ی؟ ئه‌مه به‌رهه‌می ناهومێدی نووسه‌ره له دۆخێک که لە کوردستاندا هەیە یان ئه‌نجامی دڵشکاندنی له‌لایه‌ن چه‌ند به‌رپرسێکی دیاریکراوەوە که به دڵی ئه‌ویان نه‌کردووه؟
ئه‌گه‌رچی ماوه‌ی چه‌ند ساڵێکه به‌هۆی بارودۆخی ئابووری و ئه‌و گوشارانه‌ی له‌سه‌ر هه‌رێمن و هه‌روه‌ها ده‌ستێوه‌ردانی وڵاتانی ناوچه‌که له کاوروباری ژیانی خه‌ڵک، به‌شێک له خه‌ڵکی کوردستان وه‌ها تووڕه‌یی و بێهیواییهکیان هه‌یه که جاروبار له ئاستی زاره‌کی و قسه‌ی ده‌م به گله‌ییه‌وه ده‌ڵێن: خۆزگه‌م به کاتی سه‌دام! به‌ڵام خه‌ڵکی ئاسایی کوردستان هیچ کات باوه‌ڕی به‌م ڕسته و گوزارانه نه‌هێناوه!
ئه‌م گوزاره و تێڕوانینانه زه‌وینه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی و بگره هه‌ندێ جار دیسکۆرسیڤیان هه‌یه و مه‌به‌ستیانه خه‌ڵک و کۆمه‌ڵگەی کوردی بێهیوا بکه‌ن و له بنه‌ما و پره‌نسیپه نیشتمانی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی خۆیان دووریان بخه‌نه‌وه، ڕه‌نگه خه‌ڵکێک که هه‌زاران خوێن و قوربانیی داوه و ئێسته به‌هۆی بارودۆخی سه‌ختی ئابووری ئه‌و قسانه ده‌کات، زۆر گله‌ییان له‌سه‌ر نه‌بێت، ئه‌گه‌رچی من پێم وایه هه‌ر ئه‌م خه‌ڵکه له هه‌ر کاتێکی ته‌نگانه‌دا که ڕووبه‌ڕووی کوردستان ببێته‌وه، به‌و هه‌موو دڵشکان و تۆرانهیشهوه سه‌نگه‌ری نیشتمان چۆڵ ناکه‌ن و ناچنه باوه‌شی دیکتاتۆر و ستایشی تاوان و ده‌سدرێژییه‌کانی ناکه‌ن.
به‌ڵام ئه‌مه بۆ نووسه‌رێک که به‌شێک له یاده‌وه‌ریی بینه‌رانی کۆمه‌ڵگەی کوردی به ڕه‌خنه‌کانی ئه‌و دژی گه‌نده‌ڵی و په‌راوێزخستنی نیشتمان و به‌هادان به نه‌ته‌وه و خاک بووه، شکست و نسکۆیه‌کی گه‌وره‌یه و له ڕاستیشدا زه‌نگی مه‌ترسییه‌کی گه‌وره‌یه بۆ وشه و قه‌ڵه‌م و نووسین!
ئه‌م هه‌ڵوێست و ده‌ربڕینانه نه‌ک گوزارشتن له بێهیوایی یان هه‌ر هۆکارێکی تر که وه‌ها نووسه‌رێکی به‌م قه‌ناعه‌ته گه‌یاندووه، به‌ڵکوو ئاماژه‌ن بۆ داڕمانی گه‌وره له مه‌عریفه و هزری قه‌ڵه‌مبه‌ده‌ست و نووسه‌رانی ئێمه!
ده‌ربڕینی وه‌ها هه‌ڵویستێک له کات و ساتێکدا که ئێسک و پروسکی ڕووفاتی 100 ئه‌نفالکراوی بارزانیی هێشتا له خاکی کوردستاندا جێیان نه‌گرتووه و تۆ بێیت به‌و شێوه‌یه یادی جه‌للادێک به ناوی سه‌دام حسێن بکه‌یته‌وه، به‌ڕاستی ده‌بێت هۆکاری چی بێت؟
من پێشتر له یاداشتێکدا به‌ناوی "نۆستالۆژیا بۆ دیکتاتۆر" ڕۆڵی نۆستالۆژیا و یادکردنه‌وه و حهسرەت بۆ ڕابردووم له ڕه‌هه‌نده سایکۆلۆجییهکهیهوه باس کردووه که له‌وێدا زیاتر له ئاستێکی گشتی و کۆمه‌ڵناسانه‌دا په‌رژامه سه‌ر خواستی ئاپۆره‌ی خه‌ڵک بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی دیکتاتۆر به‌هۆی ئابووری و مه‌عیشه‌ته‌وه، به‌ڵام له‌م ئاسته تایبه‌ته‌یدا گه‌ڕانه‌وه بۆ ئامێزی دیکتاتۆر و به‌رگریی له فاشیزم و ئه‌نفالچیی، به‌ده‌ر نییه له جۆرێک مه‌عریفه و جۆره هه‌ڵبژاردنێکی وشیارانه و له هه‌مانکاتدا خاڵی کاره‌ساتاویی! ئه‌م ڕووداوه‌یش هه‌ر ئه‌مه‌یه، تۆ بێیت و به وشیاری و مه‌عریفه‌یه‌کی ڕێژه‌ییه‌وه له‌سه‌ر ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه و پاکتاوکردن و کوردقڕان به‌رگری له سیستم و نوێنه‌ری فکری و سیاسیی به‌عسیزم بکه‌یت!
ئه‌مه به‌ر له‌وه‌ی ئه‌نجامی تووڕه‌ییه‌کی کاتی یان زیزبوونێکی کۆمه‌ڵایه‌تی بێت، هه‌ڵبژاردنی خیانه‌ته! خیانه‌تکردنه له ئازادی و هه‌موو ئه‌و به‌ها و پره‌نسیپانه‌ی زیاتر له یه‌ک سه‌ده‌یه کورد خوێنی بۆ ده‌دات و قوربانیی له پێناویدا پێشکه‌ش کردووه!
ئه‌گه‌ر ئه‌م نووسه‌ره ته‌نانه‌ت باوه‌ڕی به کوردایه‌تی و ناسیونالیزمی له‌سه‌رپێ و ئێستەی کوردیش نه‌بێت، ئه‌وا خۆ باوه‌ڕی به ئازادیی و ئاسۆیه‌کی زێڕینی ئه‌به‌دی و نه‌مر به‌ناوی "ئازادیی" هه‌یه، چۆنچۆنی پاساوی ئه‌وه ده‌داته‌وه که پشت بکاته به‌هایه‌کی یۆنیڤێرساڵ و گه‌ردوونی به ناوی ئازادی و چه‌پڵه بۆ که‌سێک لێ بدات که ڕیسوا و شه‌رمه‌زاری مێژووه و ده‌ستیشی تا بینه‌قاقا له خوێنی ڕۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌یدا سووره و به خوێنیان شه‌ڵاڵه!
ناهومێدییه گه‌وره‌که نه‌ک له‌م جۆره نووسه‌رانه، به‌ڵکو له دنیایه‌که که مه‌عریفه کاریگه‌ری و ڕۆڵی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی له دەست داوه و ئه‌وانه‌ی ده‌بن به ده‌مڕاستی هزر و مه‌عریفه، وه‌ک بڵقی سه‌ر ئاو له دواجاردا ده‌ته‌قن و ئه‌یانه‌وێ خه‌ون و هیوا و هومێده‌کانی ئێمه‌یش پووچه‌ڵ بکه‌نه‌وه!
باشتر وایه دوو قۆناغی جیاواز و دژ به یه‌ک بۆ هه‌ر نووسه‌رێک دیاری بکرێت، تا ئێمه سنووری ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌خلاق و مه‌عریفه‌یان بناسین، قۆناغێک پێش ئه‌وه‌ی به‌رگری له فاشیزم و دیکتاتۆری ده‌کرێت و قۆناغێک پاش ئه‌وه‌ی چه‌پڵه بۆ دیکتاتۆر لێ ده‌درێت و ستایشی وێنه و ده‌رکه‌وتن و پاڵه‌وانێتییه وه‌همییه‌کانی ده‌کات! ڕه‌نگه به‌م شێوه‌یه ئێمه به لۆجیکێکی پته‌وتر و چه‌ماوه‌تر و قووڵتر بتوانین ئه‌م جۆره شکست و شه‌رمانه تێبگه‌ین. ئه‌گه‌رچی به هه‌موو ئه‌مانه‌یشه‌وه هیوام ئه‌وه‌یه ئه‌م هه‌ڵوێست و ده‌ربڕینانه فه‌یک و ساخته بن و ئه‌و نووسه‌ره له ڕوونکردنه‌وه‌یه‌کدا خۆی ساغ بکاته‌وه که هێشتا نه‌چووه‌ته به‌ره‌ی فاشیزمه‌وه.