كاتی ددانپێدانان هاتووە

PM:04:17:24/11/2022 ‌
لە ڕۆمانی "دادا شیرین"ی ئیبراهیم یونسی نووسەری بە ڕەچەڵەك كوردی فارسینووسدا، كە وەك زۆربەی نووسراوە ئەدەبییەكانی كێشە كۆمەڵایەتی و كولتووری و تا ئاستێكیش سیاسییەكانی كۆمەڵگەی كوردی و كوردستان دەخاتە ڕوو، لە ڕوونكردنەوەی وشەی "ئافرەت"دا ئاماژە بۆ وشەی عیفریتە یان ئەهریمەن دەكات، دەڵێت، وشەكە لەوەوە هاتووە ڕەنگە ئەمە ئیرجاع و ڕیفرینسدانێكی ئەدەبی و ڕەمزی بێت و لە سیاقی دەقەكەدا ئەم مانایە بە كارئەكتەر و كەسایەتییەكی ناو ڕۆمانەكە بدرێت و بە گشتیش وا دەردەكەوێت. لەم ساڵانەی دوایش و زیاتر لە ڕێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە، باس لەوە دەكرا كە ڕەچەڵەكی وشەی "ئافرەت" دەگەڕێتەوە بۆ ئافرۆدیت ژنەخودای یۆنانی كەونار كە خودای عەشق و جوانی و خرۆشی سێكسی بووە. 

شاسوار هەرەشەمی لە كتێبی "فەرهەنگی ئیتیمۆلۆژیی زمانی كوردی" لە لێكدانەوە و ڕەچەڵەكناسیی وشەی ئافرەتدا دەڵێت: "ئافرەت: لە زاری لەكیی، ئافێرەت. وشەیەكی ناوچەییە و بۆ ژن بەكار دێت. بەھۆی ئەوەی لە بواری ڕامیاری ناوەكە بەكار دەھێنرێت، یارمەتی داوە تا ئەندازەیەك بڵاو ببێتەوە. وشەكە وێناچێت كوردییەكی ڕەسەن بێت، چونكە ھەموو ئەو دەستەواژانەی كە وشەی ژن دروست دەبن، ئافرەت لێی بێبەشە وەك: ژنبەژن. مەلاژن. ئاغاژن. ژنھێنان. بێژن. بە ژن، بێوەژن، پیرەژن، شێرەژن، شۆڕەژن. و تاد. ھەروەك ناوەكە لە پەندی پێشینان و دەستەواژە و دەربڕینی زمانەوانیدا، جێی خۆی نەكردووەتەوە. 

یەكێك لە بۆچوونەكان ئەوەیە لە وشەی توركی، لە عەرەبی وەرگیراوی (ئاروات) ھاتبێت، ئەویش لە وشەی عارەبیی عەورەت (ناوگەڵ) وەرگیراوە. ئەوەی بنەچەی عەورەت پشتڕاست دەكاتەوە، ئەوەیە ناوەكە لە ئەدەبیاتی سەدەی پێنجی كۆچی فارسیدا، بەشێوەی عەورەت بۆ تاكی مێ و عەورەتینە بۆ باری كۆی ئافرەت بەكار هاتووە. لە هەردوو كتێبی (تأریخ بیهقی) و (أخلاق ناصری)، ئاماژەیان پێ كراوە. بۆیە گومانی ئەوە هەیە هەردوو "ئافرەتی كوردی و ئاروادی توركی" لەو بنەچە فارسییە، لە عارەبی وەرگیراوەوە هاتبن. 

لە زمانی هاوچەرخی ئۆردو، عەورەت واتا ئافرەت، ژن. لە پونجابیی aurata، ئەورەتە واتا ژن. واتا سەرەتا عەورەت بووەتە عاورات و هاورات و ئاورات و دوایش ئافرەت. چەندان لێكدانەوەی دی، لاواز و نەسەلمێنراویش بۆ ئافرەت هەن، لەوانە: ناوەكە لە ناوی خوداوەندی ناسراوی جوانی (ئەفرۆدێت)ەوە ھاتبێت. یان ئەو ژنە خواوەندەی كە ڕۆمانەكان پێیان دەگوت (ئەورۆرا) بە واتای ئاورنگ. 

ئەی بۆ نەچێتەوە سەر وشەی پەهلەویی ناسراوتر لە ناوچەكە، بەشێوەی afraxtan/ئەفرەختان، بە واتای ڕۆشنكردن، چرا ھەڵكردن. واتا ئەفرەختان بووبێتە ئەفرەخت و ئەفرەت، پاشانیش ئافرەت، مەبەستەكەیش گونجاوە، ئافرەت بە چراھەڵكەر و ڕۆشنكەرەوەی ماڵ دانراوە. 

وشەیەكی تر نزیك لەوە، لە یەكێك لە زمانە ئێرانییەكان، بریتییە لە وشەی زمانی ئۆسیتیی aervad، ئەیێرڤاد كە یەكێك لە واتاكانی بریتییە لە خزمی پیاو. وەك بە واتای براش دێت. شارەزایانی ئۆسیتی، وشەكە دەبەنەوە سەر هەمان ڕەگی پرۆتۆئێرانیی bhratr، بهراتر بۆ برا. ھاوشێوەی ناوەكە لە زۆر لە زمانە هیندۆروپییەكانی تریش دەبینرێت، وەك لە گرێكی oar، ئۆوەر واتا ژنی بە مێرد. 
لە زمانی ساكسیی بە ژن دەگوترا frua فرووە. لە سویدی fru، فرو واتا خانم. لە ئەڵمانیی كۆن frouwa، فرۆووە. بە ئەڵمانی frau، فرەو. لە وشەی لێكدراوی ئەڵمانیی husvrowe دا، خانمی ماڵدا دەبینین كە vrowe، ڤرۆوێ واتای ئافرەت دەگەیەنێت. سویدی و ئیسلاندی fru، فرو. ناوی یەكێك لە ژنە خوداوەندەكانی باكوری ئەوروپا بریتی بوو لە، froja، فرۆیە. 

لەوبارەدا دەبێ ئافرەت دوای بە لارینگالبوونی دەنگی (ئا-)ی چووبێتە سەر. وشەكە بەشێوە گێرمانییەكەی بۆ سەر ڕەگی وشەی داڕێژراوەی PIEی -pri، پری-، یان -priio، پرییۆ دەگەڕێتەوە، بە واتای خۆشەویستی و بەخشین. لە سانسكریتیی وشەی priti، پریتی واتا شادی. دۆستی. ئاشتی. سەیری میتافۆری پڕبەدڵ بكە. سەرەڕای ھەموو ئەو بۆچوونانەی سەرەوە، ھێشتا بنەڕەتی وشەكە نادیارە، یان نزیكترین بۆچوون، هەمان عەورەتە و گۆڕاوە."

وەك دیارە وشەكەی نەك تەنیا لە كولتوور و زمانە ڕۆژهەڵاتییەكان، بەڵكو لە زمانە ڕۆژئاواییەكانیشدا ڕەگوڕیشەی هەیە و دەلالەت و مانایان لێك نزیكە، بەڵام ڕاستییەكەی كۆی ئەم مانایانە دەمانبەنەوە سەر هەرێمی دووڕیانخوازیی "پیرۆزاندن و نەفەرەتاندن". واتە هەمان وێنە و وێنایەك كە لە ئەفسانە كۆنە ڕۆژهەڵاتیی و كوردییەكان و لە نەستی بە كۆمەڵی ئێمەدا نەك ژن، بەڵكو بەگشتی مرۆڤی لەناو دوو هێڵ و خشتەی "ڕەش و سپی"دا پێناسە كردووە. 
ئەمە سەرەتای ململانێ و دوودڵییەك بووە كە لە هەناوی مرۆڤدا (ڕۆژهەڵات بە گشتی) چێنرا و وایكرد بەردەوام سێبەرەكەی خۆمان وەك تارماییەكی ڕەش و نەفرەتی بێتە‌ بەرچاو، سەردەمی گومانكردن لە مرۆڤ و توانا و جوانییەكانی لای ئێمە زیاتر و زیاتر باڵای بكات.

ڕەنگە بنیاتیترین ڕەخنە كە مرۆڤی ئێستەی ڕۆژهەڵاتی لەخۆی بگرێت، واتە لەو شێواز بیركردنەوەیەی بگرێت، ڕەخنەگرتن بێت لە دووالیزم یان دووفاقێتی، ڕەش و سپی/تاریك و ڕوون/ ناوەوە و دەرەوە/ هاتن و چوون/ دۆزەخ و بەهەشت و.. ئیشكالییەت و ناكۆكیی كوشندەی ئەم دووفاقێتییە، داخستنی خوێندنەوە و پێناسەی تازەیە بەڕووی هەر هەوڵێكدا كە بیەوێت هەواری ڕەش و سپی / گەرمیان و كوێستان، بەجێ بێڵێت و لە كەناراوەكانی ڕێژەگەرانەی زەریا یان هەرێمی تردا بگیرسێتەوە. 

لە كتێبی ئەفسانە كوردییەكان، كۆكراوەی م. ب. رودینكۆ وەرگێڕانی كەریم كەشاوەرز، لە لاپەڕەی 26 و ئەفسانەی "ژنی خراپ"دا، ئێمە بەر چیرۆكێك دەكەوین كە سەرەڕای نواندن و پێشاندانی وێنەیەكی ڕەش و تاریك لە ژن، لەگەڵ ماریشدا هاونشین و هاودەمی دەكات و تەنانەت ماریش لێی هەڵدێت، پێویست بە گوتن ناكات كە ئەم وێنە ڕەشە شەیتانییەی پێوەست بە ژن، وەك سەرچاوەی گوناهی یەكەم، ڕەگوڕیشەیەكی لە مێژینەی هەیە و هاودەستیی ژن و مار لە دەركردنی مرۆڤ و ئادەم لە عەدەن، وەك ئەفسانەیەكی ئاینی یۆنیڤێرساڵی لێ هاتووە، بەڵام كێشەكە ئەوەیە دوای ئەو هەزاران ساڵەی‌ دەرچوون لە عەدەن، هێشتا بە لۆجیكی ئاسمان و ڕەمزە بەرتەسك و خورافییەكانی بجووڵێینەوە و پێمان وابێت، ژن یان موقەدەس و خوداچەشنە، یان نەفرەتی و شەیتانئاسایە.

ڕەنگە ڕەچەڵەكی ئەم تێڕوانینە ئەفسانەیی و ئاینییە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە كە وەك بەشێك لە فیمینیستەكان دەڵێن، مێژوو و كتێبە ئاینییەكان و تەنانەت زانستیش لە دیدی پیاو و بە زمانێكی پیاوانە نووسراوە، واتە ئەفسانەی گوناهی یەكەم پێدەچێت كایە و جۆرە بەرهەمهێنانێكی مەعریفیی بەدەوییانە بێت كە لەلایەن پیاوەوە داڕێژراوە و بیچمی دراوەتێ، بۆ ئەوەی بەسەر ژندا وەك بوونەوەرێكی بەرانبەری خۆی زاڵ ببێ، ئەمەش سەرەتای كێشەیەكی گەورە بووە كە دنیایەكی لار و لاسەنگی لە نێوان ژن و پیاودا دروست كردووە. دنیایەك كە ئێستە لە سۆنگەی مەعریفەی فیمینیستییەوە جگە لە گێڕانەوەیەكی تاكڕەهەند و دیكتاتۆرانە لە دنیا و دیاردەكانی، هیچیتر نییە و پێویستی بە هەڵوەشاندنەوە و سەرلەنوێ گێڕانەوە هەیە.

پێویست بە گوتن ناكات كە ژنان لە هەموو مێژوودا لەناو كایەی پیاواندا توانیویانە خۆیان بنوێنن، توانستی سازگاربوون و خۆگونجاندنیان لەگەڵ یاسای پیاوەكان بە ئاستێك بێت كە لەناو ئەو مەكینەیەی دژیان سووڕاوەتەوە درەوشاونەتەوە، ئەمە نكوڵی لە ستەم و چەوساندنەوەی سەر ژنان ناكات، بە پێچەوانەی ئەوەی هەندێك نووسەر و ڕۆشنبیر بانگەشەی بۆ دەكەن، پیاوان ددانپێدانانێكی ڕاستبێژانە و خۆویستانەیان بەو دۆخەی ژنان لە مێژوودا گیرۆدەی بوونە، بەهۆی پیاوانەوە قەرزارن، ئەمەش پێش بەوە ناگرێت كە ژنان دەشێت گێڕانەوەی خۆیان بخەنە ڕوو و خۆیان ئێش و ئازار و چێژ و شەكەتی و خەمەكانیان باس بكەن. خۆیان سنوورەكانی جەستە و ڕۆحیان بنوێننەوە و بنووسنەوە.

 ڕەنگە كولتووری مرۆڤ و ئەو ڕۆحە پیاوسالارانەیە بە ئاسانی بوار بەوە نەدەن لە تێڕوانێنیكی سەرووی سێكسیزم و جێندەرەوە، چاو لە ژن وەك مرۆڤ بكا، وەك مرۆڤێك بە تایبەتمەندیی بوونی خۆی و ئینجا لە بەستێنە كۆمەڵایەتی و كولتوورییەكەیدا، وەك جێندەرێكی جیاواز و سەربەخۆ بیناسین و وەك پیاو لە پلەی مرۆڤێكی بەرانبەر بە تایبەتمەندیی جێندەری خۆمانەوە هەڵسوكەوتیان لەگەڵ بكەین. 

ئەمە بڕێك لە خەون و خەیاڵێكی دوورەدەست دەچێت، لە لایەكەوە ئێمە نەست و هەستمان بارگاوی و ئاوس كراوە بە دەیان ڕەمز و حیكایەتی ئەفسانەیی و میتافیزیكی لە ژن و لە هەناوماندا ڕەگئاژۆ بوون، لەلایەكی ترەوە دنیای سەرمایەداری و میدیای نوێ، سێكسیزم و كاڵاگەرێتی ژنی وەك سووتەمەنی ئیشكردن و ڕۆنكاریی مەكینەی خۆی بە بەربڵاوترین شێوە بەكار هێناوە.

 بەڵام بە هەموو ئەمانەیەوە، ڕۆڵی وشیاری و خۆئاگایی ئێمە بۆ دەرپەڕاندنی ژن لە وێنە دوالیستییە پەڕگیرانەكە، نە داماڵینی پیرۆزییە لە ژن و نە لێدانی مۆركی سەرێتییە لە پیاو، بەڵكو قبووڵی ژنە وەك بوونێكی سەربەخۆ، بەبێ هیچ پاشگر و پێشگرێك، تا خۆی لە ڕێڕەوێكی دیموكراتی و ئازادانەدا مانیفێست بكات. 

ڕوانین لەم گۆشەنیگایەوە ڕەنگە دەربازمان بكات لە عەشقە ناكامەكان و ژیانە شكستخواردووەكان، لە هەرێمی عەدەنی ئیدیالیزمەوە بمانگەڕێنێتەوە بۆ سەرزەوینی واقیع، بە هەموو لێكەوتە و دەركەوتەكانیەوە.

زیاتر لە دوو مانگ بەسەر كوشتنی "ژینا ئەمینی" ڕەمزی ڕابوون دژی ستەمكاری و دیكتاتۆری تێدەپەڕێت و هیچ ڕۆژێك نەبووە بە خۆم نەڵێم، كۆمارێك لە ئاسن و فیدایی و پارە و جەلاد لە بەردەم شنەبای كەزیەی ژنانی ڕۆژهەڵات و ئێراندا، كەوتوونەتە لەرزە. تەنانەت ئایدۆلۆجیاكەیشی لە بەردەم مەترسی داڕمانی گەورەدایە و مزگێنیدەری نەزم و ئۆردەرێكی نوێیە لە پێوەندیی مرۆڤ بە ماف و ئازادی و خواستەكانی خۆیەوە. 

سەرئەنجام هەرچییەك بێت، دەبێ وەك پیاوێك ددان بەوەدا بنێم هیچ كات ئەو هێز و وزەی ڕزگاریبەخشە شۆڕشگێڕانەیەم لە ڕۆح و جەستەی ژناندا وا نەدەبینی، وا لەم 69 ڕۆژەدا بۆم دەركەوت. 

ئەم نەبینینەی منیش بەرئەنجامی كولتوورێكی پیاوسالارانە و تاكڕەهەندانە بووە، ئەگەرچی چەندان ساڵە وشیارانە لەگەڵیدا بە شەڕ هاتووم، بەڵام لە نەست و ناوشیاریمدا ڕەگئاژۆ بووە و هێلانەی كردووە و ئێستە لە سەردەمێكی وشیاریی تردا، ختووكەی ناوشیار و وشیاریم دەدرێت.