ده‌بێت هه‌ر له سه‌ره‌تاوه بڵێم مه‌به‌ست له کوردستان له‌م سه‌ردێڕه‌دا (باشوور و ڕۆژهه‌ڵات)ه. له هه‌ر گۆشه‌یه‌که‌وه چاو له کوردستان به مانا جیۆگرافییه گه‌وره‌که‌ی بکه‌ین، له زۆر ڕووه‌وه ڕایه‌ڵه و هه‌ودای پته‌و له نێوانیاندا ده‌بینینه‌وه، به‌ڵام نکۆڵیش له‌وه ناکرێت که به‌پێی هه‌ڵکه‌وته‌ی جیۆپۆڵەتیک و سنووری ده‌سکردی نێوانیان ئه‌م هاوکێشه‌یه له کایه‌ی جیاوازدا خۆی ده‌بینێته‌وه.
گرێدراوێتی باشوور و ڕۆژهه‌ڵات به‌هۆی مێژووی هاوبه‌ش له خه‌بات و نزیکیی زیاتری کولتووری و یه‌کزمانی و خه‌ونی سیاسی هه‌ر له وێستگه‌کانی شۆڕشی سمکۆ و کۆماری کوردستانه‌وه بگره تا ئێسته‌یش، زیاتر ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه و قووڵتر بووه‌ته‌وه، به شێوه‌یه‌ک ئێمه ناتوانین باسی شۆڕشی ئهیلوول بکه‌ین و ئاوڕ له ڕۆژهه‌ڵات به تایبه‌تی نه‌ده‌ینه‌وه، ئه‌مه به باره پێچهوانهکهیشیدا له ئاستی جیاوازدا هه‌ر ڕاستە.
واته ئه‌م لێکههڵپێکانه پێش ئه‌وه‌ی ده‌رئه‌نجامی بە یهکگهیشتنێکی سوتفە و هاوکاریی كاتیانەی مێژوو بێت، له خواستێکی گشتی و سه‌رانسه‌ری (ئه‌گه‌رچی نیوه‌چڵ و ناته‌واو)ی کوردییه‌وه، سه‌رچاوه‌ی گرتووه. ئه‌م پرد و ڕایه‌ڵه به هه‌مان ڕاده که ده‌رفه‌ت بووه بۆ دره‌وشاوه‌یی و هاوخه‌باتی، درزێکیش بووه بۆ دژبه‌رایه‌تی و لێکدژی. لێره‌دا به کورتی ده‌په‌رژێمه سه‌ر پێوه‌ندیی باشوور و ڕۆژهه‌ڵات.
وه‌ک وتم، به‌هۆی ئه‌و پێوه‌ندییه مێژووییه‌ی باشوور و ڕۆژهه‌ڵات له‌ناو هاوکێشه‌یه‌کی هاوبه‌شی کوردستانی‌دا ڕایهڵهکهیان بۆ یه‌ک هه‌ڵخستووه، تا شوێنێک که هه‌ر ڕووداوێکی خۆش یان ناخۆش له باشوور به‌دواداچوونی ڕۆژهه‌ڵاتیی به‌دواوه بووه و به پێچه‌وانه‌یشه‌وه. له درێژه‌ی به‌رده‌وامیی خه‌بات له باشووری کوردستان و تێکه‌ڵاویی و هاوکاریی له‌گه‌ڵ خه‌باتکارانی ڕۆژهه‌ڵات، باشوور به جۆرێک بوو به ڕووگه‌ی ئه‌و خه‌ونه له‌مێژینه‌یه‌ی که به زۆری له سه‌رانسه‌ری سه‌ده‌ی بیسته‌مدا کورد هه‌وڵی بۆ داوه و تا ئێسته‌یش وازی له‌و خه‌ونه نه‌هێناوه، به پێچه‌وانه‌ی هه‌ندێک که‌س که ده‌ڵێن ئێمه برینه هاوبه‌شه‌کانمان به‌و ڕاده‌یه قووڵ نه‌بووه‌ته‌وه که خه‌یاڵ و خه‌ونی هاوبه‌شی لێ چێ بکرێت، پێم وایه ئه‌م برینه هاوبهشهكە ئه‌گه‌رچی به که‌موکورتی و ناتهواوە، به‌ڵام دروست بووه و هێشتایش ئامیانهکهی هێنده هه‌یه به کاری بێنین.
له‌م ڕووه‌وه ده‌بێت بڵێم خه‌یاڵدانی ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کان به شێوازێکی جیاواز یان باشتره بڵێم له گۆشه‌نیگای جیاواز له باشوور، ئه‌و برینه هاوبه‌شانه‌ی ئه‌زموون کردووه و خوێندووه‌ته‌وه، ڕاسته هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال و کۆمکوژیی بارزانییه‌کان و ده‌یان قاتوقڕکردنی تر وه‌ک شه‌پۆلی مه‌رگ به‌ر ڕۆژهه‌ڵات نه‌که‌وت، به‌ڵام ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کان وه‌ک تازیه‌دار و کۆستکه‌وتوو ئێسته‌یش هه‌ڵدانه‌وه‌ی هه‌ر ئێسک و پرووسکێک له بیابانه‌کانی نوگره‌سه‌لمان و خوار به‌غا، حوزنی گێڕانه‌وه و ئۆفی هاوئێشییان تێدا ده‌بزووێنێت و له دروستکردنی کۆشکی خه‌ونی هاوبه‌ش به خشت و ده‌لاقه‌ی ئازار و لاواندنه‌وه‌وه، کۆڵ‌یان نه‌داوه.
به‌م مانایه، بابه‌تی برین و خه‌ونی هاوبه‌ش به‌ر له‌وه‌ی دابڕانی تێدا به‌دی بکه‌ین، جیاوازیی له بینین له دوو گۆشه‌ی ڕۆژهه‌ڵات و باشووری هه‌رێمی وجودمانی تێدا ده‌دۆزینه‌وه! که‌م نین ئه‌و کۆڕ و وتار و سیمینارانه‌ی ساڵانه به درێژایی سێ ده‌یه‌ی ڕابردوو له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و ته‌نانه‌ت شاره‌کانی گه‌وره‌ی ئێران وه‌ک تاران و... بۆ هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال و... له‌لایه‌ن کوردانی ڕۆژهه‌ڵاته‌وه پێشکه‌ش کراون و له ڕاستیشدا له ڕووی ناوه‌رۆک و شێوازی ئیشکردنیانه‌وه ئه‌وه ده‌رده‌که‌وێت که له سۆنگه‌ی جیاواز و قووڵیی تایبه‌ت به خۆیانه‌وه بابه‌ته‌که‌یان خوێندووەته‌وه و ده‌یخوێننه‌وه.
هه‌موو ئه‌مانه جیان له هه‌موو ئه‌و پێوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تی و خزمایه‌تی و ئابووری و دراوسێتییهوه که سنووره ده‌سکرده‌کان ویستوویانه لێی قه‌ده‌غه بکه‌ن، دیاره ئه‌مه خۆی بنه‌مای پرد و ڕایه‌ڵه‌که توندتر و پته‌وتر ده‌کات. که‌واته ڕۆژهه‌ڵات له ئاسته ڕه‌مزییه‌که‌ی شوناسدا هیچ کات خۆی به دابڕاو له باشوور نه‌زانیوه و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ڕوانگه‌یه‌کیش هه‌بێت ڕه‌وایی به‌م دابڕاوییه دابێت و (بدات)، ئه‌وا له‌گه‌ڵ واقیعدا پێوه‌ندیی دروست و لۆجیکیی نه‌گرتووه. به‌ڵام ئه‌مانه ئه‌و لایه‌نه ئه‌رێنییانه‌ن که مێژوویه‌کی هاوبه‌ش و خه‌یاڵدانێکی تا ڕاده‌یه‌ک هاوبه‌ش له برین و خه‌ون به‌سه‌ر یه‌که‌وه‌ی ناون، به بارێكی دیکه‌دا و له هاوکێشه‌ی دتردا، ئه‌مانه خۆیان ده‌شێت درزی کردنه‌وه‌ی ده‌رگای ناکۆکی و ددانه‌چیڕه له یه‌کدی بێت.
له چ حاڵه‌تێکدا برینێکی هاوبه‌ش ده‌بێت به هه‌وێنێک بۆ دابڕانێکی هاوبه‌ش؟ له ڕاستیدا وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره توێژینه‌وه‌یه‌کی ورد و درێژی ده‌وێت و من به سه‌رپێیی هه‌ندێ سه‌رنجی پێوه‌ست به ڕووداوه‌کانی ئه‌م چه‌ند مانگه‌ی ڕابردوو له سنووری نێوان باشوور و ڕۆژهه‌ڵات له مه‌ڕ کوشتنی کۆڵبه‌رانه‌وه باس ده‌که‌م.
گومان له‌وه‌دا نییه له باشووری کوردستان دوو گوتار و دوو حزب و دوو به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی جیاواز هه‌ن، ڕووداوه‌کانی پاش ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان ده‌ریانخست ڕێژه‌یه‌کی ئێجگار زۆری ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کان 16ی ئۆکتۆبه‌ر (ئه‌گه‌ر به ده‌ربڕینی توند و ڕادیکاڵیشهوه باسی نه‌که‌ن) به لێدان له کوردستان ده‌زانن، ڕه‌نگه ئه‌و ڕووداوانه سه‌ره‌تایه‌کی ناخۆش و ناته‌ندروست بووبن بۆ ئه‌وه‌ی گوتاری عێراقچییه‌کان زیاتر په‌لاماری گوتاری کوردستانی له ڕۆژهه‌ڵات بدەن و به‌م شێوه‌یه ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌کی ده‌روونی هاته ئاراوه و ته‌نانه‌ت له هه‌ر بۆنه و هه‌ڵکه‌وتنێکی جیاوازدا بووبێت، ڕۆژهه‌ڵاتییه‌ک بۆ به‌رگریی له ڕیفراندۆم خۆی ده‌رده‌خات.
دیاره گوتار ته‌نیا سنوورێکی دیاریکراوی به‌رته‌سکی نییه و خه‌ڵک به هه‌ر ئاستێک به تایبه‌ت له‌م دنیای مه‌جازییه‌ی ئێسته‌ماندا، ده‌توانێت به‌شدار و ڕاده‌ر بێت، بۆیه بابه‌ته‌که له جیهانی سۆشیال میدیادا بوو به جۆرێک لە سه‌نگه‌ربه‌ندیی گوتاری کوردستانیی ڕۆژهه‌ڵات و گوتاری عێراقچێتی له باشوور (دیاره زیاتر مه‌به‌ست ئه‌و گوتاره‌یه كە له‌لایه‌ن حوکمڕانانی شاری سلێمانییه‌وه پێشکه‌ش ده‌کرێ) که قسه‌ی نه‌شیاو و جوێنیشی لێ به‌رهه‌م هات.
کێشه‌که له‌وه‌دایه ئه‌و دۆخه‌ی له باشوور هه‌یه، واته ئه‌و دوو سیاسه‌ته‌ی له باشوور به‌رانبەر خه‌ون و برینی هاوبه‌ش، ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کانی خستووه‌ته دۆخێک له ناچار بوون بۆ هه‌ڵبژاردن له نێوان دوو گوتار. یه‌که‌میان گوتارێکە خه‌ون به کوردستانه‌وه ده‌بینێت (سه‌ره‌ڕای هه‌موو کێشه و لاوازییه‌کانی) و دووه‌میان گوتارێکه پێی وایه 16ی ئۆکتۆبهریانه کێشه‌کانی کوردستان چاره‌سه‌ر ده‌بن!
ئه‌م ناکۆکی و لێکدژییه، وایکردووه ڕای گشتیی ڕۆژهه‌ڵات به ئاسانی نه‌توانێ قبووڵی ئه‌وه بکات حه‌ره‌س حدوود به بێ غه‌ره‌ز و ته‌نیا به فرمانی به‌غدا کۆڵبه‌رانی ڕۆژهه‌ڵات له سنووره‌که‌ی خۆی ده‌گرێت، سه‌ریان ده‌تاشێ، دارکارییان ده‌کات و بێڕێزی و سووکایه‌تییان پێ ده‌کات. ئێمه ده‌کرێت به ئاسایی چاو له هه‌ندێک ڕووداوی سه‌رسنوور به زه‌بری یاسا و ڕاپه‌ڕاندنی کاروباری به‌ڕێوه‌بردن بکه‌ین، به‌ڵام دووپاتکردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته له‌لایه‌ن کورد خۆیه‌وه و کێشانی هێڵێکی پته‌وی عێراقیانه له نێوان ڕۆژهه‌ڵات و باشووردا، لێكەوتەی گه‌وره‌ی بۆ دۆخی کورد به گشتی و ئه‌و گوتاره به تایبه‌تی ده‌بێت.
ڕێگه‌چاره ئه‌وه‌یە له هه‌ر حاڵه‌تێکدا ڕێز له گیان و که‌رامه‌تی مرۆڤ بگرین که له‌م جیۆگرافیایه‌ی ئێمه‌دا کورد سته‌ملێکراوترین مرۆڤه و کۆڵبه‌ران گوزارشت له دۆزه‌خیترین دۆخی کورد ده‌که‌ن. دۆخێک نه ده‌یه‌وێت، نه ویستوویه‌تی، به‌ڵکوو به تۆپزی به کۆڵیاندا دوه و نیشتمانی پێ خوێنین و خه‌مبار ده‌که‌ن.