لە سەرتاپای شۆڕشی کوردستاندا لە سەدەی بیست، بە تایبەتی و دیاریکراوی لە شۆڕشی ئەیلوول و دوای درێژبوونەوەی شۆڕشی کورد تا 1991 و ئازادبوونی بەشێک لە کوردستان و تەنانەت تا ئێستەیش و پێوەست بە ڕووداوەکانی ناوچەکە، هەمیشە ناوی کورد و کوردستان و ئیسرائیل لە زار و زمانی داگیرکەرانەوە پێکەوە گۆ کراوە و باس دەکرێ. دیارە ڕاستیی ئەم بابەتە شتێکە تەنیا کورد خۆی و هەندێک ناکورد لێرەولەوێ کە هێشتا تۆزێک ویژدانی مرۆییان ماوە، ڕوونە. تا ئەم قۆناغە هیچ هێز و دەوڵەتێک نەیتوانیوە بیسەلمێنێت ئیسرائیل و کورد (لە هەموو پارچەکان و بە تایبەتی باشووری کوردستان) پێوەندییەکی ستراتیجی و توندوتۆڵی وایان هەبێت کە بۆ بەناو ئاسایشی ئەوان مەترسی بێت.
ئەم گەڕە مێژوودار و پرۆسە درێژخایەنەی فەیک نیوز و میدیا ساختە. وایکردووە لە زەینییەتی کورد و بە تایبەتی ئەو کوردانەی ئیسرائیل وەک زایۆنی و جوولەکەی مەلعوونی کافر، لە ژێر کاریگەریی گوتاری ئیسلامی سیاسی و ئیخوانیزم و قەتەرییدا دەبینن، جۆرە فۆبیا و تۆقینێکی چەند لایەنە دروست بكەن و هەر جۆرە پێوەندییەکی کورد بە ئیسرائیلەوە بە مانای داڕمانی کوردایەتیی و لادان و گومڕایی کورد لێک بدەنەوە و لێرەولەوێ دژی کورد و کوردستان بێنە گۆ و ڕووگەی ئاواتەکانیان کە قودسی پیرۆز و قیبلەی یەکەمی مسوڵمانانە، لە مەترسیدا ببینن.
ئێمە زۆر بە ڕوونی و بە ئاسانی، بە شایەتیدان لەسەر ئەوەی زۆرینەی کۆمەڵگە مسوڵمان و عەرەبییەکان یان بە شێوەی ڕاشکاو و ڕوون وەک ئازەربایجانی ڕووسیا بە سەرۆکایەتیی ئیلهام عەلی یێف یاخۆ بە شێوەی شەرمنانە وەک تورکیا یا بەشێوەی نهێنی وەک زۆربەی وڵاتە عەرەبییەکان، لەگەڵ ئیسرائیل لە پێوەندیدان، دەتوانین بڵێین ئەم بەشەی شەقامی کوردی لەناو یارییەکی ساویلکانە و چاوبەستکارانەدا دەژین.
ڕەوایە لەوان بپرسین بۆچی ئازەربایجان بە زۆرینەی شیعە و تورکیا بە زۆرینەی سوننەوە، شەقامی گشتیی ئەو وڵاتانە دەتوانن بەرژەوەندی نەتەوەیی و باوەڕی ئایدۆلۆجی لێک هەڵاوێردن و بەپێی واقیعی گشتیی سیاسەت بجووڵێنەوە، بەڵام ئەمانەی لای خۆمان لێمان دەبن بە مووی دووگ و وەک دەڵێن لە پاپا کاسوولیکترن و فتوای گومڕایی کورد دەردەکەن؟ بێگومان ئێمە باسی ڕەوتێکی بچووک و بەرتەسک دەکەین کە لە ژێر هەژموون و پڕوپاگەندەی ئیسلامی سیاسیدا تێکەوتوون، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە وەک لە سەرەوە باسی مێژووی درێژخایەنی ئەم ناوهێنانە هاوکاتەی کورد (کوردستان) و ئیسرائیلم لەپاڵ یەکدا لەلایەن داگیرکەرانەوە، بە مەبەستی چەواشەکاریی لە ڕای گشتیدا کرد، بێگومان کاریگەریشی لەسەر ئەو بەشە لە مسوڵمانی دڵسافی کورد دانەوە کە بە سۆز و عاتیفە و هاوکات عەفەوییەتەوە ئەجووڵێتەوە، داناوە، دەبێت سەرنجی ئەوە بدەین کە ئەم ئەندازیارییە سیاسییەی میدیای داگیرکەر لە مێژوویەکی دوور و درێژدا وایکردووە کورد جۆرە فۆبیا و ترسێکی لە هەر جۆرە ناوهێنانی ئیسرائیل هەبێت.
ئەم ترس و فۆبیایە ئاڵۆز و چەند لایەنە، چونکە بابەتەکە تەنیا بۆ ئەوە ناگەڕێتەوە کە بەڵێ ئەوەتا کورد لەگەڵ مەلعوونترین دوژمنی ئیسلام و مسوڵمان دەستی تێکەڵ کردووە (چونکە وەک باسم کرد ئەمە بابەتێکە لە پانتایی سیاسەتی هەموو دەوڵەتە مسوڵمانەکاندا دەبێت بۆ حەلاوی باس بکەن)، بەڵکوو بابەتەکە پێوەست دەبێت بەوەیشەوە کە کورد هەمیشە دەبێت چاوەڕوانی هێزێکی دەرەکیی فریادڕەس بێت و ڕوونیش نییە ئەم هێزە دواجار یاریی پێ دەکات یا بە ڕاستی پشتگیر و یارمەتیدەری دەبێت!
بابەتەکە تا ئەو شوێنەی پێوەست بێت بە خەون و خەیاڵ و ئارەزووەوە، بە بارە ئەرێنییەکەیدا کێشەی نییە، بەڵام لە ڕووی ڕیال پۆڵەتیک و واقیعی سیاسییەوە، دەشێت نەک ئیسرائیل، هەر هێزێک کورد بەکار بێنێت یان هاوپەیمان و هاوکاری بێت بە پێوەری بەرژەوەندییەکانی خۆی.
ئێستە کە دەنگۆی داڕشتنەوەی نەخشەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوین هەیە، سووریا خەریکە قۆناغێکی نوێ و لێڵ ئەزموون دەکات و پرسی کورد بووە بە بابەتێکی سەرەكی، تورکیا خەریکە دەسپێشخەری گۆڕانکارییەک دەبێت کە 30 ساڵ زیاترە لە دژی وەستاوەتەوە، ئێران پاشەکشەی پێ کراوە و لە هەموو ڕوویەکەوە گەمارۆ دراوە و چووەتەوە قاوغی خۆی و چارەنووسی لێڵی لە بەردەمدایە، عێراقیش کەوتووەتە پەلەقاژە و ترسێکی هیستریاییەوە، كەواتە کورد بەر لەوەی چاوەڕێی ڕزگارکەر بێ، دەبێت چاو لە ماڵی خۆی و یەکخستنەوەی ئیرادەی خۆی بکات. ڕٶژئاوا دەبێت وەک چۆن لە هەمبەر جۆلانی و دیمەشقی نوێ و میلیشاکاندا نەرمونیانە، لە هەمبەر ئەزموون و مێژووی خەباتی سیاسیی باشووری کوردستانیش کراوە و چەماوە بێت و لە حیکمەتی سیاسی و کردەکیی سەرکردایەتیی سیاسی باشوور کەڵک وەربگرن.
ئەمە بە واتای ئەوە نییە ئەوان سیاسەتی خۆیان وەلا نێن، بەڵکوو بەو واتایەیە لە دەلاقەی ئیرادەگەریی بۆ چارەسەریی دۆزی کورد لە ناوچەکە و هەڵوەشاندنەوەی چەندان سەدە داگیرکراویی کوردستان، بەرەو گوتاری یەکگرتوو و یەکخستنەوەی کورد لە باشوور و ڕۆژئاوا و باکور بڕۆن،
ئەم سێ پارچەیە لە قۆناغی ئێستەدا چارەنووسیان بەهۆی ئەوەی چەقی گۆڕانکارییەکانن، پێکەوە گرێ دراوە، هەر بەم ئاڕاستەیەدا و لەسەر بنەمای ئەو خەسارناسییەی لە پێوەندیی کورد و ئیسرائیلدا باسم کرد، دەبێت واقیعبینانە و سیاسییانە بەسەر ئەو فۆبیا و ترسە دروستکراوە سیاسییەدا باز بدەین و ئەگەر بەپێی بەرژەوەندیی خەڵک و خوای کورد و کوردستان بینیمان، بە کاری بێنین.
دەبێت ئێمەیش وەک ئەو هەموو وڵاتانەی سەربەخۆن، بەڵام دەیان ساڵی تر لە ڕووی کولتوور و مێژووەوە بە گەردی پێی ئێمەی کورد ناگەن، تێبگەین هاوپەیمانی و هاوکاریی سیاسیی جیایە لە باوەڕداری و جیهانبینن ئاینی و مەعریفی. سەرباری هەموو ئەمانە، ئەگەر دەلاقەی ڕووداوەکان بەرەو پرێسپێکتیڤی جوان و ئومێدبەخشدا بوو، ئەوا هێنانەکایە و چالاککردنەوەی ئەنجامی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی باشووری کوردستان، کارێکی پێویستە.