وێستگەیەكی كارەبا لە ئێران تەقییەوە

:: PM:03:40:04/07/2020 ‌
چەند خولەكێك لەمەوبەر وێستگەیەكی بەرهەمهێنانی كارەبا لە پارێزگای ئەهوازی ئێران تەقییەوە. لە ماوەی هەفتەیەكدا ئەمە سێیەم حاڵەتی تەقینەوە و ئاگركەوتنەوەیە لە سێ وێستگەی گرنگیی ئێران رووی دابێت.

ماڵپەڕی "ئیسنا" بڵاوی كردەوە، دوای تەقینەوەكە تیمەكانی بەرگریی شارستانی چوونەتە شوێنی رووداوەكە و خەریكی كوژاندنەوەی ئاگرەكەن.

ئیبراهیم قەنبەری بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی و خزمەتگوزاریی شارەوانی ئەهواز دەڵێت، تەقینەوەكە سەعات 3:30 خولەك بە كاتی تاران رووی داوە و پێنج ئۆتۆمبێلی تایبەت بە ئاگركوژێنەوە خەریكی كوژاندنەوەی ئاگرەكەن.

ئەو بەرپرسەی بەرگریی شارستانی ئەهواز باسی لە وردەكارییەكانی رووداوەكە نەكردووە و دەڵێ، خەریكن لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەكەن.

وێستگەی كارەبای زەرگان ساڵی 1975 بنیات نراوە
وێستگەی كارەبای زەرگان ساڵی 1975 بنیات نراوە و نۆ كیلۆمەتر لە ئەهواز دوورە. توانای بەرهەمهێنانی كارەبا لەم وێستگەیە 418 مێگاواتە لە سەعاتێكدا و چوار یەكەی بەرهەمهێنانی كارەبای پشتئەستوور بە گازی سروشتی و دوو یەكەی هەڵمیی بە توانای 145 مێگاوات لەخۆ دەگرێت. بەشی گازییەكەی لە لایەن بەلجیكا و بەشی هەڵمییەكە لە لایەن بەریتانیا بنیات نراوە.

لە ماوەی حەوت رۆژی رابردوودا لە وێستگەیەكی نزیك تاران و وێستگەی ناوكیی نەتەنز لە ئیسفەهان، تەقینەوەی هاوشێوە روویان داوە.



وشە - سلێمان تاشان