ماجد شنگالی: چەند لایەنێك هەوڵی سوودوەرگرتن لە دۆخی ئابووری هەرێم دەدەن

:: PM:06:13:04/07/2020 ‌

گفتوگۆكانی هەرێمی كوردستان تا ئێستە بەردەوامە و چەند گەڕێكی بەڕێوە چووە، ئەوان لە یەكتر نزیكن، بەڵام بە رێككەوتنی كۆتایی نەگەیەیشتوون، گفتوگۆكان لە سایەی خراپیی دۆخی ئابووری هەردوولا بەڕێوە دەچێت، ماجد شنگالی، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق دووپاتی كردەوە كە چەند لایەنێك هەوڵی سوودوەرگرتن لە دۆخی ئابووری هەرێم دەدەن.
ئەگەر هەردوولا ویستیان هەبێت دەتوانن بگەن بە رێككەوتن
شنگالی روونی كردەوە، گفتوگۆكانی هەرێم و بەغدا بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لە سایەی ئەو دۆخە ئابوورییە سەختەی هەیە، بەردەوامە و سەرەڕای ئەوەی هەمووان هەوڵی گەیشتن بە رێككەوتن دەدەن، بەڵام چەند لایەنێك دەیانەوێ سوود لە دۆخی سەختی ئابووری هەرێم وەربگرن.

روونی كردەوە، شاندی گفتوگۆكاری هەرێم قبووڵی گوشارەكانی بەغدایان نەكردووە، لەوكاتەی بەغدا داوای كردووە كە هەرێم تەواوی داهاتی نەوتیان رادەست بكات، جیا لەوەی دەسەڵاتی دەروازە سنوورییەكانیش بكەوێتەوە دەست ئەو، بۆیە بابەتەكە پێوەستماوە بە ویست، ئەگەر هەردوولا ویستیان هەبێت، دەتوانن بگەنە خاڵێكی ناوەڕاست بۆ رێككەوتن، ئەگەر لایەكیش لەسەر حسێبی لاكەی تر بیەوێ سوود ببینێت، ئەوكات رێككەوتن زەحمەت دەبێت.   

ئەو پەرلەمانتارەی پێشووە دووپاتی كردەوە، ئەگەر بەغدا هەموو بودجەی هەرێم رادەستی هەولێر بكات، دەكرێت بگەن بە رێككەوتن، بەڵام ئەگەر سوور بوو بەوەی مانگانە تەنیا 600 ملیار دیناری بەرانبەر رادەستكردنی هەموو داهاتی هەرێم پێ بدات، ئەوكات گەیشتن بە رێككەوتن زەحمەتە.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل