لە زۆربەی ئەو وڵاتانەی ژمارەیەكی زۆری تووشبووی كۆرۆنایان لێ تۆمار كراوە، لەگەڵ بەرزیی ژمارەی تووشبووان ژمارەی قوربانیانیش بەرزە، بەڵام لە سەنگاپوور دۆخەكە پێچەوانەیە.
بەگوێرەی
worldometers ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە سەنگاپوور گەیشتووەتە سەرووی 45 هەزار حاڵەت، بەڵام لەم وڵاتە لەو ژمارە زۆرە تووشبووە تەنیا 26 كەس گیانیان لە دەست داوە و سەرووی 41 هەزار كەسیش چاك بوونەتەوە.
سەنگاپوور لەو وڵاتانە بوو هەر لە دوای چین ڤایرۆسی كۆرۆنای تێدا بڵاو بووەوە و هەرچەندە تا كۆتایی مانگی ئادار ژمارەكەی كەم بوو، بە گشتی كەمتر لە هەزار حاڵەت بوو، بەڵام لە مانگی ئایارەوە بە خێرایی زیادی كرد و تا كۆتایی مانگەكە بۆ سەرووی 16هەزار حاڵەت و تا كۆتایی مانگی ئایاریش بۆ سەرووی 34 هەزار حاڵەت هەڵكشا.
ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە سەنگاپوور تا كۆتایی حوزەیران گەیشتە 44 هەزار حاڵەت، لە سەرەتای ئەم مانگەشەوە سەرووی هەزار حاڵەت تۆمار كراوە و رێژەی تووشبووان بەرەو كەمبوونەوە دەچێت.
لە 14 حوزەیرانەوە سەنگاپوورە بە تەواوی ماڵئاوایی لە مردن بە هۆی كۆرۆنا كردووە
تەنیا چوار هەزار نەخۆش لە نەخۆشخانەكان ماون و بە گشتی 26 كەس گیانیان لە دەست داوە. لە 14 حوزەیرانەوە سەنگاپوورە بە تەواوی ماڵئاوایی لە مردن بە هۆی كۆرۆنا كردووە و لەو كاتەوە هیچ كەسێك بە كۆرۆنا گیانی لە دەست نەداوە.
سەنگاپوور یەكێكە لە پێشكەوتووترین وڵاتان كە لەسەر بنەمای ئابووریی ئازاد دامەزراوە، داهاتی ساڵانەی تاكی زۆر بەرزە و دراوسێی هەریەك لە مالیزیا و ئەندەنووسیایە.