راوێژكارێكی كازمی: حكوومەتی عێراق هەوڵ دەدات چەك بەدەستی دەوڵەتەوە بێت

:: PM:06:12:09/07/2020 ‌

دوای ئازادكردنی گیراوانی حزبوڵا و بەردەوامیی مووشەكبارانی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق و كوشتنی هاشم هاشمی، شارەزای تەناهی، راوێژكارێكی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاماژە دەكات كە حكوومەت خۆی ساز داوە و هەوڵی داماڵینی چەك دەدات و باسی كێشەكانی بەردەم هەڵبژاردنی پێشوەختە كرد.
كازمی هەوڵ دەدات چەك بەدەستی دەوڵەتەوە بێت
حوسێن هینداوی، راوێژكاری مستەفا كازمی لە دیدارێكی تەلەڤزیۆنیدا گوتی، حكوومەت خۆی ساز دەدات و هەوڵی ئەوە دەدات چەك بەدەستی دەوڵەت بێت و یاسا سەروەر بێت، روونی كردەوە، حكوومەت میكانیزم و دیدی بۆ ئەو مەبەستە هەیە و هەنگاو بە هەنگاو كاری بۆ دەكات. 

زیاتر گوتی، مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی هاتووە و نایەوێ لە دەسەڵاتێك بەردەوامبێت كە نەتوانێت بەڵێنەكانی جێبەجێ بكات، سەبارەت بە هەڵبژاردنی پێشوەختەیش گوتی، سێ بەربەست لەبەردەم ئەو پرسەدا هەن، تەناهی و ئابووری و پەتای كۆرۆنا، بەڵام لەسەر ئاستی ستراتیجی هەڵبژاردن مەبەستی سەرەكیی حكوومەتە، چونكە گرنگترین داواكاری جەماوەر و لە سەرووی خاڵەكانی بەرنامەی حكوومەت بووە.

18ی مانگی رابردوو هیشام داوود، راوێژكارێكی تری كازمی گوتی، هەموو چەكێك وەردەگیرێتەوە، خاوەنەكەی حزب یان عەشیرەت یان هەركێیەك بێت، چونكە ئەو چەكانە لەدەرەوەی دەوڵەتن، بەشێك لە گرووپە چەكدارەكان لاگیریی دەرەكیان هەیە و حكوومەت دەیەوێ گفتوگۆیان لەگەڵ بكات و گوشاریان لەسەر دروست بكات، رەنگە لەسەردەمی ئەو حكوومەتە ئەو بابەتە چارەسەر ببێت.






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل