میلیشیاكان هۆزە عەرەبەكان لە كازمی هان دەدەن

:: PM:04:48:23/09/2020 ‌

دوای ئەوەی لە راپەڕینی تشرینی عێراق، جەماوەری ناڕازی هێرشیان كردە سەر هێزە سیاسییە شیعەكان و میلیشیاكانیان و بارەگای ئەوانیان سووتاند، ئەوان كەوتوونەتە هەڵوێستێكی نەخوازراوەوە، دواترین هەوڵی ئەوان دروستكردنی رووبەڕووبوونەوەیە لە نێوان هۆزە عەرەبەكان و خۆپێشاندەران و سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ رێگرتن لە هەڵبژاردنی پێشوەختە و شەرمەزاركردنی كازمی و خۆپێشاندەران.
حزب و میلیشیاكان لە رێگەی هۆزەكانەوە شەڕی دەوڵەت دەكەن
ماوەی پێنج رۆژە دۆخی پارێزگای زیقاڕ و شاری ناسڕییەی سەنتەری پارێزگاكە ئاڵۆزە، كاتێك گرووپێكی ناو حەشدی شەعبی لە رێگەی ئەندامانی هۆزێكەوە چالاكێكی خۆپێشاندەرانی شارەكەیان رفاند و لەناو هۆزەكە شاردوویانەتەوە، دوای گوشارێكی جەماوەری، مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق هێزێكی دژەتیرۆری بۆ ئازادكردنی رەوانە كرد و بەریەككەوتن لەگەڵ هۆزەكە رووی داوە.

سەرەڕای ئاشكرابوونی رفێنەران و شوێنی رفاندنی سەجاد عێراقی چالاكوانی ناڕازی، هێزەكەی دژەتیرۆر نەیانتوانیوەی بیدۆزنەوە، لەوكاتەی ئەوان ناوچەكەیان گەمارۆ داوە و چوار كەسیان گرتووە و سەرۆكی دەزگاكەیش هەڕشەی هەر دەستدرێژیكردنێكی بۆ سەر هێزەكە كرد بەوەی وەڵامیان دەدەنەوە، وەك ئاماژەیەك بۆ هۆزەكانی ناوچەكە. 

د ئیحسان شمەری، سەرۆكی ناوەندی هزری سیاسی دەڵێت، رەوانەكردنی هێزەكەی دژەتیرۆر بۆ ناسڕییە، بواری بەریەككەوتن لەگەڵ هۆزەكان زیاتر دەكات، كاتێك نەیارانی كازمی هەوڵی دروستكردنی گۆڕەپانێكی بەریەككەوتنی لەگەڵ لایەنیتری بێجگە لە خۆیان دەدەن و دوای ئەوە سوود لە هەر كێشەیەك وەردەگرن بۆ دروستكردنی بۆشایی لە نێوان حكوومەت و بەرانبەرەكانیان.

زیاتر گوتی، نەخشەی نەیارانی كازمی خەریكە فرەوانتر دەبێت و ئەوان بەربەستی جیاوازی بۆ دادەنێنەوە، بۆیە سروشتی هەڵسوكەوتی نەیاراەكان و هاوپەیمانیان لەگەڵ هۆزەكان، رەنگە بەشێك بێت لە پرۆسەی دانانی بەربەست لەبەردەم كازمی و شەرمەزاركردنی، بۆیە پێویستە كازمی جێبەجێكردنی یاسا پێڕەو بكات نەوەك حیساباتی سیاسی كە شكۆی دەوڵەت لەناو دەبات، كە ئەوە كێشەیەكی حكوومەتەكانی پێشوو بوو كە لە بڕیارەكانیان بیریان لە رەهەندی سیاسی كردەوە و شكستیان خوارد.

عەلی شەریفی، شارەزای تەناهی دەڵێت، هەندێك هێزی سیاسی لە رێگەی هۆزەكانەوە هەوڵی رووبەڕووبوونەوەی دەوڵەت دەدەن، چونكە ئەو حزبانە ناتوانن راستەوخۆ رووبەڕووی دەوڵەت ببنەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل