حه‌نان به‌رعه‌سی كه پارێزه‌رێكی ناوداری لیبیا بوو، دوێنێ له‌ناو ئۆتۆمبێله‌كه‌ی له شاری بنغازی هاته كوشتن. ئاماژه به‌وه ده‌كرێ كه كوشتنی ئه‌و پارێزه‌ره، به‌هۆی ره‌خنه‌كردنی ده‌سه‌ڵاتی خه‌لیفه حه‌فته‌ر و هاوكات داواكردنی مافه‌كانی ژنانی لیبیا بوو.
پێگه‌ی "
ئیلاف" ئه‌مڕۆ چوارشه‌م 11ی تشرینی دووه‌م بڵاوی كردووه‌ته‌وه، كوشتنی پارێزه‌ر حه‌نان به‌رعه‌سی دوێنێ له‌لایه‌ن چه‌ند چه‌كدارێكی نه‌ناسه‌وه، زۆرترین قسه‌وباسی هه‌ڵگرتووه. هه‌ندێك ده‌ڵێن به‌هۆی ره‌خنه‌كانی به‌رانبه‌ر سیاسه‌ته‌كانی خه‌لیفه حه‌فته‌ر بووه، له‌لایه‌كی تریشه‌وه ده‌گوترێ به‌هۆی داكۆكی له ژنانی لیبیا و توندوتیژییه‌كان به‌رانبه‌ر به ژنان بووه.
حه‌نان به‌رعه‌سی /46 ساڵ/ كه رووگه‌یه‌كی دیاری راگه‌یاندنی لیبیا بوو، به‌رده‌وام داكۆكی له ژنان ده‌كرد كه بوونه‌ته قوربانیی توندوتیژییه‌كانی پیاوان. دوو رۆژ به‌رله ئێسته گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاو كرده‌وه، تێیدا ره‌خنه‌ی له چه‌كدارانی خه‌لیفه حه‌فته‌ر گرتبوو كه لیبیایان به‌ره‌و وێرانی بردووه، بۆیه له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و گرته ڤیدیۆییه، له‌لایه‌ن كه‌سانی نه‌ناسه‌وه هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنی كرابوو.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ته‌ناهی له شاری بنغازی كه داوای كردووه ناوه‌كه‌ی ئاشكرا نه‌كرێت، رای گه‌یاند ئه‌و پارێزه‌ره له شه‌قامی 20 كه یه‌كێك له شه‌قامه بازرگانییه‌كانی ئه‌و شاره‌یه، له‌ناو ئۆتۆمبێله‌كه‌ی كوژرا، به‌ر له‌وه‌یش گرته ڤیدیۆییه‌كه‌ی له فه‌یسبووك بڵاو كردبووه‌وه.
رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی له رێی تویته‌ره‌وه سه‌ركۆنه‌ی كوشتنی ئه‌و پارێزه‌ره‌ی كردووه، داوای كرد لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ورد له‌باره‌ی رووداوه‌كه‌وه بكرێت. ئه‌و رێكخراوه پێی وایه كوشتنی حه‌نان به‌رعه‌سی، لێدانه له مافه‌كانی ژنان له لیبیا كه ئه‌و پارێزه‌ره به رژدی داكۆكیی لێیان ده‌كرد.