لە ماوەی چەند مانگی دواییدا حكوومەتی عێراق رای گەیاند كە بەهۆی دابەزینی نرخ و قەبارەی هەناردنی نەوت و كەمبوونەوەی داهات، ناتوانێ مووچەی فەرمانبەران دابین بكا و دەبێ قەرز بكات، شارەزایەكی ئابووری دووپاتی كردەوە كە بابەتەكە كورتهێنان نییە، بەڵكو بووەتە قۆڵشكاندنەوەی نێوان حكوومەت و پەرلەمان.
پەرلەمان نایەوێ كازمی دەسكەوتی هەبێ و بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو سوودی لێ ببینێت
حەسەن ئەسەدی، شارەزای ئابووری دەڵێت، ئەو ژمارانەی لە بودجەی 2019 هاتووە، لەوكاتەی هەردوو بودجەی 2020 و 2021 دیار نین، ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن پارەی پێویست بۆ مووچەی فەرمانبەر و خانەنشینان و تۆڕی چاودێری كۆمەڵایەتی دەگاتە 3.5 ملیار دۆلاری مانگانە، كە دەكرێ لە داهاتی نەوت دابین بكرێت، لەوكاتەی داهاتی نەوتی مانگی ئۆكتۆبەری رابردوو وەك كۆمپانیای سۆمۆ رای گەیاندووە، 3.4 ملیار دۆلار بووە.
زیاتر گوتی، بۆیە كورتهێنانێكی راستەقینە لە بودجەدا نییە كە رێگر بێ لە خەرجكردنی مووچە، بەڵام پێشبینی دەكرێ دۆسیەی تر هەبێت، جگە لە قۆڵشكاندنەوەی نێوان حكوومەت و پەرلەمان، چونكە ئەو حكوومەتە لە رێگەی پەرلەمانەوە نەهاتووە، پەرلەمانیش هەوڵ دەدات بەربەستی بۆ دروست بكات و بیكاتە حكوومەتێكی بێ بەرهەم.
سەرچاوەیەك لەناو حكوومەت پێشبینییەكانی ئەسەدی دووپات دەكاتەوە بەوەی مستەفا كازمی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران دەیەوێ پارە بۆ جێبەجێكردنی پلانێكی پەرەپێدان دابین بكات بەهاكەی دەگاتە 21 ترلیۆن دینار لە رێگەی قەرزەوە و پەرلەمانیش رێگەی پێ نادات، چونكە نایانەوێ سەركەوتن بەدەست بێنێت، كە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو سوودی لێ ببینێت.