كۆرۆنا ده‌سه‌ڵاتى سه‌رۆكێك له‌ كه‌وتن نزیك ده‌كاته‌وه‌

:: AM:09:54:19/03/2020 ‌
بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى كۆرۆنا له‌ به‌رازیل، ناڕه‌زاییه‌كى توندى به‌رانبه‌ر سه‌رۆكى ئه‌و وڵاته‌ دروست كردووه‌ و هاووڵاتییانى داواى رۆیشتنى ده‌كه‌ن، چونكه‌ به‌كه‌م سه‌یرى بابه‌ته‌كه‌ى كردووه‌ و  ڤایرۆسه‌كه‌ى به‌ "خه‌یاڵ" وه‌سف كردبوو.

 رۆیته‌رز ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م 19ى ئادار نووسیویه‌تى، ڤایرۆسى كۆرۆنا به‌ خێرایى له‌ ناو به‌رازیل بڵاو ده‌بێته‌وه‌ و ئه‌مه‌یش ناڕه‌زاییه‌كى سه‌رانسه‌رى له‌م وڵاته‌ دروست كردووه‌.

 به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییانه‌ى بڵاو ده‌كرێنه‌وه‌، ڤایرۆسه‌كه‌ له‌ ناو به‌رپرسانى به‌رازیليش بڵاوبووه‌ته‌وه‌، له‌وانه‌ راوێژكارى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى، وه‌زیرى كانزاكارى و وزه‌، سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى پیرانى به‌رازیل تووشى ڤایرۆسه‌كه‌ بوون.


سه‌رۆكى به‌رازیل گاڵته‌ى به‌ كۆرۆنا ده‌كرد و به‌ خه‌یاڵ وه‌سفى ده‌كرد


پێشتریش چه‌ندان به‌رپرس رایانگه‌یاند بوو، كه‌ هه‌ڵگرى ڤایرۆسه‌كه‌ن.

 تا ئێسته‌ 428 حاڵه‌تى تووشبوون له‌ به‌رازیل تۆمار كراوه‌ و چوار كه‌سیش له‌ تووشبووان مردوون. ناڕه‌زاییه‌كه‌ له‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو له‌ سه‌ره‌تاى ته‌نگژه‌كه‌ جاییه‌ر بۆلسۆنارۆى سه‌رۆكى وڵات گاڵته‌ى به‌  بابه‌ته‌كه‌ كرد و به‌ "خه‌یاڵ" وه‌سفى كرد.

بۆیه‌ دوێنێ له‌ چه‌ندان شارى گه‌وره‌ى به‌رازیل ناڕه‌زایى به‌ڕێوه‌چوو له‌ژێر دروشمى "بۆلسۆنارۆ بڕۆ"  خه‌ڵكه‌كه‌ جیا له‌ گوتنه‌وه‌ى دروشمه‌كه‌ ته‌قه‌ ته‌قه‌یان به‌ ده‌فر و مه‌نجه‌ڵ ده‌كرد.



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل