شیعە كار بۆ لادانی بەرهەم ساڵح لە پۆستەكەی دەكەن

:: PM:09:43:21/03/2020 ‌

دوای راسپاردنی عەدنان زورفی لەلایەن بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق لە سێشەمی رابردوودا، بەشێكی هێزە شیعەكان دووپاتیان كردەوە كە زورفی كاندیدی زۆرینەی شیعە نییە و لەلایەن ساڵحەوە هاتووەتە راسپاردن، واتە كاندیدی ئەوە، ئەمڕۆ هاوپەیمانی "فەتح"ی سەر بە هادی عامری ئاشكرای كرد كە جموجۆڵیان دەست پێ كردووە بۆ لادانی بەرهەم ساڵح لە پۆستەكەی، چونكە پێشێلی دەستووری كردووە و كێشەی سیاسی ناوەتەوە.
دەستووری پێشیل كردووە دەستی لە هەندێك بابەت وەرداوە پێوەندی بەوەوە نییە
حامد مووسەوی، پەرلەمانتاری ئەو هاوپەیمانیەتییە كە نەیارێكی سەختی راسپاردنی زورفییە و بە كەسێكی نزیك لە ئەمەریكای وەسف دەكات گوتی، هێزە سیاسییە شیعەكان لەگەڵ هاوبەشانی سیاسی كورد باسی پرسی لادانی ساڵح و دیاریكردنی كەسایەتییەكی تر دەكەن، زیاتر گوتی، ئێستە ساڵح هیچ پاڵپشتییەكی كورد و سوننە و شیعەی نییە بۆ مانەوەی لەو پۆستە. 

زیاتر گوتی، سەرۆك كۆمار پێشتر دەروازەیەك بوو بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، كەچی ساڵح چەندان كێشەی دروست كردووە و هێزە كوردییەكانیش لێی رازی نین، ئێستە ساڵح بە مەبەست دەستووری پێشیل كردووە دەستی لە هەندێك بابەت وەرداوە كە پێوەندی بەوەوە نییە، بۆیە زۆرینەی هێزە سیاسییەكان ئێستە جموجۆڵ دەكەن بۆ لادانی ساڵح لە دوای راسپاردنی عەدنان زورفی بەدەر لە یاسا و رێككەوتنی لیژنەی حەوت كەسییەكە.  

هەر لەوبارەوە مەهدی ئامرلی، پەرلەمانتاری شیعە لە بەیاننامەیەك وەك ئاماژە بۆ ئەستەمی تێپەڕاندنی حكوومەتی عەدنان زورفی لەناو پەرلەمانی عێراق رای گەیاند كە كۆدەنگییەكی شیعە بۆ رەتكردنەوەی زورفی هەیە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت و پێویستە دەست بكێشێتەوە و دووپاتی كردەوە كە دۆزینەوەی چارەسەری ڤایرۆسی كۆرۆنا لە تێپەڕاندنی حكوومەتەكەی ئاسانترە. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل