ئەمڕۆ پێنجشەم نۆی نیسان، دوای 24 رۆژ لە راسپاردنی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ، عەدنان زورفی سەرۆكی لیستی هاوپەیمانی نەسر لە پەرلەمانی عێراق، شكستی هێنا لە رازیكردنی لایەنە شیعەكان و ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەكدا دەست لەكاركێشانەوەی راگەیاند.
ئامادەکاری دەکەم بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو
بەیاننامەكەی زورفی كە كۆپی دەست "وشە" كەوتووە، لە 423 وشە پێكدێت، تێیدا داوای لێبوردن لەو كەسانە دەكات كە متمانەیان پێ كردووە و دەڵێ، سەرنەكەوتنم لە ئەزموونی كاندیدی بۆ هۆكاری ناوخۆ و دەرەكی دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەوە رێگر نییە لەوەی هەنگاو هەڵنەگرم بۆ خزمەتی گەلانی عێراق لە پەرلەمان، بۆیە لە كاری خۆم بەردەوام دەبم و كار دەكەم و ئامادەكاریش دەكەم بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو بۆ تەواوكردنی پڕۆژە نیشتمانییەكەم و پێشخستنی بنەما ئابوورییەكان بۆ دووبارە ئاوەدانكردنەوەی عێراق. زیاتر گوتی "رێز و سوپاسم ئاراستەی ئەو پەرلەمانتارانە دەكەم كە پشتگیرییان كردم، بەرگەی هەموو هەڕەشەیەكیان گرت".
عەدنان زورفی لە 16ـی ئاداری رابردوو لەلایەن بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ هاتە راسپاردن، دوای ئەوەی محەمەد تۆفیق عەلاوی شكستی هێنا لە سەرخستنی كابینەكەی پێشكەشی پەرلەمانی كرد.
لە ماوەی 24 رۆژی رابردوو، زورفی لەگەڵ ئەوەی كارنامەی حكوومەتەكەیشی بڵاو كردەوە، بەڵام شكستی هێنا لە بەدەستهێنانی پشتگیری لایەنە شیعییەكان، ئەمەش مەرجی كورد و سوننە بوو بۆ پشتگیریكردن لە حكوومەتەكەی.