دۆخەكە لە عێراق خەریكە دەگات بە كۆدەنگی، ئەوەیش دوای ئەوەی ئەمڕۆ پێنجشەم هەموو لایەنەكان لە رێورەسمی راسپاردنی مستەفا كازمی، بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ ئامادە بوون و پێی رازی بوون، حەسەن عەلەوی، سیاسەتوانی دێرینی عێراق دووپاتی كردەوە، گومانم لە هێز و لایەنە سیاسییەكانی عێراق هەیە بەوەی كازمی شەرمەزار بكەن.
ئێران قبووڵی كازمی ناكات و رەنگە لە بێهێزی رێگری لێ نەكات
لە 16ی مانگی ئازاری رابردوو عەدنان زورفی، كاندیدێكی شیعە دوور لە رێككەوتنی هێزە شیعەكان لەلایەن سەرۆك كۆماری عێراقەوە بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ هاتە راسپاردن، ئەوەیش وای كرد ئەوان هەموو هەوڵێك بۆ دوورخستنەوەی بدەن، دواجار ئەمڕۆ زورفی دەستی كێشایەوە و لە شوێنی ئەو مستەفا كازمی، سەرۆكی هەواڵگری عێراق بۆ پۆستەكە هاتە راسپاردن.
عەلەوی ئەمڕۆ پێنجشەم بۆ "وشە" گوتی، كازمی قوتابی خۆمە و نامەوێ قسە لەسەر ئەو پرسە بكەم، ئەو هێز و حزبانە راستە پێی رازی بوونە و لەسەری رێككەوتوون، بەڵام گومانم لەوە هەیە كە دواتر تووشی شەرمەزاری بكەن، چونكە كازمی راستە شیعەیە، بەڵام كەسێكە لەسەر ئێران حسێب نییە و ئێران قبووڵی سەرۆك وەزیرانێك ناكات لەسەر ئەو حسێب نەبێت.
زیاتر گوتی، جیا لەوەی رەنگە ئێران لەسەر ئەمەریكای حسێب بكات، ئەگەرچی ئێستە وەك دەبینن ئێران لە هەڵوێستێكی لاوازە و رەنگە نەتوانێت شتێكی زۆر بكات، بەتایبەتی لە عێراق لاواز بووە و رەنگە نەتوانێت بەربەستی تێپەڕاندی سەرۆك وەزیرانی نوێ بكات.
عەلەوەی دووپاتی كردەوە، ئەو حكوومەتە لە دۆخێكی نائاسایی هاتووە و پێكهێنانی وەزارەت و پۆستەكان چیتر جێی بایەخی گەلی عێراق نین، بۆیە خەڵكەكە چاوەڕوانی ئەنجامەكان دەكات، كازمی قۆتابی من بووە و هیوادارم بۆ پرەنسیپ و بیروباوەڕی خۆی و مامۆستاكەیشی دڵسۆز بێت.