ئەمڕۆ هەموو هێزە سیاسییەكان و پێكهاتەكانی عێراق ئامادەی رێوڕەسمی راسپاردنی مستەفا كازمی، كاندیدی هێزە شیعەكان بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق بوون، سەرچاوەیەك ئاماژە دەكات كە كابینەی حكوومەتی كازمی ئامادەیە و بەمنزیكانە پێشكەیشی پەرلەمان دەكرێت.
هیچ ناوێك بێ رەزامەندی هێزە سیاسییەكان ناخاتە روو
سەرچاوەكە بە "رووسیا تودەی"ی راگەیاند، ماوەیەكە كازمی كاری لەسەر ئامادەكردنی پێكهاتەی حكوومەتەكەی كردووە، كە چاوەڕوان دەكرێت هەفتەی داهاتوو یان ئەوەی دوای ئەو، لە پەرلەمان بخرێتە روو، روونی كردەوە، پێش ئەوەی بچێتە پەرلەمان كازمی راوێژێكی خێرا لەگەڵ هێزە سیاسییەكان لەو بارەوە دەكات.
لای خۆیەوە باسم خەشان، پەرلەمانتاری سەربەخۆی عێراق دووپاتی كردەوە، كابینەی حكوومەتەكەی مستەفا كازمی زۆرینەی وەزیرەكانی حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی لەخۆ دەگرێت و لەسەر بنەمای بەشبەشێنەی سیاسی پێكدێت، هاوكات ئەو ناوانەی دەگۆڕدرێن، لەلایەن هێزە سیاسییەكانە و كازمی هیچ ناوێك بێ رەزامەندی هێزە سیاسییەكان ناخاتە روو.
دووپاتی كردەوە، ئەو هیچ باگراوەندێكی سیاسی و بەرنامەی نییە و راسپاردنیشی بە سازانێكی سیاسی هات، بەوپێیەی پێویستە ئەو قۆناغەی ئێستە تێپەڕ بكرێت، ئەگەر ئەو پابەندی ئەو رێككەوتنە نەبێت، چارەسنووسی بە هاوشێوەی زورفی دەبێت.