ئەمڕۆ مستەفا كازمی، سەرۆكی هەواڵگری عێراق بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق هاتە راسپاردن، ئەو لە وتەیەكی دووپاتی كردەوە كە بە زووترین كات كابینەی حكوومەتەكەی پێشكەیش دەكات، هاوكات حكوومەتەكەی بە كردەنی خزمەتكاری گەل دەبێت.
چەك چەكی دەوڵەتە و سوپا و حەشدی شەعبی و پێشمەرگە كار بۆ ئەوە دەكەن
لە 16ی مانگی ئازاری رابردوو عەدنان زورفی، كاندیدی شیعە دوور لە رێككەوتنی هێزە شیعەكان لەلایەن سەرۆك كۆماری عێراقەوە بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ هاتە راسپاردن، ئەوەیش وای كرد ئەوان هەموو هەوڵێك بۆ دوورخستنەوەی بدەن، دواجار ئەمڕۆ زورفی دەستی كێشایەوە و لە شوێنی ئەو مستەفا كازمی، سەرۆكی هەواڵگری عێراق بۆ پۆستەكە هاتە راسپاردن.
كازمی ئەمشەو لە وتەیەكی رای گەیاند، سوپاسی هەموو ئەوانە دەكەم متمانەیان پێ بەخشیم، بەتایبەتی كە پەرپرسیارەتییەكە نیشتمانییە و سەركەوتن بۆ تەنیا كەسی نییە، بەڵكو بۆ هەمووانە، روونی كردەوە، لە نزیكنرین كات كابینەی حكوومەت پێشكەیش دەكەم، زیاتر گوتی، حكوومەتەكەم بە كردەنی خزمەتكاری گەل دەبێت و كاری لەپێشینەی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و گەندەڵكاران دەبێت، جیا لە گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بۆ شوێنی خۆیان.
دووپاتی كردەوە، سەروەریی عێراق هیڵی سوورە و ئەو بابەتە مایەی مشتومڕ نییە، چونكە ناكرێت موجامەلە لەسەر حسێبی عێراق و عێراقییەكان بكرێت، كاتێك عێراق وڵاتێكی دێرین و خاوەن سەروەرییە، بۆیە بڕیارەكانی تەنیا بەدەست رۆڵەكانی دەبێت، روونی كردەوە، حكوومەتەكەم هەموو هەوڵێك دەدات بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و پاڵپشتی زیانلێكەوتووانی قەدەغەی هاتوچۆ دەكەین.
لەبارەی پێوەندییەكانی دەرەوە، كازمی ئاشكرای كرد كە پێوەندییەكی دەرەوەی هاوسەنگمان دەبێت و رێگە بە سووكایەتیكردن بە هیچ عێراقییەك نادەین لەلایەن لایەنی ناوخۆیی و دەرەكی بە ناوزەدكردنیان بە لایەنگری دەرەكی، هاوكات چەك چەكی دەوڵەتە و هەریەك لە سوپا و حەشدی شەعبی و هێزی پێشمەرگە، كار بۆ هێشتنەوەی چەك بە دەستی دەوڵەت دەكەن.