ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی عێراق ئاشكرای ده‌كات، به‌هۆی ئه‌وه‌ی بڕیاره له ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا كۆبوونه‌وه‌ی تایبه‌تی په‌رله‌مان بۆ متمانه‌دا به كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق به سه‌رۆكایه‌تی مسته‌فا كازمی ئه‌نجام بدرێت، به‌منزیكانه سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.
حامد عه‌باس په‌رله‌مانتاری هاوپه‌یمانی "فه‌تح" كه هادی عامری سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م 19ی نیسان به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، "سه‌رۆك وه‌زیرانی ڕاسپێردراوی عێراق بڕیاره له چه‌ند ڕۆژی ئاینده سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكات، به مه‌به‌ستی تاوتوێكردنی پێكهاته‌ی حكوومه‌ته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی كورد".
زیاتر گوتی، "كازمی سه‌ردانه‌كه‌ی به دیاریكراوی بۆ هه‌ولێر ده‌بێت و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حكوومه‌تی هه‌رێم و سه‌ركرده سیاسییه‌كانی كوردستان تاوتوێی پێكهاته‌ی حكوومه‌ته‌كه‌ی ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی متمانه‌ی لایه‌نه كوردییه‌كان به یه‌كجاری به‌ده‌ست بهێنێت و له هه‌موو شتێك دڵنیا بێته‌وه".
ئامانجی كازمی له سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان، بینینی مه‌سعوود بارزانی ده‌بێت
ڕوونی كرده‌وه، "ئامانجی كازمی له سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان، بینینی مه‌سعوود بارزانی ده‌بێت، چونكه زۆرینه‌ی شیعه ئه‌وه‌یان بۆ یه‌كلا بووه‌ته‌وه كه بڕیاری كۆتایی كورد له‌لای ئه‌وه‌وه ده‌رده‌چێت، بۆیه بۆ به‌ده‌ستهێنانی پشتیوانییه‌كی پێویست له‌پێناو تێپه‌ڕاندنی كابینه‌ی حكوومه‌ته‌كه‌ی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، كورد خاڵێكی گرنگه".
ئاشكرای كرد، "تا ئێسته دیار نییه كه لایه‌نه كوردییه‌كان به‌ر له سه‌ردانه‌كه‌ی كازمی خۆیان ئاماده كردووه یان نا، ڕوونیش نییه كه له سه‌ردانه‌كه ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر چه‌ند خاڵ ده‌كه‌ن، چونكه پشكی كورد له حكوومه‌ته‌كه‌ی كازمی كه‌م نابێته‌وه و كازمی پێوه‌ندی باشی له‌گه‌ڵ كورد هه‌یه".
له‌دوای شكستهێنانی محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی عێراق، عه‌دنان زورفی له ناوه‌ڕاستی مانگی ڕابردوو، له‌لایه‌ن به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عێراق هاته راسپاردن بۆ ئه‌و پرۆسه‌یه، به‌ڵام ئه‌ویش ڕۆژی پێنجشه‌م نۆی نیسان، پاشه‌كشه‌ی خۆی ڕاگه‌یاند، هه‌ر هه‌مان ڕۆژ نۆی نیسان، به‌رهه‌م ساڵح، مسته‌فا كازمی سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگریی عێراقی بۆ ئه‌و ئه‌ركه ڕاسپارد.