روانگەی مافی مرۆڤی سووریا ئاماری قوربانیانی كۆرۆنا لە سووریا ئاشكرا دەكات

:: PM:06:37:19/04/2020 ‌

سووریا یەكێكە لەو رژێمانەی دنیا كە راستی ئامارەكانی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا دەشارێتەوە، بەڕێوەبەری روانگەی مافی مرۆڤی سووریا دووپاتی دەكاتەوە كە بەپێی زانیارییەكان، 1300 كەس لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی سووریا كەرەنتینەكراون و 100 تووشبوویش تۆمار كراوە.
حكوومەتی سووریا ئاماری قوربانیانی كۆرۆنا دەشارێتەوە
سووریا كە لە 2011ەوە كەوتە بەر لێشاوی شۆِڕشەكانی بەهاری عەرەبی، بەڵام لەوێ شۆڕشەكە ئاراستەیەكی تری وەرگرت و بووە سەرچاوەی نەهامەتی و كارەسات بۆ ئەو وڵاتە، كە لە ئەنجامی دەستوەردانی ناودەوڵەتی و گرووپە توندڕۆ و تیرۆریستییەكانەوە، جەنگێكی سەخت دروست بووە و هێشتا ئاگرەكەی نەكوژاوەتەوە، بەو هۆیەشەوە سەتان هەزار كەس كوژراون و ملیۆنانیش ئاوارەی ناوخۆیی و پەنابەری دەرەوەی ئەو وڵاتە بوونە.

رامی عەبدورەحمان، بەڕێوەبەری روانگەی مافی مرۆڤی سووریا ئەمڕۆ یەكشەم لەو بارەوە بە "وشە"ی راگەیاند، وەك روانگەكە جیا لە رووداوەكانی جەنگ و حموجۆڵە سەربازییەكان، چاودێری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنامان لە سووریا كردووە.

زیاتر گوتی، بەپێی دوایین ئامار و ئەو زانیاریانەی بەدەستمان گەیشتووە و لە سەرەچاوە پزیشكییە باوەڕپێكراوەكانی ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی سووریا وەرمان گرتووە، ژمارەی حاڵەتەكانی دووپاتكراوەن گەیشتووەتە 98 حاڵەت، كە 37ی لە پارێزگای لازقییە و 21ی لە تەرتووس و ئەوانەی ماونەتەوەیش لە حەلەب و دیمەشق و حمس و دەرعا و حەمان.

عەبدورەحمان دووپاتی كردەوە، بەهۆی ڤایرۆسەكەوە ژمارەیەكی زۆر كەرەنتینە كراون، لەوانە 1300 كەس كە پشكنینی 420یان نەرێنی بووە، لەوكاتەی رژێمی سووریا بەردەوامە لە شاردنەوەی ژمارەی راستەقینەی تووشبوون لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی.

ئاماری تووشبوون بە كۆرۆنا لە سەرانسەری دنیا روو لە هەڵكشانە، بەپێی دوایین ئاماری تووشبوون لە دنیا، ژمارەی حاڵەتەكان گەیشتووەتە سەرووی دوو ملیۆن و 360 هەزار حاڵەت، مردنیش بۆ سەرووی 162 هەزار حاڵەت و زیاتر لە 607 هەزار حاڵەتی چاكبوونەوەیش هەیە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل