ئێستە جموجۆڵێكی فرەوان لە بەغدا هەیە، لەلایەك حكوومەتی نوێی عێراق دێتە پێكهاتن و دیاریكردنی پشكی كورد و سەپاندنی داوایەكانی بەرانبەر پاڵپشتیكردنی حكوومەتی كازمی تاوتوێ دەكرێت، لەلایەكی تر شاندی باڵای هەرێم سەبارەت بە پرسی مووچە و نەوتی هەرێم لە بەغدایە، پەرلەمانتارێكی كورد زانیاری زیاتر دەخاتە روو.
نوێنەرانی كورد لە بەغدا داكۆكی لە مافەكانی هەرێم دەكەن
مەیادە نەجار، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە بەغدا لەگەڵ سەرۆك كۆمار و شاندی هەرێم كۆبووینەوە، بۆ ئەوە مافەكانی هەرێمی كوردستان لە كابینەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو، مسۆگەر بكەین.
زیاتر گوتی، سەرجەم فراكسیۆنەكان كۆكبووین لەسەر مافەكانی هەرێمی كوردستان، بۆیە بەیانی شاندی حكوومەتی هەرێم، لەگەڵ لایەنەكان گفتوگۆ دەكات، بۆ گەیشتن بە رێككەوتن و بۆ ئەوەیش دوای گۆرینی كەسێك لە پۆستی سەرۆك وەزیران، رێككەوتنەكە هەڵنەوەشێتەوە.
"دیار نییە سبەی دانیشتی پەرلەمانی عێراق دەكرێت یان نا، چونكە تا ئێستە ماڵی شیعە لەسەر پۆستەكان رێكنەكەوتوون، سەبارەت بە هەڵوێستی كوردیش گوتی، تا رێككەوتن نەكرێت ناتوانین بڵێین دەنگ دەدەین یان نا". مەیادە نەجار وای گوت.