داعش هێرشى كرده‌ سه‌ر پیرۆزترین شوێنى شیعه‌

:: AM:08:47:06/05/2020 ‌
حه‌شدى شه‌عبى ئاشكراى كردووه‌، شه‌وى رابردوو تیرۆریستانى داعش هێرشیان كردووه‌ته‌ سه‌ر سامه‌ڕا و ویستوویانه‌ له‌ مه‌زارگه‌ى ئیمام هادى نزیك ببنه‌وه‌ كه‌ به‌ یه‌كێك له‌ شوێنه‌ پیرۆزه‌كانى شیعه‌ داده‌نرێت.

ماڵپه‌ڕى به‌غداد توده‌ى عێراقى ئه‌مڕۆ چوارشه‌م شه‌شى ئایار، ئاماژه‌ى بۆ ناوه‌ڕۆكى راگه‌یه‌نراوێكى حه‌شدى شه‌عبى كردووه‌ كه‌ باسى له‌ هێرشێكى تیرۆریستانى داعش كردووه‌ بۆ سه‌ر شارى سامه‌ڕا.

چه‌ند مه‌زارگه‌ى پیرۆزى شیعه‌ له‌ سامه‌ڕا هه‌یه‌

له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ هاتووه‌، تیرۆریستان ویستوویانه‌ له‌ مه‌زارگه‌ى ئیمام عه‌لى هادى نزیك ببنه‌وه‌، به‌ڵام چه‌كدارانى حه‌شد به‌ره‌نگاریان بوونه‌ته‌وه‌.

ماڵپه‌ڕى سۆمه‌رییه‌ نیوزى عێراقیش بڵاوى كردووه‌ته‌وه‌، هه‌ر له‌ ده‌وروبه‌رى سامه‌ڕا حه‌شد هێرشى كردووه‌ته‌ سه‌ر چه‌ند موڵگه‌یه‌كى تیرۆریستانى داعش له‌ ناوچه‌كانى حه‌ویجه‌ و ئوم جریش و هیلال سالم له‌ باكورى سامه‌ڕا.

چه‌ند مه‌زارگه‌یه‌كى پیرۆزى شیعه‌ له‌ سامه‌ڕا هه‌یه‌، بۆیه‌ وه‌ك ماڵپه‌ڕى سۆمه‌رییه‌ نیوز ئاماژه‌ى بۆ كردووه‌، حه‌شدى شه‌عبى له‌ مه‌ترسى نزیكبوونه‌وه‌ى داعش كه‌وتووه‌ته‌ ئه‌وپه‌ڕى حاڵه‌تى ئاماده‌باشییه‌وه‌.

ماوه‌ى مانگێك زیاتره‌ رێكخراوى تیرۆریستى داعش به‌ توندى له‌ عێراق ده‌ركه‌وتووه‌ته‌وه‌ و ده‌ستى به‌ كاره‌ تیرۆریستییه‌كانى كردووه‌ته‌وه‌.
 


وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل