ئەمەشەو كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر حكوومەتی مستەفا كازمی، دێتە سازكردن، لەناو ناڕەزایەتی بەشێك لە فراكسیۆن و پەرلەمانتاران و بێدەنگی ئەوانیتر بەهۆی تێبینیان لەسەر كاندیدانی پێكهاتەی كابینەی حكوومەتەكە، لەو ناوەدا هەموو فراكسیۆنەكان لەگەڵ ئەندامانیان لە كۆبوونەوەدان بۆ دیاریكردنی هەڵوێستی كۆتاییان.
كازمی لە چاوەڕوانی سوپرایزی دوا ساتەكان
باسم خەشان، پەرلەمانتاری سەربەخۆی شیعە دەڵێت، پاشەكشەكردنی دەوڵەتی یاسا و وەتەنییە و بەشێكی فەتح، كاریگەری لەسەر تێپەڕاندنی حكوومەتی كازمی دەبێت، هاوكات پێكهاتەی كابینەكە بێزاری لای شیعە دروست كردووە، رەنگە ئەوان لە چەند سەعاتی داهاتوو لە پاڵپشتیكردنی پاشگەز ببنەوە.
زیاتر گوتی، ملكەچبوونی كازمی بۆ گوشارەكانی محەمەد حەلبووسی و ئەمەریكا، كاری كردووەتە سەر پاڵپشتیكردنی، بۆیە ئەگەری هەیە ئێوارەی ئەمڕۆ هەمان چارەنووسی محەمەد عەلاوی و عەدنان زورفی، لەگەڵ كازمی دووبارە ببێتەوە.
هەر ئەمڕۆ فازڵ جابر، پەرلەمانتارێكی "فەتح"، بەدووری زانی لە دانیشتنی ئەمشەوی پەرلەمانی عێراق، حكوومەتی مستەفا كازمی تێپەڕبێت، چونكە ناكۆكی گەورەی سیاسی لە نێوان زۆرینەی هێزە سیاسییەكان لەبارەی پێكهاتەی كابینەكەی هەیە و ئەوان بە رێككەوتنی كۆتایی نەگەیشتوون.
ئەو پەرلەمانتارە پێشبینی دواخستنی دانیشتنی ئەمشەوی پەرلەمانی عێراقی كرد، بەهۆی ناكۆكییە سیاسییەكان و تێپەڕبوونی حكوومەتی كازمی بە سەخت و بە دوور زانی، لەوكاتەكا نەدا شاكر، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی "نەسڕ"، روونی كردەوە، كەس ناتوانێت پێشبینی تێپەڕاندن یان تێنەپەڕاندنی كابینەكە بكات.
زیاتر گوتی، رەنگە لە دوو سەعاتی كۆتایی پێش دانیشتنەكە، هەڵوێستی كۆتایی فراكسیۆنەكان بێتە راگەیاندن، ئێستە هەموو فراكسیۆنەكان لەگەڵ ئەندامانیان لە كۆبوونەوەدان بۆ گەیشتن بە هەڵوێستی كۆتایی لەبارەی كابینەی حكوومەتی كازمی.